ناونیشانی بابەت: مەلا ئیدریسی بەتلیسی
ناوی نووسەر: #چۆمان حەمە تەقێدین#
ناوی تەواوی ئیدریس هیشامەددین عەلی بتلیسییە ، به مەولانا حەکیمەددین ئیدریسی یان به مەلا ئیدریس بتلیسی ناسراوە ، له ساڵی (1452ز) یان هەندێک سەرچاوە دەڵێن ساڵی (1457ز) له شاری بتلیس ناوەندی پارێزگای بتلیس لە باکووری کوردستان له خانەوادەێکی ناوداری شاری بتلیس لەدایک بووە.
هەر له منداڵییەوە خراوەته بەر خوێندنی ئایینی سەرەتا لە لای مەلا حسامەددینی باوکی دەستی پێکردووە و دواتر بۆ خوێندن شارەکانی ئامەد (دیاربەکر) و شارەکانی تری باکوور و خۆرهەڵاتی کوردستان گەڕاوە و دواتر هەر به و مەبەستە گەشتی ئێرانی کردووە به و شێوەیە فێری زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبی بووە که لە کۆتایی دا مەلا و نووسەر و شاعیرێکی مەزنی لێدەرچووه و هەروەها شارەزاییەکی زۆر باشی له بوارەکانی پزیشکی و ئاژەڵناسی و گەردوونناسی و سیاسەتدا هەبووه ، که هەرووەها خاوەنی نزیکەیی 28 کتێبی وەرگێڕاو و دانراوە.
لە دوای مردنی مەلا حسامەددینی باوکی بووەتە میرزا لە دەوڵەتی ئاق قۆنللۆ (مەڕی سپی) ی تورکمانی له سەردەمی حەوتەمین سوڵتانی ئاق قۆنللۆەکان کە ناوی یاقووب کوڕی ئۆزون حەسەن (1478_1490ز) بووە و پاشان هەر له و دەوڵەتە بووەتە وەزیری دەرباری کۆشک و لەگەڵ سەرجەم سوڵتانەکانی دەوڵەتی ئاق قۆنللۆ (مەڕی سپی) ی تورکمانی کاری کردووە تا ئه و کاتەی ئه و دەوڵەتە له لایەن شا ئیسماعیلی یەکەمی سەفەویی (1501_1524ز) کۆتایی پێ دەهێنرێت و دەوڵەتی سەفەویی له ساڵی (1501ز) دامەزراند ، ئەوە بوو له سەرەتادا لە لای شا ئیسماعیلی یەکەم (1501_1524ز) کاری کردووە بەڵام بە هۆی ئەوەی شا ئیسماعیلی یەکەم (1501_1524ز) زۆر بە تووندی دەستی دا بووە مەزهەبی شیعەگەری بەمەش مەلا ئیدریس نەیتوایەتی له لای بمێنێتەوە و شاری تەورێزی پایتەختی دەوڵەتی سەفەویی بە جێ هێشت و هەروەها ئەوه بوو له دوای به دەسەڵات گەیشتنی سوڵتان سەلیمی یەکەم (یاوز) (1512_1520ز) بۆ سەر تەختی سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی که نۆیەمین سوڵتانی ئه و دەوڵەتە بوو داوای له مەلا ئیدریس کرد بگەرێتەوە بۆ دەوڵەتی عوسمانی و ئەوە بوو ئەوەیش ڕووی کردە شاری ئیستانبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی و لای سوڵتان سەلیمی یەکەم (یاوز) (1501_1524ز) بووە ڕاوێژکاری بۆ کاروباری کوردان و هەرکوردێک کاری به سوڵتانی عوسمانی بووایە وا له ڕێگەی مەلا ئیدریس کارەکەی بۆ دەکرا.
مەلا ئیدریس بتلیسی لە دوای ئەوەی بووە ڕاوێژکاری سوڵتان سەلیمی یەکەم (یاوز) (1512_1520ز) دەستی کرد به ڕاکێشانی سەردار و میرانی میرنشینەکانی کورد بۆ لای سوڵتان سەلیمی یەکەم (یاوز) (1501_1524ز) له سەر داوای خودی سوڵتان ، کە دەبێت سەرداران و میرانی کورد کەسێک له ناوخۆیان دەست نیشان بکەن که ببێتە میری میرانی میرەکانی میرنشینەکانی کورد و کورد دەوری کۆببنەوە ئەوەش نزیک بوو لە سیستەمی فیدڕالەتیەتی ئێستا ، بەڵام میرەکانی میرنشینەکانی کورد نەیانتوانی میری میرانێک له ناوخۆیان دەست نیشان بکەن ئەوە وای کرد کە خودی سوڵتان سەلیمی یەکەم (یاوز) (1501_1524ز) کەسێکی تورکی ئه و پۆستە دەست نیشان کرد.
دواتر مەلا ئیدریس بتلیسی پەیمانێکی تایبەت به سوڵتان سەلیمی یەکەم (یاوز) (1501_1524ز) دەرکرد که لەم بەندانە پێکهاتبوو:
یەکەم: پارێزگاری له سەربەخۆیی میرنشینه کوردییەکان (واتە دەسەڵاتی عوسمانی هەر به ناو دەبێت له میرنشینەکاندا).
دووەم: میللەتی کورد لە شەڕدا یارمەتی عوسمانییەکان دەدات.
سێیەم: جێگەی سەرداری لە ناو میرنشینەکاندا پشتا و پشت دەبێت ، واتە له باوکەوە بۆ کوڕ و نەوەکانیان بمێنێتەوە و یاخود پەێڕەویی ئه و ڕێبازە بکرێت کە له ناوچەکاندا باوە.
چوارەم: کوردەکان زەکات و باج و خەراج بدەنە گەنجینەی دەوڵەتی عوسمانی.
هەر له سۆنگەی ئه و پەیمانە تایبەتە بوو ، کاتێ جەنگی چاڵدرێران له ڕێکەوتی (23_8_1514) ڕووی دا لە نێوان هەر دوو سوپای دەوڵەتی عوسمانی به سەرکردایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم (یاوز) (1501_1524ز) سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان و سوپای دەوڵەتی سەفەوییەکانی ئێران به سەرکردایەتی شا ئیسماعیلی شای یەکەم (1501_1524ز) شای دەوڵەتی سەفەوی ، له دەشتی چاڵدرێران له پارێزگای ئازەربایجانی خۆرئاوای خۆرهەڵاتی کوردستان ، که له ئەنجامدا سوپای دەوڵەتی عوسمانی به هاوکاری سوپاکانی میرنشینەکانی کورد سەرکەوتنی بە دەست هێنا به سەر دەوڵەتی سەفەویی ئێران و شاری تەورێزی پایتەختی ئه و دەوڵەتە بگرن و تەواوی خاکی کوردستان به هەرێمی لۆرستانیشەوە کەوتە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی.
کۆچی دوایی مەلا ئیدریس بتلیسی
له کۆتایی دا مەلا ئیدریس بتلیسی لە ساڵی (1520ز) لە تەمەنی (63) ساڵی یان (68) ساڵی له شاری ئیستانبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێش بە خاک سپێدراوە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!