ناونیشانی بابەت: مەلا مستەفا بارزانی و خوێندنەوەی مێژووی بارزان
ناوی نووسەر:
موحسین عەلیڕەزاییموحسین عەلیڕەزایی
“یادی لەدایکبوونی
مەلا مستەفا بارزانیمەلا مستەفا بارزانی و خوێندنەوەی مێژووی بارزان”
“پێشەکی”
یادکردنەوەی لەدایکبوونی “مستەفا بارزانی” نەمر لە رۆژی لەدایکبوونیدا؛ هاوکات کە ڕووداو و بۆنەیەکی ئیلهامبەخش و نەتەوەسازە، هەڵگری ئه و ئالنگارییەشە کە ئێستە کورد پاش شۆڕشە مەزن و کاریگەرەکەی ئەیلوولدا تێیدا دەژی و، دەسەڵاتی سیاسی ئێراق لە ئێستا هەموو هەوڵی خۆی دەدا کە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد کەڵک وەربگرێت و هەموو بوون و مێژووی کورد لە چوارچێوەی دۆخی ئابووری و قەیرانێکی ساختەی دەستی خۆی کورت بکاتەوە، دواجار کێشەکانیش بە باڵای کورددا ببڕێت، بۆ دەربازبوون لەم لاڕێیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوەی مێژوویەک کە سەرچاوەی بەشێکی گرنگ و دەتوانین بڵێین زۆر درەوشاوەی خواستی کورد لە سەدەی بیستەم بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی ئازادی و مافی رەوای خۆی بووە، ئەویش ئه و گوتار و مەعریفەیەیە کە شۆڕشی ئەیلوولی لەسەر ڕۆنرا و “مەلا مستەفای نەمر” ڕێبەرایەتیی کرد، ئەگەرچی ئەم شۆڕشە بەهۆی پلانی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە تووشی شکست و نسکۆ بوو، بەڵام ڕۆڵیکی گەورەی لە دروستکردنی هەستێکی گشتی و یەکانگیر بۆ کوردستان و شۆناسی کوردی هەبوو لە هەموو پارچەکاندا، بەڵام لەمانەش گرنگتر لە ڕووی مێژووییەوە دەبێت ئاگاداری ئەمە بین کە “مەلا مستەفا” و شۆڕشی ئەیلوول وەکوو دیاردەیەکی هەڵتۆقیوی لەناکاو نەبوون کە بێنە ناو جەنگەی ڕووداوەکاندا، بەڵکوو دەرئەنجام و لێکەوتەی خواستێکی کۆنتر و لەمێژینەتر بوون کە دەبێت شوێنپیی لە خەبات و جووڵە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەعریفییەکانی خانەقاکانی بارزاندا بگرین و ئه و جیهانبینیەی کە هەنگاو بە هەنگاو و کەسایەتی لەدوای کەسایەتی پەرەیان پێداوە لە مێژووی خۆیدا بخوێنینەوه، کە یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی پەیوەندیی پته و و کوردانەی خەباتی پارچەکانی کوردستان بەیەکەوە بووە. بۆیە لێرە ئاوڕێکی کورت لە مێژووی ئه و ڕێچکەیە و گەشەسەندنی بە شێوەی کۆرۆنۆلۆژی و یەک لە دوای یەک دەدەین.
“بارزانییەکان لە سەردەمی ڕێبەرایەتی شێخ ئەحمەدی بارزان دا”
1914–شێخ ئەحمەد، لە تەمەنی هەژدە ساڵان بوو بە جێگری شێخ عەبدوسەلامی برای.
1917–دیداری مێژوویی “مەلا مستەفا بارزانی” لەگەڵ شێخ عەبدولقادری نەهری و شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور. ئەم چاوپێکەوتنە پاش ئەوە بوو کە شێخ عەبدولقادری نەهری، داوای لە شێخ ئەحمەد کردبوو کە ڕێبەرایەتی شۆڕشی کوردستان لە ئەستۆ بگرێ.
1919–شێخ ئەحمەدی بارزان، پشتگیری شۆڕشی شێخ مەحموودی بەرزەنجی لە سلێمانی دەکا. هەروەها لە نامەیەکدا داوا لە سەرۆک هۆزەکانی ناوچەی بادینان دەکات کە پشتگیری لە شێخ مەحموود بکەن.
1919–مەلا مستەفا، لەسەر ئەمری شێخ ئەحمەدی بارزان لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی، بەره و سلێمانی دەڕۆن. بەڵام شۆڕش لەلایەن بەریتانیاوە سەرکوت دەکرێ و ناتوانن یارمەتییەکی شایان بە شۆڕش بگەیەنن.
