ناونیشانی بابەت: تیمێکی شوێنەوارناسى بیانى شوێنەواری گرنگ لە هەرێمی کوردستان دەدۆزنەوە
لە وەرزی چوارەمی کنە و پشکنیندا، تیمێکی شوێنەوارناس توانیان لە ناوچەی #خۆشناوەتی# سەر بە ناحیەی سەکتان لە #هەولێر#، کۆمەڵێک کەرەستەی مێژوویی بدۆزنەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر.
تیمەکە بریتین لە لێنکا ستارکۆڤا و کارێل نۆڤچێک لە زانکۆی پالمای چیک کە ماوەی 22 ڕۆژە لە گوندی کونە فلووسە کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی شوێنەوارەکان . ئەم هەڵمەتە شوێنەوارییە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی بەردەوام بۆ لێکۆڵینەوە لە شوێنە مێژووییەکانی ناوچەکە.
لینکا ستارکۆڤا، شوێنەوارناس، بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند: لەم هەڵمەتەدا چەندین دۆزینەوەی گرنگمان ئەنجامدا، ڕۆڵی منیش بەڵگەنامەکردنیان بوو بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سێ ڕەهەندی. ئێمە سەرنجمان خستە سەر گەڕان بەناو ئەشکەوتەکانی ناوچەی #کونە فلووس# کە بەوە ناسراوە ئەشکەوتێکی زۆرى هەیە، لەوێ هەوڵمان دەدا پاشماوەی ئایینی لەگەڵ شوێنەوارە مێژووییەکانی دیکە بدۆزینەوە.
تیمەکە لە ساڵی 2013 لەسەر داواى هاوکارێکیان، دەستیان بە کارکردن لەسەر شوێنەوارناسی هەرێمی کوردستان کرد، ستارکۆڤاش وتی زۆر خۆشحاڵە کە بەشداری پڕۆژەکە دەکات، بەتایبەتی کە ئەمساڵ گرنگییان بە ناوچەی سکتان داوە.
بەدرو کارێل نۆڤچیک، شوێنەوارناس، ڕاگەیاند، سێ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەستەى شوێنەوارەکانی ناوچەکەوە بانگهێشت کراوین بۆ بەشداریکردن لەم پڕۆژەیەدا.
ئامانج لەم پڕۆژەیە لێکۆڵینەوەیە لە شوێنەوارەکانی نێوان سەکتان و کۆمسبان. ئەم ناوچەیە لە ڕابردوودا خەڵکى تێدا نیشتەجێ بووە و پڕە لە چەندین کەلوپەلی کۆن، تیمەکەش کار لەسەر بەڵگەنامەکردنیان دەکەن.
هەروەها، گوتی: لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 200 شوێنی شوێنەواریمان دۆزیوەتەوە و بریتین لە ئەشکەوت و گۆڕ و گوندە دێرینەکان، ئەمەش وایکرد بە دەوڵەمەندی مێژوویی ناوچەکە سەرسام ببین. هیوادارین دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئەو شوێنە بەنرخانە بگرێتەبەر.
ئەوەشى خستەڕوو، کە تەنها لەم وەرزەدا نزیکەی 75 شوێنەواریان کۆکردۆتەوە، لەنێویاندا پارچە شوێنەوارێکە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردین”.
دۆزینەوەکانی ئەم دواییە بریتی بوون لە پارچە بەرد و گۆزە و ئامێرە کانزاییەکان کە لە پاشماوە شوێنەوارییەکان دەرهێنراون. هەموو شوێنەوارەکان پێش ئەوەی وێنەیان بگیرێت، پاککراونەتەوە و ژمارەیان بۆ دانراوە و بەرواریان بۆ دانراوە هەروەها بەڵگەیان لەسەر دانراوە بۆ ئەوەی دیاری بکرێت کە سەر بەو سەردەمەن. لە کۆتاییدا لە کۆگاکانی شوێنەوارى کۆیە هەڵدەگیرێن.
هێمن حسێن، نوێنەری فەرمانگەى شوێنەوارى کۆیە دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو شوێنەوارانە دەپارێزرێن و دەشڵێت: هیچ شوێنەوارێک ڕەوانەی دەرەوەی وڵات ناکرێ، بەو پێیەی یاسای شوێنەوارى عێراق و کوردستان ڕێگە بەو کارە نادات.
شایانی باسە کە لە زۆربەی ئەشکەوتەکانی هەرێمی کوردستان شوێنەواریان تێدا ئاشکرا کراوە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی پێنج هەزار ساڵ پێش زایین، ئەمەش ڕەنگدانەوەی میراتی دەوڵەمەندی مێژوویی ناوچەکەیە و پێویستی بە پاراستنی ئەم شوێنە بەنرخانە هەیە کە بەشێکن لە ناسنامەی کولتووری و مێژوویی کوردستان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=