ناونیشانی بابەت: هەرێمی راخین (ئاراکان)
ناوی نووسەر:
چۆمان حەمە تەقێدینچۆمان حەمە تەقێدین
ناوی فەرمی: ویلایەتی راخین (ئاراکان)، یەکێکە لە چواردە ویلایەتەکەی وڵاتی میانمار (بۆرما).
پایتەخت: سیتویی.
ژمارەی دانیشتوان: 4.000.000 کەس.
ڕووبەر: 36.780 کیلۆ مەتر چوارگۆشە.
دابەشی کارگێری: له پێنچ ناوچه (پارێزگا) پێکهاتووە که دابەش کراوهن به سەر 19 شارەوانی و 4.912 دێ.
شاره گرنگەکانی: ئانن، بوپیداونگ، گوا، کیاوکپیو، کیاوتاو، ماناونگ، ماوناداو، مینبیا، ماراوکو، مییبۆن، پاوکتاو، پۆنناگیون، رامریی، راپیداونگ، پاندوی، تۆونگوپ.
نەتەوە: رۆھینگیا 62%، کە ئه و نەتەوەیە له بنەڕەتدا سەر به نەتەوەی بەنگالن، واتە له لقی هیندی ڕەگەزی ئاریایین که نەتەوەی رۆھینگیا له وڵاتی بەنگلادیش کۆچیان بۆ هەرێمی راخین کردووه کە وشەی رۆهینگیا له دوو بڕگە پێکهاتووە که وشەی رۆهی به واتای رۆح دێت و وشەی نگیا به واتای نەجات دێت واتە هەر دوو وشەکە به واتای رۆحی نەجات دێت. رۆهینگیەکان به دیالێکتی رۆهنیگیای کە بەشێکە له زمانی شیتاگونگی باشووری بنگلادیش قسە دەکەن. وشەی ئاراکان بە واتای ئەرکان دێت که یەکێکە له بنەماکانی دینی ئیسلام دێت.
ڕاخین 31%ی ئه و نەتەوەیە دانیشتوانی ڕەسەنی هەرێمی راخینن پێش کۆچی رۆھینگیا لە وڵاتی بەنگلادیشەوە، ئه و نەتەوەیە زۆرینەی هەرێمەکەیان پێکدەهێنا. نەتەوەکانی کارین و چین و کارمان و بۆرم و چاکما و کامیین و مرۆ و هی تر7%.
دین: 52.2% بوزی، 42.7% ئیسلام، 1.8 % مەسیحی، 0.5% هیندۆسی، 0.1% بیروباوەڕە ناجێگیرەکان، دینەکانی تر2.7%.
سنووری جوگرافی: ئەم هەرێمە دەکەوێتە خۆرئاوای وڵاتی میانمار (بۆرما) کە له باکوورەوە به وڵاتی بنگلادیش، لە خۆرئاواوە بە کەنداوی بانگال، له باشوورەوە بە هەرێمی ئایییروادی وڵاتی میانمار (بۆرما)و لە خۆرهەڵاتەوە به هەرێمەکانی چین و ماگوای و باگۆی وڵاتی میانمار (بۆرما) دەورەدراوە.
مێژووی هەرێمەکه و کێشە لەگەڵ میانمار (بۆرما):
ئەم هەرێمه یەکێکە له هەرێمە کێشەدارەکانی میانمار (بۆرما). مێژووی ئەم هەرێمە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ بەر لەئێستا، واتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (3325پ.ز) نەتەوەی راخین یەکەم شانشینی خۆیان له باکووری هەرێمەکە دامەزراندووە به ناوی شانشینی دیناڤاد (3325پ.ز تا 327ز)و دواتر چەند شانشینێکی تریان دامەزراندووە بە ناوەکانی شانشینی ڤیسالی_لیمرۆ (327_1430ز)و شانشینی مرایک یو (1430_1784ز) که له سەردەمی ئەم شانشینانەدا هەرێمی راخین (ئاراکان) له لایەنی ئەدەبی و بازرگانی و ئاوەدانی پێشکەوتنی زۆری به خۆیەوە بینی.
