ناونیشانی بابەت: خوێندنەوەيەکى کۆمەڵناسييانەى کۆمەڵگەى کوردى
ناوی نووسەر:
ژیلوان هەڵەدنیژیلوان هەڵەدنی
“کۆمەڵناسی کوردەواری”
کۆمەڵناسی که له وشەی (Sociology) ئینگلیزییەوە هاتووە بە زمانی عەرەبی “علم الاجتماع” بەشێکی گرینگی زانستە کۆمەڵایەتییەکانه و کاری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و دەرخەری ئه و لایەنانەیە که به هۆی ئەندامبوونی مرۆڤ وەک تاک لە کۆمەڵگەدا سەر هەڵدەدەن، هەر وەک ئۆگەست کۆنت (1798-1857)، به زانستی شیکردنەوەی دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دادەنێت. لەم بوارەدا چەندین زانا و بیرمەندی بەنێوبانگی وەک “ئەمیل دۆرکهایم 1858-1917 و ماکس ڤیبەر1864-1920 و مارسێل موس 1872-1950”، پێناسەی جۆراوجۆر و لێکدانەوەی فرە ڕەهەندیان بۆ ئەم زانستە کردووە. کۆمەڵناسیی کوردەواری مەبەستمان پێی ئه و دیاردانەی ژیانی کوردەوارین که به درێژایی قۆناغە مێژووییەکان تا هەنووکە کاریگەرییان کردوەتە سەر لایەنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردی و ئاڕاستەی دەکەن.
“باسی یەکەم؛ ئايين”
زۆربەی کوردی ڕۆژهەڵاتی نزیک موسوڵمانی سونین، پەیوەندی کوردەکانی بەئايينی ئیسلامەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی، بەڵام پێش ئايينی ئیسلام چەندین ئايين لەنێوکوردەکاندا بڵاوبووە ،چونکە ئايين لەسەرەتادا لەسەر بنچینەی چەند خواوەندێک ،لەخوارەوە بەکورتی ئاماژە بە هەندێک لەو ئايينانەدەکەین:-
– ئايينی زرڤانی و میترا؛ لەسەرەتادا ئايين لای هەموو گەلان لەسەر بنچینەی چەند خواوەندێکی جۆراوجۆر(پۆلیتیزم)بووە، کە ڕەنگدانەوەی توخم و هێزە و دیاردەکانی سرووشت بوون، پەرستنی ئەو دیاردە سرووشتیانە دەرئەنجامی دووهۆکاری سەرەکی بوو، یەکەمیان:- خۆشەویستی بوو دووەمیان:- ترس و دوور خستنەوەی لایەنە شەڕەنگێزەکان بوو لە ژیاندا، دیاردەکانیش بریتی بوون لە خۆر ، درەخت و ئاگر و هەورە بروسکە و…هتد. لەڕووی مێژوويیەوە ئايينی “زرڤانی –لە ڕووی زانستی ئايينەکانەوە بە زاراوەی هینۆتیزم دەناسرێت، دەگەڕێتەوە بۆ 14سەدە پێش زاین، بەڵام لەسەردەمی ئەخمینیەکان ((550-330پ.ز” زیاتر نەش و نمای کرد و لەسەردەمی پارسیەکانیشدا(250-247پ.ز) و دواتر سەردەمی ساسانیەکان (247-635ز) بەردەوام بوو،دواتریش ئايينی “میترا” واتە پەیمان یان ڕێککەوتن، پەیدابوو دواتر بەهەموو وڵاتی میزۆپۆتامیا و ئاسیای بچووک و ڕۆژهەڵاتی نزیک و لەسەدەکانی دوای دا گەیشتە ڕۆما و ئەوەشی زیاتر یارمەتی بڵاو بوونەوەی میترای دا دامەزراندنی دەوڵەتی ماد بوو.
– ئايينی زەردەشتی؛ ئايينی زەردەشتی لە خۆرهەڵاتەوە هاتۆتە میدیا و موگەکان کە یەکێک بوون لە شەش هۆزەکەی ماد بانگهێشت کەری ئايينەکە بوون، ئەوەی دیارە میدیەکان لەسەردەمی دارای گەورەی پێنجەمین پادشای ئەخمینیەکان زەردەشتی بوون، زۆربەی سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کەزەردەشت لە شاری ورمێ لەدایک بووە، منداڵی و گەنجی لەو شارەوە بووە، تا تەمەنی 30ساڵی لەسەر ڕووباری ئاراس بانگهێشتی خەڵکی کردووە بۆخواپەرستی، بەڵام دوای ملمڵانێ لەگەڵ پیاوانی ئايينەکانی ترەوە کۆچ بەرە و خۆرهەڵاتی ئێران دەکات و پادشای ئەو دەڤەرە “گشتاسب کوڕی لوهراس” بوو، باوەڕی پێکردوو ئاسانکاری بۆ کرد بۆ بڵاوکردنەوەی ئايينەکەی لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی، بنەماکانی ئەم ئايينە بریتی بوون لە: نیەتی باش، قسەی باش، کردەوەی باش، بڕوای بەڕۆژی ویندووبونەوەی و ڕۆژی حیساب هەبووە و بریتی بووە لە ململانێی نێوان “ئەهورامەزدا-هێزی خێر و چاکە” و “ئەهریمەن- هێزی شەڕو خراپە” ،کتێبی پیرۆزی ئەم ئايينە بریتی بوو لە “ئاڤێستا”، شایانی باس ئەم ئايينە لە ناوچەکانی هەرێمی جەزیرە و شارەزوور و هەرێمی چیاکان و ئەهوازو ئاران وئەرمینیا بڵاوبووەوە، ئێستاش پاشماوەی هەندێ ئايينزای تایبەت لەنێو کوردا وەک ئێزدی وعلی ئیلاهی و هەروەها چەندان ڕێوڕەسمی تایبەتی کورد کەپاشماوەی زەردەشتیە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان ماوەتەوە.
