ناونیشانی بابەت: وێنەناسی سەدام حسێن
ناوی نووسەر:
موحسین عەلیڕەزاییموحسین عەلیڕەزایی
“بە بۆنەی دەرخستنی وێنە نوێکەی سەدامەوە”
یادەوەریی مرۆڤ زیاتر لە ڕێگەی وێنەوە ئیش دەکات، ڕەنگە گەر بڵێین سەرەکیترین میکانیزمی یادکردنەوە و یادهێنانەوە وێنەیە هەڵەمان نەکردبێت، ئەگەرچی توێژینەوەکانی دەروونناسی و شیکاریی خەونەکان لای کەڵە دەرووناسانێکی وەکوو “فرۆید و یونگ” ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە وێنەکان نەک تەنها مەکینەی یادهێنەوە و یادکردنەوەن بەڵکوو زمانی سەرەکیی ناوشیاریشن، واتە ناوشیار بە زمانی وێنە قسە دەکات، تەنانەت ئه و کاتەش کە وێنە ونە و خەون لە ڕەشایی و زوڵماتدا لەدایک دەبێت. نموونەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێش کە دەروونناسە ئێرانییەکان بۆ پەیوەندی زمانی وێنە و ویست و ئارەزووەکانی مرۆڤ و یادکردنەوە(زەینی وشیار) و سەرکوتکردنی یادکردنەوە(زەینی ناوشیار) لە ڕووداوێکی واقیعی دەیهێننەوە نموونەی پیاوێکە کە بەردەوام خەون بە “زنبور(زن+بور)” واتە زەردەواڵەوە دەبینێت، دوای گێڕانەوەی خەونەکانی بۆ چەندین دەروونناس شارەزاترینیان دەڵێت ئەمە هیچ پەیوەندی بە خودی “زنبور” واتە زەردەواڵەوە نییە، بەڵکوو ئەمە حەزی تۆیە بۆ ژنێکی بۆر و ئەسمەر و لە شێوازی زەردەوا”ە و “زنبور”ێکدا دەرکەوتووە، چون زەینی ناوشیار بەهۆی سەرکوتکردن و سوپێر ئیگۆوە(super ego) زمان و دەربڕینی وا ئاڵۆز و ڕەمزی دەبێت.
بۆیە هەندێ ستراتیژیستی سیاسی بە کەڵک وەرگرتن لە دەروونناسی کۆمەڵایەتی دەڵێن بۆ ئەوەی لە هەناوی کۆمەڵگایەک تێ بگەین باشترین ڕێگا ئەوەیە وێنەکانی زەینیان بە وشیار و ناوشیارەوە بخوێنینەوە و بۆ ئەمەش دوو پانتای بەرین و بەرفراوان لە بەر دەستدان؛ یەکەمیان “زانست”ی ئه و کۆمەڵگایە و دووهەمیان ئەدەب واتە ئه و بوارەی کە زیاتر لە بواری یەکەم ئەگەری دەرخستنی هەناوی کۆمەڵگای لە ڕێگەی وێنەکانەوە هەیە. لێرەدا زیاتر ڕۆڵی ئەدەب زەق دەبێتەوە، ئەدەب لەم پلەیەدا بەر لەوەی ستاتیکا و جوانیناسی و هەوڵیکی مەعریفیی لە ڕێگەی وشە و زمان و داڕشتنەوە بێت، ئەرشیڤێکی گەورە و ناکۆتایە لە وێنە و هەناوی کۆمەڵگا، بۆیە دەبینین بە درێژایی مێژوو هەموو ئه و ڕۆژهەڵاتناسانەی کە بەناوی ئەفەندی و گەشتیارەوە بە مەبەستی سیخوڕی هاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە کوردستان یەکەمجار بەیت و لاوک و دەقە شیعرییە کۆن و نوسخە خەتییەکانیان کۆ کردووەتە و تەنانەت خۆیان گەڕاون و ئەدەبی زارەکییان نوسیوەتەوە، فێری زمانی کوردی بوون و بەیت و باویان لە بەیتبێژانەوە وەرگرتووە و نوسیویانەتەوە، ڕەنگە ئەمە دەروازەیەکی گەورەش بێت بۆ بواری کۆلۆنیالیستناسی و میکانیزمەکانی چەوساندنەوەی کورد لە لایەن کۆلۆنیالیستەکانی سەدەی ڕابردوو کە بەشێکیان پشکی شێریان لە گەیاندنی کورد بەم قۆناغە پڕکارەسات و مەرگەساتە بەر دەکەوێت.
