ناونیشانی بابەت: مەحموود محەمەد؛ ئەڵماسی هونەری میللی
ناوی نووسەر: #موحسین عەلیڕەزایی#
“پێشەکی”
“#مەحمود محەمەد#” یان وەکوو زۆرێک لە خەڵک وەکوو “خولە دۆم” دەیناسن ئەمساڵ لە لایەن کەناڵی کوردساتەوە بەسەر کراویەوە و تیشکێک خرایە سەر ژیان و بەرهەمەکانی، کە بەحەق هەڵگری ڕەسەنایەتی و مۆرکی هونەری میللییە. ئه و سەردێڕەی سەرەوە کە وەکوو ناوی وتارەکەم دامناوه، لە ڕاستیدا هەمان سەردێڕە کە ئه و بەرنامەیەی بۆ ئەم هونەرمەندە تەرخان کرد، هۆکاری ئەوەش سەردێڕەکەم وەکوو خۆی هێناوەتەوە ئەوەیە کە ئەم سەردێڕە بۆ هونەرمەندێکی ئاوەها پڕ و تەواوە و ڕەنگە هەر شتێکی دیکە بڵێین کەمبێژی یان زێدەبێژی بێت. ئەم هونەرمەندە لە وەچە و پەلوپۆی هونەریی هونەرمەندانی میللی یان نەوەی هونەرمەندانەی وەکوو “عەلی مەردان و حسێن عەلی و تایەر تۆفیق” و دەیان هونەرمەندی دیکەیە کە هونەری کوردییان هەم وەکوو جوانیناسی و ئیستاتیکا و هەمیش وەکوو شووناسی نەتەوەیی خستە بەردەستی ئێمە، هەر بۆیەشە دەڵێم “ئەڵماسی هونەری میللی” بۆ ئەم هونەرمەندە پڕ و تەواوە.
ئێستە پیری و شەکەتی بە ڕوخساری ئاوەها هونەرمەندێکی پڕخزمەت و بەرهەمەوە وەدیار کەوتووە، بەرنامەکە ئەگەرچی وەکوو تەعبیر لە پێگە و کاریگەریی ئەم هونەرمەندە تەواو و بێ ئەملاولا بوو بەڵام ئەوەش نەبوو کە کۆی ژیان و بەسەرهات و ڕوانگەی ئەم هونەرمەندەمان بەوردی بۆ هونەری ڕەسەنی کوردی بۆ بگوازێتەوە. بەشێک لە هۆکارەکەش ئەمەیە کە ماوەی تەرخانکراو بۆ بەرنامەیەکی ئاوەها لە کەناڵێکی گشتیدا هەر هێندە ناوەرۆک هەڵدەگرێت بۆیە ئێمە دەبێت بۆ پاراستنی دنیایەک ئەزموونی ورد و درشتی هونەریی هەونەرمەندانێکی ئاوەها لە ڕێگەی دیکەوە هەوڵ بدەین، بۆ تێگەیشتن لە گرینگیی ئەم مەسەلەیە با ئاوڕیک بدەینەوە بۆ دواوە. ئێستە کۆمەڵێک تۆماری دەنگی لە مامۆستا عەلیمەردان ماونەتەوە کە لەگەڵ باسکردنی ژیانی خۆی، شێوازی کۆکردنەوەی مەقام و ئاواز و گۆرانییەکانیشمان بۆ دەگێڕێتەوە و تەنانەت ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیشی لەپاڵ ئەرکە هونەرییەکەدا باس دەکات و هەنووکە وەکوو بەڵگەیەکی مێژوویی لەبەردەستی ئێمەدایە. مامۆستا عەلیمەردان لە بەشیک له و تۆمارە دەنگیانەدا هیوای ئەوەش دەخوازێت ئەم کۆکراوە و ئەرشیڤە لە ئاواز و گۆرانی ببێت بە هەوێنی داهێنان و کاری ڕەسەن بۆ بەچکە شێرەکانی داهاتووی کوردستان کە ئێمە و قۆناغی ئێستەمان بێت، دیارە هونەرمەندێکی وەکوو “مەحموود محەمەد” کە هاونەسڵ و هاوتەمەنی هونەرمەندانی وەکوو ڕەوانشاد عەتا چاوشین، بلەی سەعە کەڕ، میدیا حسێن، جەلال سەعیدی ڕەوانشاد و دەیانی دیکە بوو، لە سەر ئه و هەوێن و خەرمانە هونەرییەی کەسانی وەکوو عەلیمەردان و هاوجیلەکانی هاتنە سەرێ و خۆیان گرت، ئەمە بۆ هەموو ئه و هونەرمەندانەش کە باسمان کردن و ناومان ڕیز کردن هەر ڕاستە، دیارە لە پرۆسەی گەشە و نەشەی ئەزموونی هونەریی هەر هونەرمەندێکدا سەرەتایەکی خاو و خلیچک، قۆناغێکی نێونجیی خۆدۆزینەوە و کەشف، و دواتر داهێنان و درەوشانەوە هەیە و ئەمە بۆ هونەرمەندێکی وەکوو “مەحموود محەمەد” بەپێی دانپێدانانی خۆی و ئه و جمهوور و گوێگرە زۆرەی کە هەیەتی تەواو ڕاستە، وەکوو دەڵێت لە سەرەتادا تەنها لاسایی حەسەن زیرەکی کردووەتەوە و پاشان بەره و ئەوە ڕۆیشتووە کە ڕێبازێکی میللی بۆ خۆی هەڵبژێرێت و ئەم ڕێچکەیەی بڕیویەتی هەر ئه و ڕێبازە میللیەیە.