– ئايينی مانی؛ ئايينی مانی هەربەناوی مانی کوڕی فاتک ناونراوە ،ئەم ئايينە لەپاش مردنی ئەردەشێری بابکان لەساڵی 241ز وەک پەیامبەرێک خۆی دەرخست ،بنەماکانی ئەم ئايينە بریتی بوو لە گونجاندنێک لەنێوان هەرسێ ئايينە سەرەکیەکەی ئەوسەردەمی ڕۆژهەڵات کە بریتی بوون لە ئايينی زەردەشتی وئايينی مەسیحی وبودی،بەڵام لەسەردەمی “بەهرام کوڕی شاپور” مانی بە زەندیق لەقەڵمداو کوشتی،کتێبی پیرۆزی ئەم ئايينە بریتی بوو لە(الکفلایا) ئەم ئايينە لەنێوچە کوردیەکانی وەک دینەوەریو هەرێمی ئەهوازدا بڵاوبۆتەوە.
– ئايينی مەزدەکیەت؛ سەرچاوەی ئەم ئايينەش دەگەڕێتەوە مەزدەک، کە هەندێک لەسەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کەلە شاری(اصگخر) لەدایک بووە لەسەردەمی شا قوبادی یەکەم(488-531ز) سەرپەرشتی بزووتنەوەیەکی نوێی ئايينی کرد و توانی شا قوباد بهێنێتە سەر ئايينەکەی، بەڵام دوای ماوەیەک شا لێی هەڵگەڕایەوە کوشتی، بنەماکانی ئەم ئايينەش بریتی بوو لە هەمان بنەماکانی ئايينی مانەوی بەڵام لە مانەویەت و زیاتر جەختیان لەسەر لایەنی ڕووناکی دەکردەوە لەگەڵ کۆمەڵێک بنەمای تر، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم ئايينەش لە شاری دینەوەر و هەرێمی چیاکان بووە، هەندێک لەسەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بیروباوەڕی خوڕەمیەت لەسەردەمی ئیسلامدا نوێگەرییەک بووە لەم ئايينەدا و لە لایەن “بابەکی خوڕەمی” یەوە بانگەشەی بۆکرا، کە پێگەی ئەم بزووتنەوەیەش ناوچە کوردیەکان بوو وەک دینەوەر و هەرێمی چیا.
– ئايينی جولەکە؛ ئايينی جولەکە یەکێکە لە ئايينە ئاسمانییەکان و پەیامبەرەکەی موسا(س.خ)یە و کتێبی پیرۆزی ئەم ئايينەش “تەوراتە” هەموو بنەماکان و شەریعەتەکەی لەم کتێبەکەی دا باس کراوە. یەکەمین پەیوەندی کوردستان بەئايينی جولەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری (911-636پ.ز) کە لەم ماوەیەدا (15) پادشا حوکمی پادشانشینی ئاشورییان کردووە، هەندێک لەو پادشایانە بەتایبەت “شلمنصر” دەستیان گرتووە بەسەر شانشینی ئیسرائیل و ژمارەیەکی زۆر جوولەکەیان هێناوە بۆ دەڤەرە شاخاوییەکانی کوردستان، لەو سەردەمەوە لەناو کوردەکاندا دەژیان و خەریکی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون و لەپاڵ کوردەکاندا بە ئلشتی و ئارامی دەژیان، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاریان لە زمانی ئايينی خۆیان کردووە، لەسەردەمی بابلیەکانیشدا بەتایبەت سەردەمی “نەبوخزنەسەر” هەڵمەتێکی فراوانی کردەسەر فەلەستین و توانی شانشینی یەهودا لەناو بەرێت و هەزارەها جوولەکەی بەدیل گرت و لەشاری بابل و دەورووبەری نیشتەجێی کردن. دواتر لێرەوە دەستیان کرد بە کاری بازرگانی و بەهەموو ناوچەکانی وەک نووسەیبین و جەزیرە بۆتان بڵاوبوونەوە و لەسەدەی شەشەمی کۆچیشدا لەشاری ئامێدی نزیکەی بیست و پێنج هەزار جوولەکەی تێدا ژیاوە هەروەها لە هەرێمی شارەزوور و چیاکانیشدا ژیاون، تەنانەت لەسەدەی نۆزدەدا بە پێی سەرژمێریەک جوولەکەکانی شاری سلێمانی 1800کەس بوون، ئەمەو جگە لەوەی لەچەند شارێکی وەک موسڵ و کفری و هەڵەبجەش دەژیان و گۆڕستانیان هەبووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە کە بانگهێشت کردنی جوولەکە بۆ ئايينەکەی وڵاتی کوردەواری بەباشی نەگرتەوە، بەڵکو زیاترو وڵاتی شامی گرتەوە ئەمە و لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگای جوولەکە تاڕادەیەک داخراون و زیاتر خەریکی خۆ قایم کردنن و ئەوکەسەشی کە دەبێت بە جوولەکە دەبێت دایک و باوکی جولەکە بێت.
– ئايينی مەسیحی؛ ئايينی مەسیحی وەک یەکێک لە گەورەترین ئايينەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لەلایەن (عیسای کوڕی مەریەم 1-33ز) وەک پەیامبەری ئايينەکە ڕاگەیەنرا، عیسا(س.خ) خۆی خەڵکی “ناسرەی”ی فەلەستین بوو، کتێبی پیرۆزی ئەم ئايينەش (ئینجیل)ە کە بەواتای “مزگێنی”دێت، ئینجیل دوای لەخاچدانی مەسیح، بەخاکسپاردنی بەماوەیەک لەلایەن چوار لە خوێندکارەکانییەوە کە “مەتی و مەرقۆس و لۆقا و یوحەننا” بوون نوسرایەوە.