لە سەدەی نۆیەمی زایینی لە سەردەمی پێنجەمین خەلیفەی خەلافەتی عەباسییەکان خەلیفە هاروون ڕەشید (786_809ز) دینی ئیسلام له ڕێگەی بازرگانییەوە گەیشتە هەرێمەکه، ئەوه بوو بەشێکی دانیشتوانی هەرێمەکه بوون بە موسڵمان و بەشێک لە خەڵکی بەنگلادیشی ئێسته و هەرێمی بەنگالی هیندستان کۆچیان بۆ هەرێمی راخین کرد، ئەوەش بەهۆی وشکەساڵی و خراپی باری گوزەرانیان و زوڵمی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان و دواتر ئه و کۆچبەرانە دواتر به رۆھینگییەکان ناسران و بەرەبەرە بوونه زۆرینەی هەرێمەکه.
له ساڵی (1430ز) موسڵمانەکانی هەرێمەکە به سەرکردایەتی شا سلیمان (1430_1437ز) توانیان دەوڵەتێکی ئیسلامی به ناوی شانشینی ئاراکان دابمەزرێنن، ئەوەش لە ئەنجامی شەڕی نێوان شازادە سلێمان بوو کە بەنگالی بوو لەگەڵ شای شانشینی ڤیسالی_لیمرۆ، کە شازادە سلێمان سوپایەکی پەنجا هەزار کەسیی نارد به سەکردایەتی ژەنەڕاڵ ولی خان که فەرمانڕەوای سەربازی خۆرهەڵاتی بەنگال بوو بۆ بەڕەنگاربوونەوەی سوپای شانشینی ڤیسالی_لیمرۆی بوزی و له ئەنجامدا سوپای شانشینی ڤیسالی_لیمرۆی شکان و شازادە سلێمان بووە شای ئاراکان لە ساڵی(1430ز) کە دەوڵەتێکی ئیسلامی دامەزراند تا ساڵی (1784ز) شانشینی ئاراکانی ئیسلامی فەرمانڕەوایی له بەشێکی هەرێمەکە کرد که ماوەکەی نزیکەیی (354) ساڵی خایاند و نزیکەیی (48) سوڵتان فەرمانڕەواییان کردووە.
له ساڵی (1784ز) سوپای ئیمپراتۆریای کۆنباونگی بۆرمی بە سەرکردایەتی ئیمپراتۆر بۆداوپایا (1782_1819ز) هێرشی کردە سەر هەردوو شانشینی ڤیسالی_لیمرۆی بوزی و شانشینی ئاراکانی ئیسلامی کە توانی هەردوو شانشین لەناوبرێت و هەریمەکه داگیربکات و لکاندنی بە میانمارەوە.
له نێوان ساڵانی (1824_1826ز) شەڕی یەکەمی بۆرما و ئینگلیز بەرپابوو کە بەریتانییەکان توانییان میانمارەکان شکست پێ بهێنن، ئەوه بوو هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای کۆنباونگی بۆرمی له وڵاتی تایلەندو هەرێمەکانی مانیپۆر و راکینی و تانینپاری کشایەوە و بەریتانیا داگیری کردن.
لە ساڵی (1852ز) شەڕی دووەمی بۆرما و ئینگلیز بەرپابوو، هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا هێرشییان کرده سەر میانمار، ئەوەیش لە ئەنجامی ملمڵانێی ناوخۆیی نێوان دەسەڵاتدارانی ئیمپراتۆریای کۆنباونگی بۆرمی بوو، شەڕەکە ماوەی سێ مانگی خایاندو دووبارە هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای کۆنباونگی بۆرمی لە شەڕەکەدا شکستیان هێنا و هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا توانیان پارێزگاکانی هەرێمەکانی ئاییاروادی و رانگۆن و باجۆیان داگیرکرد بەوەش ئەو هەرێمەیانە ناوی بۆرمای کەنار دەریای وەرگرت.
