ناونیشانی بابەت: هەقیقەت و گێڕانەوەکان
ناوی نووسەر:
موحسین عەلیڕەزاییموحسین عەلیڕەزایی
“پێشەکی”
کاتێک باسی گوتار یان دیسکۆرس دەکەین، باس لە سیستەمێک لە ماناداڕێژی یان بە دەربڕینێکی دیکە سیستەمێک لە بەرهەمهێنانی چەمک و دەستەواژەکان دەکەین کە خزمەتی هەقیقەتێک دەکات. بێگومان ئەمە دەکرێت وەکوو یەکێک لە پێناسە گشتییەکانی گوتار ببینرێت. پڕ ڕوون و ئاشکراشە لێرە کە دەڵێین “هەقیقەت” ێک زایەڵەیەکی ڕەهاگەرانە نادەین بەم چەمکە و باس لە ڕاستییەکی دیاریکراو و ئۆبژەکتیڤ و لە هەمانکاتدا ڕێژەیی دەکەین کە چەمک و دەستەواژەکانی ناو ئەم گوتارە فورموولەی دەکەین.
خاڵی سەرنجڕاکێش لە شیکاریی گوتاردا ئەمەیە کە ئێمە لە ڕێگەی هەقیقەتی ناو گوتار یان وەکوو دەڵێن لەڕێگەی قەیرانی هەقیقەتی ناو گوتارێک دەتوانین شوێنپیی چەمک و زاراوە باسهەڵگر و ئالنگاریدارەکانی ناو ئه و گوتارە بگرین و سەر لە نوێ بیریان لێ بکەینەوە، ڕەخنەیان بکەین و دایان ڕێژینەوە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی ئەم مەکینە سەرەکییە کە ناوی هەقیقەتی گوتارە. هەقیقەت ناوک و دڵی ئه و گوتارەیە کە لە قۆناغیک لە قۆناغەکاندا گریمانەکراو قبووڵی دەکەین تەنانەت ئەگەر هەقیقەتێکی لە قەیران و کیشەش بێت، تەنانەت ئەگەر سیما و سێبەرەکەشی بەهۆی پتەونەبوونی کۆڵەکەی دەستەواژە و زاروەکانی ناو گوتار کاڵ و خوار و خێچ بوو بێنتەوە. لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر باس لە هەقیقەتی گوتاری کوردستانی بکەین ڕەنگە هەقیقەتێکی دیار کە بەشێکی زۆر لە سووژەکانی ئەم گوتارە پێداگریی لەسەر دەکەن(یان دەیانکرد) سەربەخۆییە.
کاتێک ئەم هەقیقەتە وەکوو خواست و ئارەزوویەک دەمێنێتەوە و نایەتە ناو بازنەی ئیرادەگەرێتییەکی ئۆبژەکتیڤ و کردەگەرادا قەیرانی قووڵی مەشرووعییەت و ڕەوابوونی ئەم هەقیقەتە دەست پی دەکات. بۆ درێژەدان بەم باسە دەتوانین بپرسین لە هەقیقەتی گوتاری کوردی چ جۆر هەقیقەتێکە؟ ئایا هەقیقەتێکە کە مێژوویەکی ڕوون و پته و پشتگیریی دەکات یان ئارەزوو و خواستێکە کە لەپاڵ مێژوویەکدا کە هەیەتی نەیتوانیوە خۆی بگێڕێتەوە و ئیرادەی خۆی لە ناو ململانێی هێزەکانی مێژوودا مانیفێست بکات؟ هەقیقەتێک کە نەگێڕدرێتەوە ئیتر هیچ پەیوەندییەکی بە هەقیقەتەوە نییە، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندییە گریمانکراو و وێناکراوەکانی هەقیقەت لە هەر فۆرمێکیدا (ڕەها یان ڕێژەیی) نەمری و مانەوەیەکی مانابەخشی درێژخایەن و فریادڕەسیی مەعنەویی مرۆڤەکان یان کۆمەڵە مرۆڤێکە لە فۆرمی جۆراوجۆری زمانی، ئیتنیکی، خێلەکی و ئایینی و…هتد دا. هەقیقەت بە بێ گێڕانەوە لەڕاستیدا وەهم و بڵقی سەر ئاوە. لێرەدا دیسان دێینەوە سەر هەواری گێڕانەوە کە جەوهەریی زمانە. واتە زمان و هەقیقەت لیرەدا یەکتری لە ئامێز دەگرن، هاوکات کە زۆرانبازی دەکەن یەکتریش ڕادەمووسن! ئەمە چارەنووسی هەقیقەت یان هەقیقەتەکانە لە ڕووبەری زمانی و مێژوویی و ئایینی هەر نەتەوەیەکدا ئەگەر لە ئاست و پانتا سیاسی و ئینتیکییەکەیدا بابەتەکە بیچمبەندی بکەین. لە هاوکێشەیەکی ئاوەهادا ئەگەر زمان سیستەمێکی کەوینەکراو و ڕامنەکراو بزانین دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە ئەم سیستەمە بەره و جۆرێک لە ناوندگەرێتی مانایی یان لۆگۆسەنتریزم یان بە دەربڕینێکی دیکە بەره و وێنەکێشانی سیستەمێک لە هەقیقەتەکان کە دواتر هەڵدەوەشێنرێتەوە و ڕۆ دەنرێتەوە پەل دەهاوێت. زمان پانتای بوون و هاوکات نەبوونیشە، پانتای مانا و دژەماناشە، بەم پێیە زمان هەقیقەتی لە خۆیدا شاردووەتەوە و هاوکاتیش دەیدرکێنێت، لە ئاستە فەلسەفییەکەیدا زۆر گوزارەی وا دەتوانین بخەینە ڕوو بەڵام لە ئاستی سیاسیدا ئێمە دەشێت لە نێوان واقیع و حەقیقەتدا جیاوازی دابنێین.
“واقیع و هەقیقەتی نێوان نەتەوەکان”
ئەگەرچی وەکوو باوە هەر دەڵێن هەقیقەت بەڵام واقیعی سیاسی هەمان هەقیقەتی مێژووی و سیاسییە کە بواری دەلالەتی فەلسەفی و مەعریفی بەمانا مەنهەجییەکەی نییە. لێرەدایە هەقیقەتەکان ڕەوایی و پاساو وەرگرتنیان زیاتر دەبێت. بۆ نموونە حەقیقەت یان واقیعێک کە ڕووسیا لەسەر ئۆکراینا و خۆی دەیگێڕێتەوە(ئیتر بۆ چاوبەستکردنی میدیایی و ئاڕاستەکردنی ڕای گشتیی جیهانی بێت یان هەر وەکوو باوەڕیکی مێژوویی-کولتووری) پاساوی ئەوە دەدات بە بەرپرسانی ئه و وڵاتە کە هێرش بکەنە سەر ئۆکراینا و شەڕیکی دوور و درێژ بەرپا بکەن کە بەشێکی زۆر لە هاوکێشە ئابوورییەکان و هاوکێشەی وزە و نرخی دراو و دەیان دیاردەی ورد و درشتی دیکەی لە جیهان خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. هاوکات لەم بەرەوەش ئۆکراینییەکان بۆیە بەم توانست و وزەیەوە بەرگری لە کیان و خاک و شوناسی خۆیان دەکەن، چونکە هەقیقەتی مێژووییان پێیان دەڵێت نەتەوە و جوگرافیایەکی سەربەخۆ و جیاوازن لە ڕووسیا. واتە ڕێک گێڕانەوەیەک دژی ئه و شتەی کە ڕووسەکان دەیخەنە ڕوو.