هەر لەسەردەمی مەسیح (س.خ) خۆیەوە موژدەبەرەکان بڵاوبوونەوتەوە بۆ ئەوەی موژدە بەهەموو خەڵک بدەن، ئەوە بوو ژمارەیەکی زۆریان بەرە و باکورو باشوور و بەشێکیشان بەره و ڕۆژهەڵات ڕۆیشتن، ئەم ئايينە لەلایەن (ترداوس- ماری ادی) ی موژدەبەری پێگەیشت، کاتێک چووە شاری ئورفە و چارەسەری نەخۆشیەکەی “ئەبجەری” پێنجەمی کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەبجەر و ژمارەیەک لەدانیشتوانی ئورفە بڕوا بە ئايينی مەسیح بهێنن، دوای ئەمیش “ئاگی” درێژەی بە بڵاوکردنەوەی ئايينەکەدا و تەنانەت بە بەهاترین کڵێسە لەم سنورەدابووە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن 360دێری مەسیحی تیابووە، دواتر ئايينی مەسیحی بە هەموو ناوچەکانی موسڵ و دەورووبەری دا بڵاوبووەوە، سەرچاوەکانی مێژوو ئاماژە بە بوونی چەندین ئەسقەفیە و دێر دەدەن لەشارە کوردییەکان، تەنانەت یەکەمین فەرمانڕەوا کە ئايينی مەسیحی ناسیبێ (تیرداد-301-337ز)کە ئەوکات فەرمانڕەوای زۆربەی کوردستان بوو، جگە لەمیرنشینی ڕوها(ئورفە)، بەڵام لەسەردەمی ساسانیەکاندا(224-640ز) بەتایبەت لەسەردەمی شاپوری دووەم سیاسەتێکی تووندوتیژیان بەرامبەر مەسیحییەکان پیادەکرد، زۆربەی ئەم حاڵەتە تووندوتیژیانە لەکوردستان ڕوویانداوە، وەک: هەولێر و قەڵای فێنک و کەرکوک و ئەهواز. تا ئەم سەردەەمەش لەشارەکانی کوردستان نیشتەجێن، بەئاشتی و دوور لە تووندوتیژی لەپاڵ خەڵکە موسوڵمانەکەدا دەژین و مەراسیمە ئايينییەکانی خۆیان بەئازادی جێبەجێ دەکەن.
– ئیسلام؛ زۆرینەی کوردی ڕۆژهەڵاتی نزیک – موسڵمانی سونین، ئەوەی کە کورد سەر بەمن، لەجارێ زیاتر لەلایەن دەستە کاربەدەستەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە لەکێشەدا بەرامبەر بە ئێران، کە ئايينی دەوڵەت لەوێدا شیعەیەتییە بەکار هێنراوە، بەڵام جیا لەسنووری تورک – کوردی سونی سەربە ڕێبازی شافیعین لەکاتێکدا کە تورک – حەنەفین لەناو کوردانا شیعەش هەن “ڤ.ف . مینۆرسکی” لەبارەی ئەمەش نووسیویە و ئەوە ئەسەلمێنێ کە لەکوردستانی ئێراندا لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا چەند عەشرەتی شیعە ئەژیان کە باوەڕی شایان پاراستبوو. یەکێ لەدیمەنەکانی ڕێکخراوی ئايينی کوردی موسڵمان بوونی دەستگای تایبەتی ڕێبەری ڕۆحانی (هەندێ جار پشتاوپشت و دەرەبەگ)ی سەید و شێخە، شێخ لەهەموو کوردستاندا پایە و ڕێزێکی گەورەیان هەبووە. ئەمانەش سەرپەرشتی هەموو کاروباری ئایین و چاودێری بەجێهێنانی عادات و ڕەوشت و خوویان ئەکرد، ڕێبەری ڕۆحانی هەمیشە بە بەراوورد لەگەڵ ئیسلامی ڕەسمیدا ڕۆڵێکی سەرەکییان دیاری کردووە، ڕەنگە لەبەرئەوە بێ کە خەباتی ئازادیخوازانەی کورد لەم سەدساڵەی دواییدا کە لە نزیکەوە بەستراوە بەناوی شێخ و سەیدەوە وەک شێخانی بەرزنجەیی و سەید شەمدینی، لەم شێخانە سەرۆکایەتیی ڕێبازی دەستەی دەروێشانیان کردووە، لەهەموو ڕێبازەکان بە ناوبانگتر نەقشبەندی، قادری و رفاعین، زۆر شێخ کە لە پلەی دووەمدا دێن ئەرکی ئايينی خۆیان لەناو عەشیرەتەکانی خۆیاندا دیووە، زۆرتری ئەمانە سەر بە ڕێبازی دەروێشی نەقشە بەندین.