1920–پاش هاندانی ئینگلیز، ئاشوورییەکان هێرش دەکەنە سەر بارزان و شەڕێکی خوێناوی لە ناویاندا دەقەومێ.
1920–مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ 200 کەس لە پێشمەرگەکانی، ژمارەیەک لە ماڵباتە ئەرمەنییەکان لە کۆکوژی تورکانی ئاناتۆلی دەرباز دەکات.
1929–مەلا مستەفا بارزانی، وەکوو نوێنەری شێخ ئەحمەدی بارزان، بۆ وتووێژ لەگەڵ ئینگلیزییەکان دەڕواتە مووسڵ.
1931–شێخ ئەحمەدی بارزان، پێشمەرگەکانی دەنێرێتە یارمەتی ئیحسان نووری پاشا.
1931–بەرپرسەکانی ئینگلیز و ئێراقی، ناکۆکی و ئاژاوە دەخەنە نێوان هۆزەکان. مەلا مستەفا بارزانی، لەم کاتەدا دەورێکی گرینگ بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان دەگێڕێ.
1931–هێزەکانی ئێراق گەمارۆی بارزان دەدەن، بەڵام بە بەرگری و خۆڕاگری بارزانییەکان، گەمارۆی سوپای ئێراق تێک دەشکێنن.
1931–حکوومەتی بەغداد، درێژە بە دژایەتی بارزانییەکان دەدات. بیانووی تازەیان ئەوەیە کە: «دامەزراندنی سوپای ئێراق تێچووی زۆری بۆمان بووە. دەبێ بە شەڕ لەگەڵ کورد، رایانبێنین».
1932–بەغداد بە بیانووی بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی، پیلانی لەناو بردنی بارزانییەکان دادەڕێژێ. هێزە زەوینیەکانی ئێراق بە پشتگیری فڕۆکەکانی بەریتانیا هێرشێکی بەربڵاو دەکەنە سەر بارزان. لەم تێکهەڵچوونەدا سوپای ئێراق بە توندی تێک دەشکێ. مەلا مستەفا لەم شەڕەدا دەوری سەرەکی گێڕا.
1932–لە مانگی فیڤرییەی 1932دا دووەمین هێرشی سوپای ئێراق دژ بە شێخ ئەحمەدی بارزان، تێک دەشکێ. لە مانگی مارسدا مەلا مستەفا بارزانی هاوڕێ لەگەڵ محەمەد سدیقی برای و 300 پێشمەرگە، خەباتێکی نوێ دەست پێدەکەن. هەر لەم مانگەدا و لە درێژەی سێیەمین هێرشی سوپای ئێراق، بارزان دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سوپای ئێراق. لە مانگی ژووەندا هێرشی هێزەکانی سوپای ئێراق بە پشتیوانی فڕۆکەکانی بەریتانیا بەرفراوانتر دەبێ و دەبێتە هۆی شکانی شێخ ئەحمەد و کۆتایی هاتنی شۆڕش. لە ئەنجامدا، لەبەر گوشارەکانی حکوومەتی ئێراق، شێخ ئەحمەد پەنا دەباتە بەر دەوڵەتی تورکیا.
“سەرەتای رێبەرایەتی و سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی”
1933–دەوڵەتی تورکیا، شێخ ئەحمەد دەداتەوە دەست حکوومەتی ئێراق. ئەمە بوو بە سەرەتای دوورخستنەوەی بارزانییەکان. مووسڵ، بەغداد و ناسریە دەبێتە شوێنی دوورخرانەوەیان. ئەم دوورخرانەوەیە، کۆتاییهێنانە بە ڕێبەرایەتی شێخ ئەحمەد و وەئەستۆ گرتنی ڕێبەرایەتی لە لایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە.
1936–“خەلیل خوشەوی” لە هاوڕێیانی بارزانی، خەبات و بەرخۆدانێکی سەخت دژ بە هێزەکانی ئێراق رێک دەخا. هێزەکانی ئێراق، تەنیا بە پاڵپشتی هەندێ لە هۆزەکان توانییان ئه و ڕابوونە تێک بشکێنن.
1937–شۆڕشی دەرسیم کۆتایی دێ. حکوومەتی تورکیا پاش تێکشکاندنی شۆڕش، خەریکی کۆکوژی کورد دەبێ و پاش یەک ساڵ ڕێبەرانی شۆڕش لەسێدارە دەدات.
