ناونیشانی بابەت: هونەری میللی و هونەرمەندی میللی
ناوی نووسەر:
موحسین عەلیڕەزاییموحسین عەلیڕەزایی
“بەبۆنەی کۆچی ناوادەی هونەرمەند
ئەحمەد دەروێشئەحمەد دەروێش”
“پێشەکی”
چەرخی ڕۆژگارەکەمان به و بارەدا ملی ناوە و له و لێژییەدا شۆڕ بووەتەوە کە هەرچی نوێنەرانی میراس و سەرمایەی ڕەمزی و مەعنەویمان هەیە بەره و ماڵاوایی و جێهێشتنمان دەڕۆن. ئەم پەرۆشی و دڵتەنگییەمان تەنها پەیوەست نییە بەوەی کە ئایا ئێمە قەدریانمان زانیوە و بە ڕادەی شیاو و شایستەی خۆیان ڕێزمان لێ گرتوون یان نا، بەڵکوو لەگەڵ ئەمەشدا پەیوەستە بەمەی کە ئایا ڕێباز و ڕێچکەکەیان هێندە ڕێبوار و ڕێگاپێوی بۆ پەیدا بووە تاکوو هێڵی ڕێگا و ئاڕاستەکەیان کاڵ و کوێر نەبێتەوە؟ ئێمە لە پاش کۆچ و ماڵاوایی ئەم کەسایەتییانە ئەرکمان چییە وەکوو ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، ڕۆشنبیر، نووسەر و بەگشتی هەموو ئەوانەی سۆز و پەرۆشییەکیان بۆ بواری چاند و کولتووری میللی هەیە؟ و لەپاڵ ناسینی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانمان و لانیکەم جێبەجێکردنیان لە کەمترین ئاستدا چی بە ئەنجام دەگەیەنین و ج پرۆژە و مەبەستێک بەئەنجام دەگەیەنین یان دەپێکین؟
پێم وایە ئاوڕدانەوە یان هەڵوێستەکردن لەسەر ئەم پرسیارانە لانیکەم مەشخەڵی ئه و پەرۆشییەمان لە دڵدا گڕدار ڕادەگرێت کە دەلالەت و سەرچاوە ڕاستەقینەکەی هونەرمان لە لا ڕوون و درەوشاوە بێت و میراسێک کە بەناوی خەیاڵدان و زاکیرەیەکی جەمعی و نەتەوەییدا هاتووە، بە ئاسانی نەکەوێتە بەر زەبری گۆڕانکارییەکانی ڕؤژگاری تەکنەلۆژیا و پۆرنۆگرافی و هەزەلیبێژیی سەردەم. ئەگەرچی ئێستە لە سەردەمی باواعەمرە هونەری و کورتەباڵا ئەدەبی کانین و ئەمەش دۆخێکە تەنها پەیوەست نییە بە وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەڵکوو شەپۆلێک یان باشتر وایە بڵێین نەزمێکی ڕۆنراوی دەسکردە کە جیهانی ئێستەی زانست واتە تەکنەلۆژیاتەوەریی لە ئاستێکی مرۆڤخەسێنانەدا گرتووەتەوە و لەباتی مانا و مەعنەوییەت و ڕۆحانییەت، کاڵاگەرێتی و چێژی ڕووکەش و هەڵپەی وجوودیی ئانوساتانە بەرهەم دەهێنێ. ئەمەش وایکردووە هونەری ئۆرژیناڵ و گۆڕانساز و کاریگەر لە ڕاستەڕێی خۆی لا بدرێت و بەناوی هونەری ڕەسەن یان میلییەوە دەرخواردی بینەر و بیسەر بدرێت، ئەم نەزمە نوێیە هونەر وەکوو کاڵایەک دەبینێت کە دەشێت چەشە و میزاجی بەردەنگ، پەسند یان ڕەتی بکاتەوە، بێگومان ئەمە ڕاستە و تا ئێرە ئیشکالییەتێک لەئارادا نییه، بەڵام خودی ئەم بەردەنگ یان بینەر و بیسەرە هەر لە ناو بازنە و تۆڕێک لە تۆڕەکانی ئەم نەزمەوە چەشە و میزاجەکەی دیاریی دەکرێت، واتە سیستەمێک کە ئێمە فێری ئەوە دەکەن بەردەوام چاو لە ئاسمان بکەین و زەوینمان بەلاوە گرنگ نەبێت.