دەرەبەگێکی خاوەن دەسەڵات سەرکردایەتی ڕێبازێک ئەکا – شێخ (مرشید) خاوەن و پاڵێوەنەری بیروڕای هەقیقەت لەبنکەکەی خۆیدا (خانەقا) ئەژی، قوتابی و تلبیع (مرید) لەدەوری کۆئەبنەوە، ژمارەی مورید تاڕادەیەک زۆرە بەتایبەتی لەناو کۆچەرەکان دا لە کوردستانی موکریان، هەندێ تیرەی کۆچەر بەتەواوی موریدن، برایانی دەروێش کۆمەڵێک دەروێشیان پێک ئەهێنن، کە ئەمانەش لەهەموو کوردستان بڵاون دەروێش ئەوکەسانەیان ئەچوساندەوە کەسەر بەوان بوون، لە پارچە زەویی خۆیاندا کاریان پێ ئەکردن…هتد، لەژوور هەر کۆمەڵە دەروێشێکەوە لە( 10- 20) و زیاتر لە ئەنامان خەلیفەیەک هەیە جێگری شێخی گەورەیە، هەر خەلیفەیەک چوار عەلەمداری هەیە، کە هەریەکەیان بەرامبەر بە سەردەستەیەکە، بەگشتی کۆمەڵی دەروێشان لەقەوارەی خۆیدا ڕێکخراوەی سوپاییمان دێنێتەوە بیر، لەبارەی سەرنجی دەرامەتەوە هەندێ دەروێش لەگوزەران و دەوڵەمەندیدا نەبوون بەدەرەبەگی گەورە یا سەرۆک عەشیرەت بەشێ لە دەروێشان لەبارەی ئابوورییەوە سەر بەدەستەی ناوەڕاستن، بەشی زۆریشیان لەسەر خێروسەدەقە ئەژین، دەروێشی خاوەن دەرامەت نیشتەجێیە بەڵام هەژارەکانیان بەهەموو کوردستاندا ئەسووڕێنەوە. هەموو دەروێشێکی گەڕیدە ئەبێ میقدارێکی دیاریکراو بەچەشنیباربۆ بهێنێ بۆ سندووقی دەستەکەی خۆی و لەیەکەم هاواری سەرگردەکەیدا ئامادەبێ.
کوردی تریش باربۆی دەستەی دەروێشان ئەکەن، هەروەها باری دەرامەتی باشی برایانی ئەمەش لەسەر حیسابی کۆمەڵێ نیە فراوانی گەلی کورد پێک دێت، کارتێکردنی برایانی دەروێش و بەهێزبوونی دەسەڵاتی شێخە ڕۆحەکانیان بەپێی خۆی دەمێک نیە دەستی پێ کردووە ، دەستگای بەتوانای شێخان دەسەڵاتی لە سەدەی نۆزدەهەمدا پەیدا کردووە ئەمەش هەروەک بەهۆی گۆرانی دەرەبەگییەوە دروست بووە بەهۆی سیاسەتی سوڵتانی توورکیشەوە پەیدا بوو، سوڵتانی توورک هەروەک سووڵتان بوو بە سەرۆکی ئايينی (خەلیفە)ی هەمووموسڵمانیش ئەژمێررا، برایانی دەروێشیش سەربەبوون، هەندێکیان هەر یەکسەر پشتی سوڵتان بوون سەرۆکەکانیان لەچوونە سەرتەختی سوڵتاندا بەشدار ئەبوون سەرۆکی برایانی دەروێشی مەولەوی کە بەڕەچەڵەک ئەچێتەوە سەر جێگری “محەمەد پێغەمبەر” خەلیفەی یەکەم ئەبوبەکر ، ڕێ و شوێنی پیرۆزی شیری خەلیفە عومەر لە پشتی خەلیفە بەستنی بەجێ هێنا.
هەروەها چەندین کۆمەڵەی ئایینی تر لە کوردستاندا هەن کە ڕیشەیەکی مێژووی، ئیتنۆ-ئایینیی قووڵیان هەیە و بە درێژیی سەردەمە جیاجیاکان لەسەر خاکی کوردستان لە پاڵ کوردە موسوڵمانەکەدا ژیاون و لە ڕووی نەتەوەیییشەوە بەشێکی دانەبڕاون لە نەتەوەی کورد، وا لە خوارەوە بە کورتی لێیان دەدوێین:-
یەکەم:- ئێزدی؛ یەکێکن لەو کۆمەڵە ئایینیانەی کە لە کوردستاندا دەژین، کۆمەڵەی ئێزدی لە سەر تایفەیەکی –تیۆکراتی دامەزراوە، هەر وەک پیاوی ئایینی تێدایە، پیاوانی ئایینی ئێزدی ئەمانەن: شێخ بەرزترین دەسەڵاتی هەیە، پیر (ڕابەری ئێزدی)، قەواڵ (کۆکەرەوەی باج و دیاری)، فەقیر (پیاوی ئایینی هەژار)، کۆچاک (هەواڵی دواڕۆژ دەدەن و خزمەتی پەرستگای شێخ عادی دەکەن) موریدی ئێزدی ئاسایی کە بە فەرمانی شێخ و پیرکار دەکەن، ئەرکی نوێنەرانی هەر دەستەیەک پشتاوپشت دێتە خوارەوە. هەروەها لەم کۆمەڵەیەدا ڕەوشت و خوو و عادەت، ژیان، تەنانەت دیمەنی جلوبەرگیش، ڕەنگی قوماش بە پێی ئایین ڕێکخراون، باجی پەرستگا و دیاری لە لایەن قەواڵەوە کۆ دەکرێتەوە، کە ساڵی دوو جار دەچێتە دێهاتی ئێزدی، قەواڵ نیشانەی دەسەڵاتە لە وێنەی سنجاقدا لە میر وەردەگیرێ، کە ئەمەیش بریتییە لە دەفرێک کە وێنەی تاوسی لە سەرە (کە پێی دەگوترێت مەلەک تاوس –شای تاوس). سنجاقێک بۆ یەزیدی شەنگار و جەزیرە دانراوە، یەکێک بۆ حەلەب، سێیەم بۆ سیرت ئەو شوێنانەی نزیک ئەوێ، چوارەم بۆ بایەزید، پێنجەم –بۆموسڵ و دەوروبەری.
