ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت ئاگاداری چالاکییەکانی
یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیەکێتی تۆپی پێی کوردستان نیم، بەڵام جارجار لە سۆشیال میدیا ئاگاداری خولەکانم، بەتایبەتیش ئاگاداری ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەم ئێستا و پێشووتریش ڕوویانداوە.
بەڕێکردنی خول و پاڵەوانێتییەکان، پێش پارە، پلان و هزر و ئامانجە، ئینجا پارە تەرخان دەکرێت و پلانی کارکردن دادەڕێژێت و دواتریش کەسانی شارەزا بەبێ لایەنی دەبێت کاربکەن، چونکە هەندێک وشە و دەستەواژە هەیە لەلای ئێمە تەنیا بە نووسین هەیە، لە ئەرزی واقیعدا نین وەک (پسپۆڕ، شارەزا، ئەکادیمی)، ئومێد دەکەم من هەڵەبم، گەر هەڵەم بۆچی یاریگاکانی کوردستان بوونەتە مەیدانی توندوتیژی و جەنگ، گەر پێش هەموو شتێک لەپەڕڵەمانی کوردستان یاسای وەرزش هەموار بکرابایە و یاسایەک بۆ وەرزشی کوردستان هەبوایە، ئێستا یاسا حکومی خۆی دەکرد و کێشەکان بە یاسا چارەسەر دەکران نەک بە میزاج، توڕەبوون لە یەکێک بە توڕە بوون لە یەکێکی تر دەرببڕدرێت.
ئەو شەڕ و کێشانەی بەم دواییە لەیاریگایەکی کوردستان لەنێوان دووتیپی کوردستاندا ڕوویاندا، کاردانەوەی دەروونی زۆر خراپی لەسەر خولەکە و ڕاهێنەران و یاریزانان و ناوبژیوانانیش دەبێت، ئەو ڕووداوانە پێشتریش ڕوویانداوە، هەر لەگەڵ دەسپێکی خولەکانی کوردستان ئەم دیاردە ناشیرین و دوور لەگیانی وەرزشیی ناوەناوە دەبینران، بەڵام ئێستا تەشەنەی کردووە، ڕووداو و پشێوییەکانیش نابێت بە بڕیاری دژ و قورسی بێ بەرنامە چارەسەر بکرێن، چونکە وەرزش نمایشی عەزەڵات نییە، هۆش و بیرکردنەوەی درووستە.
دووپاتی دەکەمەوە، من تا سەرئێسقان دژی کێشە و شەڕ و ڕەفتاری نەشیاوم، من بەبێ جیاوازی سەرکۆنەی دەکەم، بەڵام دەبێت هزرێکی ئیداری و چارەسەری وەرزشییانەیان بۆ بدۆزینەوە، ناکرێت لە کاتی بڕیارداندا، (توڕە بین، فشارمان بەرزبێتەوە و گوشاری دەروونی، کاریگەر بێت لەسەرمان ئەوسا بڕیار بدەیت، دەبێت هێمن و ئارام و دەروون خاو و پاک و خاڵی بیت و دان بەخۆداگرتن و گیانی وەرزشیی و هزری ئیداری و لۆژیک و یاسا و ڕاوێژکار و ڕێنیشاندەرمان بن).
من دەڵێم سزاکانی ئەم دواییەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان پەرچە کردار بوون، چونکە دەزانم پێشتر لە چەند یاریگایەکی تری کوردستان ڕووداوی نەخوازراو ڕویانداوە، بەڵام لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە کاردانەوەکان بەمشێویە نەبوون، بەڕای من سزاکانیش وەڵام بوون بۆ سۆشیال میدیا و کار و کاردانەوەی نێوان ئەم دوو بەرەیە بوو، چونکە بینیمان لە سوشیال میدیا ڕەخنەی زۆر توند لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان گیراوە، دڵنیاشم ئەم سزایانە چارەسەرنین و تەنیا بەنجێکی کاتییە و هیچی تر، هیوادارم هیچ ڕوونەداتەوە و من هەڵەبم.
[1]