بە درێژایى مێژوو کورد لە خەبات و تێکۆشان و بەرخوداندا بووە، لە پێناو خۆپاراستن و مانەوەو ژیانێکى شایستە لەسەر خاکى خۆى، شەڕى کورد بۆ نەمانى شەڕ و چەسپاندنى ئاشتى بووە، کورد بەردەوام دەستێکى چەک بووە بۆ خۆپاراستن و دەستەکەى دیکەشى بۆ ئاشتى درێژ کردووە، بەڵام بەداخەوە دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان هەمیشە سیاسەتى نەهێشتنى کورد و کوردستانیان پراکتیک کردووە و هەوڵیانداوە کوردستان بە خەڵک و خاکەوە نەهێڵن.
دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان (تورکیا و ئێران و ئێراق و سووریا)، لە ماوەى سەد ساڵى ڕابردوودا، هەموو هەوڵێکى ئاشتیان ڕەتکردووەتەوە و بەردەوام بە ئاگر و ئاسن وەڵامى داخوازییەکانى کوردیان داوەتەوە و، تا ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەو سیاسەتەیان و بەپێى پێویستى خۆیان هەندێک جار پرسى کوردیان هێناوەتە ڕۆژەڤ و کوردیان خاپاندووە، بۆیە هەقە کەڵک لە ڕابردوو؛ لە دیرۆک وەربگرین و بە زانابوون هەڵسوکەوت بکەین و بڕیاربدەین.
هەموو لایەک ئەو ڕاستییە دەزانین کە هەمیشە ئاشتى لە شەڕ باشترە، هەر هەوڵێک بۆ ئاشتى پێکەوەژیان لەگەڵ میللەتانى ناوچەکە هەبێت، ئێمە پێشوازى لێدەکەین، بەڵام پێویستە هەوڵەکان لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخودانى گەلى کوردستان بێت نەک خۆچەککردن و خۆڕادەستکردن، پێویستە داگیرکەرانى کوردستان بەر لە هەر شتێک دان بە بوونى کورد و مافەکانى لە وڵاتەکانیاندا بنێن و ئەو داننانەش لە دەستوورى وڵاتەکانیاندا بچەسپێنن، بەدەر لەمە هەموو هەوڵێکیان فێڵکردنە لە کورد، خۆشباوەڕى کوردیش فێڵ لەخۆکردنە.
بێگومان مانەوەو هێزى کورد لەو چەکەدایە کە لە شانییەتى، کورد هێز ومۆراڵ لە خەبات و بەرخودان و دیرۆکى تێکۆشانى خۆى وەردەکرێت، کە ئەو خەبات و بەرخودان و دیرۆکى تێکۆشانە نەما، کوردیش بێهێز وبێکاریگەر دەمێنێت، بۆیە پێویستە، هەمیشە ڕێز لە خەبات و بەرخودان ودیرۆکى تێکۆشانى میللەتەکەمان بگرین و هەرزانفرۆشى نەکەین.
پێویستە ڕەچاوى تایبەتمەندى هەر بەشێکى کوردستان بکەین و، ڕێز لە بڕیارى هەر بەشێکى کوردستان بۆ خۆبەڕێوەبردن و خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعى سیاسى ئەو بەشەى وڵات لەو قۆناغەدا بگرین، جا فیدراڵى بێت یان ئۆتۆنۆمى یان لامەرکەزى بێت، ئەمانەش لە ئەنجامدا هەموو هەنگاون بەرەو دامەزراندنى دەوڵەتى نەتەوەیى و نیشتمانى، لەبەر ئەوەى دواچارەسەرى پرسى گەلى کوردستان ئازادى و سەرخۆبوون و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانە.
غەفوور مەخموورىغەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستانیەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
27 -2 -202527 -2 -2025 [1]