ناونیشانی بابەت: مێژوویەکی پڕ لە مەزادی خوێنین
ناوی نووسەر: #موحسین عەلیڕەزایی#
“بە بۆنەی پێکەوەنانی کەللەسەری #شانەدەر زێد#ەوە”
“پێشەکی”
مێژوو بەر لە هەر شت گێڕانەوەیە و ناوەندی گێڕانەوەکانیش هێز بووە و هێزە. لانیکەم ئێمە وەکوو کورد لە ڕەوتی خودوشیاریماندا لە نیوەی سەدەی بیستەمدا بە تەواوەتی درکمان بەم ڕاستییە کرد و ئێستەش پێیەوە هەم دەژین و هەم دەتلێینەوە، کاتێک دەسەڵات و زلهێزەکانی ناوچەکە سنوورە حوکمڕانی و قەلەمرەویی فەرمانڕەوایی خۆیان بە زەبری هێز و لە سۆنگەی ئایدۆلۆژیای ئایینی یان خێڵەکی و قەومییەوە بره و پیدا کوردستان لە ناو ژینگەیەکی بێوەی و دوور لە شەڕەئەنگێز و شەڕخوازی بوو ڕەنگە ئەگەر بڵێین هەر ئەم تایبەتمەندییە هۆکاری ئەم نەهامەتییە گەورەیەی کورد بووە شتێکی ڕاست و هاوکات ترسناکمان بەیان کردبێت، لە سەرووی هەمو ئەمانەوە فاکت و واقیعی مێژوویی کە ئێمە وەکوو شوێنەوار و ئاسەواری شوێنەوارە کۆنەکان دەیناسین دەتوانێت هاوکێشەی هێز، گێڕانەوە و زانستی کۆلۆنیالیستیی ئەم هێزانە و گێرانەوەکانیان تووشی ئالنگاریی بکات، لانیکەم ئەگەر هەموو پلان و گێڕانەوە چەند سەد ساڵەکانیان هەڵنەوەشێنێتەوە ئەوا درز و قەڵشتی گەورەیان تێدەخات. لە درێژەدا دەپەرژێمە سەر ئه و پرسیارانەی کە پەیوەستن بە دۆزینەوەی کەللەسەرێک کە بەناوی “زێد شانەدەر” لە دونیادا و لەم ڕۆژانەدا ناوی دەرکرد و سەرنجی هەموو ناوەندە زانستی و سیاسی و تەنانەت سینەماییەکانیشی خستە سەر ئه و بەشەی لە وڵاتی کوردان کە کیمیاباران و ئەنفال و پاکتاوکردنی بەسەردا سەپێنراوە.
“دۆزینەوەی مێژووە شێوەێنراوەکان و مەزادی خوێنین”
دۆزینەوە و پێکەوەنانی کەللەسەری مرۆڤێکی “ڕەگەزی مێ” نیاندرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر دەنگدانەوەی جیهانیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. بۆ ئێمەی کورد ئەوەی گرینگە ئەمەیە کە کەللەسەری ئەم پەیکەرە لە جوگرافیای کوردستان و لە ناو دڵی مێژوویەکی کەونارا و کۆن دەرهێنراوە، خاڵی سەیر و کارەساتاوی ئەمەیە کە نزیک نیو سەدە پێش ئێستا واتە لە ساڵی 1980 شاعیری میلی ئێمە مامۆستا “عەبدوڵلا پەشێو” لە شیعری “مەزاد”(1980، مۆسکۆ) دا ئاماژەی بە شانەدەر و میژووی دێرینی ئه و شوێنە لە زەمینەی مافخوازییەک بۆ کورد و شوێندانانێک بۆ کوردستان وەکوو پانتایەکی گەورەی مێژووی شارستانییەتی مرۆیی، دەخاتە ڕوو، باس ئەوە نییە کە پەشێو ئەم شیعرەی هۆنیوەتەوە و شیعرەکە لە ڕووی شیعرییەتەوە چۆناوچۆنە بەڵکوو باس ئەوەیە کە یەکەم پشکنین و دزۆینەوەی پاشماوەکانی مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ساڵی 1830 لە بەلیجیکا بووە و دواتر لە 1951 کە ئێسکە پەیکەری 9 پیاو و ژن و منداڵ لە شانەدەر دۆزرانەوە تاکوو ئێستە هیچ و دەنگ و باسێکی ئەوتۆ نەبووە و ئێستە دیسان بە شانەدەر زێدەوە زانستی ڕۆژئاوا و میدیاکانی دەرکەوتوونەتەوە. واتە لە ساڵی 1950 هاتووەتە شانەدەر و لەوێ شوێنپێکانی مرۆڤی نیاندرتاڵ دۆزراوەتەوە بەڵام تا ئێستە و ئەم ساتەش گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە. هۆکارەی ئەمەش زۆر و زەبەندە و با سەرەتا شیعرە کورتەکەی پەشێو بە لێکدانەوەیەکەوە بخەمە ڕوو پاشان دێمەوە سەر ئەم تەوەرەوە.
