ناونیشانی بابەت: داعش و گێڕانەوەی شەهیدان
ناوی نووسەر: #موحسین عەلیڕەزایی#
“بەیادی شەهید #هوجام سوورچی#”
“پێشەکی”
دەبێ هەر لەم سەرەتاوە بڵێم یادکرنەوە لە کولتووری قەرەباڵغ و میدیازەدەی ئێستەی ئێمەدا بەزۆری نزیکە لە تەکنیکی “لە کۆڵ کردنەوە” واتە یادکردنەوەکانی ئێمە بە شێوەیەک تێپەڕاندن و لەبیرکردنەوەشن، ئەم یادکردنەوانە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری بریندار و شینزەدەی ئێمە و ئه و ڕیچواڵ و ئادابانەی شینگێڕی لە خەیاڵدانی گشتیی ئێمەدا (کە سەرتاپای سەدەی بیستەم دەگرێتەوە)، دروستی کردووە و بەشێکی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێک خواستی دیۆنیزیۆسی و شادومانانە لە کولتووری گشتیی ئێمەدا، نابێت پێمان سەیر بێت کە شادی و شیوەن لە بوونی مرۆڤدا بەگشتیی تێکئاڵاون و لە کولتووری کوردیشدا بە تایبەتی وەکوو دوو دیوی یەک دراو دەشێت بەها و مانا ببەخشن بە نرخی ئه و دراوە ڕەمزی و مەعنەوییە.
لە ڕووی وشیاریی نەتەوەیی و سیاسییەوە زێدەڕۆییکردن لە هەر کام لەم دوو حاڵەت و دیوەدا بەدواداهاتی نێگەتیڤ چەند ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، سیاسی و سایکۆلۆژی بەدواوە دەبێت. جاناتان ڕێندێل؛ نووسەر و ڕۆژنامەنووسی فەرەنسی لە کتێبی “چۆن لەم ڕیسواییە ببوورین؟” (وەرگێڕانی بۆ فارسی: ئیبراهیم یوونسی) دەڵێت کاتێک بەرەی کوردستانی لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991دا هەموو کوردستانی بە کەرکووکیشەوە ئازاد کرد و بۆ یەکەمینجار کەرکووک بە تەواوەتی لە ژێر کۆنترۆڵ و دەستەڵاتی کوردا بوو، هەر لە یەکەم شەوی ئازادکردنی کەرکووکەوە گەورە و بچووک و منداڵ و مەزن و پێشمەرگە و خەڵکی ئاسایی بە چەند ڕیز دەستیان بە هەڵپەڕکێ کرد، ئەمە لە حاڵێکدا بوو هەر لەم چەند مانگەی دواییدا سەدان شەهید بۆ ئازادبوونی ئه و ناوچانە و ڕزگارکردنی خاک و نیشتمانی کوردان پێشکەش کرابوو، ڕیندێڵ دەڵێت: لە کاک نەوشیروان مستەفام پرسی کە بۆچی بڕێک زیاتر خۆتان ڕێک ناخەنەوە و ئەم هەڵپەڕکێ دابنێن بۆ دواتر، دەڵێت لە وەڵامدا ڕوحمەتی کاک نەوشیروان وتوویەتی ئێمە لە چەندین هەواڵنێریی متمانەپێکراوی جیهانی ئاگادار کراوینەتەوە کە جەیش و سوپای بەعس بە تەواوەتی تەفروتوونا بوونە و ئه و هێزەی نییە کە دەرەقەتی ئێمە بێت لە ئێستادا، ئینجا هەر بە گێڕانەوەی ڕیندیل و لە درێژەدا دەڵێت: هێندەی پێنەچوو کە هێزەکانی گاردی کۆماری و تانک و زرێپۆشەکانی سەدام نزیکی کەرکووک کەوتنەوە و ئەوکات من بە چاوی خۆم بینیم کە پێشمەرگە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی کەرکووک بەجێمان و کەوتنە دەست بەعس هەندێکیان. ئەم وێنەیەی کە ئەم نووسەرە بیانییە لە سایکۆلۆژییەتی کورد دەیخاتە ڕوو بە شێوەیەک هەمان ئه و وێنەیەیە کە لە سەرەوە باسم کرد، هەستی شکۆ و شکستە لە یەک ساتدا ڕزگاربوون و داگیرکرانە لە چرکەساتێکدا، بەڵام ئەمە لە حاڵەتە ناوشیاری