ناونیشانی بابەت: هونەرمەندان زێ زێ و حەسەن زیرەک چەندین گۆرانی تۆمار دەکەن
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
حوسێن شۆخ کەمان (#حسێن شۆخ کەمان#) ، ناسراو بە (#زێ زێ#) کوڕی میرزا شوکروڵا و کافیە خانم لە ساڵی 1939 لە شاری #سەقز#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.
حوسێن شۆخ، ساڵی 1949 لە سەقز شاگرد قاوەچی بووە، کە کاک عەلی برای کاری ھونەریی دەکرد و بینیی دەنگی خۆشە و ئیقاعی چاکیش لێدەدا، ھانی دا ھەتا بچێتە ناوکاری ھونەرییەوە، دوای ئەو هاندانە دەستی کرد بە گۆرانی گوتن لەگەڵ ھونەرمەند عەزیز نەجەفی، کە خەڵکی سایین قەڵا بوو، باڵابان و سوڕنای لێ دەدا و کاک حوسێن والیدی نەیژەن و مینەی حەسەن قەرەج و کاک ئەحمەدی ساڵحی و کاک عەلی شۆخ کەمان، بە ھاتنی زێ زێ بۆ نێو ئەو کۆڕە گرووپێکی باش دامەزرا، کە لەناو خەڵکدا بە (برایانی زێ زێ) ناوبانگیان دەرکرد.
سەبارەت بەوەی بۆچی پێیان گوتوون (زێ زێ)، ھەموو جارێ کاک حوسێن لە وەڵامدا بە بزەوە ئەوە دەڵێ: (کە بە منداڵی زوانم گرتووە، گوتوومە زازا، زازی، زێ زێ، ئەوە بوو کە زێ زێیان بڕی بەسەرمدا و لەدواییشدا وەک ناسناوێکی ھونەری لێھات بۆمان“) ئەم ھونەرمەندە ناسراوەی کورد گەلێ گۆرانی لە سەردەمی خۆیدا تۆمار کرد، ھەرچەند ھەر بە ئامێری سەرەتایی وەک زەڕب و نایەیە، بەڵام بە پیت و بەرەکەتە و دەیان گۆرانیی بەناوبانگ وەک “شەمامە و خاڵخاڵە، سویبە باڵابەرز ، ئای بۆ ھەلامە” و توانیی ھەندێ گۆرانیی دیکەی فولکلۆری، بەتایبەت فولکلۆری ناوچەی سەقز لە فەوتان ڕزگار بکات، کە ھەتا ئێستا سەرجەم 64 گۆرانی بۆ ڕادیۆی سنە و ورمێ تۆمار کردووە و بۆ کەناڵی (سێ)ی تەلەڤەزیۆنی ئێران، کە ئەوکات تەنیا سەعاتێک لە شەودا بە کوردی بەرنامەی ھەبووە، زۆر گۆرانی گوتووە، کە ڕەنگ بێ لە ئەرشیڤدا مابنەوە.
جارێکیشیان لەگەڵ مامۆستا عەزیز شاهرۆخ و محەمەدی یاسینی چەند گۆرانییان بۆ ڕادیۆی ورمێ تۆمار کردووە، ئەو ھونەرمەندانەی کە کاتی خۆی لە ڕادیۆدا ژەنیاری گۆرانییەکانی زێ زێ بوون، تەنیا دوو کەسن بە ناوەکانی تۆفێق تارژەن و موسەیب شادابی کەمانچەژەن، کە ھەردوویان ژەنیارانی گەورەی ئەودەم بوون و خەڵکی شاری تیکابن، لەگەڵ #حەسەن زیرەک#ی ھونەرمەندیش گۆرانیی لە دیوەخانەکانی ئەوکاتی ماڵاندا لە شاری سەقز پێشکەش کردووە و وەک خۆی باسی دەکات، تەنانەت لە کاتی ژنھێنانیدا حەسەن زیرەک، کە ئەوکات لە ماڵی عەبە خڕەدا لەگەڵ زبێدەخانمی ھاوسەری کرێنشین بوو، وەک برازاوا قۆڵی خێزانی زێ زێی گرتووە و لە ماڵی بابی بە گۆرانیی (ھاتەدەر با بێتە دەر) ھێناویەتە دەر.
کە ئێستایش زێ زێ ھەر خۆشەویستی خەڵکە و لە نێوشار و گەڕەک و بازاڕدا وەک ھونەرمەندێکی نەتەوەیی و یادگاری سەردەمانی زووی سەقز چاوی لێدەکەن و جێی ڕێزی ھەموو دانیشتوانی سەقز و ناوچەکانیەتی.
زێ زێ لە ساڵی 2015 کۆچی دوایی کردووە و لە سەقز بە خاک سپێدراوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!