ئۆکراینییەکان دەڵێن ڕاستە لە ڕووی زمانی و کەلتوورییەوە هاوبەشی هەیە بەڵام ئەمە به و واتایە نییە ئێمە نەتەوەیەکی جیاواز نین و دەبێت لە ژیر دەستی ئێوەدا بین. ئەم نموونە سادەیە بە ئێمە دەڵێت کە هەر نەتەوەیەک گێڕانەوەیەکی بۆ هەقیقەتی خۆی پێ نەبێت ئەگەری لەناوچون و توانەوەی حەتمییە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە مرۆڤ لە ئاستی هەقیقەتەکاندا بە سەختی دەتوانێت گفت و گۆ و دیالۆگ بکات ئەوەی هەیە وەکوو “نیچە” دەڵێت خواستی هێز و دەسەڵاتە کە ئارەزووی بۆ سەپاندنی هەقیقەتی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا هەیە. خودی ئەم تێڕوانینە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی نازیسم و فاشیزم لە دوو وڵاتی ئاڵمان و ئیتالیا کە هەر دووکیان ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی فەلسەفە و زانست و هونەر بوون! ئەم نموونانە بەڵگەن بۆ ئەوەی جیاوازیی قووڵ و پڕمەودا دابنێین لە نێوان هەقیقەت وەکوو کایەیەکی مەعریفی و هەقیقەت وەکوو یارییەکی دەسەڵات یان دەسەڵاتەکان. ئەگەر نەتەوەیەک حەقیقەتی تایبەت بەخۆی بەرهەم نەهێنیت بێگومان لە ناو گێڕانەوەی هەقیقەتی نەتەوەکان و مێژووەکانی دیکەدا نوقم دەبێت و دەتوێتەوە. بۆ نموونەی ئەمەیان ئەفغانستان وڵاتێکە بەهۆی ئەوەی کە لە هەموو ڕوویەکەوە بەردەوام لە شەڕ و قەیران و کێشمەکێشی ناوخۆیی و دەرەکی بووە و هیچ گوتارێکی حەقیقەتگەرایانەی تایبەت بە دانیشتووانی ئه و وڵاتە واتە ئەفغانەکان نەبووە ئێستەش کاتێک دێتە سەر دیاریکردنی ڕەچەڵەک و ڕیشەی زمانەکەیان دەڵێن فارسیی یان پارسیی کە دەکات هەمان فارسیی کۆن، ئەگەرچی کۆمەڵیک دەنگی بچووک هەن له و وڵاتە دژی ئەمەن بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئێران بە درێژایی چەندین سەدە گوتارێکی هەقیقەتسازی نەتەوەیی ساختە، بەڵام بەهێزی دروست کردووە توانیویەتی بێ هەقیقەتی گوتاری ئەوان ملکەچی ژێر هەیمەنەی گوتارەکەی خۆی و گێڕانەوەکەی بکات، ئەمەی کە ئەفغانەکان یان تەنانەت تاجیکەکان و هەندێ وردە خێڵی دیکە کە دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە ڕەچەڵەکی زمانەکەیان دەگەڕێننەوە سەر زمانی پارسی هەر هەمان گوزارەیە کە تورک لە باکووری کوردستان بە نیسبەت کوردەوە بەرهەمی هێناوه، بەڵام کورد تا ئێستەش ملی نەداوە و قبووڵی نەکردووە، ئەویش ئەمەیە کە شتێک نییە بەناوی زمانی کوردی ئەوەی هەیە زمانی تورکە شاخاوییەکانە، شاخاویبوون یان بەدەویبوون هەمان فورمولەکردنی سیستەمی هەقیقەتسازیی ئێرانییە کە ئەفغان، تاجیک و…ی لە ناویا جێگیر کردووە و پەرەش بەم سیستەمەی هەقیقەت دەدا، کورد هیچ کات ملی نەداوە بەم هەقیقەتە ساختەیە.