دووەم:- ئەهلی هەق (علی ئیلاهی –کاکەیی)؛ ئەمانەش یەکێکن لە کۆمەڵە ئایینییەکانی تر کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە کوردستاندا دەژین، زۆربەی لێکۆڵەرەوان پێ لە سەر ئەوە دادەگرن، کە باوەڕی ئەهلی حەق مەزهەب و ئایینزایە نەک ئایین، هەر چەند ئەهلی حەق خاوەنی سیستەمێکی تایبەتیی دۆگما و شێوازی پەرستنی خۆیانن، دەق و نووسراوی پیرۆزیان هەیە کە بریتییە لە (سەرەنجام)، دەربارەی دروستبوونی دونیا (کۆسمۆگۆنیا) و دونیا خرابوون و هەروەها دابونەریت و (سێرمۆنیای) جۆراوجۆرەکانی ئایینیان گرتەرتە خۆ، هەروەها پلەی ئایینی وەک (خەلیفە و چاوەش و دەروێش و کەلام خوان) یان بە پێی پێگەی ئایینی هەیە، بۆیە زۆر جار وەک ئایینێکی سەربەخۆ سەیر دەکرێن، واتە تێکەڵاوییەکی لە هەموو ئایینەکانی تێدایە، ئەوەیشی سیمای ئایینزایی یان تەریقەیەکی ئایینی بە ئەهلی حەق دەبەخشێ، دوو مەبدەئی تەسەوفە، بە تایبەتییش تەسەووفی ئەو پەڕگیر، ئەویش یەکێتیی بوون (وحدە الوجود) و تەجسیدی ئیلاهی (الحلول)ە.
هەرچەندە سەرژمێرییەکی ورد و ڕاستمان لە بەردەستدا نییە دەربارەیان، هەر نووسەرە و بە مەزەنەی خۆی دای ناوە بۆ نموونە “گریناری فەرەنسی” لە ساڵی
1905 ژمارەیانی بە ملیۆنێک کەس داناون، هەموو کوردەکانی دەرسیم، زۆربەی کوردەکانی مەلاتیە، کوردەکانی قەزای تیریجان، سنجاقی ئەرزنجان، قەزای کیچی، قەزای زازراگەلی لە کوردەکانی سیواسیش”لە شوینیکی تردا هۆزی ئیبانی کە بە سەر ئەم خێڵانەدا دابەش بوون، شیرانیلی، مۆستلیار، خالیلیری، لیاچینیلەر، سارولەر… و هیی تر” بە عەلەوی دادەنێت، بەڵام ئێستا ژمارەیان زۆر بوە و لە 5 ملیۆن کەس تێپەر دەبێت. ئەمانە و جگە لە چەندین تەریقەتی ئایینی وەک “قادری و نەقشبەندی” و کۆمەڵەی ئایین و ئایینزای تری وەک (هەقە و بەهائی و کاکەی و سابیئەی مەندائی و شەبەک و…. هتد)، کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە ژیانی ئایینی و کولتووری و ڕۆشنبیریی فیکری کۆمەڵگا و لایەنی کۆمەڵایەتیی کورددا بینیوە، بە درێژاییی سەدەکانی ڕابردوو بوونەتە بەشێکی کاریگەر و گرینگ لە لایەنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردی.
“باسی دووەم؛ شێوەی ژیانی کورد و دابونەریتیان”
مینۆرسکی دەنووسێت:- میللەتان دەرکەوتەی جۆراوجۆرن کە لە هۆکارگەلێکی نەژادی، جوگرافی و ئیتیکی و …هتد پێک هاتوون، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم فاکتەرانە دەتوانن ڕۆڵی بنەڕەتی و گرینگ بگێڕن. کوردەکان کە لە ناوچەیەکی جوگرافیایی فراواندا پەڕاگەندە بوون، لە ڕووی جەستەیییشەوە جیاوازیی بەرچاویان هەیە، لە بنەڕەتدا کوێستاننشینەکانیان تەمەنی خۆیان بۆ پەروەردەکردنی مەڕوماڵات تەرخان دەکەن، زستانان لە دەشتەکاندا بە سەر دەبەن و لە بەهاردا دانەوێڵە دەچێنن، هاوینان زۆربەی جار ژمارەیەک لە ئەندامانی هۆز لە گەرمەسێر و پاشماوەکەی تریان بەرەو کوێستان کۆچ دەکەن، بێ گومان هەندێ لە فاکتەری جێگیر یاخود نیوە جێگیر لە کوێستاندا هەیە کە شیاوی باسکردن نین. لە سەدەکانی پێشوودا مەڕوماڵات پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک: گۆشت، شیر، کەرە، پەنیر، پێست، خوری و …هتد بۆ کوردەکان دابین دەکرد لە ناوچە کوێستانەکاندا، ئەم مەڕوماڵاتە لە بزن پێک هاتبوون. هەندێک وڵاخی بەرزەی وەک ئێستر لە بەرزایییەکاندا بە کار دەهێنران بە مەبەستی گواستنەوە، خوری و موی بزنەکان بۆ چنینی جلوبەرگ و جاجم بە کار دەهێنرا، بەرهەمە شیرییەکانیش بنچینەی خۆراکی دانیشتوانەکەیان پێک دەهێنا.