لە ساڵی (1885ز) شەڕی سێیەمی بۆرما و ئینگلیز بەرپا بوو ئەوەش له ترسی فەرەنسییەکان کە توانییان وڵاتی لاوسی هاوسێی میانمار داگیربکەن و هەڕەشە بوون بۆ سەر میانمار که بەریتانیا باشووری داگیرکرد و هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا هێرشییان کردە سەر میانمار و جارێکی تر هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای کۆنباونگی بۆرمی له شەڕەکەدا شکستیان هێنا و هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا توانییان شاری ماندلای پایتەختی ئیمپراتۆریای کۆنباونگی بۆرمی داگیربکەن و کۆتایی بە ئیمپراتۆریای کۆنباونگی بۆرمی هات له ساڵی (1885ز). ئیتر تەواوی خاکی میانمار بووه ژێردەستەی بەریتانیا و بنەماڵەی پادشایی کۆنباونگ دوورخرانەوە بۆ ویلایەتی راتنجیری وڵاتی هیندستان، له دوای داگیرکردنی میانمار لهلایەن بەریتانیاوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هێزه شۆڕشگیرەکانی میانمار بەرهەڵستی هێزەکانی بەریتانیایان دەکرد.
لەنێوان(1885_1948ز) تەواوی هەرێمەکانی میانمار بووە به کۆلۆنییەکی بەریتانی که له و ماوەیەدا بەریتانییەکان هانی بەنگالیەکانیان دەدا بۆ ئەوەی کۆچ بکەن بۆ هەرێمی راخین (ئاراکان) له کێلگەکانی ئەواندا که کێلگەی برنج بوون کاربکەن و بەریتانییەکان رۆهینگییەکانی پڕ چەک دەکرد بۆ ئەوەی بە گژی دانیشتوانی رەسەنی هەرێمی راخین (ئاراکان) بچن بەمەش بۆرمییەکان و راخینەکان و کارینەکان به چاوی ڕەق و دوژمنایەتیەوە سەیری رۆهینگییەکانیان دەکرد و بە درێژکراوەی پڕۆژەی داگیرکاری بەریتانییەکانیان دادەنان، بەمەش دوای سەربەخۆیی میانمار خەڵکە موسڵمانەکەی هەرێمی راخینی بۆرما له سەرەتایترین ماف و ئەرک بێبەش کران و هەمیشە به ئاگر و ئاسن شۆڕشەکانی نەتەوەی رۆھینگییەکانی سەرکوت دەکرد. ئەوەش وای کرد تۆوی دووبەرەکی لەنێوان بوزییەکان و موسڵمانی هەرێمەکە دروست بێت که تا ئێستا بەردەوامیی هەیە.
له ڕیکەوتی (8/مارس_/1942) شەڕ و ئاژاوە له نێوان راخینە بوزییەکان و رۆهینگییه موسڵمانەکان بەرپا بوو، ئەوەش له سەروبەندی کشانەوەی هێزەکانی بەریتانیا بوو له میانمار و هێرشی هێزە یابانییەکان بۆ سەر وڵاتەکە، راخینە بوزییەکان یارمەتی هێزەکانی دا ژاپۆنیان دا. ئەوه بوو لە شارەکانی مینبیا و ماراوکو راخینەکان و کارینەکان نزیکەیی (50) هەزار کەسی رۆهینگیەکان کۆمەڵکۆژ و رۆهینگییە موسڵمانەکان لە باکووری هەرێمی راخین نزیکەیی (20) هەزار کەسی راخینەکان و کارینەکانیان کۆمەڵکۆژ کرد. لەگەڵ کۆژرانی حاکمی سەربازی یابانی له هەرێمەکە، یابانییەکان بۆ ئەوەی شەڕ و ملمڵانێ له نێوان موسڵمان و بوزییەکانی هەرێمەکە بەردەوام بێت، چەندین کاریان ئەنجام دا وەکو:
یەکەم/ دەرکردنی موسڵمانان له پۆسته کارگێرییەکان و دانانی بوزییەکان لە شوێنیان.
دووەم/ دامەزراندنی بوزییەکان وەکو فەرمانبەر لە دامودەزگاکانی میری لە هەرێمەکە.
سێیەم/ دەستگیرکردنی موسڵمانی هەرێمەکه و توندکردنیان لە بەندیخانە یان دورخستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات.
