بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە قاهیرە نیوەڕۆخوان و ئاهەنگێکی بەشێک لە قوتابییانی ئێراقی لە عەرەب و کورد و تورکمان کە لە زانکۆکانی قاهیرە و عین شمس و ئەزهەر درێژە بەخوێندن دەدەن سازکرد.
(شێرکۆ حەبیب) بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە وڵاتی میسر وێرای پێشکەش کردنی پیرۆزبایی بەو بۆنە پیرۆزەوە، هیوای خواست سەرجەم قوتابییان سەرکەوتوو بن لە بواری خوێندنەکەیان و بتوان بڕوانامە بە پلەی بەرز بەدەست بهێنن، بتوانن خزمەتی گەل و وڵاتیان بکەن، هەروەها داوای لێکردن درێژە بە خوێندنیان بدەن، لە تەوەرێکی دیکە بەرپرسی پارتی لە وڵاتی میسر ئامادەیی ڕاگەیاندن بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێک بە هەماهەنگی لەگەڵ بالوێزخانەی ئێراقی لە قاهیرە.
هەروەها ئاماژەی بە ئاسانگاری زانکۆکانی میسر کرد بۆ وەرگرتنی قوتابییان، ئەوەشی خستە ڕوو کە مشیەخەی ئەزهەر ساڵانە چەند قوتابی کورد دەرچووی پەیمانگای ئەزهەر لە بەشە جیاجیاکانی زانکۆی ئەزهەر وەردەگرێت.
لە لای خۆیانەوە سوپاسی مەکتەبی پارتیان کرد لە وڵاتی میسر بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی ئێراق لە بۆنە جیاجیاکان.[1]