کاتێک ئەم بنەمایە لە ناخی خەڵک ڕەگئاژۆ دەبێت سەختە دیسانەوە نیگاکانیان بگەڕێنینەوە بۆ زەوین و پێیان بڵێین تەنها ئاسمان نییە کە ژیان و بوونی لێیە و زەوین مەکۆیەکی سەرەکیی بوون و ژینە، واتە مەبەستمە بڵێم سیستەمێک خۆی چەشە و میزاج دەسکاریی بکات دیارە بە ئاڕاستەی ئه و خواست و بەرژەوەندییەی خۆیدا دیاریی دەکات، و بە پێی ئەوەی بەشی زۆری جیهانی تەکنەلۆژیا یان لە لایەن کۆمپانیا بازرگانییە زەبەلاحەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن یان لە لایەن ئه و دامودەزگایانەی کە خزمەتی سیاسەت و نەزمێکی زاڵی جیهانی دەکەن پراکتیزە دەکرێن، بەدڵنیاییەوە ئەوەی بەره و پووکانەوە و کاڵبوونەوە دەچێت دنیای مانا و مەعنەوەییەتەکانی سەردەمی کۆنە بە ئایین، هونەر، ئەخلاق و هەموو بابەتێکی پەیوەست بە دنیای کۆنەوە. ئەگەر ئێمە ژیانی ڕۆژانەمان تەنانەت نەخەینە بۆتەی هەڵسەنگاندنێکی قووڵ و وردەکارانەشەوە بەڵام ڕۆژانە هەست به و بێتاقەتی و دەروون بەتاڵییە دەکەین کە لێرە و لەوێ لە زمانی پیرەپیاو و پیرەژن و کەسایەتییە کۆنە خوینەوار و نەخوێنەوارەکانمان دەیبیستینەوە و ئەمەش بەرهەمی ئه و بەریەککەوتنەی نەزمی کۆن و نوێیە کە ئەوان هێشتا لە کۆتاییەکانی تەمەنیان و نزیکییان لە گیانەڵلا بۆمانی دەگێڕنەوە.
لێرەدا گرینگ خوێنەوار یان نەخوێنەواربوون نییە بەڵکوو گرینگ ئه و بنەما و شێوەژیانەیە کە ڕاستەڕێی شوناسی ئێمەیە و بە هەودایەکی نەمر و جادووییەوە پەیوەستە به و ڕابردووەی کە ئێستە ئێمە لەسەری دەژین، بەڕای من ئەم هونەرمەندانەی کە بەناوی هونەرمەندی میللی ناسراون یان ڕێبازەکەیان بەناوی هونەری میللی ناسراوە ئه و زاکیرە جەمعییە و ئه و ڕۆحە نەمرەی شوناس و کۆمەڵگای ئێمەن کە لە درێژەدا وەکوو وەفایەک بۆ تەمەنێک لە خەبات و هونەری هونەرمەند ئەحمەد دەروێش دێمەوە سەری.
