ناونیشانی بابەت: هەڵوێستەیەک لەسەر تووندوتیژیی دژی ژنان
ناوی نووسەر: #موحسین عەلیڕەزایی#
تووندوتیژیی بەگشتی و تووندوتیژیی لە دژی ژنان لە کوردستان، بەشێوەیەک لە میدیاکاندا باس دەکرێت و زەق دەکرێتەوە وەکوو بڵێی کۆمەڵگا لەبەردەم داڕمان و هەڵوەشانەوەیەکی کۆمەڵایەتی- ئەخلاقیی گەورەدایە، ئەگەرچی ئەم زەقکردنەوەیەی کێشەکان لە لایەن میدیاکانەوە بووە بە بابەتێکی گشتگیر لە هەموو دونیادا و بە بۆنە و هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بابەتێک زیاتر لە ڕادەی خۆی دەخەنە ڕوو و زەقی دەکەنەوە یان کپک و کاڵی دەکەنەوە، بەڵام بەم حاڵەش نابێت ئه و سیگناڵانەی کە لە سەرچاوە تووندوتیژەکانەوە دێن، نەبیستین کە مەترسین بۆ ئارامیی کۆمەڵایەتی و جێگریی دەروونی ناو تاکەکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی و هەروەها ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان، لێرەدا چاوێکی خێرا دەخشێنین بەسەر تووندوتیژی و شێوەکانی و ئه و ڕیگایانەی کە دەبێت بگیرێنە بەر بۆ بنەبڕکردنی.
“تووندوتیژیی دژی ژنان چییە؟”
تووندوتیژیی دژی ژنان لە هەندێک وڵاتدا لەخۆگری کۆمەڵێک حاڵەت و شێوەی تووندوتیژییە کە لەسەر بنەمای ڕەگەز ڕوو دەدات و هەڵگری ئازاردانی عاتیفی، جەستەیی، سێکسی یان زەینی بێت، کە بە زۆری لە لایەن پیاوێکە لە هەمبەر ژنێکدا ئەنجام دەدرێت. شێوە باوەکانی تووندوتیژیی دژی ژنان لە کوردستان بریتین لە لێدان، جوێندان و سووکایەتی پێکردن، و کوشتن. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی وردەکاریی شێواز و جۆرەکانی تووندوتیژیی لە کوردستان بزانین پێویستمان بە کار و لێکۆڵینەوەی مەیدانی زۆر و بەربڵاو هەیە، چونکە کۆمەڵگای کوردی بەهۆی هەبوونی نەریتی بێدەنگیکردن لە ئاست کێشەکانی خێزان و ئابڕوو پاراستن زۆر له و بابەتانە لە لایەن ژنان یان کچان و تەنانەت پیاوانەوە باس ناکرێن و بە شاراوەیی دەمێننەوە. ئەمەش ئەم گرفتەی دروست کردووە کاتێک هەر کام لە شێوەکانی تووندوتیژی و دەسدرێژی کردنە سەر ژنان دەردەکەوێت لە کۆمەڵگادا دەنگدانەوەیەکی نائاسایی و سەیر و سەمەرەی هەبێت، دەسدرێژی و تووندتیژیی دژی ژنان لە درێژایی مێژوودا و لە سەر بنەمای جیاوازیی ڕەگەز هەبووە و ئێستەش لە ئاست و شێوازی دیکەدا لە کۆمەڵگا جیاوازەکان لە ئەفغانستان و ئێرانەوە و بۆ فەرانسە و ئەمریکا هەیە، ئەگەرچی هەر کامەیان بەپێی پێهاتی کەلتووری و سیستەمی یاسایی ئه و وڵاتانە دێتە ئاراوە یان بەرتەسک و سنووردار دەکرێتەوە.
