ناونیشانی بابەت: فەلسەفەی نەورۆز و بەهار لە کوردستان / بەشی دوو
ئامادەکردنی: #عەزیز مورادی#
بەگوێرەی گێڕانەوەکان، بەهاری کوردی دوو مانگ بۆ 45 رۆژ بەر لە بەهاری فەرمی دەست پێدەکات و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت. لە شوێنێکی وەکوو #قەسری شیرین#، کە ناوچەیەکی گەرمەسێرە، سەرەتای مانگی رێبەندان بەهاری کوردی دەست پێدەکات، بەڵام لە #هەورامان# لە نیوەی رێبەندان بەدواوە بەهار دێت. ئەوەی جێی رامانە، ئەو ئەفسانە و چیرۆکانەیە لەبارەی هاتنی بەهار لەناو فۆلکلۆری زارەکۆی رۆژهەڵات، بەتایبەت لە #کرماشان# و #ئیلام#دا هەن. لە کرماشان پێیانوایە؛ بایەکی گەرم بەناوی (کەڵەبا) لەناو دڵی زەوییەوە دێتەدەر و زەوی هەناسە دەکێشێ و دنیا بەرەو گەرمی دەچێت و سەهۆڵەکان دەتوێنەوە، ئینجا بەهار دەردەکەوێت.
لە ئەدەبی زارەکیی خەڵکی کرماشاندا هاتووە: ”لە رۆژی 17ی رێبەندان، کوڕی راوچی دەچێتە کێوی شاهۆ، بەڵام سەرما و سۆڵە تاقەتی دەبڕێت و دەگەڕێتەوە. کاتێک دەگاتە پشت دەرکی ماڵەکەیان، دەبینێت باوک و دایکی لەبارەیەوە قسە دەکەن. باوکی دەڵێت کوڕەکەمان لەبەر ئەو سەرمایە تاقەت ناهێنێت و دەمرێ. دایکیشی دەڵێت مادام کوڕی منە، هەرچۆنێک بێت شەو دەگەیەنێتە رۆژ و هیچی لێنایەت. باوکەکەی دەڵێت ئاخر چۆن دەتوانێت؟ دایکی وەڵام دەداتەوە بەردێک دەگرێ بە شانەوە و ئەوەندە دەخولێتەوە تا خوێنی لەشی نەبەستێ و لەشی گەرم بمێنێتەوە“. کوڕەکە بە بیستنی قسەی باوک و دایکی ناچێتەوە ماڵ و دەگەڕێتەوە بۆ کێوی شاهۆ و گاشەبەردێک هەڵدەگرێت و ئەوەندە دەخولێتەوە تا لەشی ئارەقە دەکات و رۆژی لێدەبێتەوە. بەرەبەیان کە گاشەبەردەکە دەخاتەزەوی، بایەکی گەرم، کە کەڵەبای پێدەڵێن، بەفرەکان دەتوێنێتەوە. دواتر کوڕەکە دەگەڕێتەوە ماڵ و نەخۆش دەکەوێت و رۆژی 21ی رێبەندان دەمرێت. سێ خوشکی دەبێت، کە هەرکامەیان سێ رۆژ پرسەی بۆ دەگرن و دوای نۆ رۆژ، مانگی رێبەندان کۆتایی دێ و لە رۆژی 11ی رەشەمە، کە بە (پەنجەوتار) ناسراوە، نەورۆزی کوردی دەست پێدەکات.
لە ئەفسانەیەکی دیکەدا هاتووە: ”بە هاتنی بەهار (وەهار) هەموو ماڵێک دانەکوڵانەی دەخستە سەر کوانووی ماڵەکەی. (دانەکوڵانە، خواردنێکە لە دانەوێڵەی وەک گەنم و نۆک دروست دەبێ). شەوی یەکەمی بەهار، (میربەچکە) کە فریشتەی زەوییە لەگەڵ دوو لە منداڵەکانی و منداڵێکی کە ئیفلیجە، سەردەکێشنە سەر کوانوو و ئۆجاخی ماڵەکان. فریشتەی ئەوەڵ وەهار بۆیە سەردانی ماڵەکان دەکات، بۆ ئەوەی بزانێ گشت ماڵێک دانەکوڵانەی بەهاری دروست کردووە. شوێنەپەنجەی لەسەر مەنجەڵی ماڵەکان دەمێنێتەوە. خاوەن ماڵەکان کاسەیەکی پڕ لە دانەکوڵانەیان بۆ منداڵە شەلەکەیان لەپاڵ کوانووەکە دەهێشتەوە و پێیان وابوو؛ فریشتەی ئەوەڵ بەهار و منداڵەکانی لەو کاسەیە دەخۆن و هیوای پیت و بەرەکەت و رسقی زیاتریان لە ساڵی داهاتوودا بۆ دەخوازێ. لەو شەوەدا ئۆجاخی ماڵەکان رۆشن بوو و کەس ئاگری کوانووەکەی نەدەکوژاندەوە. هەر لەو شەوەدا خەڵک لەدەوری یەک کۆ دەبوونەوە و منداڵەکان لەناو کۆڵانەکان لە دەرکی ماڵەکان دەدەن و هاوار دەکەن:
ئەمشەو ئەوەڵ وەهارە
خەیر وەماڵت بوارە
ئۆسا خۆی و چەکوشی
خوا کوڕی کەس نەکوژی“.
