ناونیشانی بابەت: بنەماڵەی جەلیلییەکانی موسڵ
ناوی نووسەر:
چۆمان حەمە تەقێدینچۆمان حەمە تەقێدین
جەلیلییەکانی موسڵ بنەماڵەیەکی به ناوبانگی سیاسی و دەوڵەمەندو بە دەسەڵاتی شاری موسڵ و ئیالەتی موسڵ و دواتر ویلایەتی مووسڵ بوون لە ئێراق و باشووری کوردستان تا ساڵی (1958ز).
ڕەچەڵەکی ئەو بنەماڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتییەکی کوردی بەناوی ئیسماعیل نال خزوەی دیاربەکری که خەڵکی شاری ئامەد (دیاربەکر)ی باکووری کوردستان بووه، بەڵام هەندێ سەرچاوە دەڵێن بنەماڵەی جەلیلییەکان خانەوادەیەکی کلدۆئاشووری بوون و دواتر بوون به موسڵمان و له شاری ئامەد (دیاربەکر)ی باکووری کوردستانەوە کۆچییان بۆ شاری موسڵ لە هەرێمی باشووری کوردستان کردوەو نیشتەجێی ئەوە شارە بوون.
له ڕاستیدا جەلیلییەکان خانەوادەێکی بە بنچینە کوردن، کە لە شاری ئامەد (دیاربەکر)ی باکووری کوردستانەوە بۆ مووسڵ لە هەرێمی باشووری کوردستان هاتوون، بوونەتە دەسەڵاتداری شاری موسڵ و ئیالەتی موسڵ لە هەرێمی باشووری کوردستان، ئەوەیش لە نێوان ساڵانی (1840_1726ز)دا بووە.
لە دوای ساڵی (1726ز)ەوە خانەوادەی جەلیلییەکان لەسەر شانۆی سیاسی شاری موسڵ و ئیالەتی موسڵ دەرکەوتن، هەروەها پاش ئەوەی که نادر شای ئەفشار (1736_1746ز) یەکەم شای دەوڵەتی ئەفشارییەکانی ئێران له ساڵی (1743ز) گەمارۆی شاری موسڵی پایتەختی ئیالەتی موسڵی دا حاج حوسێن پاشای جەلیلی (1743_1758ز) له ساڵی (1743ز) وەکو دووەمین کەسی ئه و بنەماڵەیە بووه، والی ئیالەتی موسڵی سەر بە باشووری کوردستان بەڕەنگاری هەڵمەتەکەی نادر شای ئەفشار (1736_1746ز) شای دەوڵەتی ئەفشارییەکانی ئێران بووەو توانی شکست بە گەمارۆدانەکە بهێنێت.
لە پاش حاج حوسێن پاشای جەلیلی (1743_1758ز) ئیتر نزیکەی شانزدە کەسی یەک له دوای یەک ئەندامانی ئه و بنەماڵە کوردییە بوونە والی ئیالەتی موسڵ تا ساڵی (1840ز). هەروەها چەند والێکی ئەو خانەوادەیە چەندان هەڵمەتیان کردۆتە سەر ئێزیدییە کوردەکانی شەنگال و شێخان بە هاندانی دەسەڵاتدارانی ئیالەتی بەغداد و سوڵتانەکانی دەوڵەتی عوسمانییەکان و هەروەها چەندان جار لە دژی میرەکانی وەکو میرنشینی بابان و سۆران و بادینان کە سێ میرنشینی کوردی بوون لە سنووری ئیالەتی شارەزووری باشووری کوردستان و والییەکانی ئیالەتی شارەزوور ئەنجام داوەو هەروەها چەندان والی سەربە خانەوادەی جەلیلییەکان لە ئیالەتەکانی بەغداد و بەسڕا لە ناوەڕاست و باشووری ئێراق و ئیالەتی ڕەققە یان ئورفای باکوور و خۆرئاوای کوردستان و وڵاتی سوریای ئێستا بوونەتە دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایان کردووە لە چەندین قۆناغی جیا جیادا.
