ناونیشانی بابەت: ئەدەب لە نێوان ئامراز و ئامانجدا
ناوی نووسەر: #موحسین عەلیڕەزایی#
“بەرکوڵ”
پێویست بە گوتن ناکات کە ئەدەب وەکوو یەکێک لە باڵە هەر گرینگەکانی هونەر خۆی دابەشی چەندین لق و پۆپی جیاواز و تایبەتمەند دەبێت، شیعر، ڕۆمان، کورتە چیرۆک، پەخشان، شانۆنامە و…هتد هەر کام لەم جانێر و شێوازە ئەدەبییانەش بە ناو مێژوویەکی کولتووریی بەرفراوان و فرەڕەهەنددا هاتوون و تایبەتمەندی و خەسڵەتە جیاوازەکانی خۆیان دەستەبەر کردووە، بۆیە ئێمە ئێستە هەمان ڕۆمان ناخوێنینەوە کە لە سەدەی هەژدەیەمدا بەرهەم دەهات و دەنووسرا و بەدڵنیاییشەوە هەمان شێوازی ڕۆماننووسی و هۆنینەوەی شیعر ڕەچاو ناکەین، کە لە سەردەمانی پێش ئێمەدا زاڵ و باو بووه.
ڕەنگە لەم قۆناغەی ئێمەدا کە پارادایمی زاڵبوونی فرەڕەهەندی و فرەگەرێتییە لە جەمسەرە جیاوازەکانی بوون و مەعریفەی مرۆییدا لە توخمێک لە توخمەکانی پێکهاتەی ڕۆمانێکی وەکوو “دۆنکیشۆتی سێرڤانتێس” یان تایبەتمەندییەک لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی “تاوان و سزا”ی دۆستۆفسکی یان چەند وێنە و ئیماژێکی شیعری گارسیا لۆرکا و…هتد. کەڵک وەربگرین، بەڵام لە دواجارادا ئێمە لە سەردەمی تایبەت بە خۆماندا دەژین، لە پارادایمێکی دیکەدا و بە خەون و هیوا و خەمی جیاواز و جۆراوجۆری دیکەوە واتە وەکوو رەخنەگرانی ئەدەب دەڵێن ئێمە لە دۆخێکی ئۆنتۆلۆژی و بوونناسانەی دیکەدا هەناسە دەکێشین و زۆر ئاساییە تمووح و چاوەڕوانییەکانمان لە دونیا و دیاردەکانی فەرق و تۆفیری زۆری هەبێت لەوانەی پێش ئێمە، وەکوو ئه و ڕستە باوەی کە دەڵێت گەورە نووسەرانی ئێستە لە سەر شانی ئەوانەی پێشووی خۆیان هەڵنیشتوون بۆیە گەورە دەرکەوتوون، دەتوانین بگەین بەم قەناعەتە کە ئەدەب یان هەر دیاردەیەکی مێژوویی زنجیرەیێکی هەڵپێکراو و نەپساوەی دوور و درێژە کە لە دواجاردا و لە ئاسۆ مێژووییەکەیدا یەک پەیکەرەی درێژکۆلەی ناکۆتایه، بەڵام ئه و ئاڵقانەی کە ئێمە دەستمانی لێ گیر دەبێت شوێنگەی زەمەنی و دۆخی شوێن-کات یان هەمان پلەی ئۆنتۆلۆژیی ئێمە دیاری دەکات.