و میتافیزییەکەیدا وایە و لە ئاستی وشیاریدا نابێت بەم شێوەیە بمێنێتەوە، شین و شکست لە پرۆسەی دروستبوونی نەتەوەیەکدا دەبێت دەلالەت و دەرکەوتەکانی فۆرموولە و دیاری بکرێن ئەگینا لە ڕەوتی شوناس سازانەی نەتەوەییماندا بە هیچ کڵۆجێک مانابەخش و بناغەدانەر نابن، یادکرنەوەی شەهیدانیش بەدەر نییە لەم شین و شکۆیە، بەڵام بەر لەوەی لە ناو کەوانەی(لەکۆڵ کردنەوە) و (فەرامۆشکردن)دا داینێین دەبێت بیهێنینە ساحەی گێڕانەوە یان بە دەربڕینێکی گونجاوتر(بیرخستنەوە)وە، تایبەتمەندی بەبیرخستنەوەکان هەڵپێکانیانە لەگەڵ (بیرکردنەوە) بۆیە من پێم وایە هەر جۆرە بیرخستنەوە(یادکردنەوەی ئاوەزمەندانە)ی داعەش و ڕووبەڕووبوونەوەی شکۆمەندانەی کورد لەگەڵیان پەیوەست نابێت بە چرکەساتێکی وەکوو یادکردنەوەی شەهیدێک یان پۆلێک شەهید یان ڕووداوێکی دیاریکراو بەڵکوو ئەوەی هەیە لەبیرنەکردن و بیرخستنەوەی ئه و شکۆ و پیرۆزییەیە کە کورد بۆ شکستی سوپای تاریکی مەشخەڵهەڵگری بوو!
“داعش؛ گوتاری تیرۆریزم، کورد و ڕۆژهەڵاتناسی”
سەرهەڵدانی داعش بۆ هەموو دونیا شۆک و شتێکی کوشندە و سەیر و سەمەرە بوو، بەڵام وە نەبێ ئێمە وەکوو کورد و وڵاتانی زلهێزیش وەکوو دیاریکەرانی جەمسەری سیاسەتی جیهانی نەیانزانیبێت زەمینە و بەستێنەکانی داعش کامانەن و لە کوێوە هاتوون و کۆمەڵگا ئایینییە نەرێتییەکان چەندە ئامادەی تەقینەوەیەکی ئاوەهان، پاش ڕووداوەکەی 11 سێپتەمبەر لە سەردەمی بوشی کوڕدا بەڕاستی ئەمریکا هەموو هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی خۆی هێنایە سەر ئه و بڕوایە کە ئەلقاعیدە و بین لادەن گەورەترین مەترسین بۆ شارستانییەتی ڕۆژئاوا و لە سەرووی هەمووشیانەوە بەها ئەمەریکی و ئەورووپییەکان و کۆی کولتوور و پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکەی ڕۆژئاوا و بەگشتی کۆی شارستانییەتی ڕۆژئاوا، لە ڕاستیدا ئەگەر ئەمبەری جۆگەلەکەش چاو لێبکەین ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بە شێوە ئەلقاعیدەییەکەی جگە لە ڕەتکردنەوە و کوشتن و لەناوبردنی ئەویدی هیچ ڕێگەیەکیتر بۆ مانەوە و ژیانکردن لە جیهانێکی فرەڕەنگدا قایل نییە بۆیە گوتاری تیرۆریسم لە 2001ەوە بوو بە گوتاری زاڵی هەموو میدیا زەبەلاح و ئاڕاستە و گەڕیانە سیاسییەکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و بەپێی ئەوەش وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبیشی گرتەوە و خوێندنەوە و شیکاریی تیرۆر و تیرۆریسم و ڕەگەز و سەرچاوەکانی بوو بە کایەیەکی گەورە لە میدیا و شەقامی عەرەبی و ئیسلامیدا و کتێب و بابەتی زۆریش لە دونیادا لەسەری بڵاو کرایەوە. گوتاری تیرۆریسم بیرمەندانێکی ڕۆژئاواییشی لە پشتەوە بوو و بەشێوەیەکی زۆر و تێروتەسەل تیۆریزە کرا و پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لە نێوان ئیسلامی سیاسی و نەرێتخوازی و تووندوتیژیی دینی و تیرۆریسمدا بینرایەوە و لەسەری ڕۆشتن.
