گرنگی گێڕانەوەی مێژوو لە ڕۆماندا
#محەمەد سۆران#
نەتەوەی کورد لەچاو نەتەوەکانی تردا، وەک فارس، تورک، عەرەب... هتد، درەنگتر ئاشنای ڕۆمان بووە، بە تایبەت کوردستانی باشوور کە زیاتر لە نیو سەدەیە ئاشنای ڕۆمان بووە، واتا ڕۆمان لەنێو ئێمەدا نوێیە، وەک لە شیعر، پەخشان و چیرۆک، بەڵام لەم ماوەیەدا چەندین شاکاری مەزن نووسراون، دەکرێت بۆ مێژوو بمێننەوە وەک شاری حسێن عارف، ژانی گەلی ئیبرایم ئەحمەد و پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی و چەندین ڕۆمانیتر. ڕۆمانی پێشمەرگەش باسی سەردەمی کۆماری کوردستان -#مەهاباد# دەکات. مێژووەکە وەک خۆی دەپارێزت و بەجوانی وێنەی سەردەمەکەمان نیشاندەدات، بەڵام مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە دەمەوێت بڵێم مێژوو زۆر کەس حەزی پێناکات یاخود بە بابەتێکی وشک ناوی دەبەن. ئەگەر کەسێک خۆی حەزی بە مێژوو نەبێت ئەوە هەرگیز نایخوێنێتەوە، بەڵام زمانی گێڕانەوەی ڕووداوەکانیش کاریگەریی لەسەر نووسین و یاداشتەکان دەبێت. کتێبێکی وەک (دیداری تەمەن -#مام جەلال#)، ڕووداوەکان بە شێوەیەکی زنجیرەیی دەگێڕێتەوە و خوێنەر ڕادەکێشێت بۆخۆی، ئەمەش زیرەکی ئەو دەردەخات لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا.
$بۆ دەبێت مێژوو بخوێنینەوە؟$
عەبدوڵڵا دارا لە وتارێکدا دەڵێت: (مرۆڤ گەر نەیتوانی کەڵک لە مێژوو وەربگرێت و ئاگاداری مێژوو بێت ئەوە ژیانی کوێرە، دەمەوێت نموونەیەکی لۆژیکی عەرزی جەنابتان بکەم، ژیان شۆفێرییە لەسەر جادەیەکی قەرەباڵغ، گەرچی تۆ بۆ پێشەوەش بڕۆیت، بەڵام هەر دەبێت لە ئاوێنە بچووکەکەتەوە ئاگاداری دواوە بیت ئەگەرنا تووشی ڕووداو دەبیت! هەمان نموونەش بۆ مێژوو ڕاستە گەرچی تۆ ئێستا دەژیت بۆ داهاتوو، بەڵام ناکرێت درەختێکی بەرز ڕەگێکی پتەوی نەبێت! ئەوە جگە لەوەی لە ئەمڕۆدا مێژوو وەک زانستێک هاوکاری هەموو کایەکانی مرۆڤ و سەرجەم زانستەکانی تر بووە و بە درێژایی مێژووی خودی مێژوو خزمەتی کردووە.) منیش تەواو هاوڕای ئەوم، پێم وایە مێژوو وەک ئاوێنەیەکە دەبێت ڕابردووی تێدا بببینین کاتێک بەرەو داهاتوویەکی تر دەڕۆین. لە هەر سەردەمێکدا بێت مێژوو سوودی خۆی هەیە.
$چۆن وابکەین حەزمان لە خوێندنەوەی مێژوو بێت؟$
تێگەیشتن لە ڕۆمان تاڕادەیەک ئاسانترە بۆ هەموو تەمەنێکیش گونجاوە. لەگەڵ ئەوەشدا وا دەکات خوێنەر زیاتر ئاشنای کتێب ببێت و بەردەوام بێت لە گەڕان بە دوای شتە جوانەکاندا. بۆیە دەکرێت نووسەر لە چوارچێوەی ڕۆمانێکدا ڕووداوە کۆن و مێژووییەکان بە ئامانەت سەیر بکات و وەک خۆی باسیان بکات، بە زمانێکی پاراوتر پانتاییەک بۆ خۆی داگیر بکات. لەگەڵ ئەمەشدا دەبێتە ئەرشیفێکی نوێ بۆ ڕووداوەکان و خەڵکی زیاتر ئاشنا دەبن پێی.