بۆیە دەتوانین بگەین بەم ئامانجە کە ئەدەب هاوکات کە پەیکەرەیەکی هاوبەش و یەکانگیرە، هەیکەلێکی بزۆز و پڕجووڵە و دەمامکە کە پێناسەی هیچ سەردەمێک ناتوانێت زەمینگیری کات و تایبەتمەندییەکانی هیچ قۆناغێک ناتوانێت یەخانگیر و ملکەچی مەندی و وەستاوی بکات، کۆی ئەم باسە ئەدەبی کردووە بە شتێکی کەوینەکراو و تیۆریزەهەڵنەگر و هەر وەکوو دوو بیرمەندی وەکوو فیلیکس گاتاری و جیل دیلۆز لە کتێبی “وردە ئەدەب”دا دەیڵێن (ئەدەب بوونناسییەکی بێ مەعریفەناسییه) واتە ئەدەب بە هەموو ئه و ماڵە گەورە و کۆشکە مەزنەی بۆ بوونی مرۆڤ لە فۆرمی زمان و کایەکانیدا پێکی دێنێت، بەڵام لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی مەعریفیدا ناگیرسێتەوە و قەتیس ناکرێتەوە و هەر ڕەوتێکی ڕەخنەگرانەش و هەر ڕەخنەگرێکی لێهاتووش ئەگەر لە سۆنگەیەکی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە هەوڵی دابێت ئەدەب پێمل و کەوی بکات، ئەوا شکستی هێناوە و دواتر کاڵەکی بە ئەژنۆی خۆی شکاندووە. ئەم گێڕانەوەیە پێمان دەڵێت؛ ئەدەب لە پلەی ئۆنتۆلۆژی و بوونناسانەکەیدا خۆی ئامانجە نەک ئامراز و وەسیلە، واتە ئەدەب شوێنگەی دەربازبوون و دەربازکردنی مرۆڤە لە هەموو داو و تەڵزگە وجوددیەکانی بوون و گەردوون، ئیرادە و هەوڵی مرۆڤە بۆ سەفەرکردن بۆ ناکۆتا، سەفەرێک کە بڕانەوەی بۆ نییە و شوێنێک کە ئێمە هەرگیز نایگەینێ، ئەدەب خودی ئەم سەفەریە نەک خاڵی کۆتایی و وێستگەی نیشتەجێبوونێکی دیاریکراو، ئەمە زیاتر لە هەر شتێک ڕەنگە لە ڕۆمانی “دادگایی”ی کافکادا ڕەنگی دابێتەوە و بە شێوەی ڕەمزی دنیایەکی هەزار توێ و لابێرنیتی دەخاتە بەردەم پیاوێک بە ناوی “ک” کە بە تۆمەتێکی نادیار دەگیرێت.
بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە لایەن ئەفسەرانی بەرپرس و بگری وەکوو تاوانبارێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەموو تەمەنی ئەم فەرمانبەرە بێگەرد و پارێزکارەش لە دنیایەکی بچووکی دوور لە ئاژاوە و هەڵە بەسەر براوە، بەڵام ئه و ڕێگایەی دەخرێتە بەردەمی بۆ ڕوونبوونەوەی دۆخەکەی تەنها لابێرنێتی و هەزارتوێیەکی حەشرئاسایە کە نەک تەنها وەڵامی پرسیارەکانی بۆ ڕوون ناکەنەوه، بەڵکوو دەرگای پرسیاری دیکەی بەسەردا دەکەنەوە و بوون و دنیایەکی دیکە دەبینێت کە مرۆڤ تێیدا بە تاوانی نادیار چاوەڕوانی موحاکەمە و دادوەرییەکی نادیارە! ئەم دۆخەی کە کافکا گێڕاویەتییەوە ڕەنگە وەکوو ڕەخنەگران باسی دەکەن نوێنەری ڕاستەقینەی