واقیعێکی حاشاهەڵنەگر ئەمە بوو کە زەمینەی ئەم سەرهەڵدانە تەنها ناوەکی نەبوو و کردەوەی وڵاتانی غەیری ئیسلامیش لەم تیرۆریزم و تووندوتیژییەدا دەبێ لە جێی خۆیدا بخوێنرێتەوە. لە ڕاستیدا تیرۆریسم هیچ مانایەکی نییە مەگەر لە حاڵەتێکدا تۆ بەر دیدگا و شێوەژیان و شارستانییەت و بە گشتی دونیای ئەویدی بکەویت و لەوێدا هەڵسوکەوت و دانوستانی تۆ لەگەڵ ئەویدی دەبێت بە پێناسەکاری ماهییەتی تۆ و لەم هاوکێشەیەشدا مێژوو و پێشینەی ئەم “من” و “ئەویدی” یە یان ئەم تۆ و ئەویدییە ڕۆڵێکی زۆر گرینگ دەگێڕێت. بەگشتی ڕێبازی ئیسلامی سیاسی لە هەناوی نۆستالۆژیا و خەونی زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و سەردەمی زێڕینی ئیسلام “بە خوێندنەوەی خۆیان” بوو کە بۆ دونیای سەردەمی ئێستە وەڵامدەرەوە نەبوو و نابێت، ئەم کەونینەگەراییە و نەگونجانی لەگەڵ سەردەمی ئێستە و هەنووکەدا دەبێت بە جەوهەری ناوەکیی و مەکینەی لێخوڕی تیرۆر و تووندوتیژی یان ئه و شتەی کە پێی دەڵێن تیرۆریسم، ئەم خەونگەراییە هەر لێرەدا ماناکانی ناپژێنێت بەڵکوو سووژەی تیرۆریست بیر لەوە دەکاتەوە کە کێ خەونە پیرۆز و مەزنەکەی لەبار بردووە؟ و لە وەڵامدانەوەی خۆیدا جگە لە جیهانی جوو و گاوران هیچ هۆکاری دیکە نابینێتەوە و لە گوتاریاندا جوو و گاور ئەگەر کافری ڕەهاش نەبن ئەوا لە ناو دونیایەک لە شیرک و کوفر و خوارفەدا دەژین و دەبێ بسڕدرێنەوە، بۆیە دەبێت بە گوزارەی: ئەمە شەڕی ئێمە و ئەوانە” ئەمە ستراتیژیی هەمیشەیی تیرۆریستەکان و هێزە نەگونجاوەکانە لەگەڵ جیهانی ئەمڕۆدا. لەم تێڕوانینە بەرتەسکەی توندوتیژاندا جیهان جگە لە لایەنێکی چاک و لایەنێکی خراپ کە بە ڕوونی هێڵ و بەرەکانی دیاری کراون هیچی دیکە لە خۆ ناگرێت.