“خولەدۆم وەکوو دەنگ و ڕەنگ”
نازناوی خولەدۆم وەکوو خۆیشی لە بەرنامەکەدا باسی دەکات زیاتر لە لایەن کەسانێکەوە بۆی بەکار دەبرێت کە لە دوورەوە دەیناسن، ئەگەرچی ئەم نازناوە هیچ خەوشێکی تێدا نییە هێندەی تەعبیر لە دەربڕین و ئاخاوتەی کوردانەی کۆمەڵگای کوردییە هیچی دیکە نییە و بەجۆرێکیش دەربڕی نزیکی و سۆز و خۆشەویستییە بۆ ئه و هونەرمەندە کە وەکوو هونەرمەندێکی میللی لە ناو زاکیرەی خەڵکدا قبووڵکراو و خۆشەویستە.
ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەک هونەری میللی پێناسە بکەین بێگومان دەبێت لەسەر زۆر لایەن و ڕەهەندی مێژوویی، کولتووری، زمانەوانی و تەنانەت جیناتیکیش قسە بکەین، ناسری ڕەزازی یەکێکی دیکە لە هونەرمەندە میللی و شۆڕشگێڕ و ڕەسەنەکانی نەتەوەی ئێمە لە وتووێژێکدا دەڵێت: “کاتێک سەرەتای دەسپێکردنی کاری هونەریم بوو، لەگەڵ چەند کەسێک لە هاوڕێیان ڕۆشتین بۆ تاران بۆ تاقیکردنەوەی دەنگ و توانایی گۆرانی و لەوێ چووینە لای محەمەد ڕەزا شەجەریان و من گۆرانییەکی فارسیم وت، تاکوو تۆنی دەنگ و شێوازی ئەداکرن و …هەڵسەنگێنیت، پاشان شەجەریان پیی وتم باشترین کار بۆ تۆ ئەوەیە بڕۆیتەوە بۆ کوردستان و هەر بە کوردی گۆرانی بڵێی، چوون ئەم قوڕگ و دەنگە تەنها و تەنها بۆ گۆرانی و ئاوازی کوردی شیاوە.” دیارە جیا له و ڕەهەندانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان تۆنی دەنگ بابەتێکە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندییە جیناتیکییەکانی نەتەوەکانەوە، هەرچەند مەرج نییە ئەمە هونەرمەندێک لە ناو یەک فۆرم و زمانی هونەریدا قەتیس بکات، بەڵام بەزۆری ئاوەها فاکتەرێک ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. هونەرمەند “مەحموود محەمەد”یش هەم بە تۆنی دەنگ و نەوای قوڕگی و هەمیش بە ڕوخساریدا تەواو سیما و زایەڵەیەکی کوردانەی هەیە، خەیاڵدانی ئێمە بە گوێگرتن لە دەنگی ئەم هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بۆ ئه و تێڕوانین و جیهانبینییەی کە کۆمەڵگای کوردی لە مێژوویەکی دوور و نزیک بەنیسبەت خۆشەویستی، سرووشت و جیهان و هەموو ئه و شتەی کە دەتوانین ناوی بنێین جوانیناسیی کۆمەڵگای کوردی، هەیبووە. ئەمە نەک تەنها بۆ خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەت بۆ شاری سلێمانی بەڵکوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕاست و تەواوە.