هەنووکە هەر جۆرە هەڵسوکەوت یان تەنانەت هەڕەشە وەکوو دەست بەسەر بەرزکردنەوە و لێدانێک کە بەهۆی جیاوازیی ڕەگەزەوە بێت و ببێتە هۆی ئازار و ئێشی جەستەیی، سێکسی یان دەروونی وەکوو تووندوتیژیی دژی ژنان پێناسە دەکرێت. چەمکی تووندوتیژیی دژی ژنان کە یەکەمین جار لە لایەن “یوهان گاڵتوونگ” لە ساڵی 1969ەوە خرایە ڕوو بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت:- تووندوتیژیی دژی ژنان دیاردەیەکە کە ژن بەهۆی ڕەگەزی جیاوازییەوە و تەنها بەهۆی ژنبوونییەوە دەکەوێتە بەر تێخوڕین و زۆرەملی و پێشێلکردنی مافەکانی لە لایەن ڕەگەزی بەرامبەر کە پیاو بێت. لەم پێناسەیەدا هەر کردەوەیەک یان هەڵسوکەوتیک کە ببێتە هۆی ئازاری جەستەیی، سێکسی و دەروونی یان بێبەشکردن و ئازاردانی ژن وەکوو تووندوتیژیی دژی ژنان مانا دەکرێتەوە. هەروەها هەڕەشەکردن بۆ ئەنجامدانی ئەم کردارانە و ئەم هەڵسوکەوتانە، بێبەشکردن لە ئازادیی بە هەر شیوازێک بێت، ئازادیی لە ژیانی تاکەکەسی بێت یان ژیانی کۆمەڵایەتی هەمدیس وەکوو تووندوتیژیی دژی ژنان پێناسە دەکرێت.
تووندوتیژیی هێزی پۆلیس دژی ژنان بە بیانوو و هۆکاری جیاواز و لێدان و تێخوڕینیان لە هەندێک لە وڵاتاندا وەکوو دەرکەوتەیەک لە دەرکەوتەکانی تووندوتیژیی دژی ژنان دەخوێنرێتەوە. دیارە ئەم پێناسەیە کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە گریمانەی پشتەوەی هاوسانی و مافی هاوسانی پیاو و ژنە، بەڵام بەهۆی ڕەگوڕیشەداربوون دەسەڵاتی پیاوسالاری کە ڕەنگدانەوەی قووڵی لە نەریتە کۆمەڵایەتی و ئایینی و تەنانەت هونەرییەکاندا هەبووە، پراکتیزەکردنی لە کۆمەڵگا و بەتایبەتی بە مەبەستی وشیارکردنەوە و ڕاسانی ژنان کارێکی سەخت و دژوارە، ئێستەش لە کوردستان و زۆر وڵاتی پێش نەکەوتوو ژنانێک دەبینینەوە کە نەک تەنها لەم مافانەی خۆیان ئاگادار نین، بەڵکوو هەر جۆرە مافخوازییەک لە چوارچێوەی مافە مەعنەوی و ئینسانییەکانی خۆیان بە کارێکی نادروست و عەیبەی دەزانن، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکوو کوردستان بە دەگمەن هەیە ژنان و کچانی بنەماڵەیەک لەسەر ئه و شێوازەی دابەشکردنی میراس بێنە دەنگ و مافەکانی خۆیان بەپێی پێوەرە ئەمڕۆییەکان داوا بکەن و بەدڵنیاییەوە ئەمە لە لایەن سیستەمی پیاوسالاریشەوە قبووڵ ناکرێت یان بە دەگمەن مافخوازییەکەیان قبووڵ دەکرێت.
هەر بۆیە دەتوانین بڵێین پیاوسالاریی لە هەناوی ژنانیشدا ڕەگی داکوتاوە و بەشێکی زۆری ژنان لە ناو سنوورەکانیدا دەژین و دەرچوون له و سنوورانە هەستی گوناه و تاوانیان تێدا دروست دەکات. گاڵتوونگ لە کتێبەکەیدا لە ژێر ناوی تووندوتیژی، ئاشتی و توێژینەوەکانی ئاشتی دەڵێت: “کاتێک پیاوێک لە ژنەکەی دەدات نموونەیەک لە توندوتیژیی دژی ژنان لە پانتای تاکەکەسیدا ڕووی داوە بەڵام کاتێک کە ملیۆنان پیاو، هاوسەر و خێزانەکانیان لە ناوشیاری و جەهلدا دەهێڵنەوە ئەمە توندوتیژییەکی پێکهاتەییە”. بەداخەوە لە بەشێکی زۆری دونیادا ئەم پێکهاتەییبوونەی توندتویژی هەیە و ئێستەش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە، بەڵام بێگومان لە سەردەمێکدا کە گاڵتوونگ ئەم قسەیەی کردووە نە ڕێکخراوەکانی بواری مافی ژنان هێندە زۆر و زەبەند و چالاک بوون و نە ڕەوت و گەڕیانی ئازادی زانیارییش بەم شێوەیەی کە ئێستە لە قەوارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکاندا هەیه، لەئارادا بوو، بەڵام دوای کرانەوەی ئەم دەرگایانەش توندتویژیی هەر بەردەوام بووە. تووندوتیژیی سیستەماتیک و