لە ماوەی ڕابردوودا دوو ڕۆمان زۆر سەرنجیان ڕاکێشام کە ڕووداوەکانی چەندین دەیەی پێش خۆم باس دەکەن. ئەوانیش ڕۆمانی (جێسیکا) نووسینی وریا گلی و ڕۆمانی (مێزی ژمارە نۆ) نووسینی ئازاد گوڵەدین بوون. ئەم دوو ڕۆمانە زۆر سەرنجیان ڕاکێشام و حەزی خوێندنەوەی مێژوویان دووبارە لەلام درووستکردەوە. جێسیکا چیرۆکی ژیانی کچێکی بیانییە لە کوردستان، نووسەر هاوشێوەی بەرهەمەکانی تری وەک (هاوەڵانی ئەشکەوت، پاسەکەی نەنکم). بە زمانێکی تەواو ئاسان و بێگرێ ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە بە تایبەت مێژووی ناوچەیەک و ناوی کەسایەتییەکان و کولتووری ناوچەکە. مێژوونووسان کەمتر بایەخیان بەچەند ڕووداوێک داوە، بەڵام نووسەر لێرەدا بەجوانی کاری لەسەر کردوون، بە شێوەیەکی دراماتیکی دەیانگێڕێتەوە.
مێزی ژمارە نۆ ژیانی کوڕێکی هەژار باس دەکات باوکی کوژراوە. دەگەڕێت بۆ ئەوەی بکوژی باوکی بدۆزێتەوە و تۆڵەی لێ بکاتەوە. باسی مێژوویەک دەکات زۆربەمان دیوی یەکەمی دەزانین، بەڵام ژیانی کوڕەکە دیوی دووەمە، ڕەنگە زۆربەمان ئەوەیان نەزانین و بیرمان لێ نەکردبێتەوە. هەرچەند ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بە دەوری سیاسەتدا دەخولێنەوە، بەڵام خوێنەر هەست بە بێزاری ناکات لەگەڵیدا، بەڵکوو دەیەوێت زیاتر بیخوێنێتەوە.
$پێویست ناکات زمانێکی ئاڵۆزی هەبێت$
نووسەر لە گێڕانەوەی خودی مێژووشدا زمانێکی پاراوی هەیە. لە بەرهەمی پێشووتریدا ئەم تەکنیکی گێڕانەوەیەی لەلا درووست بووە، واتە لە کتێبی (هەستی نەتەوایەتی لای مەولانا خالیدی نەقشبەندی)دا. دەبێت ئەوەش بزانین نووسینی ڕۆمان چەند ئاسانیش بێت گرنگە ڕووداوەکان وەک خۆی باس بکەین. بەڕای من ئەگەر ڕۆمانێک ڕووداوی مێژوویی بگێڕێتەوە ئەوە پێویست ناکات زمانێکی ئاڵۆزی هەبێت. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی خوێنەر ئەو ڕووداوانەی نەبینیوە و قورسە بۆ ئەو وێنە لە خەیاڵی خۆیدا درووست بکات، بەڵام ئەگەر ڕۆمانێکی سەردەمی بێت ئاسانترە. چونکە خۆی لەنێو ڕووداوەکاندایە و ئاسانتر دەتوانێت لێی تێبگات. بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو بڕوایەی گرنگی گێڕانەوەی مێژوو لە ڕۆماندا ئەوەیە خوێنەر بێ تاقەت ناکات و بەڵکوو حەزی خوێندنەوەشی لەلا درووست دەکات و وا دەکات زیاتر بەدوای ڕووداوەکاندا بچین و ئاگامان لە هەموو دیوە شاراوەکانی مێژوو بێت.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!