1940–سلێمانی دەبێتە دوایین شوێنی دوور خستنەوەی بارزانی. شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا بۆ سلێمانی دەگوازرێنەوە. سلێمانی له و سەروبەندەدا ناوەندی چالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی کوردستان بوو. لەڕاستیدا له و کاتەدا دڵی شۆڕشی کورد لە سلێمانی لێی دەدا.
1941–بەریتانیا دەیویست سەرنجی بارزانی بەره و لای خۆی ڕاکێشێ تا دووبەرەکی بخاتە نێوان هێزەکانی رەشید عالی گەیلانی. بەڵام مەلا مستەفا نەکەوتە داوی ئەم پیلانەوە.
1941–رۆشنبیران و نەتەوەخوازانی کورد لە سلێمانی لە رێکخراوێک بە ناوی “هیوا” دا کۆ دەبنەوە. هیوا دەورێکی گرنگی لە دامەزراندنی کۆمەڵەی “ژ.ک” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوو.
1943–بە هاوکاری پارتی هیوا، “مەلا مستەفا بارزانی” لە سلێمانی دەچێتە دەرەوە. بەر لەوەی بڕواتەوە بۆ بارزان، دەڕواتە مەهاباد و لەگەڵ حاجی باباشێخ، سەرۆک وەزیرانی داهاتووی کۆماری کوردستان کۆ دەبنەوە.
1943–مەلا مستەفا بارزانی دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و شۆڕشی خۆی دەست پێ دەکا. بارزانی لە هەموو بەرەکانی شەڕدا سەرکەوتووە و هێزە ئێراقییەکان بە تووندی تێک دەشکێنێ و بەشێک لە کوردستانی ئێراق دەخاتە ژیر دەستی خۆی. قەیرانی کوردستان دەبێتە هۆی رووخانی دەوڵەتی نووری سەعید.
1944–بارودۆخەکە بەجۆرێک هاتە پێشەوە کە مەلا مستەفا بوو بە حاکمی بێڕکابەری کوردستان و حکوومەت ناچار بوو کە مل بە وتووێژ بدات.
1944–مەلا مستەفا بارزانی داواکارییەکانی خۆی بە راشکاوی بە حکوومەتی ئێراق ڕادەگەیەنێ. داخوازییەکان بریتی بوون لە: دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، ناوچە کوێستانییەکانی مووسڵ و هەروەها ناوچە کوردییەکانی خانەقین و مەندەلی، بەفەرمیبوونی زمانی کوردی و ئەمەی کە کورد لە هەموو وەزارەتەکاندا جێگرێکی وەزیریان هەبێ. دامەزراندنی وەزارەتێک کە کاروباری کوردستان جێبەجی بکات و وەزیرەکەشی دەبێ کورد بێ.
1944–مەلا مستەفا سەردانی بەغداد دەکا و لەگەڵ نووری سەعید و ئەنجومەنی وەزیران وتووێژ دەکات. ئەوانیش بەڵێنی پێدەدەن کە داواکارییەکانی کورد جێبەجی بکەن و لەسەر بەڵێنیان پابەند بن. بەڵام دەوڵەتی نووری سەعید پاش ماوەیەکی کورت، تێکچوو و “حەمدی پاچەچی” بوو بە سەرۆکی دەوڵەت.
1945–“لێژنەی ئازادی” بە سەرۆکایەتی “مەلا مستەفا” دامەزرا و بڕیارگەلێکی گرینگی دا کە بریتی بوون لە: سەربەستی کوردستان، بنیاتنانی هێزی چەکدار بۆ پاراستنی کوردستان، هەوڵ بۆ ئاشتی نەتەوەیی، خەبات بۆ لێکگەیشتن و برایەتی لە نێوان هەموو حیزب و پارتەکانی کوردستان، گەیاندنی دەنگی نەتەوەی کورد بە هەموو دونیا و گوشارخستنە سەر بەغداد بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی.
1945–بارزانی له و سەردەمەدا پاشەکشێی کرد و بەره و ئێران رۆشت تا لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە تازە پشکووتبوو یارمەتیدەر بێ.