دەنگی ئەم هونەرمەندە لە هەشتاکانەوە تاکوو ئێستە لە ڕۆژهەڵاتیش وەکوو دەنگی ڕەسەنی هونەری کوردایەتی و هەڵگری هەموو ئه و تایبەتمەندییانەی کە نەریتی کولتووریی و شێوەژیانی کوردی پێی ژیاوە، ناسراوە و دەکرێت بڵێین ئەم دەنگە لە ڕووی گۆرانی و هونەری کوردییەوە یان هەمان هونەری میلییەوە لە خەیاڵدانی گشتی نەتەوەیی ئێمەدا جێگەی خۆی کردووەتەوە، وەکوو چۆن کارەساتێک دەتوانێت وەکوو برینی هاوبەش خەیاڵدانێکی هاودەنگی گشتی دروست بکات، جوانیناسیی میللیش دەتوانێت هەمان کار بکات، کە ئەم هونەرمەندە و هاونەسڵەکانی بە زۆری توانیویانە ئەمە بکەن. لە ڕووی سیما و ڕەنگیشەوە ئەم هونەرمەندە بە زۆری سیامەیەکی تەواو کوردانەی هەیە و ئەمە هەم لە روخسار و هەم لە جلوبەرگی کوردانەیدا و لە هەموو ئەم ڤیدیۆیانەی کە لە مەجلیسەکاندا لێی ماوەتەوە، بەدیدەکرێت، ئەگەر لێرە و لەوێ دابنیشتیتە پێی ڕا و سەرنجی خەڵک لە بارەی ئەم هونەرمەندەوە سەرەرای باسی دەنگ و چریکەی کوردانەی باسی سیمایەکی کوردانەش دەکەن کە خۆی لە خۆیدا و بەپێی نەریتەکانی ئەم کۆمەڵگایە هەڵگری جۆرێک لە نەجابەت و ویقار و سەنگینییە، ڕاستییەک کە لە زۆرێک لە هەڵسوکەوتی هونەرمەندانی نەوەی نوێ زۆر بە کەمی دەبینرێت و یەکێک لە هۆکارەکانیش لە جێنەکەوتنی و پەرەنەسەندنی هونەرەکەیان هەر ئەمەیە کە ئه و فۆرمە نەریتییانەی بەشێوەی سرووشتی و بەپێی لۆژیکی گەشەی کۆمەڵگا و خەیاڵدانی خەڵک ناخەنە ڕوو و، یەکسەر لە فۆرمێکی تەواو مۆدێڕن و نزیک لە پۆڕن و ڕووتگەراییدا نومای دەکەن و ئەمەش وەکوو بۆ زۆرێک لە خۆشیان سەلماوە شکستێکی گەورەیە بۆیان.
ڕەنگە ئەگەر لایەنی دەنگ و ئاوازدانان و سترانی گۆرانییەکانیان بەهێز بێت بتوانن بە سەر ئەم کۆسپەشدا باز بدەن و وەکوو هونەرمەندێکی نەوەی نوێ لە خەیاڵدانی گشتیدا جێگای خۆیان بکەنەوە، نموونەی هونەرمەندێکی سەرکەوتوو و درەوشاوە بەڵام بێدەنگی ئێستە زەکەریا عەبدوڵلایە کە لەگەڵ ئەوەی لە ڤیدیۆکانیدا و لە فۆرمی مۆسیقاکەشیدا داهێنان و دژەباو دەرکەوتووە هەمدیسان چون هونەرەکەی ڕەسەنایەتی و چێژی لە سەرچاوەی هونەری کۆمەڵگاکەیەوە هەڵگۆستووە، سەرکەوتووە و جێگەی ڕێزە و زۆر کەس ئێستەش چاوەڕوان و تامەزرۆی گۆرانی و ئاهەنگی تازەی لێدەکەن. ئەگەر نموونەیەکی دیکە بهێنینەوە کە بەتەواوی سیمای کوردانەی دەنگ و ڕەنگی هونەری میللی پێوەیە دەتوانین باس لە بەهجەت یەحیا بکەین، ئه و ئەگەرچی زۆربەی شیعری گۆرانییەکانی عاریفانە و جۆرە ئەشقێکی ڕۆمانسیانەیە بەڵام هەر لە بازنەی هونەری میلیدا جێی دەبێتەوە و ئەدا و هەڵسوکەوتی وشەی هۆنراوەی گۆرانییەکانی چۆنن، خۆیشی وا دەردەکەوێت واتە لێرەدا هونەر و هونەرمەند بوون بە یەک گیان لە دوو فۆرمدا یان وەکوو دەڵێن یەک گیان لە دوو جەستەدا.