$لەبارەی شەوی 14ی بەهاری کوردی، کە بە شەوی (گاهووڵ) ناسراوە، هاتووە:$
”ئەو رۆژە لەناکاو رەنگی ئاسمان سوور دەبێ. پیرەپیاوێکی زانا دەچێتە سەربانی ماڵەکەیان و داوا لە دراوسێکانی دەکات؛ لە ماڵ نەچنەدەر و خۆیان بۆ شەوێکی سەخت ئامادە بکەن، بەڵام دراوسێکانی گاڵتەی پێدەکەن و دەڵێن؛ رۆژێکی گەرم و خۆشە و ئەمشەو بەرد ببارێ، بەفر نابارێ. پیرە پیاوەکە داوا لە منداڵەکانی خۆی دەکا، گاهووڵ، کە گایەکی قاوەیی مەیلەوسوورە بکوژنەوە و ئامادەی بکەن بۆ شەو. کوڕەکانی ئەو کارە دەکەن. لەگەڵ هاتنی شەو، بەفرێک دەست پێدەکات، کە بەدرێژایی ژیانیان نەیانبینیوە. کوڕەکانی پیرە پیاوەکە تا بەیانی بە نۆرە بەفری سەربانەکەیان دەماڵن و بە شۆربای گەرمی گاکەیان خۆیان گەرم دەکەنەوە. سبەی کە خۆر هەڵدێ، دەبینن گوندەکەیان لەژێر بەفر نوقم بووە و تەنیا ئەوان بەزیندوویی ماونەتەوە“.
$دایکی ئەوەڵ بەهار (داڵک ئەوەڵ وەهار)$
(داڵگ ئەوەڵ وەهار) یان دایکی ئەوەڵی بەهار، کەسایەتییەکی ئەفسانەییە، پەیڕەوکارانی #یارسان# لە رۆژهەڵاتی کوردستان باوەڕیان وایە (دایکی ئەوەڵی بەهار) سەردانی هەموو ماڵە کوردێک دەکات، تا هاتنی بەهاریان لێ پیرۆز بکات. بەهاری کوردی لای یارسانەکان و گوندنشینەکانی رۆژهەڵات، بەپێچەوانەی نەورۆزی فەرمی لە رۆژی یەکەمی مانگی رێبەندانەوە دەست پێدەکات.
بەپێچەوانەی کولتووری گەلانی دیکەی ناوچەکە، کە پیاوێک بەناو (مامە نەورۆز) مزگێنیی بەهاری پێیە، لای کورد و یارسانەکان ژنێک بە ناوی (داڵگ ئەوەڵ وەهار) ئەو مزگێنییەی پێیە و سەردانی سەرجەم ماڵەکان دەکات، تا لە هاتنی بەهاری کوردی ئاگاداریان بکاتەوە.
تا ئێستاش لە دەڤەری یارسان نشینی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان شەوێک بەر لە یەکەم رۆژی مانگی رێبەندان، شلەیەکی تایبەت لە چەند جۆر دانەوێڵە دروست دەکەن، کە پێشتر لە هەفت جۆر دانەوێڵە بوو. ئەم شلەیە بۆ ئەوەیە داڵگ ئەوەڵ وەهار لێی بخوا. یارسانەکان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان پێیانوایە؛ دایکی ئەوەڵ بەهار لەگەڵ سەردانی بۆ ماڵەکان لەو شلەیە دەخوا، بۆیە هەمیشە لەناو مەنجەڵێکدا کەمێک لەو شلەیە لەپاڵ کوانوو و ئۆجاخی ماڵەکان دەهێڵنەوە، تا دایکی ئەوەڵی بەهار بە خواردنی ئەو شلەیە، پیت و بەرەکەت بەسەر ماڵەکەیاندا بڕژێنێت.