“مەزاد”
(کێ کڕیارە؟/ هەرچیم هەیە هەمووی تاڵان فرۆش دەکەم!/ کێ کڕیارە؟/ دەی! وەرنە پێش/ فەرموون/ ئەمە کالانای چاو، بڕبڕەی پشت و کاسەسەر/ کڵاوی کەریم خانی زەند/ شیر و زرێی سەلاحەدین/ مێژووی لنگەوقووچی بێبەر/ یەکە یەکە بەندەکانی پەیمانی مۆرفینی سیڤەر/ دەندەکانی نیاندرتاڵی پیرە ئەشکەوتی شانەدەر/ کێ کڕیارە/ هەرچیم هەیە/ هەمووی تاڵان فرۆش دەکەم/ سواڵەت و ئاتەشکەدە/ دیوانسەرای شاهەکانمان، بە بنچینە و بنیادەوە/بەردەنووس و نەخش و نیگار/بە تەخت و تاجی مادەوە…/مەزاد…مەزاد…/هەرچیم هەیە هەمووی مەزاد…/بە پارچەیەک پەڕۆی سادە کە هەڵبکرێ و بشنێتەوە لە سەر بستێک زەوی ئازاد/ هەرچیم هەیە هەمووی مەزاد.)
لە خوێندنەوەی ئەم شیعرە و لە تێڕوانینی شاعیردا کە بە خەمخۆر و پەشێوێکی سەرسەختی نیشتمانی و نەتەوەیی ناسراوە ئێمە تەنها شانەدەر نابینین بەڵکوو چەندین وێستگەی گرینگ و درەوشاوەی مێژوویی دەبینین کە ئەگەر تەنانەت بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لێبڕاوانەش بە نیسبەت و پەیوەست بە کوردەوە یەکلا نەبووبێتنەوە ئەوا بێگومان لە کورد و جوگرافیا و ژیاری سەر ئەم خاکەی (کە ئێستە لە قەوارەیەکی گەورەدا لە هەر چوار پارچەدا نیشتەجێیەتی) بە ئاسانی هەڵدەپێکرێت. بەڵام هەمدیس ئەمە کۆی بابەتەکە نییە لە ناو شیعرەکەدا ئەوەی وا دەشێت زیاتر سەرنجی بدەین و دەشێت وەکوو پرسیار لە دڵی شیعرەکەدا فۆرموولەی بکەین ئەمەیە کە بوونی دەندەکانی مرۆڤی ئەشکەوتی شانەدەر (ئێستە کەللەسەری شانەدەر زێد) و بوونی کەریم خانی زەند و سەلاحەدینی ئەیووبی و هتد بۆچی نەیتوانیوە کیان و قەوارەیەکی ئازاد و سەربەخۆ کە ئاڵاکەی تێدا شەکاوە بێت بۆ کورد بەدی بهێنێت؟ یان بە دەربڕینێکی دیکە بۆچی نەیتوانی وەکوو شاعیر دەڵێت پێش بە پەیمانی مۆرفینی سیڤەر و دابارینی نەهامەتیی مێژوویی و شارستانیی بەسەر کورد بگرێت؟
واتە پرسیارەکە لێرەدا دەبێت ڕووبەڕووی جیهان و هەموو ئەوانەی بە سیاسی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر، بە تۆزقاڵێک چییە کاریگەرییان لەسەر ڕووداوەکان هەیە بکرێتەوە، بۆچی جیهان بە گەجەر و گوجەرییەوە هێشتا ناتوانێت کورد وەکوو نەتەوەیەک ببینێت کە سەربەخۆیی پێی ڕەوایە و مافی خۆیەتی لە وڵاتانی کەونینەی باو و باپیرانیدا بە ئازادی و سەربەخۆیی بژی؟ ئەم پرسیارە ڕەنگە سادە و سواو بنوێنیت بەڵام هیچ کات به و مانایە نایەت دەبێت دەسبەرداری بین و دووبارە و چەند بارە گەڵاڵەی نەکەینەوە، سادەیە چونکە دەلالەتەکی ڕوونە و سواوە چونکە ئێمە وەکوو کورد لە هەموو پارچەکاندا بەڕادەی خۆمان ئەمەمان پرسیوە و لەبەر ئەوەی کە هیچ وەڵامێک لە هیچ داگیرکەرێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە لە ئارادا نەبووە، سواندوویانە