ئەمانەم بۆیە وت کە ڕۆڵی دەنگ و ڕەنگ زیاتر لە دەرکەوتەی قوڕگ و سیمادا باس بکەم و گرێی بدەم بە جیهانبینیی هونەرمەندەکەوە و دواتر ئاماژەیەکی خێراش به و شێوازە هونەرە پووکاو و چرووکە بکەم کە وەکوو (گەعده) ناوی دەهێنرێت و بەناوی هونەری میللییەوە پێمان دەفرۆشنەوە.
“گەعدە وەکوو جەمسەری دژی هونەری میللی”
گەعدە وەکوو مانای وشە واتای “دانیشتن” و “ئه و شوێنەی مناڵ گووی تێ ئەکات”، دێت، ڕەنگە ئەم مانایە بڕێکیش تەنز و ئایرۆنی بنوێنێت کە ئێمە زۆربەی ئه و دانیشتنانەی کە بەناوی گەعدەوە دەیانبینین بەدەر نین لەم دەلالەتە خراپ و بۆگەنە، هەڵبەت بێگومان ئێستە دانیشتنی باشیش بەڕێوە دەچێت و هەر ناوی گەعدەی لێ دەنرێت، هۆکارەکەی ئەوەیە گەعدە لە باتی هونەری میللی وەکوو زاراوە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جێگیر بووە و بەداخەوە چ وەکوو زاراوە و چ وەکوو ناوەرۆک کاریگەریی نەرێنی لەسەر هونەری میللی داناوە. دیارە گەعدە فۆرمی بەدەویی سەمای ئیرۆتیکی و گۆرانیی بیابانی عارەبانە و ئەم فۆرمە گوازراوەتە بۆ ناو وڵاتی چیا و بەفر و کوێستان، کە کوردستانە و تێکەڵی شەپۆلێک لە بۆنە و ڕێوڕەسمی سەرمایەداری و بازرگانانەش بووە بۆیە خودی گەعدە هیچ کات ئامانجی بەرهەمهێنانی جوانیناسی و پێشکەشکردنی هونەر نەبووە و نییە و، کاتێکیش لە گەڵ بۆنەیەکی وەکوو گەڕانەوەی کوڕی خاڵی فڵان و فیسار یان جەژنی لەدایکبوونی تاقە کچی فڵان و فیسار تێکەڵ دەبێت ئیتر له و فۆرمە بەدەوییە عەرەبییەش مەودا دەگرێت و دەبێت بە دانیشتنێک تەژی لە بێسەروبەری و قسەی نەشیاو و ئه و شتە نەشیاو و پڕ جنێوەی کە بەناوی شەڕەبەند لە کۆمەڵگای کوردیدا هاوتا کراوەتەوە.
