ناونیشانی بابەت: تەیفەگوڵ... ئەو خاتوونە کوردەی 40 ساڵ دژی داگیرکەران شەڕی کرد
ئامادەکردنی:
عەزیز مورادیعەزیز مورادی
تەیفەگوڵ، یەکێک لە خاتوونە فەرماندە و ئازاکانی کوردە لە سەردەمی قاجارەکان، کە ئازایەتی و گیانفیداییەکانی بووە بە هەوێنی دەیان چیرۆک و گۆرانیی فولکلۆری و زارەکی لەناو کوردەکانی
خۆراسانخۆراسان و کوردانی ئەو دەڤەرە وەکوو سەرکردەیەکی بوێر دەیناسن.
ئەم شێرەژنە، لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجار، بۆ ماوەی چل ساڵ لەبەرامبەر هێرشی رووسەکان پارێزگاری لە خاک و نیشتمانی کوردانی سەرسنووری دانیشتووی باکووری رۆژهەڵاتی ئێران لە خوراسان و دەوروبەری کرد.
لە سەردەمی قاجارەکان، بەهۆی لاوازی و کەمترخەمیی حکوومەتی ناوەند؛ بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە کەوتە دەستی رووسەکان و سوپای رووسەکان تەماحیی داگیرکردنی خاکی شێروانی هەبوو، کە زیاترین دانیشتوانی کورد بوون. جیابوونەوەی ناوچەگەلی وەکوو فیرووزە، وایکرد بەشێک لە سەرکردە کوردەکان دژی حکوومەتی ناوەند شۆڕش بکەن، یەکێک لەو سەرکردانە ئەمیرحسێن خانی شوجاعولمولک، ناسراو بە (رەشیدخان) بوو.
ڕەشیدخان کە حاکمی قوچان بوو، نزیکەی دە ساڵ لەو رێیەدا دژی حکوومەتی ئێران و رووسەکان شەڕی کرد، بەڵام دواجار هەر لەو ڕێگایەشدا شەهید بوو. هاوشانی پیاوە قارەمانەکان، ژنانی شۆڕشگێڕیش ئازایانە هاتنە مەیدان و گورزی جەرگبڕیان لە دوژمن وەشاند. یەکێک لەو ژنانە، کە وەکوو فەرماندەیەکی ئازا و نەترس ناوی دەرکردووە، (تەیفەگوڵ) یان (توحفەگوڵ)ە.
تەیفەگوڵ وەکوو ژنە پێشمەرگەیەک، دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەی بەناوی (لیوا ئاراز محەمەد)، کە فەرماندەی جەنگەکان بوو؛ فەرماندەیی شەڕەکانی گرتە ئەستۆ و بە یاوەریی جەنگاوەرەکانی، بەردەوام زەبری کوشندەیان لە رووسەکان دەوەشاند.
تەیفەگوڵ بەردەوام چەک و فیشەک لەقی پێوە بووە و رۆژانە لە شاخێکەوە بۆ شاخێکی دیکە و لە دۆڵێکەوە بۆ دۆڵێکی دیکە لە هاتوچۆدا بووە و هێزەکانی رووس بەدەستییەوە ئاسایشیان نەبووە، بەجۆرێک، خەڵاتیان بۆ کوشتن یان دەستگیرکردنی دانابوو و زۆر لێی دەترسان. نیشانەشکێنی، سوارچاکی، نەترسی و شەڕکردنی ئەو خاتوونە تائێستاش لەناو کوردانی تایفەی زەعفەرانلوو بووە بە پەندی پێشینیان. ئەم شێرەژنە لە یەکێک لە شەڕەکانی دژی رووسەکان بەر لەوەی خۆی بکوژێ، دەستگیر دەکرێ و دوای دادگاییکردنی، بۆ ناوچەی سیبریای رووسیا دەیگوازنەوە. ماوەیەکی درێژ لە زیندانەکانی سیبریا دەبێ، بەڵام کۆتایی تەمەنی دەینێرنەوە بۆ عیشق ئاباد، کە ئێستا پایتەختی تورکەمەنستانە و دوای مردنی، تەرمەکەی رەوانەی (فیرووزە) دەکەن و لەوێ دەینێژن.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!