پێکهاتەیی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی ژنان لەوانەش تەندروستی منداڵەکانیان کاریگەریی دادەنێت، ئه و ژنانەی کە لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان بێبەش دەبن لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بەر خەساری وەکوو دوگیانبوونی نەخوازراو، خەمۆکی، تێکچوونی باری سێکسی و دەرکەوتنی ڕەفتارە وەسواسییەکان دەکەون. بە زۆری چالاکان و بیرمەندانی بواری مافی ژنان دەڵێن ئەم تووندتیژییە نەک ئاکارێک بە مەبەستی چەوساندنەوەی تاکێک (ژن) بەڵکوو هەڵخێزراو لە “پەیوەندییە ناهاوسانەکانی هێزە” لە نیوان ژن و پیاودا کە ئەگەری جێبەجێکردنی تووندوتیژیی بەسەر ژناندا زەق دەکاتەوە. بێگومان بۆ تێکدانی ئەم هاوکێشە نایەکسانە و تێپەڕین لە چەوساندنەوە و ڕێگری لە پراکتیزەکردنی توندوتیژیی دژی ژنان لە کوردستان سەرەڕای وشیاریی و ئاگادارکردنەوەی ژنان لە ماف و دواخوازییەکانیان لە چوارچێوەی یاسای هەرێم و یاسا و مافە نیودەوڵەتییەکان، دەبێت لە ڕووی دەروونی و جەستەیی و ئابووریشەوە ژنان هەنگاوی گەورە هەڵێنن تاکوو بتوانن ئه و هاوکشەیەی هێز و دەسەڵات کە ڕێڕەوی پراکتیزەبوونی تووندوتیژییە بەسەریاندا بگۆڕن. ژنێک کە جەستەیەکی بەهێزی هەبێت نە لە بەرگریکردن لە خۆی دادەمێنێت و نە لە مسۆگەرکردنی پێویستییە مادی و ئابوورییەکانیشی کۆڵەوارە و نە لە ڕووی دەروونیشەوە لاوازە بۆیە لەگەڵ دەرکەوتنی تووندوتیژی دەتوانێت لانیکەم بەرگری لە خۆی و منداڵەکانی بکات و کارەکە نەگات بەوەی کە کوشتن ڕوو بدات. کە بەداخەوە ئەمە دیاردەیەکی ئەگەر نەڵێم ئاسایی ئەوا دەبێت بڵێم ئاشنا و ناسراوە.
“ژنکوژی”
ژنکوژی لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی بە “کوشتنی بەئەنقەستی ژنان بەهۆی ژنبوون” ەوە پێناسە کراوە. بەشێوەیەکی هاوشێوە، ژنکوژی لەلایەن ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوەی یەکێتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، و نووسینگەی کۆمیسارایای باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (وەکوو مەرگی تووندوتیژانەی ژنان بەهۆی ڕەگەزەوە) پێناسە کراوە. ژنکوژی وەکوو شێوازێکی تایبەت لە تووندوتیژیی دژی ژنان لەگەڵ تووندتیژیی سێکسیدا پۆلێنبەندیی دەکرێت کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1979 وەکوو (میکانیزمێک بۆ زاڵبوون، کۆنترۆڵ، سەرکوتکردن و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ژناندا) باسی کردووە.
“کوشتن لەسەر شەرەف”
ئه و پێناسەیەی لە ژنکوژیی خرایە ڕوو دەبێت بۆ چالاکانی بواری ژنان و بە تایبەتی ژنانی چالاک و وشیار ئەم پرسیارانە گەڵالە بکات کە ژنێتی چییە؟ سنوورەکانی پیاوسالاریی تا کوێ درێژ بوونەتەوە؟ ڕێگاکانی پێشگرتن بە تووندتویژیی دژی ژنان کامانەن؟ ئاستی وشیاریی ژنان لە کوردستاندا چۆنە؟ ئایا ژنانی کوردستان لە تۆڕ و ڕایەڵەی تێکتەنراوی پیاوسالاری دەتوانن خۆیان دەربازبکەن و جیهان لە دەرەوەی ئه و تۆڕە ببینن و خۆیان و جیهانیان پێناسە بکەن و وەکوو مرۆڤ مافەکانی خۆیان وەرگرن؟ بێگومان ئیشکردن لەسەر هەر کام لەم پرسیارانە کاری مەیدانی و لێکۆڵینەوەی سەرشەقام و کردەکی دەوێت تاکوو ئێمە ئاسۆیەکی ڕێژەییمان لە دۆخی وشیاریی ژنان و تێڕوانین و دۆخی دەروونیی ئەوان بۆ وەرگرتنی مافەکانی خۆیان و ڕۆشنگەری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئه و تووندوتیژییانە بۆ دەرکەوێت کە بەشێوەی جۆراوجۆر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و زۆربەیان بێدەنگیی لێدەکەن.
