دەستنووسی هۆنراوەیەکی «#سافی هیرانی#»
یاری خۆم لێم زیزە بۆیە حەز لە مەرگی نەو دەکەم
شەو کە بێهۆشم لە تاوی وا مەزانە خەو دەکەم
ئەم دەستنووسە کە نزیک دە پەڕن و پێدەچێت پاشماوەی کەشکۆڵێک بێت، لە ئەرشیفی «مامۆستا عەبدوڵڵا چیوەیی» پارێزاو بوو. زۆر سوپاسی دەکەم کە گەورەییان نواند و ئەم دەستنووسە گرانبەهایەی پێ بەخشیم. (#ڕزگار جەباری#/ Rizgar Jabari). [1]
یاری خۆم لێ زیزە بۆیە حەز لە مەرگی نەو دەکەم
شەو کە بێهۆشم لەتاوی وا مەزانە خەو دەکەم
بۆ شکاری مورغی وەحشی نەک هەڵۆ و شاهینم
عەشقی چاوی بازی خۆمم بۆیە ڕاوی کەو دەکەم
ڕۆژ بەیادی ڕووی هەتا هێوارە هەر هاوارمە
شەو بە فیکری زولفی تا سبحەینێ سوحبەت لەو دەکەم
لەو دڵارامە بپرسن وا دڵ ئارامی نەما
جارێکی چارێکی دەردم کا دەخالەت بەو دەکەم
گوێم لە ساز و عوود و نەی، چاوم لە ساقی و بادەیە
خادیمی پیری موغانم بۆیە وا پەیڕەو دەکەم
سەرف و سوودی نەقدی دڵ لەو عالەمە بێمایەیە
تا بەکەی بێفایدە سەرفی گەنجی کەیخوسرەو دەکەم
سافییا کافیمە بۆ دونیا و قیامەت یاری خۆم
چم لە باسی عالەمە؟ هەر زیکری ناوی ئەو دەکەم. [2]