بەڵام لە مڕۆدا، کوردە ڕەشماڵنشینەکان زۆربەیان لە دەشتە بەرزەکانی تورک و ئەرمەنی واتا لە بەرزایییەکانی قارس، مورادسۆ، فورات سۆ و دەوروبەری دەریاچەی وان دەژین، کوردە نیشتەجێبوەکان کوێستان و گەرمیان ناکەن و ئەو کەسانەی کە لە گوندەکاندا دەژین، جوتیارگەلێکن کە پێشتر ڕەشماڵنشین بوون و بە هۆکاری ئابووری، سیاسی یان کۆمەڵایەتییەوە لە دەشتە پانوبەرینەکان دا ماونەتەوە، کوردە نیشتەجێبوەکان لەوانەیە لە ڕووی زێدەوە مەسیحی و موسوڵمانێک بن کە بە هۆی ئەندامانی هۆزێکی ترەوە ملکەچ کرابن، کۆمەڵەی دوایی ئەو شارنشینانەن کە بە کردەوە هەر جۆرە وابەستەیەکی خۆیان بە هۆزە بنەڕەتییەکەی خۆیانەوە پچڕاندوە و لە شارە بچووکەکاندا جێگیر بوون کە ژمارەیان لە (50) ساڵ لەمەو پێشەوە تا هەنووکە زیادی کردوە. کوردەکان کشتوکاڵکارێکی زۆر باشن و گەنم و جۆ و برنج دەچێنن لە شاخەکاندا، لە ڕێگەی دروستکردنی دێراوی بچووکەوە گەنمەشامی و هەرزن و بەنگ و توتن کە یەکێک بوە لە گرینگترین سامانەکانی ناوچەکە دەچاند، هەندێک لە کوردەکان لە شارە دوورەدەستەکاندا بە دوای کاردا دەگەڕان و زۆربەیان سەرگەرمی کارە دژوارەکانی بیناکاری و حەماڵی بوون، لە شارە بچووکەکانیشدا مژۆڵی کاری بازرگانیی بچووک و مامەڵە چێتی مەڕ و خوری و پێستە و مازوو …هتد بوون. ژنانی کوردیش ڕستن و چنینی خوریان لە ئەستۆ دابووە و هەندێک جاریش قاڵی گەورە و بەرماڵ و لباد و …هتدیان چنیوە. هەندێک لە چینی پیاوانی کورد لە کۆندا خەریکی کاری خەنجەرسازی و پشتێنی زێڕ و زیو بوون لێهاتوویییەکی باڵایان هەبووە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیشدا کاری بیناکاری و لە ناو کوردە شارنشینەکاندا پزیشک و دادوەر و کارمەندی ئەفسەر و چەندین جۆر کاری تر دەکەن، پەناهەندە کوردەکان کە لە وڵاتانی ئەورووپی دەژین وەک (فەرەنسا و سویسرا و نەمسا و ئەڵمانیا… هتد) نیشتەجێن، لە نوێکردنەوەی ژیانی زانستی ئەدەبی کورددا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
کۆمەڵگای کوردی لە کۆندا بە شێوەی هۆز دەژیان، لەگەڵ ئەوەیشدا زانینی ژمارەی وردیان کارێکی زۆر دژوارە، چونکە ئەوان هەندێک جار زیاد و هەندێک جار کەمیان کردووە و یاخود ناویان گۆڕراوە. هەندێ لەم هۆزانە بە درێژاییی مێژوو ڕۆڵێکی مێژووییی گرینگیان گێڕاوە و هێشتا خاوەنی ناوبانگ و گرینگییەکی تایبەتین، لە ناویاندا دەکرێت ناوی ئەم هۆزانەی خوارەوە بهێنرێت، لە ئێراق تیرەی بابانەکان-هەمەوەندییەکان –هەرکییەکان-و لە ئێران شکاک-موکری- ئەردەڵان -جاف –کەلهوڕ، لە توورکیایش هەکاری –هەرتوشی –زێرکان –جەلالی –حەیدەران و لە سووریایش: برازی- میران، کوردەکان بە کۆمەڵ دەژیان کەسێکی سەرۆک بە دەسەڵاتێکی هەندێک جار خاوەن تایبەتمەندی ئایینییە لە ناویاندا هەیە، ئەم کەسە لە سەر بنەمای میراتی و هەڵبژاردن بۆ ئەم شوێنە هەڵبژێرراوە و سەرەکیترین ڕۆڵی ئەو بەرقەرارکردنی دادپەروەری بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە لایەکەوە بە هۆی دەستوەردانی پیاوماقوڵانی شاری و خاوەن موڵکەکان و لە لایەکی ترەوە بە هۆی هەوڵ و کۆششی دەسەڵاتی سیاسی بۆ سەپاندن و دانانی ئەو فەرمانبەرانەی کە کاری دادوەری و وەرگرتنی باج دەکەن، دەسەڵاتی هۆزەکان سنووردار کراوە و گرینگییەکی ئەوتۆی نەماوە.
شیاوی باسە کە ژنانی شوان و جوتیارانی کورد، لە ژیانی ماندووکەری خۆیاندا هاوپشک بوون لەگەڵ ژنانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و سەرەڕای ئەوە کاروبارە سەخت و دژوارەکانی ماڵداری و ئامادەکردنی ئاوی خواردنەوە لە سەرچاوە دوورە دەستەکان و بەشێکی زۆری کارە کشتوکاڵییەکانیان لە ئەستۆدا بوە، کوردناسەکان و گەڕیدە و نووسەرانی بیانی پێیان وایە کە ژنانی کورد بە پێچەوانەی ژنانی موسوڵمانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆمەڵگای کورددا پلە و پێگەی تایبەتی هەیە و لە هەڵبژاردنی هاوسەردا تا ڕادەیەک ئازادە، (لە هەندێک ناوچەی کوردستان دیاردەی ڕەدووکەوتن و گەورە بە بچووک و لە بریی خوێن و بە زۆر بەشوودان و… هتد وەک دیاردەی کۆمەڵایەتیی نێو هۆزەکانی کورد بوونی هەبوە و، هەتاوەکوو ئێستا لە هەندێک ناوچەی دوورەدەست و داخراوی کوردستان ماوە) مێرد و برا و باوک و دایک ڕێز و ئیعتیباری زۆری بۆ دادەنێن و سەرەڕای ئەندامانی خێزان، سەرجەم پیاوانی هۆزەکەیش بە دیدێکی ڕێزەوە تێی دەڕوانن، ژنی کورد لە غیابی هاوسەرەکەیدا، شوێن گرەوەی هاوسەرەکەی بووە.
بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک لە توێژەران و نووسەران پێیان وایە، پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و لە ناو چوارچێوەی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا خۆی دەنوێنێت و پەلوپۆی هاویشتوە بۆ دەروونی هەموو تاکێکی کورد، بەرچاوترین خاسیەتێک کە لە سیستەمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی دا مابێت هێشتا مانەوەی پێوەندیی خێڵەکییە، کە سیستەمی دەرەبەگایەتی لە ژێر خۆیەوە حەشار داوە، ئەم پێوەندییە کارێکی سلبیی کردوەتە سەر کۆمەڵ و شۆڕشی کورد، دیارە هۆز لە دروستبوونی کۆمەڵ و هەرەمی دەوڵەتدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێ، تەنانەت زۆرینەی هۆزەکان ملیان بۆ ڕابەری بزووتنەوەیەکی کوردی کەچ نەکردوە، لەبەر ئەوەی لە هۆزی خۆیان نەبوە یان بە هۆی جیاوازیی بیری ئایینی و مەزهەبییەوە یان سەر بە سنووری جوگرافیای هۆزایەتییەکەیان نەبوە، ئەمەیش زۆر جار گرژیی خستوەتە نێوان تاک و تاکی کورد و هۆز و هۆزی کورد. کوردەواری بە هۆی بارودۆخی دیمۆگرافی و جوگرافی و سیاسییەوە گەشەی کۆمەڵایەتیی قۆناغی خۆی نەدیوە، هەر لە بەرەبەیانی مێژوەوە لە نێو سیستەمێکی داخراوی خێڵەکیدا دەژی، خێڵەکان بە پەرتەوازەی ماونەتەوە دوور لە یەکتری، ئەمەیش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەک نەگرتن و دروست نەبوونی سیستەمێکی خێڵایەتیی پتەو، کە زۆر جار بەرژەوەندیی بنەماڵەیەکی دیاریکراو و مەسەلەی دینی و مەزهەبی لە سەروو بەرژەوەندیی گشتییەوە دانراوە. ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک فاکتەری تر بوونەتە هۆی ڕووخانی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی:-
– داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان.
– شوێنی گرینگی کوردستان لە ناوچەکەدا کە دوژمن سوودی لێ وەردەگرێت.
– شەڕی درێژخایەنی هۆزەکان، شەڕی ناوخۆ.
– ئاستی نزمی هۆشیاریی تاکەکەسی کورد بە تایبەت دەسەڵاتداران.
– مانەوەی پێوەندیی کۆن و بەسەرچووەکان.
–کۆچپێکردنی بە زۆر و نیشتەجێکردنی عەرەب و تورک و فارس ئەمەیش زیاتر کوردی پەرتەوازە کرد و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەکەی تێک شکاند.
– ڕووخانی ژێرخان و سەرخانی ئابووریی کوردستان.
– تێنەگەییشتن لە ڕەوتی، یان قۆناغی مێژوو.
– لەدەستچوونی هەلە مێژوویییەکان.
– دەمارگیری هۆزەکان (ناوچەیی) و پەرستنی تاکەکەسی بودەڵە و باوەڕکردنی زیاد لە ڕادە بە تاکەکەس.
– دووریی یەکەکانی کۆمەڵگای کورد لە یەکتری بە هۆی باری جوگرافیاوە…
“باسی سێیەم؛ سیماکانی نەتەوەییی گەلی کورد”
بیریاران و نووسەران و کۆڵیاران لەمەڕ چەمکی نەتەوە و بنەماکانی بە نەتەوە بوون چەندین پێناسەی جۆراوجۆریان هەیە، واتە پێناسەیەکی یەکگرتوویان نییە و هەر نووسەرە و بە جۆرێک پێناسەی نەتەوە و بنەماکانی بە نەتەوەیی بوونیان کردووە. لە سەر چەمکی نەتەوە یەکێک لەو بۆچوونانە بەم شێوەیە باس لە نەتەوە دەکات: (نەتەوە کۆمەڵە خەڵکێکە کە لە ڕەوتی مێژوودا پەیدا بوە و سەقامگیر بووە)، هەروەها هەندێ پێناسەی تر هەیە کە نەتەوە بە کۆمەڵە خەڵکێک دەزانن کە زمان و مێژوو و بەرژەوەندیی گشتی و …هتد بە یەکەوەیان دەبەستێتەوە، پێویستە ئەوەیش بزانین کە بیرۆکەی نەتەوە لە ناوەڕاستی (سەدەی نۆزدە) دوو تەفسیری بۆ کراوە، یەکەمیان تیۆری نەتەوەی هۆشمەند (القومیە الواعیە) تیۆری فەرەنسییەکانە و دوەمیان تیۆری نەتەوەی ناهۆشمەندانە (القومیە اللاواعیە) تیۆری فەیلەسووفە ئەڵمانییەکان. هەروەها پێویستە ئەوەیش بزانین کە نەتەوە زۆر پێش سیستەمی سەرمایەداری هەبوە، واتە هەستی نەتەوە دەبێ بە بیر و ئایدیۆلۆژیا هەوڵ دەدات لە پێناو دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