بەهەر حاڵ ئەمە باسێکی دیکەیە و من لە شوێن و دەرفەتی دیکە دەپەرژێمە سەری، بەڵام تا ئێرە گرینگی وێنە و یادکردنەوە و یادهێنانەوە و پەیوەندیی لەگەڵ سیاسەت و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ڕای گشتی و کۆمەڵگا ڕوون بوویەوە. لێرەدا دێمە سەر وێنەیەکی زەلام و تاریک و ڕەشی دونیای کورد کە ئەویش سەدام حسێنە، سەدام حسێن تا کاتێک ئەنفال و کیمیاباران و هەڵەبجە و بەگشتی پاکتاوکردنی کوردی پراکتیزە نەکردبووە ،وێنەیەکی ئاسایی سەر شاشەکان بوو وەکوو عەبدولکەریم قاسم و عەبدوسەلام عارف یان هەر مرۆڤێکی دیکە کە پلە و پۆستێکی سیاسی یان سەربازی هەیە، بەڵام پاش ئه و پاکتاوکردنه سەدام بوو بە وێنەیەکی ڕەمزی و ڕەشی ناو دونیای ئێمە، بوو بە گۆڕهەڵکەن و جرجی خەونەکانی ناو خەونەکانمان، ئیتر سەدام ئه و وێنە سادەیە نەبوو کە دوو قاچ و گوێ و دەمێک و لووتێکی هەیە و بە جلی سەربازییەوە دەردەکەوێت، بەڵکوو ئه و هەژدیهایەکی کوردخۆر بوو کە دوو قاچەکەی بوون بە کلکی ژەهرڕێژ و دوو گوێکەی بوون بە دەهۆڵی مەرگ و لووت و دەمیشی وەکوو بژنمژە و مێروولەخۆرە تەنها خوێنیان هەڵدەلووشی.
ئەم وێنەیە لە ئاستی وشیاردا دوو قۆناغی پێواوە یەکەم هەمان وێنە ئاساییەکە کە باسم کرد، دووهەم وێنەیەک کە ڕەمزی بووەتەوە بە هەمان شێوە کە بە وشە لە چەند دێڕی پێشوودا وەکوو ئەژدیهایەک رەنگڕێژم کرد و ئەم ئاستەی قۆناغی یەکەم دەبێتە پرد بۆ قۆناغی دووهەم واتە ڕەمزیبوونەوەی تەواوی سەدام حسێن وەکوو گیانکێش و بکوژ، وەکوو مۆتەکەی مەرگ، وەکوو دۆڵپا و بە گشتی وەکوو هەر هێز و توانایی و دەسەڵاتێک کە دژی ژیان و بوونە، ئەم بەڕەمزیبوونە لە ئاستی خەونەکانیشدا خۆی بەدیار دەخات بەڵام دەبێ لە بیرمان بێت ئەمە بە پلەی یەکەم بۆ کورد وەکوو خەونێکی ڕەمزی کە فۆرنیکی کوردانەی هەیە دەشێت وا بێت، ڕەنگە ئەم خەونە لەگەڵ عەرەبی شیعەش کە گیرۆدەی سەدام بوون هەندێ هاوبەشێتیی گشتیی ببینێتەوە بەڵام دەبێ ئەم خاڵە زۆر گرینگەی دەرونشیکاریمان لە پێش چاو بێت ئێمە لە ڕێگەی زمانەوە خەون دەبینین، زمانێک کە وێنە دروست دەکات، زمانێک کە ئێمە دەخەونێنیت کوردییە وەکوو چۆن له و نموونە فارسییەی “زنبور”دا کابرای فارس بە زمانی فارسی خەونەکەی بینیوە و مەبەست لە وشەکەش ژنی بۆر و ڕەنگ ئەسمەر بووە، کەواتە دەشێت سەدام لە بۆ نموونە لە شێوەی ورچێکدا یان بەرازێک یان ڕەشمار یان جرج و مارمێلکە و…هاتبێتە خەونی کورد، بەڵام ئایا هیچ بکەر و دەزگایەکی دەرونناسی نیشتیمانیی لە کوردستان هەبووە و هەیە کە هەناوی ئەم نەتەوە لە ڕێگەی ئه و خەونە سامناک و مۆتەکە کوشندانه و و وێنەکانییەوە بکۆڵێت و کێشە و پرسگرە دەروونییەکانی لێک داتەوە و بە پێوەری تەندروستیی جیهانیی هەڵیانسەنگێنێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارە وەکوو زۆر پرسیاری دیکە