ناونیشانی بابەت: فەلسەفەی نەورۆز و بەهار لە کوردستان/بەشی پێنجم
ئامادەکردنی:
عەزیز مورادیعەزیز مورادی
نەورۆز، زەمەنێکە بۆ شایی و کەیفخۆشی و لەبیرکردنی خەم و پەژارە، بۆیە نەریتی (میری نەورۆز)، جەژنێکە بۆ کەیفخۆشیی گشتی و دروستکردنی کەشوهەوایەکی تەنزئامێز، بە بەشداریی خەڵکی گوند و شارەکان. ئەم نەریتە تائێستاش لە بەشێک لە گوندەکانی دەڤەری موکریان ماوە و لە یەکەمین چوارشەممەی سەری ساڵی نوێدا بەڕێوە دەچێت.
لەم نەریتەدا، هەر گوند یان شارێک بۆ خۆی میری نەورۆز هەڵدەبژێرێت. بە هاتنی ساڵی تازە، خەڵکی گوند لە یەکەم چوارشەممەدا؛ لەدەوری یەک کۆ دەبنەوە و بە تیروپشک کەسێک بە میری گوندەکەیان بۆ ماوەی چەند رۆژ دیاری دەکەن، کە دەبێ فەرمانی سەیروسەمەرە دەربکات و زیاترین خۆشی و پێکەنین لەو ماوەیەدا بۆ گوندەکەیان دەستەبەر بکات، چونکە ئەگەر ئەوە نەکات؛ لە میریی لادەدەن و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنن. لەو ماوەیەدا، سەرجەم کاروباری گوند یان شارەکە دەدرێتە دەست میری نەورۆز، تا فەرمان و ئەرکی پێچەوانە و گاڵتەئامێز بۆ پێکەنینی خەڵک دەربکات.
میری نەورۆز، شمشێر و پۆشاک و خەنجەری پێدەدرێ و حکوومەتێکی کاتیی بۆ پێکەنین دادەمەزرێنێ، کە بریتییە لە:
- میری نەورۆز.
- کۆنەوەزیر؛ راوێژکاری میرە و لەناو بەساڵاچوانی گوند دیاری دەکرێ.
- وەزیری دەستەڕاست؛ ئەرکی جێبەجێکردنی کاروباری رۆژانەی حکوومەتە.
- وەزیری دەستەچەپ؛ ئەرکی جێبەجێکردنی فەرمانە نابەجێ و گاڵتەجاڕییەکانی میرە.
- میرزا؛ نامەنووس و سکرتێری میرە.
- گۆپاڵ زیوین؛ پیاوێکە کە گورزێکی گەورەی بەدەستەوەیە و فەرمانەکانی میر لەناو گوند و دەوروبەری بڵاو دەکاتەوە.
- وشکەڕن؛ کەسێکە کە پێستی مەڕ، یان ئاژەڵی دیکە لە بەر دەکا و بە دەیان زەنگوڵە خۆی دەڕازێنێتەوە و بە گاڵتەجاڕییەکانی دەتوانێ گاڵتە بە هەموو کەسێک بکا، جیا لە میر.
- خزمەتکار و خەنجەربەدەستەکان؛ سوپا و لەشکری میرن و پۆشاکی سوور لەبەر دەکەن.
- چڕیاران؛ گرووپێکن لە چڕیار و هونەرمەند و سەماکار و گۆرانیبێژ، تا ساتێکی خۆش بۆ میر بخولقێنن.
فەرمانەکانی میری نەورۆز، کە بە میری میرانیش ناسراوە، دوای ئەو چەند رۆژەی کە بۆی دیاری دەکرێ، کۆتایی دێ و دوای ئەوە کاروباری گوند و دەڤەرەکە وەکووخۆی لێدێتەوە. حکوومەتە کاتییەکەی میری نەورۆز، 5 بۆ 13 رۆژە، کە تێیدا سەرجەم کاروباری گوند و دەڤەرەکە پێچەوانە دەبێتەوە و خەڵک دەبێ بەوپەڕی کەیفخۆشییەوە ئەو ماوەیە بەسەر ببەن. ئەم نەریتە مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام بە هاتنی تەلەڤزیۆن و مۆدێڕبوونی کۆمەڵگە، کاڵ بووەتەوە.
میری نەورۆز تەنیا تایبەت بە کورد نییە، بەڵکوو جەژن و بۆنەی لەم شێوە لە شوێنەکانی دیکەی جیهان باو بوون، کە بە جەژنی گەمژەکان یان شێتەکان ناسراوە و بەر لە ساڵی نوێی زایینی و بە هاتنی کریسمەس بەڕێوە چووە. ئەم نەریتە هەوێنی رۆمانی (دۆن کیشۆت)ی سێروانتزی ئیسپانیاییە، کە یەکێکە لە ناسراوترین رۆمانەکانی جیهان. لەو رۆمانەدا؛ دۆن کیشۆت دەچێتە هەرشارێک، خەڵکەکەی بۆ پێکەنین و کەیفخۆشی بە پۆشاکی شاهانە دەیڕازێننەوە.
جیا لە میری نەورۆز، نەریتێکی دیکەی هاوشێوە لە کوردستان باو بووە بەناو جەژنی (کۆسە)، کە تێیدا کەسێکی چڵکن و گاڵتەجاڕیان سواری گوێدرێژێک دەکرد و بەناو گوند و شاردا دەسوڕایەوە و داوای سەرانەی لە خەڵک دەکرد و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بزە و پێکەنینی دەخستەسەر لێویان.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!