“مەلا مستەفا بارزانی و کۆماری کوردستان لە مەهاباد (46-1945)”
پاش دوور خستنەوەی شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفا بارزانی بۆ بەغداد، ساڵی
1940 بۆ سلێمانی دەگوازرێنەوە. خەڵکی سلێمانی پێشوازییەکی شایان لەم دوو ڕێبەرە دەکەن. بە چەشنێک کە لە ماوەی ئه و حەوت ساڵەدا چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی سلێمانی و بەتایبەت گەورەکانی شار، ڕۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسی و کولتوورییەکان، بە ڕێز و حۆرمەتێکی زۆرەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردن و خەم و پەژارەی غوربەتیان لە دڵ دەتاراندن. لە ماوەی مانەوەیان لە شاری ڕۆشنبیریی سلێمانی و پێوەندی بەربڵاویان لەگەڵ چینە جۆراوجۆرەکان و بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەی بیرمەندانی سیاسی سلێمانی، دەسکەوتی باشی بۆ مەلا مستەفا هەبوو و له و ئەزموونانەی کە بەدەستی هێنابوون بۆ درێژەدان بە شۆڕش کەڵکی وەردەگرت.
دەرئەنجامی بەشداری و هاوبیریی بارزانی لە کۆبوونەوەکانی حیزبی هیوا، ئەوە بوو لە ئەنجامدا لە قەفەسی تاراوگە ڕزگار بوو و دواجار بە هاوکاری و هاوبیری ئەندامانی هیوا، بارزانی لە مانگی ژووئیەی
1943 لە سلێمانی هاتەدەر و خۆی گەیاندە مەهاباد. پاش وتووێژ لەگەڵ کەسایەتیە سیاسییەکانی مەهاباد و سەرۆک عەشیرەکانی ئه و ناوچەیە، بۆ بارزان گەڕایەوە. دەرچوونی بارزانی لە سلێمانی بۆ حکوومەتی بەغدا گەلێک گران بوو، بۆیە خەڵاتێکی 50000 دینارییان بۆ زیندوو یان مردووی دیاری کردبوو.
ئەم کارە، بەستێنی بۆ خەباتی ساڵانی 45-1943ی بارزان خۆش کرد. لەبەر گوشاری سیاسی و سەربازی بەریتانیا و پشتیوانییان لە حکوومەتی بەغداد دژ بە کورد لە سلێمانی و بارزان و بۆردوومانی دەڤەرە کوردنشینەکان و بەرتەسککردنەوەی چالاکییەکانی بزووتنەوەی کوردستان، بارزانییەکان بڕیاریان دا کە بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانیان و بەهێزتر کردنەوەی خۆیان و یارمەتی گەیاندن بە کۆماری ساوای کوردستان بەرەو مەهاباد بڕۆن. بۆیە پاش پێوەندیکردن بە ڕێبەرانی کۆمار لە مەهاباد و هێزە سەربازییەکانی سۆڤییەت لە ئێران، لە بارزانەوە بۆ مەهاباد کەوتنەڕێ. “مەلا مستەفا بارزانی” بە یارمەتی برای گەورەی؛ واتە شێخ ئەحمەدی بارزان، توانی ئەم سەفەرە بەبێ شەڕ لەگەڵ ئەرتەشی ئێران بە ئەنجام بگەیەنێ. بارزانییەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەرواری 1924/7/11، لە سنووری کێلەشین، مەرگەوەڕ و داڵانپەڕەوە-لە کاتێکدا کە فڕۆکەکانی ئێراق بە دوایاندا دەهاتن، هاتنە نێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و لە شارەکانی مەهاباد، نەغەدە، شنۆ و دەڤەری تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ نیشتەجێ بوون. بەرپرسانی کۆماری کوردستان و خەڵکی کوردستان پێشوازییەکی شایستەیان لە بارزانییەکان کرد.