“هونەری میللی و نوێنەرەکانی”
“میدیا حسێن” وەکوو هونەرمەندێکی میللی ناسراو و سەر به و جیلە ڕەسەنەی هەشتاکان کە هونەری کوردی لە ترۆپکی درەوشانەوە و ڕەسەنایەتیی خۆیدا بوو لەم دواییانە لە وتووێژێکدا دەڵێت هونەری میللی “ئه و هونەرەیە کە دەچێتە ناو خەڵکەوە و لە سەر زاران جێ دەگرێت.” لە ڕاستیدا سەرەڕای ئەوەی کە ئەم هونەرمەندە بەڕێز و خاوەن ئەزموونە دنیایەک خزمەتی نەک تەنها بە ئاواز و گۆرانی بەڵکوو بە شیعر و هەڵبەستی گۆرانیش کردووه، بەڵام ئەم پێناسەیە ناچیتە خزمەت ئه و ڕێبازە پیرۆزەوە کە پەت و هەوادی پتەوی گرێدانی ئێمە و شوناسی ئێمەیە بە ڕابردوویەکی دووری پیرۆز واتە هونەری میللییەوە. ئەگەر لە سەر تیشکی ئه و پێناسەیە بێت بێگومان ئێستە ئێمە دەتوانین هونەرمەندانێک ناو ببەین کە گۆرانییەکانیان لە سەر زارانن و لە ڕوانگەی هونەری و ستاتیکیشەوە نەک تەنها هونەری میللی نیین بەڵکوو قسەی بێسەروبەر و ڕستەی ڕیزکراو و جنێوئامێزی ناو گەعدەکانن! ئەمە دەرخەری ئه و ڕاستییەیە کە لە سەرەوە باسم کرد واتە کاتێک پەروەردەی هونەر لە ناو دەواران و دەشت و حوجرە و خانەقا و بەردەستی مامۆستایانی بەئەزموون و بەحورمەتی کۆن دەرهات و کەوتە ناو هەڵوێستە ئانوساتەکانی دنیای مەجازی و دانیشتنە نامەجلیسییەکانەوە ئیتر بەردەنگانێک پەروەردە کران کە نەک تەنها هەودای پەیوەندییان لەگەڵ ئه و ڕابردووە پچڕاوە بەڵکوو پەت و گوریسێکی دیکە هەڵدەخەن بۆ پەیوەندیی لەگەڵ ئه و ڕابردووەدا، بەڵام بێگومان ئەم پەتە دەیانباتە سەر هەواری خاڵی یان کەندڕانێکی هەزار بە هەزار کە جگە لە درک و داڵ هیچی لێ شین نەبووە و نابێت، بۆیە دەشیت ئه و پێناسیە وا لێبکەین و بڵێین هونەرمەندی میللی پەیوەست بە هونەری میللییەوە دەناسرێت واتە بەر لە ناسینەوەی هونەرمەندی میللی دەبێت هونەری میللی بناسین یان بەگشتی پێناسەیەکی ڕێژەیی بۆ بکەین.
هونەری میللی لە ڕوانگەی فولکلۆرناسان و مێژوونووسانی هونەرەوە ئه و هونەرەیە کە مەعنەویات و باوەڕ و دابونەریتە کۆنەکانی نەتەوەیەکی لە خۆیدا هەڵگرتووە و هەر لە سەما و هەڵبەست و پەیکەرتاشییەوە تاکوو گۆرانی و شێوازەکانی و مۆسیقا و هەموو توخم و ئیلێمێنتە ورد و درشتەکانی کولتوور و شارستانییەتی نەتەوەیەک لەخۆ دەگرێت. واتە کۆی جیهانبینیی مەعنەویی نەتەوەیەک لە هونەری میللیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئێمە ئێستە پێمان سەلماوە کە هونەری کوردیی لە حەفتا و هەشتاکاندا و لە سەر دەستی ئه و جیلە هەم لە بواری تەمسیل و دراماوە هەم لە بواری ئاواز و گۆرانییەوە و تەنانەت سروودەوە و هەروەهاش شیعر و ئەدەبەوە سەرکەوتووتر و درەوشاوەتر بووە و هەڵگری ئه و توخمانەن کە لە پیناسەی هونەری میللیدا باسمان کردن. واتە ئەمە شتێکی ڕوونە کە ئێمە “مەحموود محەمەد” بە هونەرمەندی میللی بزانین و گەعدەبێژێکی جنێوفرۆش و بێ هەڵبەست و جیهانبینی بە هونەرمەندێکی میللی نەزانین، چونکە ئەوەی یەکەمیان هەموو ئه و تایبەتمەندیانەی هونەری میللی لە دەنگ و شێوازی کارکردنیدا نیشان داوە و ئەوەی دووەمیان نە مەقام دەزانێت نە هەڵبەستی گۆرانی دەناسێت و نە وردەکارییەکانی مۆسیقا و تەنها بەندبێژە و لە باشترین حاڵەتدا دەنگخۆشێکی بەندبێژە، دیارە ئەم ڕاشکاوبوونە به و مانایە نییە کە ئێمە ڕێزی کەسەکان نەگرین بەڵکوو به و مانایەیە ڕێز لە پیناسەی هونەری نەتەوەیەک واتە هونەری میللی دەگرین.