ڕوونە وبە داخەوە ئێمە لەم ڕووەوە زۆر کەمکار و خەمسارد بووینە. بەهەر حاڵ ئەم پرسیارە پەیوەست بەم باسەوە دەکرێت نەخشە ڕێگای بۆ دابنرێت. پەیوەست بە پەیوەندیی جیهانی خەون و ناوشیار و ترس و زمان مامۆستا شێرکۆ لە گۆڕستانی چراکاندا باس لە پرۆسەی ئۆتۆماتیکیی و خۆسانسۆرکردنی خەونەکان دەکات، ئه و لە زاری لێخوڕ و شۆفێرێکەوە کە کاروانی ئەنفالکراوانی هەڵگرتووە لە لاپەرەی 70 بۆ 78دا دەڵێت:
“شۆفێرە سەربازەکە، بەردەوام چاوی بڕیبووە ڕێگای درێژی بەردەمی و دەمێکیش بوو بێوچان لێی ئەخوڕی، لە ماوەی یەک ساڵی جەنگدا دوو برای و دوو ئامۆزای لە شەڕەکانی دزفول و شووشدا کوژرابوون. زۆر لە دوور و لە ئاسۆیەکی تەڵخدا، سەرەتای هەڵکردنی گێژەڵووکەیەکی بیابانی بەدیکرد. بیری ئەکردەوە، خۆی لەگەڵ خۆیدا ئەدوا- لە دڵی خۆیدا ئەیوت: ئەترسم ڕۆژێ دڵی خۆم، دڵی کەس نا/ هەر دڵی خۆم../ وەختی نووستن، یان لێخوڕین/ کاتێ ئەڵێم کە من هیچ ئاگام له و نەبێ/ فرسەت بێنی و لەناو قەفەزەی سنگمەوە/ بە پێدزکێ وبە بێ خشپە/ خۆی قوتارکاو هەڵبێ و بچێ/ لە دەرگای دڵی عەریف “ثائر” با و ئەویش بلێ فەرموو ژوورێ و لە سەر کورسیی حەوتی نیسان دابنیشێ و /ئەوسا خەبەرم لێبدا/ کە ناوبەناو لە کونی کونی ژوورەوەی/ ناو دەروونما من چی ئەڵێم!”
ئەمە ململانێی نێوان وشیاریی و ناوشیاریی کەسێکە کە کورد نییە، شۆفێرێکە کە خۆی بە بەشێک لە ئەنجامدەرانی ئەنفال هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر سووسەیەک گلەیی و ناڕەزایەتیش لە هەناوی خۆیدا هەست پێ بکات ئا به و شێوەیە دەیکوژێت و سەرکوتی دەکات، دەکرێت بڵێن ڕەوتی خەونبینی لە پاش سەرهەڵدانی سەدام حسێن وەکوو بکوژێک وەکوو هەیکەلێکی ڕەمزی کە داهێنەر و خولقێنەری مەرگە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زۆری دەوێت، ئێمە لە درێژەدا لە خەونێکی شۆفێردا دەخوێنینەوە:
“هەر لە بیرمە/ من جارێکیان خەونم بینی/ خەونێکی سەیر!/ له و خەوەدا ڕائید “حەمدان”/ بووبوو بە بەرازێکی ڕەش و لە ساحەکەی موعەسکەردا/ یاری فتبۆڵی ئەکردوو و خێرا خێرا بە پاشەڵی/ لە فتبۆڵەکەی هەڵئەدا/ تا ئەکەوتە سەر لموزی!/ وەختێ کە خەبەرم بۆوە/ کێشام بە کەللەی نەگریسما و/ لە ترساندا، یەکەندەردوو، گەرماوگەرم/ بینەقاقای خەوم گرت و/ هەر لە جێدا خەوم کوشت و/ چوومە دەرێ ولاشەکەیم دوور فڕێدا! وتم نەبادا ئەم خەوە بۆ شەوێ فریا بکەوێ و بڕواو بچێتە ناو خەوی حەمدانەوه و و بڵێ کە من ئەوم لە ناو/ خەوێکی خۆمدا بینیوە/ بۆتە بەراز!”
دیارە پرۆسەی خەونبینین کەوتووتە ژیر کاریگەریی چ ترسێکی ڕەشەوە و دەتوانین بڵێین خەون لێرەدا لە حاڵەتی ئۆرگانیکی خۆی دەرچووە و بووە بە ترۆما و تۆقینێک کە پانیک و تێکچوونی دەمارەهەست یان عەسەبی بەدواوە دێت بۆیە وەکوو گێڕەرەوە دەڵێت چارەنووسی خەونیش مەرگە! مەرگێک کە خۆی هەڵیدەبژیرێت!
