ناونیشانی بابەت: وەبیرهێنانەوەیەک دەربارەی پەیماننامەی سیڤەر
ناوی نووسەر: #چۆمان حەمە تەقێدین#
#پەیماننامەی سیڤەر# لە ڕێکەوتی (#10-08-1920#) واژۆ کرا لە شاری سیڤەری باشووری فەرەنسا له نێوان دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەکە واته دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و دەوڵەتانی هاوپەیمانان (ئیمپراتۆریای بەریتانیا و کۆماری فەرەنساو دەوڵەتانی تری هاوپەیمانان). دەوڵەتی عوسمانی یەکێک بوو لە دەوڵەتەکانی ناوەند (مرکز)دۆڕابوو لە جەنگی یەکەمی جیهانی و لە بەردەم هەڕەشەی مەرگ و دابەش بووندا بوو، واتە ئەو دەوڵەتە دابەش ئەکرا لەنێوان دەوڵەتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهانی کە دەوڵەتانی هاوپەیمانان بوون. هەرووەها دەوڵەتەکانی تری ناوەند (مرکز)بریتی بوون لە ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا و ئیمپراتۆریای نەمسا- مەجەر (هەنگاریا)و شانشینی بولگاریاو چەند دەوڵەتێکی تر. دەوڵەتی عوسمانی ڕووبەرەکەیی 1.988.540 کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو لە ساڵی (1914ز)، ئەوەش پێکهاتبوو لە خاکی سێ نەتەوه، واتا هەر سێ نەتەوەی عەرەب و تورک و کورد:
یەکەم/ خاکی عەرەب 1.046.978 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
دووەم/ خاکی تورک 498.562 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
سێیەم/ خاکی کور د 443.000 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
بەم شێوەیە دابەشکرا بۆ سەر چەند دەوڵەتێک کە دەوڵەتانی هاوپەیمانان نیازی دامەزراندنیان هەبوو:
یە ک/ تورکیای ئێستە: 453.540 کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە نزیکەیی 24.4600 کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی باکووری کوردستان بوو، واتا 8.6% ی خاکی باکووری کوردستان، ئەوەش ئەکاته 3.5% ی خاکی کوردستانی گەورە.
دوو/ کوردستان (باکووری کوردستان): 114.000 کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتا 40% ی خاکی باکووری کوردستان، ئەوەش ئەکاته 16.3%ی خاکی کوردستانی گەورە.
سێ/ ئەرمینیا (باکووری کوردستان) بێجگە لە خاکی ئەرمینیای ئێستە: 160.0000 کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە نزیکەی 146.540 کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی باکووری کوردستان، واتا 51.4 %ی خاکی باکووری کوردستان، ئەوەش ئەکاته 20.9%ی خاکی کوردستانی گەورە، لەگەڵ 13.460 کیلۆمەتر چوارگۆشەش خاکی تورکیا بوو. واتا دەوڵەتی پێشنیارکراوی ئەرمینیا بریتی بوو له 91.6% ی خاکی باکووری کوردستان و 8.4% ی خاکی تورکیا.
چوار/ سووریا:350.000 کیلۆمەتر چوار گۆشه.
پێنج/ میزۆپۆتامیا (ئێراق) : 370.000 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
شەش/ حیجاز (سعودیە) : 260.000 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
حەوت/ عسیر (سعودیە) : 91.000 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
هەشت/ یەمەن: 190.000 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
لە دوای لە باربردنی پەیماننامەی سیڤەر جارێکی تر نەخشەی جوگرافی و سیاسی ناوچەکە بەم سێوەیە داڕێژایەوەیە:
1- تورکیا 783.562 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
2- ئێراق 438.317 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
3- سعودیە (حیجاز و عەسیر) 257.887 کیلۆمەتر چوارگۆشە ، واتا 122% ی ڕووبەری خاکی شانشینی سعودیە دەکات ، واتا ناوچەی حیجاز و عەسیر لەژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان دا بووە پێشتر.
4- یەمەن (کۆماری عەرەبی یەمەنی پێشوو) 195.000 کیلۆمەتر چوارگۆشە ، واتا دەکاتە 36.99% ی خاکی وڵاتی یەمەن لەژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان دا بووە.