لەم دابەشکارییەدا ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەبن بە جیهانی ڕەش و شەیتانی و بەها ئیسلامی و مەعنەوییەکانیش دەبن بە جیهانی تیشک و نوورانی. دیارە ئەمە دوو جەمسەری دیاری بەهاکەیە و بابەتێکی میتافۆڕیک و ئینتیزاعی دەنوێنێت، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا و لەدیدی ئەلقاعیدە وەکوو دایکی داعەش زۆرینەی وڵاتە موسڵمانەکان لە ژێر حوکمی تاغووتدان و دەبێ لەناو ببرێن، لەم نێوانەدا بۆ نەتەوەیەکی وەکوو کورد کە بەهۆی ئه و داگیرکاری و دابەشبوون و سەرلێشێواوییەیەوە ڕۆڵەکانی تەنانەت لە ناو ئەلقاعیدە و داعەشیشدا بە کوشت دراون هاوکێشەکە زۆر زاڵمانەتر و بێ ویژدانانەتر و کارەستابارتر شکایەوە، داعەش کە تێکەڵەیەک بوو لە زۆرینەی نەتەوە موسڵمان و ناموسڵمانەکان و تەنانەت ڕووسی و چیچانی و ئەمەریکی و ئینگلیزیشی تێدا بوو کوردیان بە دوژمنی سەرەکیی خۆیان ناوزەد کرد و کەمینەیەکی کوردیشیان وەکوو نەوەی سەلاحەدینی ئەیووبی بە باش ناساند! بۆ قووڵترکردنەوەی ئەم دابڕان و تۆوی هەڵبڕان و تەفریقە لە نموونەی ئه و ڤیدیۆیانەی کە داعش بڵاوی کردوونەتەوە چەند دانەیان بە جلی کوردییەوە و بە خەنجەر دیلیان سەردەبڕی و دژی ڕێبەرانی کورد و هێزی پێشمەرگە خیتابی بێ سەر و بەر و نەشیاویان دەدا، لە نموونەی شەهیدکردنی هوجام سوورچیدا وەکوو دەڵێن دەرکەوت ئه و کەسەی کە شەهیدی کردووە خۆی کورد بووە، خودی ئەمە سیناریۆ و پیلانێکی ڕەمزی بۆ چاندنی تۆوی دابڕان و نانەوەی ئاژاوە لە ناو کورددا بوو، داعەش ڕەنگە لە زۆرێک لە نەتەوەکان پێکهاتبێت، بەڵام لە ڕاستیدا داڵغەی نەتەوەیی و کولتووری کۆمەڵگاکان لە دیدی ئەودا هەر بوونی نییە، تەنانەت با زانستیش بە هەزاران بەڵگە بیسەلمێنیت، ئەوەی گرینگە ئه و گوتارە ئایدۆلۆژییە سێکسیستییەیەیە کە داعەش و ئەمیرەکانیان پێڕەویان دەکرد. بە دڵنیاییەوە داعەش وەکوو مۆتەکەیەکی سەر ئەم دونیایە و تاپۆیەکی سامناک کە ڕۆژئاوا و ئەمەریکاشی خستبووە سەر هەرزە بەهۆی هێزی پێشمەرگە و کوردەوە شکستی هێنا و داڕما، ئەمە سەرەڕای شکۆداربوونی کورد و هێزی پێشمەرگە و دەنگدانەوەی کورد وەکوو نەتەوەیەکی ئازادیخواز و دژە دۆگما و پێشکەوتوو، دەرخەری تێچوویەکی زۆری ئێمە بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆر و تووندوتیژیدا و ئه و هەموو قوربانییەی لە پێناو ئازادی و دژی توندوتیژی و بۆ ئاشتەوایی داومانە.
ئەگەرچی هەرلە سەروبەندی شەڕی داعشدا چاوی کامێرا جیهانییەکان لە سەر کوردستان و هێزی پێشمەرگە و شەڕەکە بوو و فیلمی پێشمەرگەی بێرنارد هێنری لیڤیش دروست کرا و لە ئەوروپا بە گشتی و فەرەنسە بە تایبەتیش بە شێوەیەکی بەربڵاو نومایش کرا بەڵام ئەوەی فیلمی پێشمەرگە و هەموو ئه و درامایانەی بینیبێت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەپەرژێنە سەر کورد و هێزە کوردییەکان چ لە باشوور و چ لە ڕۆژئاوا هەمان نیگای و نواندنەوەی نافەرمی و کۆنسێرڤاتیستانەیان هەیە و کورد وەکوو بوون و کیانێکی سەربەخۆ و جیاواز لە قەوارەی فەرمی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان نابینن و پیشانی نادەن، ئەمە بەشێکی دەگەڕیتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتناسی و ئه و زانستە کۆلۆنیالیستییەی کە لە سەدەی شانزەوە تاکوو ئێستا لە چاویلکەی ئەورووپییەکان و ڕۆژاواوە جیهانی دەرەوەی خۆی و بەتایبەتی ئه و نەتەوانەی کە دەوڵەتیان نییە دەبینێت، واتە تۆ ئەگەر هێزیش بیت و لە ناو گوتاری ئەواندا قوربانی بدەین هەم دیسان کۆمەڵێک مەرجت نییە تاکوو ئەوان لە ئاستێکی شایستە و باڵادا دانت پێدا بنێن و واقیعی بوون و خەبات و قوربانیدانت پیشان بدەن.