کوشتن لەسەر شەرەف له و کۆمەڵگایانەی کە پێکهاتی ئایینی بەهێز و فۆرمی نەریتیی کولتوور تیایاندا زاڵە و ژن وەکوو هێمای پاراستنی شەرەف و کۆڵەکەی مەعنەویەت و ئەخلاقی ماڵ ناسێنراوە، دەرکەوتنی زەقی هەیە و هەر جۆرە هەڵبژاردنێک کە ئەم پێناسە پیرۆزە لە ژن بخاتە مەترسییەوە بە تووندترین شێوە لەلایەن پیاوسالاریی پشت ئەستوور بە ئایین و نەریت لێی دەدرێت، بەڵام ئەمە ڕووکاری پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەیە، لە زۆر حاڵەتدا دەشێت شتی وا هەبێت کە گوتاری پیاوسالار بۆ پاساودانەوە و پەردەپۆشکردنی تووندوتیژیی دژی ژنان چەکی شەرەف و نامووس بەکار دەهێنێت لە حاڵێکدا ئه و شتەش لە ئارادا نەبووه، بۆیە تۆڕی پیاوسالاریی و سیستەمی بەرهەمهێنانی مانایی و بەهاکانی پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕەخنەکاریی ورد دەبێت بە تایبەتی لە لایەن ژنانەوە و ئەم ڕەخنەکارییەش ئەوەندەی دەبێت بە ئاقارێ ئاوەزمەندێتی و ئەقڵانییەتدا بجووڵێتەوه، نابێت بکەوێتە داوی بڕیار و حوکمە ڕەها فیمینیستییەکانەوە. لەم پرۆسەیەدا پیاوان دەبێت هاوکار بن و مومارەسەی ئەوە بکەن کە مافەکانی ژنان بناسن و دانینان پێدا بنێن، هیچ کۆمەڵگایەکی سەر ئەرز لە دەرەوەی بازنە و چوارچێوەکانی ئەخلاق بوونی نییە، کوشتن لەسەر شەرەف لە ناو گوتارێکی ئەخلاقتەوەرانەدا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام پێش کوشتن دەبێت بیر لە هۆکارەکانی کەوتنەمەترسیی شەرەف و لادان لە بەها ئەخلاقییەکان بکرێتەوە نەک پاش ڕوودانەکە گیانی مرۆڤ بکرێتە ئامانج و بەهۆی بێدەسەڵاتی و ژێردەستەبوونییەوە ژیانی لێ وەربگیرێتەوە، بە بێ ئەوەی گومان لە کردەی هەڵەی کوشتن بکرێتەوە.
“خۆسوتاندن، خۆکۆژی، ژنکوژی”
پێشتر یەکێک له و دیاردانەی کە لەناو ژنان لە کوردستان باو بوو خۆکوشتن لە ڕێگەی خۆسوتاندن و ئاگربەردانە خۆ بوو کە ئەمەش دەکرێت وەکوو بوار و کەیسێکی گەورە و گرینگ لێی بکۆڵرێتەوە، بەڵام ئەوەی وەکوو ئەزموون بۆ من دەرکەوتووە زۆربەی ئه و ژن یان کچانەی دەستیان داوەتە خۆستوناندن کە بە یەکیک لە ئازاراویترین و توندترین شیوەکانی خۆکوژی دادەنرێت ستەم و لێدان و زوڵمکردن لە لایەن پیاوانی بنەماڵە و بەتایبەتی شوو و برا و باوک دەخەنە ڕوو، هەندێکیان باسی زەختی دایکیش دەکەن کە ئەمەش بۆمان دەرکەوتووە ئه و دایکە هەمان بەهای پیاوسالارانەی زەختئامێزی بەسەر کچەکەدا سەپاندووە چون خۆی لە ناو ئه و بەهایانەدا قاڵ بووە و بۆیە کچەکە یان ژنەکە بە هەر هۆکارێک بووە بەرگەی نەگرتووە و خۆی کشتووە. ئەمانە هەمووی کەیس و حاڵەتی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوەن لە زۆر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئابووری و خێزانییەوە تاکوو ئێمە بتوانین کۆتایی بە ئازار و مەینەتی ی ژنانی کۆمەڵگاکەمان بهێنین.