لە ڕاستیدا شەڕەبەند فۆرمێکی ڕەسەنی هونەریی کوردییە و پێشتر وەکوو کێبڕکێی نێوان دوو کەس لە هۆنینەوەی شیعر یان گۆرانیدا چاوی لێکراوە و هەڵگری توخمە جوانیناسانە و بەها کولتوورییەکانی کۆمەڵگای کورد بووه، بەڵام ئێستە وەکوو دەرکەوتە و باڵێک لە گەعدە بووە بە داشۆرین و سووکایەتیکردنی دوو بەناو هونەرمەند بە یەکتر و تەنانەت هەندێ لە گەعدەکان بە باڵای دایک و خوشکی یەکدیشدا وتوویانە! ئەم دیاردەیە زیاتر لە هەر پاکتاوکردنێک تەنگی بە گۆرانی و هونەری میللی ئێمە هەڵچنیوە و بمانەوێ و نەمانەوێت بە کاریگەریی سۆشیال میدیا و کۆمەڵێک هۆکار و فاکتۆری دیکە پەرەی سەندووە و لە ناو نەوەی نوێدا خەریکە دەبێت بە فۆرم و شێوازێک لە هونەر، کە ئەمە خۆی واتە دابەزاندنی هونەر لە ئاستە باڵاکەی بۆ ئاستە زۆر نزم و بێواتاکەی، من بەڕاستی نازانم چۆن تاکوو ئێستە دەسەڵات و حکوومەتی کوردی بیرێکی بۆ بەگژداچوونەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردەیە نەکردووە یان پەڕلەمان چۆن یاسایەکی دەرنەکردووە کە حورمەت و کەرامەتی هونەری میللی یان لانیکەم حورمەتی گوێگر و لایەنگری هونەر بپارێزێت؟ مەگەر هەر گۆرانی و هونەری کوردی نەبوو لە سەردەمێکدا کە ئێمە مەجالی هەناسەدانمان بە کوردی نەبوو، زمان و شوناسی کوردیان بەپێوە ڕاگرت و خەیاڵدانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان لە باشوور و ڕۆژهەڵات و تەنانەت پارچەکانی دیکەشدا بۆ ئێمە دروست کرد؟ چۆن حکوومەت یان پاڕلەمان یان دەزگا ڕۆشنبیری و کەلتوورییەکان لە هەمبەر ئەم بابەتە کەمتەر خەمییان کردووە؟ بەڕاستی هەر مرۆڤێکی خاوەن چەشەی هونەری وەکوو گوێگر ئایا دەتوانێت حەسەن زیرەک و عەلیمەردان لەگەڵ ئه و بەندبێژ و گەعدەچییانە بەراورد بکات کە باسی شەرەف و حەیای یەکدی دەکەن و وادەزانن لەم شەڕەبەندەدا سەرکەوتوون؟
“لێکدانەوەی کۆتایی”
ئەوەی لێرەدا ویستم بە خێرایی باسی بکەم یادکردنەوەیەکی شایستەی “مەحموود محەمەد” وەکوو هونەرمەندێکی میللی و دەنگ و سیمایەکی ڕەسەنی هونەر وگۆرانی کوردی بوو و لە دووتوێی ئەم باس و گێڕانەوەیەدا چەمکی هونەری میللیم لە هەمبەر گەعدە و شەڕەبەندا زەق کردەوە و دژایەتیی ئەم دوو جەمسەرەوە لە زەرەری هونەری میللی وەکوو یەکێک لە نیشانەکانی قەیرانی ئەندازیاریی کەلتووری و بەڕێوەبەردنی هونەری لە لایەن گوتاری ڕۆشنبیری و هونەری و دەسەڵاتەوە دەزانم.
ڕەنگە پێویست بێت بیر لە چەندین ڕێکار بکرێتەوە یەک لەوانە دەشێت کردنەوەی فێرگەیەکی هونەری و گۆرانی بێت کە لەڕێگەیەوە لە لایەن کەسانی وەکوو ئەم هونەرمەندەوە شێوازەکانی مەقام و بەستە و گۆرانی کوردی بە هونەرمەندە گەنجەکان بوترێتەوە، مەرج نییە ئەم پرۆسەیە بە مانەی ئەوە بێت کە هونەرمەندە گەنجەکان حەتمەن هەمان ڕێچکە بە بێ ئەملاولا دریژە پێ بدەن، بەڵکوو دەتوانن وەکوو هەوێن و سەرچاوەیەک بۆ داهێنانەکانی خۆیان له و شێواز و سیاقەی ئیشی تێدا دەکەن بەکاری بهێنن. ڕێگایەکی دیکە نووسینەوە یان تۆمارکردنی ئەزموونی ئەم هونەرمەندانە بە وردی و بەشێوەیەکی جیدی و بەپێی ئەزموونکەیان و تەنانەت تۆماری زۆر لایەنی دیکەی وەکوو بەسەرهات و دانیشتن و بەها کولتوور و کۆمەڵایەتییەکان هەر لە سەردەمی دەسپێکی کاری هونەریی خۆیانەوە تاکوو ئێستا، ئەمە دەتوانێت بە ئێمە و نەوەکانی داهاتووش پیشان بدات کە هونەر بە هەموو شێوەیەک گرێدراوێتی لەگەڵ کۆمەڵگا و بەهاکانی نەتەوە و خواستە نیشتمانییەکاندا هەیە و هونەر لە چوارچێوەیکی تەواو فەردی و تەنها بۆ گەعدە و مەعدە نەک تەنها هیچ مانایەکی نییە بەڵکوو ڕێک دژ و پێچەوانەی هونەر بە مانا میللی و رەسەنەکەشیەتی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=