=KTML_Bold=بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان=KTML_End=
نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، بەهار و نوێبوونەوە و ڕۆشنایی و ئازادیە. نەورۆز واتای ژیانێکی تازە و موژدەی سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکی و زوڵمدا دەدات. بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم چینوتوێژەکانی خەڵکی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەکەم کە نەورۆز بەشێکە لە مێژوو و کولتوور و دابونەریتیان.
لێرەدا دەمەوێ بە گەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە ڕەوەندی کوردی و لەو ملیۆنان کوردە بکەم کە بە هەستێکی بەرزەوە دوور لە خاکی نیشتیمانتان جەژنی نەورۆز بە بەرزی ڕادەگرن و بەهاکانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاو دەکەنەوە. پێیان دەڵێم کە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان و خۆشی و جەژنەکانتان درێژکراوەی خۆشی و جەژنەکانی ئێمەیە. جێگەی شانازییە کە دەبینین دەستلەناودەست و بە یەکدڵی لە نەورۆزدا ئاڵای ئازادی و شکۆ بەرز دەکەنەوە. زۆر خۆشحاڵم کە لە شاری (کۆڵن)ی ئەڵمانیا لە مەراسیمێکی گەورەدا خۆشەویستی و سۆزی خۆتان بۆ وڵاتەکەتان دووپات دەکەنەوە، ئێوە دەنگ و ڕەنگی گەلەکەتانن و دەستخۆشیتان لێ دەکەم.
لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بە شانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان دەکەینەوە. هەر لەو سۆنگەیشەوە پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە تورکیاین و ئاشتی بە تاکە ڕێگەی ڕاست و دروستی تێپەڕاندنی کێشەکان دەزانین. هەر لەو بۆنەیەدا بەو هیوایەن کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد لە سووریا بێت و کورد بە هەڵوێستێکی هاوبەش و بە ڕێکاری ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەکانی تری سووریا بگەنە ئەنجامێک کە لە خزمەتی هەموو لایەکدا بێت.
هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکێک بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق و ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەکانیان لە کامەرانی و بەختەوەری بەڕێ بکەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەکە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە کەشێکی ئاشتیانە و برایەتیدا بژیین.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و بمێنن بە خێر و خۆشی.
#مەسعود بارزانی#
30ی ڕەشەممەی 2724ی کوردی
#20-03-2025#
[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=