چوارەم/ پڕچەککردنی بوزییەکان به باشترین چەک. له ئەنجامی ئاژاوه لەنێوان راخینەکان و کارینەکانی بوزییەکان و رۆهینگییە موسڵمانەکان نزیکەیی (100) هەزاری کەسی موسڵمان کۆژران.
پێنجەم/ داخستنی پەیمانگاو قوتابخانەو دادگا شەرعییەکان و تەقاندنەوەی به (T.N.T).
ساڵی (1937ز) مافی ئۆتۆنۆمی به هەرێمەکانی میانمار درا، له میانەی جەنگی دووەمی جیهانی هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای یابان تەواوی هەرێمەکانی میانماریان داگیرکرد.
له ساڵی (1945ز) دووبارە هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا میانماریان داگیرکردووه و رۆهینگییەکان یارمەتی هێزەکانی بەریتانیایان دا و قۆناغی دووەمی داگیرکاری بەریتانیا له سەر وڵاتی میانمار ماوەی سێ ساڵی خایاند.
میانمار له ڕێکەوتی (4/جەنیوەر_/1948) سەربەخۆیی وەرگرت بەڵام له هەمان ساڵدا شەڕی ناوخۆ له وڵاتەکە بەرپابووه کەچی بارودۆخی موسڵمانەکانی هەرێمی راخین بەره و خراپی هەنگاوی دەنا و دوای کودەتای ساڵی (1962ز) جارێکی تر بارودۆخ و گوزەرانی رۆھینگییەکان خراپتربوو و هەرێمەکانیان بووە ناوچەیەکی سەربازی و حوکمی سەربازی لە هەرێمە دانرابوو کە نەدەبوو پیاوانی ئه و نەتەوەیە تا تەمەنی سی ساڵی هاوسەرگیری بکەن و هەروەها ئافرەتیش تا تەمەنی بیست وپێنج ساڵی بۆیان نەبوو هاوسەرگیری بکەن و ئافرەتانی دووگیان دەبوایە له کاتی منداڵبوون بۆ بنکەی سەربازی چووبان به بیانووی چارەسەرکردنیان و دەستدرێژی دەکرایه سەر ئافرەتەکانیان و زۆر کاری خراپی تر له بەرامبەریان.
له ساڵی (2016ز) دووبارە دۆخی هەرێمەکە ئاڵۆز بوو، کە سوپای رزگارکردنی رۆهینگییەکان (سوپای ئەراکان) دەستیکرد به چالاکی سەربازی دژی هێزەکانی حکومەتی میانمار، بەڵام له ئەنجامدا نزیکەیی (71) کەس کۆژران کە (59)یان لە سوپای رزگارکردنی رۆهینگییەکان و (12) کەسیان لە هێزه سەربازییەکانی سوپای میانمار بوو. ناوبەناو گرژی و ئاڵۆزی هەرێمەکە سەری هەڵدایەوە، هەروەها جارێکی تر گرژی و ئاڵۆزی هەرێمەکەی گرتەوە کە ئەوەش لە ڕێکەوتی (25/ئۆگۆست_2017) دەستی پێکردو چەندەها کەس کۆژران و بەشێکی تریش ئاوارەی سەر سنوورەکانی بەنگلادیش بوون که ئەوەش وای له کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد ئیدانەی گژرییەکانی هەرێمەکە بکەن و داوای وەستاندنی خێرای شەڕ بکەن، بەڵام هەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی هەرێمەکە بەردەوامه کە ناوە ناوە سەرهەڵدەنەوە.
سەرچاوە:
1_هانی خیروئەبوغظیب: اطلس تاریخ العالم (القدیم و المعاصر)-بیروت2004ز.
2_یاسین صابرصاڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی- سلێمانی 2005ز.
3_عەلی کەندی: فەرهەنگی ڕووداوەکانی کوردستان وڵاتانی جیهان-هەولێر2005ز.
4_هاوڕێ رەئووف حەسەن: ئەتڵەسی جیهان- سلێمانی 2010ز.
5_رواج حاجی: وڵات ناس- هەولێر 2011ز.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!