کۆمیتەی بەڕێوەبەری#پەکەکە# ڕایگەیاند بۆ ئەوەی بانگەوازیی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی'ی ڕێبەر ئاپۆ بێتەئاراوە، ئێمە لەمڕۆ بەدواوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین؛ پێکهێنانی بابەتی وەک چەکدانانیش تەنیا بە پێشانگەیەتی کردەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت.
ناوەرۆکی ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بە ناونیشانی 'بۆ ڕای گشتی و گەلی وڵاتپارێزمان' پەیوەست بە بانگەوازییە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە:
بانگەوازییەکەی 27ی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ڕێگەی هەموو هێزە ئازادیی و دیموکراسییەکان ڕووناک دەکاتەوە و وەک مانیفیستۆیی سەردەمە. لەبەر ئەوەی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی مانیفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی زیاد کردووە، بە ڕێزەوە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین
جێبەجێ کردنی ناوەرۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە
لە بانگەوازیی ناوبراودا ئاشکرایە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی مێژووی دەستپێکردووە. ئەمەش کاریگەرییەکی مەزن لە پێشکەوتنی بەڕێوەبەری دیموکراتیک و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەکات. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیارییەتی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان؛ دەبێت هەموو کەسێک بە ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی هەستێت و ئەوانە جێبەجێ بکات.
بێگومان ئەنجامدانی بانگەوازییەکی لەم شێوەیە گرنگ بوو؛ لە ئێستاوە جێبەجێ کردنی ناوەرۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەووتوو زۆر گرنگە. وەک پەکەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری ناوەرۆکی بانگەوازیی ناوبراو دەبین و دیاری دەکەین بە گوێرەی پێویستییەکانی بانگەوازییەکە دەجوڵێینەوە و جێبەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەووتن دەبێت هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیک و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت.
ئەو هێزەی بەڕێوەبردنی تێکۆشان و ئەو ئەزموونەی پەکەکە ئافڕاندی دەدرێتە گەل
ئاشکرایە پەکەکە، بووە تەڤگەری حەقیقەت و قارەمانێتی مەزنی ئەم نیوسەدەیەی کۆتایی کوردستان. هەموو شتێک بە تێکۆشانی مەزنی قارەمانی، فیداکاری، قوربانی و کاری گەورە بەدەستهێندرا. بە ڕێز، خۆشەویستییەکی زۆر و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی قارەمانی ئەم تێکۆشانی ئازادییە یاد دەکەینەوە. لە ئێستا بەداوە بە هەمان ڕۆح و باوەڕی دەستکەوتە مێژووییە ناوبراوەکانەوە دەپەڕینەوە بۆ ناو پڕۆسەیەکەی نوێی تێکۆشان. ئەو هۆشمەندییەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەو ئەزموونە گەورەیەی پەکەکە ئافڕاندی، باشی، درووستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبەری تێکۆشانی ئازادی بە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک دەداتە گەلەکەمان.
تا هێرش نەکرێت هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات
لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ بێتەئاراوە، لەمڕۆ بەدواوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. تا هێرش لە دژمان ئەنجام نەدرێت، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. بابەتی چەکدانانیش تەنیا بە پێشانگەیەتی پراکتیکیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامگیر دەبێت.
بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی کۆنگرە بەڕێوەببات
هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتەکەمان ئەنجام بدەین، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەمە پێویستە هەلومەرجی گونجاو دابین بکرێت و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشانگەیەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکووڕییەکانمان بەڕێوەبەرایەتییەکەمان شەڕی کرد؛ بەڵام تەنیا ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت پێشانگەیەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکات.
پێویستە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن
ڕاستییە بەرچاوەکان بەئاشکرا نیشانی دەدەن بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پێک بێت، بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، بۆ پێشخستنی تەڤگەری دیموکراسی جیهانی، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان مسۆگەر بکرێن تا ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازادانە بژی و کار بکات، بتوانێت بەبێ ڕێگری لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیەوێت بە هاوڕێکانیشییەوە پەیوەندی درووست بکات. ئێمە هیوادارین کە ئەو هەلومەرجە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن.
بانگەواز کۆتایی نییە بەڵکوو سەرەتایەکی نوێیە
گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان!
بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بەدڵنیاییەوە کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە سەرەتایەکی نوێیە. وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش باس دەکرێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیخاتە بەرچاو ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە 35 ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتیش لە 20 ساڵی کۆتاییدا ئەنجام بدرێن، بەڵام بە ئەندازەی پێویست لە کاتی خۆیدا نەکراون، ئێستا پێویستە بەدڵنیاییەوە ئەنجام بدرێن. لەم بارەیەوە پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پڕۆسە نوێیەکە کە دەستی پێ کردووە بە درووستی و تەواوی تێبگەن و پێویستە پێداویستییەکانی بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن. پێویستە بە بەرپرسیارییەتی و جددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەرۆکی بانگەوازەکە ببنەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ بکرێت.
پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی
ئێمە لەبیرمان نەچێت کە قورسترین بار هەمیشە ڕێبەر ئاپۆ خستوویەتە سەرشانی، ڕێگامان ڕووناک دەکات و پێشانگەیەتیمان دەکات. ئێستا بە 'بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستان بەتایبەتیی ژنان و گەنجان پڕۆسەیەکی نوێی تێکۆشان دەست پێ دەکات. بۆیە ئێمە تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆسە نوێیە بە درووستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەمیشە لە بەرانبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. ڕێکخستنبوونی دیموکراتیکی خۆمان و تێکۆشانی ئازادییمان لە هەموو گۆڕەپانێک بە ئازایەتی و فیداکارییەکی گەورە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی.
بانگەوازی؛ بەهێزتر خاوەنداری لە 8ی ئادار و نەورۆز بکەن
ئەوەتا، ئێمە چووینە مانگی ئادارێکی نوێ و لە جۆشێکی 8ی ئادار و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادیی ژنان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی پەرەپێدەدەین و لەسەر هێڵی شارستانییەتی دیموکراتیک ژیانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی ڕێکدەخەین. هەوڵدەدەین حەقیقەتی ئاپۆیی بە شێوەیەکی درووست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی حەقیقەت کە شۆڕشی زیهنییەت و شێوازی ژیانە پەرەپێبدەین. کۆتا بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ لە بنەڕەتدا بانگەوازی بەهێزتر خاوەنداری کردنە لە 8ی ئادار و نەورۆز و بە جۆشێکی گەورە پیرۆزی بکەن. لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و گەنجان ئەم بانگەوازە بە درووستی تێبگەن، بەبەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکەن.
لەسەر ئەم بنەمایانە 8ی ئادار ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و گەنجان، گەلی خۆمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەمووان دەکەین کە بە ڕۆحی 8ی ئادار و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی ڕێبەرێتی بکەن و لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی ئازادیی گەش بکەن!
بژی پێشەنگی قارەمانی گەلەکەمان پەکەکە!
بژی ڕێبەر ئاپۆ!
[1]