بە هاتنی مەلا مستەفا بۆ مەهاباد، رۆژنامەی کوردستان؛ رۆژنامەی کۆماری کوردستان، لە ژمارەی 21ی بەرواری شەمە (1946/3/2) لە ڕاپۆرتێکدا بە چڕی و بەشیوازی تایبەت بەخۆی هەواڵی پێشوازی لە بارزانی گێڕابۆوە: “بەڕێز جەنابی مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەری کوردەکانی بارزان، رۆژی -1946/2/28 هاتنە نێو شاری مەهاباد و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کردن. سدیق حەیدرەی، بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ناوەندییەوە، بەخێر هاتنی کردن. پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ لەگەڵ قازی محەمەد کۆ بوونەوە. مەلا مستەفا، کەسایەتییەکی سیاسی و ڕێبەری کوردەکانی بارزانە و لەڕێی سەربەرستی کورددا، ڕەنج و ئازاری زۆری کێشاوە. دوژمنانی کوردستان، بارزانی و هۆزەکەیان لەبەر ڕزگاریخوازی لە زێد و نیشتمانیان دەرکردووە. ئەم پیاوە، بێجگە لەوەی کە فەرماندەیەکی مەزنە، پیاوێکی ژیر و زانا و تێگەیشتووە و مرۆڤێکی بڕواداری نیشتمان پەروەرە و تەمەنی نێزیک 45 ساڵە”. لە نێوان جەماوەری بارزانییەکاندا، هەزاران پێشمەرگەی ئازا و بزێو هەبوو. هاتنی ئەم پارتیزانانە بۆ نێو هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی کوردستان، بەتایبەت لە بەرەکانی سەقز، بۆکان و بانە، کەش و هەوایەکی نوێی خولقاندبوو و ببووە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کورددا. بەتایبەت دلێریی بارزانییەکان لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی ئێران لە شەڕی بەناوبانگ و مێژوویی قاراوای سەقز، کە لە شەڕگەلی مێژوویی و لەیادنەچووی ئه و ساڵانە بوو.
قازی محەمەد؛ سەرۆک کۆماری کوردستان و ئەندامانی حکوومەت، لە هاتنی بارزانییەکان خۆشحاڵ بوون و بە جوانی پێشوازییان لێ کردن. “مەلا مستەفا” پلەی ژەنەڕاڵی لە دەستی قازی محەمەد وەکوو شانازییەک پێ بەخشرا. بارزانیش هەموو هێزەکانی خۆی، بە فەرماندەیی ئەفسەرانی پلەبەرزی خۆی وەکوو عیززەت عەبدولعەزیز، محەمەد مەحموود قودسی، مستەفا خۆشناو، خەیرۆڵڵا عەبدولکەریم، میرحاج ئەحمەد عەقراوی، سەید عەزیز سەید عەبدوڵڵا، عەبدوڕەحمان موفتی، شەوکەت ئەفەندی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەفسەرانێک وەکوو بەکر عەبدولکەریم، خەیرۆڵڵا عەبدولکەریم، نووری ئەحمەد تاها، محەمەد ساڵح و ئەحمەد ئەفەندی کۆیی، کە تازە هاتبوونە جەرگەیانەوە، لە خزمەت کۆماری کوردستان دانا. هاتنی بارزانی بۆ ڕیزی کۆماری کوردستان لە مەهاباد-کە لە یەکەم رۆژەکانی ساڵی
1946 دامەزرابوو کارێکی مێژوویی بوو بۆ هاوبیری و هاودەنگی ڕێبەرانی دوو بەش لە کوردستان بە مەبەستی بەرگری لە کۆماری کوردستان و گەیشتن بە خەونە لەمێژینەکەی کورد. لە رۆژی دامەزراندنی کۆمار، سەرۆک کۆماری کوردستان، قازی محەمەدی نەمر، لە کاتی سەردان لە هێزەکانی گارد بە پێشمەرگەکانی بارزانی گوت: بەشداریتان هۆی سەربەرزی و شانازیمانە. ئێوە نموونە و ڕەمزی شۆڕشی کوردن. سپاس لە بوونتان، بژی ڕێبەرتان مەلا مستەفا بارزانی.
مەلا مستەفا بارزانی پتر لە یەک ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مایەوە. ماوەی مانەوەی لە مەهاباد و بەشداری لە یەکەمین ئەزموونی حکوومەت لە کوردستان، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، سەفەر بۆ تاران و دیتنی شا و سەرۆکوەزیران، وتووێژ و کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئێران و زۆرێک لە نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە تاران، ئەزموونێکی بەنرخ بوو بۆ بارزانی و ئاستی زانستی سیاسی و دیپلۆماسی بەرزتر کردەوە. بارزانی بەکەڵکوەرگرتن لەم ئەزموونانە و بە یارمەتی بیری تیژ و وریایی خۆی، بیری لە داهاتووی کورد دەکردەوە و گەڵاڵەی بۆ دادەڕشت و دەبوو بە ڕێبەرێکی کارزان و شارەزا و لێهاتوو و هەروەها دەبوو بە ڕەمز و سیمبولێک بۆ یەکێتی و یەکگرتوویی نەتەوەی کورد لە مێژوودا.
*بۆ نووسینی ئەم بابەتە لە کتێبی “لەسەر ترۆپکی تۆفان؛ کۆکردنەوەی بەهرام وەڵەدبەگی کەڵک وەرگیراوە”.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!