بمانەوێ و نەمانەوێت دەبێت ئەمە قبووڵ بکەین کە یان زمانی کوردی زمانێکی شۆڕشگێڕ و داگیرنەکراوە یان مرۆڤی کورد مرۆڤێکی یاخی و ئەشقیایە کە سەر بۆ هیچ شتێک لە دەرەوەی دنیای مانایی خۆی دانانەوێنیت و هەرجۆرە سەپاندنێک بە دەسدرێژییەکی گەورە بۆ سەر جەستە و ڕۆحی مێژوویەکی مەزن دەزانێت و لە هەمبەریدا دەوەستێت. ڕەنگە ئه و ڕستەیەی کە دەڵێت دەتوانی کوردێک بکوژیت، بەڵام هەرگیز ناتوانی شکستی بدەیت پەیوەست بەم حاڵەتە زۆر تەواو بێت. گریمانەی بنەمایی ئەم باسە ئەوەیە کە واقیعی مێژوویی و سیاسی لە لایەن سیستەمەکان و هێز و دەسەڵاتیانەوە وەکوو هەقیقەت دەخرێتە ڕوو و بەکار دەهێنرێت. له و سۆنگەیەوە زەمینەی ئایینی، کولتووری، ئوستوورەیی و کۆمەڵایەتیی بەکار دەهێنرێت تاکوو خەڵک ئه و گێڕانەوەیە لە هەقیقەت قبووڵ بکەن کە دەسەڵات دەیەوێت کەواتە بەم فورمولەکردنە ئێمە دەبێت باش لە بیرمان بێت کە شتێک بەناوی هەقیقەت چ لە ئاستی کایەی مەعریفی و چ لە ئاستی یاریی هێز و سیاسیدا بوونی نییە ئەوەی وا هەیە لە هەر دوو پانتاکەدا هەقیقەتەکان یان گێڕانەوەی هەقیقەتەکانە. ئەوەی پەیوەست بێت بە کوردەوە دیسان بەهۆی شەڕوشۆڕ و دڕندەیی هەقیقەتی داگیرکەرانی خاک و وڵاتەکەی هەقیقەتی بوونی مێژووی و گێڕانەوەی ئەم بوونە لەمپەر و بەربەستی زۆری خراوەتە بەردەم بەڵام نەیتوانیەوە کورد بێ هیوا بکات لەوەی کە بە دوای گێڕانەوەی هەقیقەتی خۆی وەکوو نەتەوە و ئایین و…بێت. ناکرێت حاشا لەمە بکەین کە بەشێکی کۆمەڵی ئێمە لە ژێر دەلالەتی مانای هەقیقەتی نەتەوە سەردەستە داگیرکەرەکان تلاونەتەوە و مەترسین و نابێت بە نیسبەت بەدوداهاتی کردەوە و هەڵسوکەوتیان لە ناو کۆمەڵگا و لەسەر کولتووری کوردی خەمسار و خەواڵوو بین. نموونەی دیاری ئەم حاڵەتە ئه و ڕۆحییەتەیە کە موحچیبە بە داگیرکەر، ئه و موعجیب نییە بە مۆسیقای باخ یان شۆپەن بەلام ئەفسوونزەدەی موحسین چاوشی و شەجەریانە، حەسەن زیرەک بە هێمای پیاوسالاریی ڕەق و تەقی کوردانە دەزانێت بەڵام “ئیبی و جەواد یەساری” بە نموونەی جوانی و کەشخەیی لە هونەر و قەد و باڵادا! ئەمە ئه و لەخۆنامۆبوون و داڕزانەیە کە نەک تەنها خەڵکی ڕەشۆک بەڵکوو ڕۆشنبیرانی بەناو کۆسمۆپۆلیتەخواز و جیهان-نیشتیمانگەراشی گرتووەتەوە. نموونەی دیاری ئەم ڕۆشنبیرانە کاک مەریوان وریا قانیعە کە لەگەڵ ئەوەی ئێمە وەکوو زمان و بیردۆز و مەعریفە قەرزارباری هەین، بەڵام هاوکات ڕچە و ڕێچکەی چەوتیش بۆ گەنجان و لاوانی ئێمە دیاری دەکات و نازانێت دەرگای چ دۆزەخێک بەسەر زمان و کولتوور و کۆمەڵی ئێمە دەکاتەوە! نموونەی ئەمە دانانی پۆستێکی بەڕواڵەت ئەدەبی-فەلسەفییە لەسەر گۆرانییەکی سادەی گۆرانیبێژی ناوداری فارسی ئێرانی “ئیبی”یە، لە حاڵێکدا ڕۆشنبیرانی گەورەی ئاوا شتێکیان لەسەر “دەروێش عەبدۆڵا یان حەسەن سیساوەیی” وەکوو شیاو نەخستووەتە ڕوو، من پێم وایە دەروازەی دۆڕانی هەقیقەتی نەتەوەیی لە هونەر واتە فۆرمە ستاتیکیی و جوانیناسییەکەیدا دەکرێتەوە. من پەیوەست بەم باسە لە وتارانی داهاتوودا وتەزا بە وتەزا هەوڵ دەدەم گێڕانەوە و شیکاریی ڕەخنەگرانەی خۆم هەبێت.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!