بنەماڵەی جەلیلییەکانی موسڵ لە ساڵی (4018ز)ەوە پۆستی والیەتی ئیالەتی موسڵ نەمان، بەڵام وەکو بنەماڵەیەکی بە دەسەڵات و دەوڵەمەند و بازرگانی شاری موسڵ مانەوه و پاش داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ لەلایەن هێزەکانی سوپای بەریتانیاوه لە دوای ئەوەی جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی هات کە لە ساڵی (1918ز)دا بووە و لکاندنی ویلایەتەکە به ئێراقی عەرەبییەوە واتا هەردوو ویلایەتی (بەغداد، بەسڕا)و پەیرەوکردنی سیاسەتی تەعریب کردن لە سنووری هەرێمی باشووری کوردستان و پارێزگەکە به گشتی و شاری موسڵ به تایبەتی، ئەوه بوو ئەم خانەدانە بووە لە ماڵباتێکی کوردییەوە بووە بە ماڵباتێکی عەرەب و هەروەها شارەکە لە زۆرینەیەکی کوردییەوە بووە زۆرینەی عەرەب و هەروەها له ساڵی (1958ز)ەوە خانەوادەی جەلیلییەکان بوونە خانەوادەێکی ئاسایی شارەکه و له سەر شانۆی سیاسی شارەکە و ئێراق نەمان، ئەوەش لە پاش ئەوە هات کە شۆڕش یان کودەتای (14) ی تەمموز کە لە ڕێکەوتی (1958_7_14) ئەنجامدرا لە دژی ڕژێمی پادشایەتی لە ئێراق بە سەرۆکایەتی عەقید عەبدولکەریم و کە سیستەمی سیاسی لە ئێراق لە پادشایەتییەوە بۆ سیستەمی کۆماری گۆڕا.
ناوی والی و کەسایەتییەکانی خانەوادەی جەلیلی:
یەکەم/ ئیسماعیل پاشای جەلیلی (1743_1726) 17ساڵ.
دووەم/ حاج حوسێن پاشا کوڕی ئیسماعیل پاشای جەلیلی (1743_1758ز) 15 ساڵ.
سێیەم/ غازی مەحمەد ئەمین کوڕی حاج حوسێن پاشای جەلیلی (1758_1774ز) 16ساڵ.
چوارەم/ فتاح پاشا کوڕی ئیسماعیل پاشای جەلیلی (1774_1776ز) 2 ساڵ.
پێنجەم/سلێمان پاشا کوڕی مەحمەد ئەمین پاشای جەلیلی (1776_1777ز) 1 ساڵ، دواتر بوو بە والی ئیالەتی بەسڕا لە باشووری ئێراقی ئێستا.
شەشەم/ ئەمین پاشا کوڕی مەحمەد ئەمین پاشای جەلیلی (1777_1790ز) 13 ساڵ، دواتر کرایە والی ئیالەتی شارەزوور لە باشووری کوردستان و فەرمانی بۆ دەرچوو لەلایەن بابعالی کۆشکی سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان ببێت بە پارێزگاری شاری بەغدادی پایتەختی ئەو کاتەی ئیالەتی بەغداد لە ناوەڕاستی ئێراقی ئێستاو دواتر کرایە والی ئیالەتی ڕەققە یان ئیالەیەتی ئورفای باکوورو خۆرئاوای کوردستان و وڵاتی سوریای ئێستا.
حەوتەم/ مەحمەد پاشای جەلیلی (1790_1810ز) 20 ساڵ.
هەشتەم/ نوعمان پاشا کوڕی سلێمان پاشای جەلیلی (1810_1812ز) 2 ساڵ.
نۆیەم/ ئەحمەدی یەکەم پاشا کوڕی بەکر ئەفەندی (1812_1813ز) 1 ساڵ.
دەیەم/ مەحمود پاشا کوڕی مەحمەد پاشای جەلیلی (1813_1814ز) 1 ساڵ.
یانزدەم/ سەعد اللە کوڕی حاج حوسێن پاشای جەلیلی (1814_1816ز) 2 ساڵ.