لە کۆی ئەم لێکدانەوەیەدا ڕۆڵی وێنە و ناوشیار، زمان و دەروون و سیاسەتم بە خێرایی نیشاندا، ئەم وێنە مەرگاوی و هەژدیها مەرگدۆست و مرۆڤخۆر و کوردکوژە بۆچی تا ئێستە هەر وەکوو پاڵەوان لە زاکیرەی بەشێک لە کۆمەڵی ئێمەدا دەبینرێت؟، لە ڕاستیدا ناکرێت بڵێی پاڵەوان بەڵکوو پاڵەوان وشە فریودەرەکەی پانتای وشیارییە بەڵکوو دەشێت بڵێین مۆتەکە یان دەعجانییە ترسێنەرەکە، پەیوەندیی ئەو(سەدام-مەرگ) بە ئەوانەی کە خۆشیان دەوێت ئێستەش پەیوەندییەک نییە لەسەر بنەمای وێنەیەکی ڕزگارکەری خۆشەویستانە بەڵکوو پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای ترس، خۆشویستنی تارمایی مەرگ بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی نەیانبات! ئەم وێنەیە نەک لە زاکیرە و یادەوەریی کورد، بەڵکوو لە زاکیرەی زۆربەی ئێراقییەکاندا چەسپاوە، بۆیەش ڕەنگە بە سیاسەتێکی نەزانراو و پشتی پەردە ئێمە تەنانەت لە قەفەزی دادگاییکردنەکەی سەدامیشدا هەر پاڵەوانێکمان پیشان دەدرا کە دادگا تێک دەدا و دەنەڕێنێت و دەڵێت من سەرۆککۆمارم! هەڕەشەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل و خۆفرۆشەکان دەکرد! ئەمە جگە لەوە کە هەموو ئه و وێنانەش لە کاتی دەسگیرکردنیدا بڵاو کرانەوە یان وێنەگەلێکی لە ڕووی ماناییەوە تەڵخ و بێ دەلالەت بوون یان دیسان پیاوێکی بە حەماسەت و جەربەزە دەردەکەوت!
دوای بیست ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمەکەی و دواتر لە سێداردرانی خۆی یەکەم جار میدیاکانی ئێراق وێنەیەکی کەمتر پاڵەوان و زەبونئاسای سەدام بڵاو دەکەنەوە کە لە بەردەم دادگای تەمیزدا بڕیاری لە سێداردەدانەکەی بۆ دەخوێنرێتەوە بە چاودێریی نوێنەری دادوەری گشتی، ئایا ئەم وێنەسازی و وێنەنواندنە لە سەدام سیاسەتێکی گشتیی زلهێزەکان یان دەسەڵاتدارانی ئێراقی لە پشتە؟ یان ڕەوتێکی ئۆتۆماتیکیی کولتوورییە لە دیکتاتۆرپەرستی لە پلەی پاڵەواندا؟ بۆچی ئەگەر لە چاوی وێنەکانەوە سەدام هەڵسەنگێنین هەر ئه و پیاوە بەهەیبەتەیە کە هەبووە؟
ئایا گرفت لە وێنەکانە یان لە کایەیەک کە بە وێنە و زەینی ئێمە دەکرێت؟ بێگومان کۆمەڵێک فاکتەر و ڕەهەند لێرەدا ڕۆڵ دەگێڕن، سەدام وەکوو هەر جەلاد و خوێنڕێژێک ترسی تایبەت بەخۆی هەبووە، دڵڕەق بووە نەک بوێر، بە ڕواڵەت و جلوبەرگ قارەمان دەرکەوتووە ئەگینا بەپێی ژیاننامەی دوو شه و جارێک لە شوێنێک نەدەمایەوە، بەڵام با بپرسین بە بڵاوکردنەوەی وێنە جیاوازەکانی دڵڕەقترین و کوردکوژترین و خوێنڕیژترین دیکتاتۆر و شۆڤێنیی سەدەی بیستەم ئه و وێنە ئایدیال و بکوژە خۆشویستراوە مانای واقیعیی لە جیهان خەون و ترس و مۆتەکەکانی مرۆڤی کورد و ئێراق و تەنانەت عەرەب بەگشتی گۆڕانی بەسەردا دێت؟ بڵاوکردنەوەی ئەم وێنەیەی دوایی دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەرەبەرە فشۆڵبوونی بەتەلی قادیسییە دەرکەوێت و کۆیلە و گیراوەکەی تیکریت جێگەی بگرێتەوە؟
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!