جیهانی سەیر و نامۆی کافکا بێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕوویەکی دیکەدا نواندنەوەی دۆخێکی ئۆنتۆلۆژیی ڕەمزیشە کە تەنها بە مرۆڤ وەکوو سووژە و ناسکارەوە گرێ نادرێت بەڵکوو هەڵدەپێکرێت بەکۆی ئه و داڵغە و کردەوە و دەرکەوتانەی کە لێیوە دەوەشێتەوە یان بڕیارە لێی بووەشێتەوە، لەم کۆنتێکست و سیاقەدا ئەدەبیش یەکێک لە دەرکەوتە هەرە بەرز و درەوشاوەکانی ئەم سووژە ناسکار و بوونناسەیە کە نە جیهان بەم شێوەیەی کە دیاریکراو و یەک توێیە قبووڵ دەکات و نە به و شێوە کافکاییەش کە هەزار توێ و لابێرنێتییە پەسندی دەکات.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەدەب ئامانجە چونکە ناکۆتاییمان بۆ دەنەخشێنێت، ئەدەب ئامراز نییە چونکە ئامراز ئامانج و مەبەستێکی کورت و دیاریکراوی هەیە و پێدەچێت لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا مەبەستەکەی بپێکێت و کۆتایی پێ بێت و مەرگی خۆی بە سادەیی ڕاگەیەنێت. دەتوانین نموونەی ئه و ئەدەبەی کە ئاندرێ ژدانۆف؛(1896-1948ز) سیاسەتمەدار و تیۆریداڕێژی بواری کولتوور و کۆمەڵگا بهێنینە پێش چاوی خۆمان هەروەها ئه و بەناو جوانیناسیی سەپێنراوەی سەردەمی ستالین بانگەشەی بۆ دەکرد و سەرمایە و کات و هێزێکی زۆریشیان بۆ تەرخان کرد کە ئێستە نە وەکوو ئەدەب و جوانیناسیی وەکوو جەوهەر باسی لێوە دەکرێت و نە کەسیش به و شێوەیە ئاوڕ لە تایبەتمەندییە نەسری و ئەدەبییەکانیان دەداتەوه، ئەوەی هەیە لە مێژووی ئەدەبدا وەکوو قۆناغیک لە ئەدەبی سۆسیالیستیی سەردەمی ئیستالین پێناسە دەکرێت کە تێیدا پشیلەکان هەموو دەبوو سوور بایان و ئەستێرەکانیش سوور گەشەیان بهاتبایا، تاکوو ئامانج کە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستییە بەدی بێت لە ڕیگەی ئامرازێک بە ناوی ئەدەبەوە. لێرەدا دەتوانین بگەین بەم ئەنجامە کە ئامانجبوونی ئەدەب ئه و تایبەتمەندییە جەوهەرییەیە کە لە مێژوودا هیج هێزێک نەیتوانیوە لێی وەرگرێت و هەرواش دەمێنیتەوە، لە هەر قۆناغێکیشدا هێز و لایەنێکی ئایدۆلۆژی ویستبێتی ئەدەب گەمارۆ بدات و ملکەچی کات خودی ئەدەب و گێڕانەوەکانی بە هێز و پوتانشێلی دیکە گەڕاونەتەوە و دەسەڵاتیان لە دواجاردا ملکەچ و تەسلیمی دنیایەکی ناکۆتا و نەگیراو کردووە. ڕۆمانەکانی میلان کۆندێرا بە تایبەتی ڕۆمانی (شۆخی) و (ژیان لە شوێنێکی دیکەیە) شایەتحاڵی ئه و یاخیبوونەی ئەدەب دژی نۆرم و چوارچێوەکانی ڕەوتی چەپی رادیکاڵ لە چیکسلۆڤاکی و جیهاندان.