لایەنێکی دیکە کە سەری دیکەی ئەم هاوکێشەیەیە نەتوانیینی خودی کوردە لەوەی کە خۆی پێناسە بکات، ئێمە بەپێی بەڵگەکان نەک گێڕانەوەکان لە دەیەی دووهەمی سەدەی بیستەوە تا ئەم چرکە ساتە خوێنمان داوە، خەباتمان کردووە و کۆڵمان نەداوە بەڵام ئایا وەکوو پێویست لە ناوەندە جیهانییە کاریگەرییەکاندا توانیومانە ئازار و هیوا و شکستەکانی خۆمان باس بکەین و بیگێڕینەوە؟ ئایا توانیومانە هەلەبجە و ئەنفال و کوردقڕانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە ژێر هەژموونی ومیدیابازی و پڕوپاگەندەی جیهانی عەرەب و فارس و تورک دەربێنین؟ دیارە ئەگەر هەڵوێستەیەک بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە بکەین جگە لەوەی کە خۆمان هەست بە بەرپرسیارێتی زیاتر و ناکامی و جۆرێک شکست دەکەین ناتوانین تەنها داگیرکەران لۆمە بکەین. لە یەک مانگی ڕابردوودا فیلمی 88 لەسەر هەڵەبجە نومایش کرا، بەڵام ئەوەی زیاتر ڕەنگ و دەنگی هەبوو بە حیزبیکردنی کارەساتە نەتەوەییەکان و بە سیاسیکردنی تراژیدیا مرۆییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە بوو کەواتە بۆ ڕۆژئاواش گوێمان بۆ بگرێت کاتێک ئێمە خۆمان چەپەوانە هەڵیدەخەینەوە؟
“وێنەی کۆتایی”
نموونەی شەهادەتی هوجام سورچی کاتێک چاو لە ڕوخسارە بێگەرد و کوردانەکەی دەکەی دەڵێی فریشتەیەکی پاک له و دیو چاوەکانییەوە دەڕوانێتە کامێرای ئەهریمەنەکان و خۆی ئامادەی مەرگ کردووە لە پێناو بەڵێنێک کە بە کوردستان و خاکی نیشتیمانی داوە، ئەم وێنە سادەیە و ئەم گوزارە سادانە بۆ چرکەساتێکی مەزنی و سەربەرزی و شکۆمەندیی ئه و زاتە نابێت، بۆیە دەبێ ئێمە لە سیاسەتی کولتووری خۆماندا ڕووداوی ئاوا تراژیک و شکۆدار بکەین بە دەیان فیلم و ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆک، تاکوو دونیا بزانێت کە کێ ئەفسانەی داعەشی تێکشکاند و کام کولتوور و وڵات و هێزانەش لە سەرهەڵدانی داعەش و قوربانیبوونی کورد دیسان سوودیان بینی و هەموو بەهایەکی مرۆڤانەیان بەلاوە نا تاکوو بە ئامانجە دژە مرۆیی و نەگریسەکانی خۆیان بگەن، ڕووداوی شەهیدبوونی هوجام سوورچی بە هەمان ڕادە کە تاریک و سامناک بوو سەد قات شکۆدار و مەزن بوو و ئەم ڕووداوە لە یادەوەریی ئێمەدا دەبێ بۆ هەمیشە تۆمار بیت و یادەوەری نەوەکانی داهاتووشی پێ زاخاو بدەین بۆ گێڕانەوەی شەرەفی نیشتیمان دۆستی و خەبات و بوێری کەڵەپیاوانی کورد و کوردستان. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!