ناونیشانی بابەت: ئابووریی مەعریفە چییە و ئێمە لە کوێی ئەو باسەداین؟
ناوی نووسەر: #نەزاکەت حسێن#
هەر کە باسی ئابووری دەکرێت، خەیاڵمان بەلای داهات و خەرجی و قازانج و گەڕاوەی مادییدا دەچێت، ئەمەش لە سادەترین مانایدا، ئابووری هەر بریتییە لەوەی چۆن پارە پەیدا دەکرێت، چۆن خەرج دەکرێت، چۆن قازانجی دەبێت…هتد.
هەمیشە ئابووری لە بازاڕی کاڵا و پیشەسازیدا باسی هەبووە. شتێک باسی ئابووریی مەعریفە و دەرکەوتنی ئەم چەمکە باسی نەبووە، تا کاتێک باسی ئابووریی میدیا سەری هەڵداوە، کە تێکەڵبوونی نێوان هەردوو زانستی ئابووری و زانستی ڕاگەیاندن بوو.
سەرهەڵدانی ئەم زانستە تێکەڵە و ئاوێتەیە بەڕوونی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی پیشەسازیی میدیا سەری هەڵدا و میدیا بوو بە پیشەسازی، واتە بۆ قازانجی مادی و دەستکەوت کاری کرد. کارگەی بەرهەمهێنانی میدیایی سەریان هەڵدا و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش هەمان کات بەدوای سەرچاوەی ئابوورییدا دەگەڕان، کە بەرهەم بهێنن و بەرهەم بفرۆشن، یاخود دەستکەوتی داراییان هەبێت، یان لەسەر پێیی خۆیان بوەستن، یان لەگەڵ بودجەی دابینکراو بۆیان، خۆشیان سەرمایەیە
هەڵبەتە لەپێشدا و لە سەرەتادا لە ڕاگەیاندن کەمتر باسی ئابووری هەبوو، یان باسی ئەوە هەبوو چۆن داهات پەیدا بکات، چونکە مۆدێلێک میدیا باوی هەبووە کە مۆدێلی میدیای حکوومی بوو، میدیا یان لای حکوومەت، یان کڵێسە، یان دەسەڵاتێک بووە، کە خەرجێیەکەی بۆ دابین کردووە، ئیتر دەزگا ڕاگەیاندنەکە تەنیا بیری لە بڵاوکردنەوەی بابەت و زانیاری کردووەتەوە، یان بابەتێک بەرهەم بهێنێت و بڵاوی بکاتەوە، نەک بیر لەوە بکاتەوە ئەم بابەتە بەرهەمی دێنێت چۆن گەڕاوەیەکی مادیی هەبێت.
لەگەڵ سەرهەڵدانی میدیای بازرگانی و ڕێکلام، وردەوردە ئەوە پەیدا بوو کە ڕاگەیاندن ئیتر دەتوانێت پارە پەیدا بکات. ئەڵبەتە بابەتی ئابووریی میدیا و ئابووریی مەعریفە ڕاستە لە زۆربەی ڕەهەندەکانییەوە هاوشێوەی ئابووریی پراکتیکییە و لقێکە لە ئابووریی پراکتیکی، بەڵام شێواز و پڕۆسەی ئاڵوگۆڕەکە جیاوازە.
لە ئابووریی پراکتیکی و بازاڕ و پیشەسازیی کاڵادا دراو دەگۆڕدرێتەوە بە کاڵا و کاڵا بە دراو، بەڵام لە ئابووریی مەعریفە و میدیادا باسی پەیامسازی دێتە ئاراوە، دراو دەگۆڕدرێتەوە بە پەیام و دەبێت ئەو پەیامە بە شێوەیەک بێت، بەهای لای وەرگرەکانی هەبێت، تا وەریگرن و ئیتر بەهای بازرگانی بێت، کە کاڵایەکی پێ بەهادار بکرێت، یان بەهایەکی کۆمەڵایەتی کە چارەسەری کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بکات و لەو ڕێیەوە خەرجێیەکە لەسەر وڵات کەم ببێتەوە، یان بەهایەکی تەندرووستی، کە گرفتێکی تەندرووستیی بۆ وڵات چارەسەر بکات.
خۆ ئەگەر بەهایەکی بازرگانی بوو کە ڕیکلامێکی بازرگانی بۆ بەرهەمێک کاڵایەک دەکرێت ئەوە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕەکە ڕوونترە و دراو دەگۆڕدرێتەوە بە پەیام و پەیامەکە بەهاداریی کاڵایەک یان بەرهەمێک دەکات، ئەو کات فرۆش و ساغبوونەوە درووست دەبێت و قازانجێک دەگەڕێتەوە.