“ئەدەبی کوردی و خەونی سیاسی”
ئەدەبی کوردی هەر لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە خولیایەکی سیاسی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە و تا سەردەمی ئیستەشمان بەردەوام بووە، ڕەنگە لە ڕووی ناوەرۆکەوە ئەمە یەکێک لە بابەتە سەیر و سەمەرەکانی مێژووی نەتەوەکان بێت کە بە درێژایی چەندین سەدە خەونی کیان و قەوارەیەکی سەربەخۆ بە شێوەی جۆراوجۆر دووپات دەبێتەوە. خاڵی جێی سەرنج لەم تایبەتمەندییە سەیر و وسەمەرەیەدا ئەوەیە ئەم خەونە لە زۆربەی قۆناغەکاندا نەبووەتە هۆی ئایدۆلۆژیککردنی ئەدەب و دەستەمۆکردنی ئیرادە و خواستی ئەدەب وە ئەمەش دوو هۆکاری گرینگی هەیه، یەکەمیان؛ ماهییەت و جەوهەری خودی ئەدەب کە هەر وەکوو لە سەرەوە باسم کرد ناکۆتاویستی و ئاوارەیی ئەبەدیی و چوارچێوەهەڵنەگریی ڕۆحی ئەدەب مانیفێست دەکەن و لە هەموو سەردەمەکان ئەدەب بە چاوبەستێکی ستایشئامێز و جلوبەرگێکی نوێوە لە شاری خەونە بەرتەسکەکانی ئایدۆلۆژیاکان دەردەچێت و فڕینی دیکە بۆ هەرێمی دیکە ئەزموون دەکات، هۆکاری دووەم؛ خودی ماهییەتی شۆڕش لە کوردستان لە زۆربەی زۆری سەردەمەکاندا بووە، ڕاستە شۆڕش وەکوو ڕێکخراو و دامەزراوە و شانە و مەڵبەند و بەتالیۆن و…هتد خەسلەتی ئایدۆلۆژیی خۆی مانیفیست کردووه، بەڵام وێنە و وێنایەک کە لە زەینی ئەدیب و خوێنەری کورد هەبووە هیچ کات ئه و چوارچێوانە نەبووە و نییە، بەڵکوو هێندەی چەمکی شۆڕش فرەڕەهەند و فرەمانا دەرکەوتووە له و سیاقە سیاسی و سەربازییە دیاریکراوەدا نەخوێنراوەتەوە، هەر بۆیە دواتر لە دەقی ڕەخنەگران و نووسەرانی ئێمەدا شۆڕش ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و ئەدەبیش لەخۆ دەگرێت و دوو مانیفێست و ڕەوتی (ڕوانگە) و (کفری) شاهیدیدەری ئەمەن.
بوونی ئەم دوو هۆکارە تا ڕادەیەکی زۆر تەڵە و داوەکانی ئایدۆلۆژیکردنی ئەدەبی کوردی پووچەڵ کردووەتەوە بەڵام بێگومان ئەمە به و مانایە نییە ئەم ئەدەبە لە قۆناغەکانی گەشە و درەوشانەوەی خۆیدا تووشی ئایدۆلۆژیزەدەیی و دروشمگوتنەوە و هوتافی سیاسی ڕووت نەبووەتەوە، خەونی سیاسی لە سەردەمی خانییەوە تاکوو شۆڕشی ئارارات و شێخ مەحموود و ئەیلوول و قازی و …هتد تا قۆناغی ڕزگاری باشوور کوردستان لە 91 سەرەڕای ئەوەی لە لایەن هێز و حیزبی دیاریکراو و بە ئایدۆلۆژی دیاریکراوەوە ئاڕاستە کراوە، سەرێکی بەند بووە بە مانایەکی ئۆنتۆلۆژی و بوونخوازانەوە، پێدەچێت درککردنی ئێمە لەم بابەتە وشیارانە یان ناوشیارانە بێت و ڕەنگیشە لە هەمبەری بوەستینەوه، بەڵام دەبێت بزانین هەموو جووڵە و ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی تەنها ئه و ڕواڵەتە نین دەردەکەون، واتە ڕەهەندی شاراوە و ناوشیاریشی هەیە و ئێمە دەبێت ئەوانە بخەینە ژێر لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەوە.
