ناونیشانی بابەت: کاوەی ئاسنگەر... دوور لە ئەفسانە یان راستی
ئامادەکردنی: #عەزیز مورادی#
لەم ساڵانەی دواییدا؛ دوو سێ نووسەر و شاعیر لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە شوێن بۆچوونێکی شاعیری فارس (ئەحمەدی شاملوو) کە گوایە: چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر بەوجۆرەی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە هەڵەیە و چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک دەبێ پێچەوانە بکرێتەوە، واتا زوحاک دادگەر و ئاشتیخواز بووە و کاوە زاڵم و خوێنڕێژ. ئەمانە بۆ ئەوەی رای گشتیی کورد لەگەڵ خۆیان هاوڕا بکەن. بەوەشەوە نەوەستان و دەڵێن: زوحاک پاشای کوردستان بووە و کاوە ئاژاوەگێڕێکی فارس بووە.
ئەم بۆچوونە هیچ بەڵگە و بنەمایەکی مێژوویی نییە تا پشتی پێ ببەسترێت، ئەوە نەبێ بەئەنقەست، یان لە رووی نەزانییەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا دەکەن، تا گومان بخەنە سەر نەورۆز و لەو رێیەوە بەشێکی گرنگ لە فەرهەنگ و کولتوور و مێژووی کورد، کە هێمای یەکگرتن و بەرخۆدانە، رەش بکەنەوە.
چیرۆکی #کاوەی ئاسنگەر#، ئەفسانە بێ یان راستییەکی مێژوویی؛ بەجۆرێک خۆی خزاندووەتە ناو نەورۆز و بیری تاکی کورد و بەشێکە لە کەلەپووری نەتەوایەتی و هێمای شۆڕشە دژی داگیرکەرانی کوردستان، کە هیچ هێز و بۆچوونێکی بێ بنەما، ناتوانێ لە کولتوور و ژیانی کورد جیای بکاتەوە.
ژمارەیەک لە مێژوونووسان چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر بە ئەفسانە دەزانن و بەشێکی دیکە پێیانوایە: کاوە، ئاسنگەرێکی سەردەمی ئەشکانی، یان ساسانییەکان بووە.
خەڵکی ئەو سەردەمە لەسەر ئایینی #زەردەشت#ی بوون و خاوەن خاک و نیشتمانێکی بەرین و مەزن بوون.
دەگێڕنەوە؛ لەو سەردەمەدا کوردستان لە لایەن کەسێکی زاڵم بەناو زوحاک و دارودەستەکەی داگیر دەکرێت و زوڵم و زۆرداری لە وڵات بڵاو دەبێتەوە. کەسێک بەناو کاوەی ئاسنگەر، کە باوکی هەژدە منداڵ دەبێ و هەڤدە لە منداڵەکانی بە دەستی زوحاک دەکوژرێن، ئەو زوڵم و زۆردارییە قبووڵ ناکات و شۆڕش دەکات.
کاوەی ئاسنگەر لە کاتی شۆڕشەکەی خاوەن ئاڵایەک بوو، کە ئاڵای (کاویانی)یان پێ دەگوت. ئەو ئاڵایە، یەکەم ئاڵای شۆڕشگێڕانی کوردە، کە بە هاتنی ئیسلام و شکستی یەزگردی سێیەم، دەکەوێتە دەستی عەرەبەکان. ئەو ئاڵایە بەدرێژایی مێژوو گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا دێت، بەڵام دواجار هەر دەمێنێ و دەبێتە ئەو ئاڵایەی ئێستا لە کوردستان دەشەکێتەوە.
نەورۆز و کاوەی ئاسنگەر پێکەوە گرێدراون. ئاگری نەورۆز یەکەم جار بە دەستی کاوەی ئاسنگەر کراوەتەوە، بۆیە ئاگرێکی پیرۆزە و یەکێکە لە هێما پیرۆزەکانی ئایینی زەردەشتی، کە پێشتر باووباپیرانمان رێزیان لێ گرتووە.
جیمز موریە، نووسەر و سیاسەتڤانی بەریتانیی سەردەمی قاجارەکان لە ئێران، لە ساڵی 1812 لە کاتی سەردانی بۆ بناری چیای دەماوەند باسی جەژنێک دەکات، کە بە جەژنی کوردی و بەهاری کوردی ناوی دەبەن. ناوی کاوەی ئاسنگەر لە #شانامەی کوردی# و دەفتەری پیرۆزی #یارسان#، کە بە (نامەی سەرەنجام) ناسراوە، وەکوو شۆڕشگێڕێکی کورد هاتووە. زۆر لە شاعیران و نووسەرانی کورد لە زاری خەڵکەوە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەریان کۆکردووەتەوە و کردوویانە بە دەقێکی ئەدەبی، کە تێیدا هاتووە: زوحاکی فێڵباز بە یارمەتیی گرووپێکی خەیانەتکار دەست دەگرێت بەسەر خاکی کوردستان و دەکەوێتە چەوساندنەوە و کوشت و بڕی خەڵک. لەسەر شانی دوومار دەڕوێن، کە خواردنیان مێشکی لاوانی کوردە. کاوەی ئاسنگەر، کە هەڤدە منداڵی بووە بە خۆراکی مارەکانی سەرشانی زوحاک، خەڵکێکی دڵسۆز لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە و دواجار زوحاک دەکوژێ و کوردستان رزگار دەکات و جەژنێک دەگرن، کە دواجار بە جەژنی نەورۆز و ئاگری شایی ناوی دەرکرد.
نازانم بۆ چەند ساڵێکە هەندێ کەس دەیانەوێ چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک پێچەوانە بکەنەوە، لەحاڵێکدا هەزار و دووسەد ساڵ لەمەوبەر، مێژووناسی کورد (ئەبووحەنیفەی دینەوەری) دەڵێت: کورد لە بنەچەی کاوەی ئاسنگەرن و کاوە و نەورۆز پێکەوە گرێ دەدات. شەشسەد ساڵ بەر لە ئێستا (شاقولی)، کە لەدایکبووی گوندێکی بناری چیای شاهۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کوردبوونی بە کاوەی ئاسنگەر بەستووەتەوە، کاتێک بە هەورامی دەڵێت:
ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سپای زەحاک کەردەم هورد
کاوەی ئاسنگەر هیچ لە بەهای کەم ناکاتەوە، چ ئەفسانە بێ یان کەسایەتییەکی راستەقینەی ناو مێژوو؛ چونکە لەناو کۆنترین دەقە ئەدەبی و مێژووییەکان وەکوو پاڵەوان و قارەمانێکی رزگاریخوازی کورد ناوی هاتووە. کاوە، قارەمان و پاڵەوانی ناو شانامەی فیردەوسی، شانامەی ئەبوومەنسووری، گەرساسپ نامە و شانامەی کوردییە.
پێشەنگی مرۆڤایەتییە لە سەردەمی ئاسن و پیشەسازی، کە کۆتایی دەهێنێ بە داگیرکاریی خاک و نیشتمان.
بۆ ئەوەی ئەو رووداوە مێژووییە لەبیر نەچێتەوە و کورد پاڵەوان و رزگاریخوازانی خاک و نیشتمانی فەرامۆش نەکات، هەموو ساڵێک بە هاتنی بەهار، جەژنی نەورۆز بە شایی و هەڵپەڕکێ و جۆش و خرۆشەوە بەڕێوە دەچێت. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!