واتە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و کۆلۆنیالیستانە ویستوویانە سواوی کەن و لە وزە و هێزی بخەن. ئێستە بابەتەکە ئەمەیە کە دۆزینەوەی ئەم کەللەسەرە کە لە لایەن زانکۆکانی بەریتانیا و بە ئیزن و هاوکاری حکومەتی هەریمی کوردستانیش بووە هیچ شتێک لە برین و ئازارەکانی ئێمە وەکوو کورد سووک دەکات یان دیسان دەبێت بە بابەتێک بۆ سەرکەوتنی زانست و توانایی ئەقڵی پشکنەرە درەوشاوەی ڕۆژئاواییەکان؟ هەر ئه و ئەقڵەی کە لە ئاستە سیاسییەکەیدا کوردستانی گەورەری تووشی پارچەپارچەکردن و هەموو ئه و نەهامەتییانە کرد کە بووە بە برین بە سەر ڕۆح و جەستەی زیاتر لە هەشتا ملیۆن کورد لە هەموو جیهاندا؟
ئێستە ئێمە دەبێت چۆن ئەم کەشف و دۆزینەوەیە کە ناڕاستەوخۆترین ڕایەڵەکەی بە کوردەوە ئەمەیە کە لە جوگرافیایەکی دێرینی کوردستان دۆزراوەتەوە و ڕاستەوخۆترینیشی ئەمەیە کە ئەم وڵات و خاکە مەکۆ و سەرزەمینی ژیاری چەند سەد هەزار ساڵەی مرۆڤن، بخوێنینەوە؟ ئایا زانستی ڕۆژئاوایی هەر وەکوو خۆیان دەعیەی بۆ دەکەن سنوورە سیاسی و زانستی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی لێک جوێ کردووەتەوە و هیچیان نابوێرێت؟ ئەگەر وایە بۆچی ناوەندە زانستییەکانیان لە زۆر شوێندا کورد وەکوو کۆنترین دانیشتوانی ناوچەی مێزۆپۆتامیا باس دەکەن بەڵام کوردستان وەکوو پارچەگەلێکی بندەستی چوار وڵاتی ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا دەنووسنەوە؟ زۆڵێتی ئەقڵی ڕۆژئاوایی لە جوێکردنەوەی مەسڵەحەتئامێز و هاوکات لە تێکەڵکردنی بەرژەوەندیخوازانەدا بە ئاسانی دەرناکەوێت بەڵام شتێکیش نییە ئێمە وەکوو کورد پیی نامۆ بین. مەگەر هەموو ئەم ئاسەوار و مێژووانە نابێت کاریگەر بن لە پرۆسەی چەسپاندنی ماف و داخوازییەکانی نەتەوەیەک لە سەردەمێکدا کە ئیتر هۆشی دەسکرد خەریکە شوێن پێی مرۆڤی سەردەم لەق دەکات؟
من ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم کە زانست تەنها خواستێکی سەربەخۆ و بێلایەنی هەیە و لە خزمەتی هەیمەنە و جەبەرووتی ئیمپراتۆری و دەسەڵاتە سیاسییەکان هەر لەکۆنەوە تاکوو ئێستا نەبووە بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا و بە تایبەتیش لە ئینگلیسی ئێستە یان بەریتانیای کۆن، ئەم تێڕامان و پرسیارکردنە زایەڵەیەکی دیکەی هەمان شیعڕەکەی پەشێوی مەزنە بۆ ئەگەر نەڵێین نەوەکانی داپیرەیەکی حەفتا و پێنج هەزار ساڵە ئەوا دەتوانین بڵێین بۆ خاک و وڵات و شوێنەوارێک کە داپیرەیەک لە داپیرەکانی سەر گۆی زەوی لە سەرەتاکی ژیانی مرۆڤدا لەوی ژیاوە، لە ناو کەلتوورێکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتوودا هەناسەی هەڵکێشاوە، ڕێوڕەسمێکی گوڵبارانکردنیان بۆ مردووەکانیان هەبووە و دەکرێت بڵێین جۆرێک شینگێڕیی سەرەتایی ستاتیکانەیان هەبووە، بەڵام