“ڕووداوەکەی سۆران”
ڕووداوەکەی سۆران کە کەسێک هەر دوو هاوسەرەکەی خۆی دەکوژێت بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ هەبوونی ئه و تووندوتیژییەی کە بە شێوەی ئاشکرا و لە شکڵی ژنکوژیدا ئەنجام دەدرێت کە بێگومان بە پیی ئه و پێناسانەی لەسەرەوە باسمان کرد تووندترین و دڵڕەقانەترین شێواز بەکار هاتووە، جیا لە لایەنە ئیداری و مەیدانی و کۆمەڵایەتییەکەی ئەم ڕووداوە دەبێت ئەم پرسیارە بکەین کاتێک گوتاری پیاوسالاری چەمک و دیاردەی فرەژنیی پێڕه و دەکات و پراکتیزەی دەکات بۆچی دەبێ ژنان ملکەچی ئەمە بن و بچنە ناو ژیانێکەوە کە پێشتر کەسێکی تری لەسەرە؟ ئایا هەموو ئه و ڕستانەی کە لە هەر دووک ژنی پیاوێک دەیبیتسین کە ئێمە وەکوو خوشک واین، بە ڕاستی لە حەقیقەتەوە سەرچاوە دەگرن؟ ئایا پیاوێک کە دەیەوێت چەند هاوسەری بێت و خۆی لە ناو تەنگەژەی ئابووری و مەعاشدا دەژیت ئاوەزمەندانەیە کە دوو ژن یان چەند ژن بێنێت؟ لە حاڵێکدا خودی ئیشەکە لە بنەمادا دوورە لە یەکسانیی و ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ.
ئەگەر ژنانێک لە ژێر کاریگەریی باوەڕی ئایینی شوو بە پیاوێک دەکەن کە چەند ژنی دیکەی هەیە هێندە هێز و دەسەڵاتیان هەیە کە لە ناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزیی خێزانیی وادا پێش بە قوربانیبوونی خۆیان و هەست و سۆز و دواتر منداڵەکانیان بگرن؟ چۆن لەمە دڵنیا دەبنەوە کە دەتوانن بەرگەی ئاوەها شتێک بگرن؟ بێگومان ئەم بابەتە قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێت و من ویستم کۆمەڵێک سەرەداوی گشتی بدەم بە دەستەوە و ڕووداوەکەی سۆران دەتوانێت نموونەیەکی ئامادە و کراوە بێت بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر هۆکار و بۆکاری ڕوودانی ئاوەها کارەساتێک و دەبێت لێژنەیەک لە کۆمەڵناس و دەروونناس و پسپۆڕ لێی بکۆڵنەوە و ئەنجامەکان وەکوو دەیتا و زانیاری بیخەنە بەردەست تاکوو کۆمەڵناسیی نەتەوەیی خۆمانی پی زەنگین و دەوڵەمەند بکەین، هەرچی قسەکردنی ڕۆژنامەنووسانە و مەجازیی و فەتوادەرانەشە جگە لەوەی ئاوەکە لێڵ بکەن هیچی دیکەیان لێ ناخێزێت.
به و هیوایەی هەموومان بە پیاو و ژنەوە هاوکار بین لە ڕێگەگرتن بە ڕوودانی کارەساتی له و شێوەیە تاکوو بتوانین لە بەسەریەکەوەنان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی وشیار و ئەوڕۆییدا پێشەنگ و سەرکەوتوو بین، چون ئێمە وەکوو کورد لە پاڵ بابەتە نادروستە نەرێتییەکان کۆمەڵێک بابەتی شاز و درەوشاوەی نەریتیشمان هەیە کە ڕێزی زۆری بۆ مرۆڤ بە گشتی و ژن بە تایبەتی داناوە و بینینی ڕێگەچارەکان بۆ دەربازبوون لەم تەنگژە هاوچەرخە کۆمەڵایەتییە دەشێت خۆی لە ناو ئه و نەریتە باشانەدا ببینێتەوە کە کورد بە درێژایی مێژوویەکی دوور و نێزیک بەرهەمی هێناون. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!