دوانزدەم/ ئەحمەد پاشای دووەم کوڕی سلێمان پاشای جەلیلی (1816_1822ز) 6 ساڵ.
سیانزدەم/ حەسەن پاشا کوڕی حاج حوسێن پاشای جەلیلی (1822ز) یەک مانگ.
چواردەم/ ئەحمەد پاشای سێیەم کوڕی سلێمان پاشای جەلیلی (1822_1826ز) 3 ساڵ و 11 مانگ.
پانزدەم/ عەبدولڕەحمان پاشای یەکەم کوڕی مەحمود عەبدوڵڵا بەگ (1826_1827ز) 1 ساڵ.
شانزدەم/ یەحیا پاشا کوڕی نوعمان پاشای جەلیلی کە جاری یەکەم نێوان ساڵانی (1827_1831ز) بۆ ماوەی 4 ساڵ بووە ، هەروەها جاری دووەم له نێوان ساڵانی (1838_1840ز) دا بووە بۆ ماوەی 2 ساڵ بووە.
حەڤدەم/ عەبدولڕەحمان پاشای دووەم کوڕی مەحمود پاشای جەلیلی (1831_1834ز) 3 ساڵ.
هەشتدەم/ مەحمەد ئەمین پاشای دووەم کوڕی حاج عوسمان پاشای جەلیلی (1834_1838ز) 4 ساڵ.
پاشان چەندین کەسایەتی ئەدیب و نووسەر و ئەکادیمیان تێدا هەڵکەوتووە، وەکو ئەم کەسایەتیانە:
نوزدەم/ عوسمان حیانی جەلیلی ، کە لە نێوان ساڵانی (1773_1829ز) دا ژیاوە ، شاعیر بووە کە خاوەنی چەندان دیوانه شیعر بووە.
بیستەم/ مەحمەد سەعید جەلیلی ، که لە نێوان ساڵانی (1896_1963ز) دا ژیاوە ، شاعیر بووە کە خاوەنی چەندان دیوانه شیعربووە.
بیست و یەکەم/ مەحمەد سادق جەلیلی ،که لە نێوان ساڵانی (1903_1980ز) دا ژیاوە ، نووسەر و ڕۆژنامەنووس بووە کە خاوەنی چەندان کتێب بووە.
بیست و دوو/ د. مەحمەد ئەمین جەلیلی ، که لە نێوان ساڵانی (1921_2011ز) ژیاوه ، و له نێوان ساڵانی (1968_1967ز) یەکەم سەرۆکی زانکۆی موسڵ بووە لە سەردەمی چوارەم سەرۆک کۆماری ئێراق عەبدولڕەحمان عارف (1966_1968ز) دا ، و بێجگە لەم والی وکەسایەتییەکانەی خانەوادەی جەلیلی ناویان هاتووه ، چەندان کەسایەتی تری به ناوبانگیان هەیە تا ئێستا بەردەوامن و هەروەها چەندان کەسیان بۆ دەرەوەی ئێراق کۆچییان کردووە بە تایبەت لە دوای داگیر کردنی شاری مووسڵ گروپی تیرۆریستی داعشەوە.
سەرچاوە:
1/ یاسین سابرساڵح: ئینسایلکۆپیدیای گشتی- سلێمانی2005ز.
2/ سەعید مەموزینی: مووسڵ وکورد له دوای ئازادی- هەولێر2008ز.
3/ ڕاپۆرتی کۆمەڵەی نەتەوەکان: ویلایەتی موسڵ- وە: مەحمەد ئەمین حوسێن عەلی (مینه)-سلێمانی2012ز.
4/ علا و موسی کاڤم نورس: فەرمانڕەوایی مەملوکەکان لە ئێراقدا- و: عوسمان عەزیز عەللاف-تاران2017ز.
5/ ستێفێن هێمسلێی لۆنگریگ: چوار سەدە لە مێژووی ئێراقی نوێ- وە: رەسوڵ بەختیار-هەولێر2019ز.
6/ باقر یاسین: مێژووی خوێنڕێژی لە ئێراقدا- و: سەباح ئیسماعیل- تاران2019ز.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!