داڵگ ئەوەڵ وەهار، دایکێکی میهرەبانە و هێمایە بۆ زاوزێ و ژیانێکی نوێ. لە ناوچەی گۆران بەم دایکە دەڵێن (گاوارە لە کۆڵ) واتا (دایکی بێشک بە کۆڵ). لە هەندێ شوێنی دیکەی کوردستان بە (میم بەرچەم) ناسراوە و ئەو شلەیەش بۆی دروست دەکەن، شلەی میم بەرچەمی پێ دەگوترێ.
ئەو شەوە وەک شەوی چلە لای خەڵکی یارسان پیرۆزە و بە نەریتی جۆراوجۆری وەک دانانی هەنار لەسەر خوانەکان و یارییە کۆنەکانی کوردەواری بەڕێ دەکرێت.
یەکێکی دیکە لە چیرۆکەکان لەبارەی بەهار و نەورۆز، چیرۆکی کاوەی ئاسنگەرە، کە بەشێک لە مێژووناسان بە ئەفسانەی دەزانن و بەشێکی دیکە دەڵێن؛ ئاسنگەرێکی سەردەمی ئەشکانی، یان ساسانییەکان بووە، گرنگییەکەی لەوەدایە، کە لەناو خەڵکی هەژار و رەش و رووتدا ژیاوە و توانیویەتی لەبەرامبەر حکوومەتی زاڵم و چەوسێنەری زوحاک، یان زەحاک شۆڕشێک بەرپا بکات، کە رزگاری و ئازادیی بەدواوە بوو. کاوە باوکی هەژدە منداڵ بووە، کە هەڤدە لە منداڵەکانی بەدەستی زەحاک دەکوژرێن، بەڵام لەپێناو خاک و وڵات کۆڵ نادات و هەر دەگات بە ئازادی. زیاترین مێژووناسان پێیانوایە، کاوە پاڵەوان و ئاسنگەرێکی سەردەمی ساسانییەکان بووە. ساسانییەکان لەسەر ئایینی #زەردەشت#ی بوون و حوکمڕانی کوردستانی کەونارا بوون، کە جوگرافیایەکی گەورە و بەرینی هەبووە. #کاوەی ئاسنگەر# لە کاتی شۆڕشەکەی خاوەن ئاڵایەک بوو، کە بە ئاڵای کاویانی ناسراو بوو و لە چەرم دروست کرابوو. ئەو ئاڵایە یەکەم ئاڵای نیشتمانیی خەڵکی رەشوڕووتە لەبەرامبەر حکوومەتێکی زاڵم، کە بە هاتنی ئیسلام و شکستی یەزگرد، ئاڵاکە دەکەوێتە دەستی عەرەبەکان.
کورد پێیوایە، ئاگری نەورۆز یەکەم جار بە دەستی کاوەی ئاسنگەر کراوەتەوە، بۆیە ئاگرێکی پیرۆزە و یەکێکە لە هێما پیرۆزەکانی ئایینی زەردەشتی، کە پێشتر باووباپیرانی کورد رێزیان لێ گرتووە. (جیمز موریە) لە ساڵی 1812 لە کاتی سەردانی بۆ بناری چیای دەماوەند باسی جەژنێک دەکات، کە بە جەژنی کوردی و بەهاری کوردی ناوی دەبەن.
ناوی کاوەی ئاسنگەر لە #شانامەی کوردی# و دەفتەری پیرۆزی یارسان، کە بە (نامەی سەرەنجام) ناسراوە، وەکوو شۆڕشگێڕێکی کورد هاتووە. زۆر لە شاعیران و نووسەرانی کورد لە زاری خەڵکەوە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەریان کۆکردووەتەوە و کردوویانە بە دەقێکی ئەدەبی، کە تێیدا هاتووە:
”زوحاکی فێڵباز بە یارمەتیی گرووپێکی خەیانەتکار دەست دەگرێت بەسەر خاکی کوردستان و دەکەوێتە چەوساندنەوەی خەڵک و کاری دەبێتە کوشت و کوشتار. لەسەر شانی دوومار دەڕووێن، کە خواردنیان مێشکی گەنجی کوردە. کاوەی ئاسنگەر، کە هەڤدە منداڵی بووە بە خۆراکی مارەکانی سەرشانی زوحاک، خەڵکێکی دڵسۆز لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە و دواجار زوحاک دەکوژێ و کوردستان رزگار دەکات و بەو بۆنەیەوە جەژنێک دەگرن، کە دواجار بە جەژنی نەورۆز و ئاگری نەورۆز ناوی دەرکرد“. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=