بەیانی ئیتر نان و شێوێکی باشی دامێ و بەڕێی کردم، کە ڕۆیشتم دنیا بوو بە چێشتەنگاو لەسەر کانییەک دانیشتم دەسەسڕە سپیم دەرهێنا، هەندێ گوێز و مێوژی تێدا مابوو خواردم. سەیرم کرد کابرایەک هات ئەویش دانیشت، چاوی بە دەسەسڕەکە کەوت بەلایەوە سەیر بوو، وتی: برا ئەو دەستەسڕەت لە کوێ بوو؟ وتم: برا ناوت چییە؟ وتی: حەمەدێ. وتم کەوا بێ هی تۆیە و هەموو کارەساتەکەم بۆ گێڕایەوە، کابرا لە داخا خەریک بوو شەق بەرێ و دەسەڵاتیشی بەسەرما نەبوو، من لەو زەلامتر و بەهێزتر بووم، وتم: برا تووڕەیی پێ ناوێ، تۆیش قسە بکە. کابرا دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: وەڵڵا ڕاستی ئەوەیە ئەم دەستەسڕە هیی منە گوێز و مێوژ و بادامم تێ کردبوو و بە دیاری بردم بۆ ئەم دۆستەم، پێشم وتبوو شەوێ دێم، ئیتر بۆم ڕێ نەکەوت بچم، ئەوا تۆ دەستی خۆتت وەشاند. وتم: برا گوێی مەدەرێ، سووچی خۆت بووە، بۆ لەمەودواتان. دەستەسڕەکەم دایەوە و پێکیشەوە چووین بۆ سابڵاخ، تا ناو شار هاوڕێ بووین، لەوێ ئیتر لێک ون بووین.[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=