نەک ئەمە بەڵکوو دەیان شوێنەوار و ئاسەواری مێژوویی ئێمە لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان یان خاپوور و وێرانکراون یان دزراون و بە ناوی وڵاتان و ناسنامەی سیاسی نەتەوەیی ئەوانەوە لە ناوەندە زانستییە جیهانییەکاندا تۆمار کراون کەواتە سەربەخۆبوونی زانست وەهمێکی پووچەڵە و نابێت ئێمە بڕوای پێ بکەین، یان لانیکەم بە بێ پرسیارلێکردنی ڕژد نابێت ئەم گوزارەیەیان لێ قبووڵ بکەین. هەڵبەت ئەمە تەنها لایەنێکی هاوکێشەکەیە و ئەگەر ئێمە قامکێکمان بەرەوڕووی ئەوان بێت وەکوو خاوەنانی زانست و هێز و دایگیرکەر، ئەوا چوار قامکمان دەبێت لە خۆمان بێت کە بۆچی لە ماوەی سی و هێندە ساڵ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە بەنیسبەت قەبارە و باڵای مێژووییمان کەمترین چالاکی و دەرکەوتنمان هەبووە؟ بۆچی ئاسەوارەکانی ئێمە بە وەسواس و هەستیارییەوە ناخوێنرێنەوە و لە لایەن خۆمان یان تیمە دەرەکییە پسپۆڕەکان (بە چاوساغیی زانکۆ و تیمە زانستی و ئاسەوارناسییەکانی خۆمانەوە) بە وردی پشکنین و هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکرێت؟
من پێم وایە پاش ڕاپەڕین و ڕزگاربوونی ئه و بەشە لە باشووری کوردستان یەکێک لە شێوەکانی خەباتمان دەبوو حەتمەن ئاسەوارناسیی و مێژوو بایات تاکوو لانیکەم بە ڕاکێشانی سەرنجی ناوەندە زانستییەکانی جیهان بڕێک لە کاریگەرییە سەلبی و داگیرکارانەکانی سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی لە سەر خۆمان کەم کەینەوە بەڵام بەداخەوە کورد لەم ڕووەشەوە لاواز و کەم دەسەڵات دەرکەوتووە. ئەگەرچی ئێستا له و دۆکیۆمێنتاری کە لە سەر ئەم داپیرە شانەدەرییە بە هاوکاریی “بی بی سی و نێتفلیکس” کراوە ڕاستەوخۆ دەڵین ئەم کەللە سەرە لە قووڵایی چیاکانی کوردستان دۆزراوەتەوە بەڵام هەم دیسان ئەمە تەنانەت گەرەنتیی ئەوەش ناکات لە لایەن میدیاکانی وڵاتانی داگیرکەرەوە نەشێوێنرێت، هەر دوێنێ لە چەند میدیای فارسیی سەر بە کۆماری ئیسلامی و تەنانەت پەهلەوییەکانی دژیان هەواڵەکەم خوێندەوە بە بێ ئەوەی بچووکترین ئاماژە بە شوێنی دۆزینەوە و کەشفی کەللە سەرەکە بکەن ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕق و گرێی مێژوویی بە نیسبەت کوردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن دان بنێن بە هەر شتێکدا کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە گرینگی کورد یان خاکەکەی. هەر بۆیە هاتنەوەی داپیرەی شانەدەریی بەر لەوەی شاگەشکەمانبکات دەبێت بەرپرسیار و ئامادە و ترساومان بکات نەوەکوو شوناس و بوونی دێرینی ئەمیش بەرن و بە ناوی خۆیانەوە تۆماری کەن کە ئەوکات هیچی دیکەمان نابێت وەکوو شاعیر دەڵیت بیخەینە مەزادەوە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!