بۆیە خەونی سیاسی هێندەی هەڵگری لەهەمبەروەستانەوە دژی دونیایەکی داگیرکەر و ئەویدییەکی ستەمگەر بووە هێندە دیاریکردنی چوارچێوەیەکی نڤیساری و گوتارمەندانە نەبووە، بێگومان لەم پرۆسەیەدا داگیرکەر دەتوانێت چەق و دالێکی گەورە بێت، بەڵام ئەدەبی کوردی توانایی ئەوەی لە خۆی پیشان داوە ئه و چەق و دالەش تێپەڕێنێت و فرەدالی و فرەچەقی دروست بکات، خۆی ببێتە دال و چەقێکی مانایی و هاوکات ببێت بە مەدلوولیش بۆیە ناکرێت بەشیوەی ڕەها بڵێین بەر ئایدۆلۆژیا نەکەوتووین، بەڵام به و دوو هۆکارەی سەرەوە کە باسم کرد بەشیوەیەکی ڕیژەیی بەباشی قۆناغەکانی بڕیوە و دەبێت ئەمەش قبووڵ کەین کە ئایدۆلۆژیزەدەبوونیشی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام به و حاڵەشەوە توانیویەتی ئایدۆلۆژیی بهێنێتە ژێر سێبەری ئیستاتیکا و جوانیناسییەوە، ڕۆمانی (ژانی گەل)ی مامۆستا برایم ئەحمەد لە سەروبەندی شۆڕشی نوێی باشوور و دوای نسکۆی ئەیلوول لە عەینی ئەوەی کە گێڕەرەوەی دۆخی شۆڕش و گوتاری کوردایەتییە گێڕەرەوەی خۆشەویستی زەمینی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و ژن بۆ پیاو و سەودای مانەوە و وەچەخستنەوەیە کە ئەمەش بە شیوەی ڕەمزی خەونی نەمری و بوونی کورد باس دەکات تەنانەت زۆر پێشتر لەم ڕۆمانە مۆدێڕنەمان ئێمە کۆمەڵە چیرۆکی “پێکەنینی گەدا”ی مامۆستا حەسەنی قزڵجیمان هەیە کە لەگەڵ ئەوەی لە ناو فەزا و گوتاری شیوعیەت و کۆمۆنیسمدا دەوره درابوو بەڵام باسی هەژاری و بێماڵ و حاڵی مرۆڤە دەستنەڕۆیشتوو و وەرزێر و کۆمەڵگا بە شێوەیەک دەکات کە تایبەتی کۆمەڵگای کوردی و فەزای فیۆداڵیزمی ئه و سەردەمە و پێش لەوەشه.
ئەمانە هەمووی خاڵە درەوشاوەکانی ئەدەبی کوردین؛ بەڵام دەبێت بە تەئکید و پێداگرییەوە هەڵوێستە بکەین و لە خۆمان و ڕەخنەگران و ئەدیبانمان بپرسین کە ئایا ئەدەبێک کە خۆی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و بێڕەحمانە ڕەخنە نەکات دەتوانێت دواڕۆژێکی باش و ئاسۆیەکی ڕۆشنی هەبێت؟ پرۆژە و پلانی ناوەندە ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکانی ئێمە بۆ ئەم بابەتە چییە؟ چونکە ئەدەب بە ڕەخنەوە باڵا دەکات و ئێساتە لیرەدا من ئاماژەم بە هەندێ قۆناغ و تایبەتمەندی و بەرهەمی درەوشاوە و سەرکەوتووی ئەدەبەکەمان کردووه، بەڵام بێگومان له و گۆشە و پەنا و پەسیوانەش و لەم ساڵانەی دواییدا زۆر بەرهەمی نائەدەبی و دژەئەدەب بە ناوی ئەدەبەوە خراونەتە کتێبخانەی کوردییەوە و میزاج و میزاقی ئەدەبی و جوانیناسانەی کۆمەڵگایشی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە، ئەمانە زەنگی مەترسی و هۆشدارن و دەبێت لەسەریان قسە بکەین و بیر بکەینەوە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!