5- سووریا 185.180 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
6- شانشینی ئوردەن 89.342 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
7- ئیسرائیل بە ناوچەی دەسەڵاتداری هەرێمی فەلەستین 28.800 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
8- لوبنان 10.452 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
بەندەکانی ئەم پەیماننامەیە نزیکەیی 443 بەندە کە لەو ژمارەیە بەندەکانی (62 و63 و 64)تایبەت بوون بە کورد و سەربەخۆیی کوردستان، ئەمەش دەقی بەندەکانە سەبارەت بە کورد و کوردستان:
بەندی 62: (لیژنەیەکی سێ قۆڵی پێک دێت بارەگاکەی لە ئێستامبوڵ دەبێت، ئەو لێژنەیە لە لایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا پێک دێت، لەگەڵ نوێنەری کورد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمییەکی ناوچەیی بۆ ناوچە کوردییەکان لە دوای 6 مانگ لە واژۆ کردنی ئەو پەیمانە، سنووری ئەو ناوچەیەش بریتییە لە خۆرهەڵاتی فورات و باشووری خۆراوای سنووری ئەرمینیا کە لە دوای ئەوەش دیاری دەکرێت لە سەرووی سنووری تورکیا و سووریا و میزۆپۆتامیا کە لە دەقی دووەمین و سێیەمین بڕگەی دووی بەندی 27 دا دەستنیشان کراوە، ئەگەر لە کاتێکیشا ئەو لێژنەیە لە هەر مەسەلەێک نەگەیشتنە ئەنجامێک ئەوا هەر یەکە ڕاپۆرتی خۆی لەو مەسەلەیە دەداتەوە حکومەتەکەی، لەو پڕۆژەیەدا پێویستە ڕەچاوی تەواوی مافەکانی ڕەگەزیی و ئایینی کلدان و ئاشوور و کەمایەتییەکانی تری نەتەوەیی و مەزهەبی بکرێت لەنێو ئەو سنوورەی لە سەرووە دیاری کرا، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەکی تری پێکهاتوو لە بەریتانی و فەرەنسی و ئیتاڵی و فارسی و کوردی سەردانی مەیدانی دەکەن بۆ هەر دەستکارییەک ئەگەر پێویست بکات لە سنوورەکانی تورکیا، لە بەر ئەوەی ئەو سنوورە لەژێر مەرجەکانی ئەو پەیمانەیە تا سنووری فارس).
بەندی63: (لەو ساتەوە حکومەتی عوسمانی تورکی پەیمان دەدا بە ڕازی کردنی به و بڕیارانەی کە لە هەر دوو لێژنەی ئاماژە پێکراو لە بەندی62 دا هاتووە وا لە ماوەی 3 مانگیش جێ بە جێیان دەکات، لە دوای جاڕدانی).
بەندی 64: (لە دوای ساڵێکی تر ئەگەر زۆربەی گەلی کورد کە لەو سنوورەی کە لە بەندی 62 دا دیاری کراوە ، داوای سەربەخۆییان لە کۆمەڵەی نەتەوەکان کرد، بیانەوێت لە تورکیا جیاببنەوە ، کۆمەڵەی نەتەوەکانیش زانییان ئەوانە دەتوانن ئەو سەربەخۆییە بەڕێوەببەن و ڕاسپێری دەکەن، ئەوە دەبێت تورکیا دانیان پێدا دەنێت ، و لە هەموو مافەکانی خۆی لەو ناوچانە دەست هەڵبگرێت، وردەکاری ئەو دەست لێ هەڵگرتنەش بابەتی ڕێکەوتنی تایبەتیی دەبێت لەنێوان دەوڵەتە هەرە گرنگەکانی هاوپەیمانان و تورکیا، ئەو کاتەش هێزە سەرەکییەکانی هاوپەیمانان هیچ ڕێگرییەک ناکەن لە تێکەڵ بوونی ئارەزوومەندانەی ئەو بەشە کوردستیانە لە ویلایەتی موسڵ بۆ ئەو دەوڵەتە کوردییە سەربەخۆییە درووست دەبێت).
بەپێی ئەو بەندانە دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان تەنیا بەشێکی باکووری کوردستانی دەگرتەوه و بەشە زۆرەکەی باکووری کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی ئەرمینیا لێ پێک دەهات واتە لەسەر حیسابی خاکی نەتەوەی کورد لە ناوچەکەدا. ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە بەپێی پەیماننامەی سێڤەر دورست ئەکرا بۆ کورد، باشوور و خۆراوای کوردستانی نەدەگرتەوە. بێجگە لەوە دەوڵەتەکە بە هیچ شێوەیەک خۆرهەڵاتی کوردستانی نەدەگرتەوە ئەو بەشەی کوردستان سەربە دەوڵەتی عوسمانی پێشوو نەبوو، بەڵکوو سەربە دەوڵەتە ئێرانییەکان بووە لە دێرزەمانەوە. بەڵام دواتر ئەم پەیماننامەیە گۆردرا بە پەیماننامەی لۆزان (24-7-1924) بەوەش خەونی دەوڵەتی کوردی بە پێی پەیماننامەی لۆزان هەڵوەشایەوە بەمەش سەردەمێکی ناخۆش و ئازا و زولم و زۆرداری کوردان لە سەرجەم پارچەکانی هات.