ئایا ئێستا ئەم جۆرە لە ئابوورییە بووەتە ئابوورییەکی دیار لە وڵاتاندا، یاخود بەشداری دەکات لە ئابووریی گشتیی وڵاتدا؟ بە دڵنیاییەوە بەڵێ، جگە لەو ئاڵوگۆڕی و پەیام و بەهایەی، کە لە بەرهەمە میدیا بازرگانی و ڕیکلامییەکان هەیە، کە دواجار فرۆشی کاڵا و شمەک و بەرهەمەکان زیاد دەکات و بەمەش لە لایەک قازانج زۆر دەبێت، لە لایەک بەرهەمهێنان زۆرتر دەبێت، بەتایبەتیی وڵاتە پێشکەوتووەکان، کە پیشەسازیی کاڵا و بەرهەمیان هەیە.
لە هەمان کات دەتوانێت برەو بە چەندین کەرتی دیکەی وڵات بدات، نموونەی کەرتی گەشتیاری، کە ئێستا دەبینین وڵاتێکی وەک تورکیا و ئیمارات و وڵاتە گەشتیارییەکان ڕێکلامکردن و بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و ڕێکلامە سۆشیاڵ میدییایەکان ڕاکێشانی ملیۆنان گەشتیاری بۆ وڵاتەکە لێ کەوتووەتەوە.
تورکیا کە بەردەوام لە لوتکەی گەشتیاریدایە، ئامرازێکی بەهێزی بازاڕسازیی بۆ ناوچە گەشتیارەکانی دراماکانە کە لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی درامایەکەوە چەندین پەیامی تیادایە، سەرنجی جیهانی بۆ ناوچەکە و وڵاتەکە ڕاکێشاوە. تەنیا لە ماوەی پەخشکردنی درامای (نوور و موهەند). هێشتا دراماکە تەواو نەبووبوو، لە وڵاتانی کەنداو یەک ملیۆن گەشتیار بە مەبەستی گەشت سەردانی تورکیایان کرد، هەر هەمووشیان داوایان کردبوو ئەو شوێنە و ئەو ماڵە ببینن، کە ئەو درامایەی تیادا تۆمار کراوە. بۆیە ئابووریی مەعریفە ئابوورییەکە کە لە گۆڕینەوەی دراو بە پەیام و پەیامسازییەکی بەبەها و بۆ بەبەهاکردنی کاڵا و بەرهەم و شمەکێک، دواجار هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئابووریی گشتیی وڵاتدا.
پرسیارێک، ئایا لە هەرێمی کوردستان، ئێمە پارە لە میدیا و بەرهەمهێنانی مەعریفە خەرج دەکەین، یان پارەمان بۆ پەیدا دەکات؟ بە ڕاستەوخۆ بێت لە ڕێگەی فرۆشت و بەبەهاکردنی کاڵا و شمەک و ناوچە گەشتیارییەکانمان، یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پەیامە کۆمەڵایەتی و هۆشیاری و تەندرووستییەکان، قەیران و کێشەکانی ئەم بوارانەی کەم کردووەتەوە و ئەرکی حکوومەتی سووک کردووە؟
بە دڵنیایی تا ئێستا نا، ئێمە هێشتا لەو قۆناغەداین، پارە لە میدیا و بەرهەمهێنانی زانیارییەک خەرج دەکەین، بگرە بودجەیەکی زەبەلاح لە ڕێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە خەرج دەبێت کە بارگرانیی بۆ ئابووریی وڵاتەکە درووستکردووە، پێوانەمان نەکردووە چییە گەڕاوەکەمان دەستکەوتی مادییە، یان مەعنەوی، یان پەیامداری، واتە لە هاوکێشە ئابوورییەکەدا خەرج دەکەین، نەک دەستکەوت.
بێگومان ئەگەر هەرێمی کوردستان بیر لە ئابووریی مەعریفە بکاتەوە، تەنیا بۆ سێکتەرە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانی ئابووریی مەعریفەش گەشە دەکات و دواجار هاریکاریی ئابوورییە گشتییەکەی وڵات دەکات. ئەگەر بەرهەمهێنانی درامایەک یان چەند بەرهەمێکی هونەری بێت لە ناوچە گەشتیارییەکان، یاخود ڕێکلام بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکانمان و شوێنە مێژووییەکانمان. کە ئەمە هەنگاوێکی بچووکی وەبەرهینانە لە ئابووریی مەعریفە و ئیتر کاتی ئەوەشە بیر لە پیشەسازییەک و بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەیام و بەرهەمێکی میدیا و مەعریفەیی بکرێتەوە، کە سەرچاوەیەک بێت بۆ داهاتی وڵات. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!