جا کاتێک باسی ئه و پابەندبوونە بە دابونەریت و هەموو سامانەکانی رابردووی کۆنی نەتەوەکەمان دەکەین تەنها لە ئاستی هونەری و خوازەییەکەیدا نییە، بەڵکوو وەکوو وتم لە ئاستێکی بەریندا دەتوانین ناوی جیهانبینیی لەسەر دابنێین و چەمکداڕێژیی بۆ بکەین. بۆ نموونە هونەری گۆرانیی حەفتاکان و هەشتاکان چ جۆر هەڵبەستانێکی دەکرد بە گۆرانی و مەقام؟ ئێمە هەموومان دەزانین کە ئه و هەڵبەست و مەقامانەی پێشکەش دەکران بەم ناوەرۆکانەوە بوون: خۆشەویستیی بێگەرد و ئەفلاتوونی، نیشتیماندۆستی، سرووشتدۆستی، مرۆڤدۆستی، پیرۆزیی خاک و دایک و نیشتیمان وەکوو سێکوچکەیەکی پیرۆز، ڕێزلێنان لە هەژاران و ڕەنجی جووتیاران و ڕەنجبەران، باوەڕ بە هێزی غەیبانی و مەعنەویات و خوداوەنی مەزن و، ئەمانە سەردێڕە هەرە دیارەکانی جیهانبینیی کورد بوون و تا ئێستەش لە زاکیری جەمعیی کورددا ئەگەرچی لە شێواز و فۆرمی دیکەدا ئامادەییان هەیە. لێرەوەیە دەبینین بەشێکی بەرچاوی هونەرمەند و دەنگبێژە ڕەسەن و میللییەکانی ئێمە شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە بوون واتە ڕێک لە ئاستی پراکتیکیشدا وەفادار بوون بە کۆی ئه و جیهانبینییەی کە لە ناویدا هەڵقوڵاون و پەروەردە کراون. لە هەمانکاتدا کە هونەرمەندی میللی بوون هاوکات باوەڕمەندیش بوون بە خەبات بۆ ڕزگاریی نیشتمان و ڕێبازی شۆڕشگێڕێتی و پێشمەرگایەتی. ڕەنگە یەکێک له و خاڵە جیاوازکەرانەی نێوان هونەرمەندی میللی و کەسێک کە ناوی وەکوو هونەرمەندی میللی ڕۆشتووە هەر ئەمە بێت کە هونەرمەندی میللی لە ناو دژوازییەکاندا ناژی، ئه و یەکەیەکە لە کارئەکتەردا کە دابڕان و قەڵشتێک لە نێوان هونەر و جیهانبینییەکەی واتە خۆی و ڕابردووی گەلەکەیدا نییە، تاقانەیەکن، یەک گیانن لە دوو جەستە و فۆرمدا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوەی وا ناوی وەکوو هونەرمەندی میللی تەنها وەکوو ناو ڕۆشتووە وردوخاشبوون و قەڵشت هەم لە چالاکیدا و هەم لە دەربڕینیدا بەدی دەکرێت بۆ نموونە تۆ چۆن دەتوانی باسی خۆشەویستییەکی بێگەرد بکەیت لە هەڵبەستێکی گۆرانییەکدا و دواتر بکەویتە شەڕەبەند و جوێنەوە لەگەڵ کەسێکی دیکە و هەرچی سنووری خۆشەویستی و سۆزی مرۆیی و جوانیناسیی ژن هەیە بیبەزێنیت؟ دیارە ئەمە تەنها نموونەیەکە بۆ ئەوەی یەکانگیریی ڕۆحی و مەعنەویی هونەرمەندی میللی پیشان بدەم و لێرەدا تەرکیزی من لەسەر ئه و باسەیە کە هونەرمەندانێکی زۆرمان لە حەفتاکان و هەشتاکان و تەنانەت تا دوای ڕاپەڕینیش هەم بە دەنگ و هەم بە چەک یەکانگیریی ڕۆح و جەستەی خۆیان لەگەڵ جیهانی خۆیان پیشان دا و ئەحمەد دەروێش نموونەیەکی ئەم شێوازەی هونەری میللییە.