ئەمانەش دەقی ئەو بەندەکانەی پەیماننامەی سیڤەر سەبارەت بە ئەرمینیا هاتووە:
بەندی88: (بەپێی مەرج و ڕاسپێرییەکانی هاوپەیمانەکان بە سەر تورکیاوە، ئەوە تورکیا دان بە ئەرمینیا دەنێت وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ).
بەندی89: (تورکیا و ئەرمینیا ڕێک دەکەون لەسەر سنوورەکانی ویلایەتەکانی ئەرزەڕۆم و ترابزون و وان و بتلیس . ئەوەش بە ناوبژیوانی سەرۆکی ئەمریکا دەبێت یان هەر جۆر چارەسەرییەکی تر، بۆ ئەوەی سنووری ئەرمینیاش بگاتە سەر دەریا ئەگەر ئەمە وای خواست زەوی تری تورکیاشی بە لەگەڵ بکەوێت).
بەندی90: (لە کاتی دەستنیشان کردنی ئەو سنوورەی کە لە بەندی (89) دا هاتووە ئەو ویلایەتانە یان بەشێک لێی بخرێتە سەر ئەرمینیا و لە ڕێکەوتەش تورکیا لێی دەکێشێتەوە، بە هەمان شێوە ڕێکەوتنەکانی سەبارەت بە پابەندی داراییەوە وادەبێت).
بەندی91: (لە کاتی بەشینەوەی هەر ناوچەیەک کە لە بەندی (89) ئاماژەی پێکراوە بۆ ئەرمینیا ئەوە کۆمیسیۆنێکی سنوور، کە بڕیاری پێکهێنانی دوایی دەدرێت، لە ماوەی 3 مانگ پێک دێت لە کاتی وەرگرتنی بڕیارەکەوە کاری ئەو کۆمیسیۆنە دیاری کردنی سنووری نێوان ئەرمینیا و تورکیا دەبێت).
بەندی92: (لەبارەی دیاری کردنی سنووری نێوان ئەرمینیا و جۆرجیا (گورجستان) و ئازەرباینجان لەنێوان خۆیان، ئەگەریش دیاری نەکرا، ئەوە لە لایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە دیاری دەکرێت ).
بەندی93: (ئەرمینیا ڕازی دەبێت بە هەر جۆرە دەستکارییە ک کە هاوپەیمانان ئەنجامی دەدەن و بە پێویستی دەزانن بۆ پاراستنی ئەو هاوڵاتیانەی کە لەگەڵ زۆرینەی خەڵکی ئەرمینیا لە ڕەگەز ودین و زمان جیان).
سەرچاوەکان:
1-نۆیل باربەر: فەرمانڕەواییانی قۆچ زێرین (لەسوڵتان سلێمانی قانوونییەوە تائەتاتورک)-وە:رێبوار کەریم وەلی-هەولێر2001ز.
2-د.مارف خەزنەدار:مێژووی ئەدەبی کوردی-بەرگی یەکەم-هەولێر2001ز.
3-یاسین صابرصاڵح:ئینسایکلۆپیدیای گشتی -سلێمانی2005ز.
4-عەلی کەندی:فەرهەنگی ڕووداوەکانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-هەولێر2005ز.
5-حەسەن ئەرفەع:کوردەکان-وە:حامید گەوهەری-هەولێر2007ز.
6-د.عبدالرحمان قاسملوو:کوردستان وکورد-وە:عبداللە حەسەن زادە-2007ز.
7-کەمال بورکای:کوردوکوردستان-وە:عەلی فەتحی-هەولێر2008ز.
8-مانەند ڕۆژە:ئەرمۆساید-سلێمانی2008ز.
9-بێ نووسەر:بەندەکانی کۆنگرەی سیڤەروخوێندنەوەیەکی تر-وە:سەلام ناخۆش-هەولێر2009ز.
10-فەرید ئەسەسەرد:ئەتڵەسی سیاسی هەرێمی کوردستان (1914-2005ز)-سلێمانی2010ز.
11-د.فەرهاد پیرباڵ:کرۆنۆلۆجیای کوردستان625پ.ز-1932ز- هەولێر2011ز.
12-ن.لازایف:مێژووی کوردستان-وە:وشیار عەبدوڵڵاسەنگاوی-هەولێر2012ز.
13-بێرناردلویس:ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-وە:عەبدوڵڵا ڕەسولی-هەولێر2014ز.
14-ئینتەرنێت-ویکیپیدیای ئازاد.
تێبینی/ ئەم بابەتە پێشتر لە باسنیوز بڵاوکراوەتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=