لەم بارەیەوە دەتوانین بڵێین نەتەوەی کورد کە ئەمڕۆ گەلی کورد دەگرێتەوە، ئەو گەلە بە شێوەیەکی کتوپڕ نەهاتووەتە سەر گۆڕەپانی مێژوو، بەڵکوو لە ئەنجامی توانەوەی کۆمەڵێک خێڵ و نەتەوەی ناوچەیی دروست بوە و هۆی ئەو پەرەسەندنە شارستانیەی لە کوردستانی کۆندا ڕووی داوە، نەتەوەیی کورد دروست بوە یان بە شێوەیەکی ڕوونتر نەژادی کورد لە ڕوانگەی نەتەوەیییەوە هەموو ئەو هۆز و نەتەوە و ناوچەیە کە دواتر گەلی کوردیان پێک هێناوە، وەک (سوباری و میتانی و خوری و ئورارتی و… هتد)، باشترین بەڵگە بۆ ئەو بۆچوونە، دۆزینەوەی ئاسەوارە کۆنەکانی ئەشکەوتی زەرزی و گوندی (چەرمۆ)یە، کە کۆنترین گوندی کشتوکاڵییە لە جیهاندا و باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە کورد هەر لە بەرەبەیانی مێژوەوە خاوەن شارستانیەت و ژیاری خۆی بووە و سیمای نەتەوەیی کوردی تێدا پاراستوە و بەرجەستە بوە، هەر بۆیە کورد سەرجەم بنەماکانی نەتەوەیی بوونی تێدایە کە لە چەند خاڵێکدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:-
1- نیشتمانی هاوبەش:- کوردستان وڵاتی کوردە و بە هەزاران ساڵ لەمەو بەر تێیدا نیشتەجێ بوون، هەر چەندە دەوڵەتێکی سەربەخۆی تێدا دروست نەبووە، بەڵام لە ڕووی چەمک و ماناوە وەک لە بەشی دوەمدا ئاماژەمان پێ کردووە خاکێکە تایبەتە بە نەتەوەی کورد.
2- زمانی هاوبەش:- گەلی کورد زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە ڕووی ئاخافتن و ڕێزمانەوە جیایە لە زمانەکانی تر و تایبەتە بە گەلی کورد، زۆری دیالێکتەکانی وەک: باکوور و ناوەڕاست و باشووری و گۆرانی نیشانەی دەوڵەمەندی و زیندوێتیی زمانەکەی دەگەیەنێت، کە ئەم فرەیەیش بە هۆی چەندین فاکتەری جوگرافی و سیاسی و… هتدەوە دروست بووە.
3- مێژووی هاوبەش:- سەرجەم گەلی کورد خاوەنی یەک مێژووی ڕەسەنن و کە ڕابردوویەکی گەورەیان بۆ خۆیان دروست کردوە، بە یەک شێواز دروست بوون و بە درێژاییی مێژوو بە یەک مەینەتی و خۆشییەوە ژیاون و هاتوون.
4- بەرژەوەندیی هاوبەش:- ئەگەر سەیری مێژووی گەلی کورد و مەسەلی کوردی بکەین دەبینین گەلی کورد بە تێکڕا یەک بەرژەوەندیی تایبەتی و گشتی و یەک چاوەڕوانییان هەیە و بوە کە هەوڵیان بۆ داوە بێتە دی.
سەرچاوەکان:
1. ا.م.منتشاشفیلی؛ کورد (کورتەیەکی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ،ئابوری ،ڕۆشنبیری ،گوزەران)،وەرگێڕانی/ د.عزالدین مصگفی رسول، چاپی دووەم، دهۆک ،2008.
2.محمد ئەمین زەکی؛ خولاصەیەکی تاریخی کوردو کوردستان، سلێمانی ،2000ز،چاپی نوێ ،دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم.
3.مینۆرسکی؛ کورد، وەرگێڕانی /حمە سعید حمە کریم،هەولێر،1984،چاپخانەی زانکۆی سەلاحەددین.
4. محەمەد فەریق حەسەن؛ مێنتەڵێتی خێڵ ، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ وبڵاوکردنەوەی ئاراس ،هەولێر 2008.
5.مارتین ڤان برونسن؛ ئاغاوشێخ ودەوڵەت ،بەرگی یەکەم،چاپی چوارەم ،وەرگێڕانی / کوردۆعەلی ،سلێمانی ،2003.
6. صاڵح قەفتان؛ مێژووی گەلی کورد لەکۆنەوە تا ئەمڕۆ، چاپی سێ یەم، ساێمانی ،2005ز
7. شوان عوسمان؛ کوردستان وپڕۆسەی بەئیسلام کردنی کورد، چاپی یەکەم،سلێمانی ،سەنتەری چاپ وپەخشی رێنما ،2000ز
8. عبدالرحمن قاسملۆ؛ کوردستان وکورد ، چاپی یەکەم،بغداد ،1973ز.
9. جەزا تۆفیق تالب؛ بایەخی جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستان، چاپی دووەم، سلێمانی ،2000،سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی.
10. ڕەحیم سابیر؛ کوردۆلۆژی ،چاپی دووەم، سلێمانی،2005.
11. جویس بلۆ؛ دۆزی کورد، وەرگێڕانی / کارزان محمد ،سلێمانی ، 2004.
12. ڕەشاد میران؛ ڕەوشی ئايينی ونەتەوەیی لەکوردستاندا ، چاپی دووەم، هەولێر، 2000.
13. رشید شیخ عبدالرحمن؛ مێژووی زاگرۆس ، هەولێر ،2001.
14. ارشاک سافرستیان؛ مێژووی کوردو کوردستان ،وەرگێڕانی / عەەبدوڵا شاڵی ،چاپی یەکەم ،سلێمانی ،1960ز.
15. کەیوان ئازاد ئەنوەر؛ مێژووی ئايينەکان ،چاپی یەکەم، سلێمانی، 2009ز.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!