“ئەحمەد دەروێش”
“ئەحمەد دەروێش” هەر لە نەوە و ڕەگەزی “مەحموود محەمەد”ی ناسراو بە خولەدۆمی برایەتی. هاوڕێی هونەریی و ڕۆحیی ڕەوانشاد عەتا چاوشینەکان و میدیا حسێنەکان و ڕەزا جۆلەکانییەکانە. ڕەنگە “ئەحمەد دەروێش” یان وەکوو هاوڕێکانی بانگی دەکەن “شەهاب” هێندە هەل و دەرفەتی ئەوەی نەبووبێت وەکوو هونەرمەندانی دیکە دەرکەوێت بەڵام هەر به و کۆمەڵە گۆرانییەی لێرە و لەوێ تۆماری کردووە سەنگینی و سەلاریی و دەربەستیی خۆی بە ڕێبازی هونەری میللی سەلماندووە. ئەمە جگە لەوەیە کە بەشێکی زۆر لەوانەی وا لە دوورەوە ناسیویانە تا ئێستەش نەیانزانیوە برای هونەرمەندی ناسراو مەحموود محەمەدە واتە ئه و خۆی بە براکەیەوە هەڵنەواسیبوو و ئەمەش یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی خاکەڕایە کە وێنەیان لەناو کورد و ئه و جیلەدا کەم نییە. ئه و مەقام و گۆرانییانەی کە ئەم هونەرمەندە وتوونیەتەوە دەرخەری هەر ئه و جیهانبینییەی کوردبوونە کە لە سەرەوە سەردێڕ و توخمە سەرەکییەکانیم باس کرد.
لەپاڵ ئەوەشدا ئەم هونەرمەندە پێشمەرگەیەکی بوێر و جەربەزە بووە لە شاری سلێمانیدا و ڕۆڵێکی گرنگی پراکتیکی لە هەستانەوەی ناو شاری سلێمانیدا هەبووە و ئەمەش بابەتێکە سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میلیی واتە جەزای ساز دانی پێداناوە. بێگومان لاپەڕەکانی ژیانی ئەم هونەرمەندە وەکوو هونەری کوردی تێکەڵەیەکە لە خەم و شادی و شکست و شکۆ. ئێمە وەکوو بەردەنگانی ئاسایی یان ڕۆژنامەنووسان کەمترین بەڵگە و دۆکیۆمێنتمان لەبەردەستە بۆ خویندنەوە و گێڕانەوەی هونەری ئەم کەڵە هونەرمەندانە بۆیە ئەوەی پەیوست بێت بە ئێمە مانانەوە هەر لەم چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە و ئەوی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ لایەن و ڕێکخراوە هونەرییە پەیوەندیدارەکان تاکوو هەم لایەنی ئاڵۆز و سادە و هێژای ئەم هونەرمەندانەمان زیاتر بۆ بناسێینن و هەم لەم دەلاقەیەشەوە سنووری نێوان هونەری میللی و زڕە هونەری بەناوی هونەری میللی ناودەرچوو، زیاتر دەستنیشان بکەن. ڕۆحی ئه و هونەرمەندە شۆڕشگێڕە شاد و یادی هەرمان و پیرۆز بێت.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!