ناونیشانی بابەت: ناوبانگی مافوور و فەڕشی کوردی لە پەرتووکی مێژوویی (کینت کوستیکیان)
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
لە کۆنەوە تائێستا کورد بە کاری دەستڕەنگینییەوە ناوبانگی دەرکردووە، یەکێک لەوانە دروستکردنی فەڕش و مافووری کوردییە. دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ، ئێستا لە بۆنە و فیستیڤاڵەکاندا نمایش دەکرێن و دەبنە مایەی دڵخۆشیی ئامادەبوان.
هەر سەبارەت بە فەڕش و مافووری کوردی، لە سڵی 1920، واتە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر، پەرتووکێک بە ناونیشانی (فەڕش لیستێکی تەواو لەگەڵ وێناکردن بۆ کڕیارە پێگەیشتووەکان)، لەلایەن کۆمپانیای بازرگانی کێت کۆستیکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ناوبانگی نێودەوڵەتی لەسەر فەڕشی کوردی لە شارەکانی کوردستان.
دروستکردنی فەڕش و مافووری کوردی مێژووییەکی کۆنی هەیە، ئێستاش بەردەوامیی هەیە و خواستێکی زۆری هاووڵاتییانی لەسەرە، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە، لەم سەردەمەدا ئامێر و پێداویستیی زیاتری پێشکەوتوو هەیە بە بەراورد بە ڕابردوو، چونکە پێشووتر ئەم کارە تەنیا لە ماڵەکان دەکرا، کەچی ئێستا لە چەندین شاری کوردستان کارگەی تایبەت بە ڕستن و چنینی فەرش و مافوور دامەزرێنراون.
سەبارەت بەم کار و پیشەیە، مریەم عومەر، ئافرەتێکی بەتەمەنی ئیدارەی #سۆران#، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: لە کۆنەوە دەستڕەنگینیی ئافرەتی کورد دەرکەوتووە، بە دروستکردنی فەڕش و مافوور و جۆرەها پێداویستیی دیکەی ماڵ، چونکە وەک سەردەمی ئێستا جیهان پێشکەوتوو نەبوو، کە لە ڕێگەی ئامێری پێشکەوتوو ئەو جۆرە کەلوپەلانە دروست بکرێن، بەڵکوو لە سەردەمی کۆن کوردەواری هاوشێوەی وڵاتانی دیکە پشتی بە کاری دەستیی خۆی دەبەست، تەنانەت بەدەستهێنانی ئەو پێداویستی و کەرەستانەش زەحمەت بوو، وەک فەڕش و مافوور و پێداویستییەکانی دیکەی کاری دەستی لەلایەن کۆمەڵگە بەکار دەهێنران.
گوتیشی: ئەوەی من زیاتر لە یادم بێت، لە کۆتاکانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کاری ڕستن و دروستکردنی فەڕش و مافوورمان دەکرد، تەنانەت دروستکردنی لاکێش و مافوور و فەڕشەکانمان بە پارچە پەڕۆی کۆنی بەکارهاتوو دروست دەکرد، بەتایبەت لە گوندەکان ئەو ئافرەتانەی دەستڕەنگین بوون، لە ماڵەکانیان بە چەند پێکهاتەیەکی ئاسایی چوارچێوەیەکیان دروست دەکرد، کە پێی دەگوترا (تەون) دواتر پارچە پەڕۆ و سووف و شتەکانمان دەهێنا و دەستمان دەکرد بە چنین و ڕستنی، تەنانەت بەهۆی پەڕۆ و سووفی ڕەنگاوڕەنگ، بەڕە و فەڕشی گوڵدارمان دروست دەکرد.
دەشڵێت: لەو کاتدا زۆربەی خانمان و ئافرەتانی کورد، نەخوێندەواریش بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نەبووە ڕێگر لەبەردەم کار و پیشەکانمان، بۆ دروستکردنی هەر مافوورێکیش نزیکەی مانگێکمان پێویست بوو، چونکە دەبوایە ئافرەتان کاری دیکەی ماڵەوەش بکەن، رۆژانە تەنیا چەند سەعاتێک کاری چنین و ڕستنی فەڕش و مافوورمان هەبوو، شەوانیش تەنیا لەمپا و فانۆس و ئەو جۆرە ڕووناکیانە هەبوون، نەمان دەتوانی بەو تاریکییە ڕستن و چنین بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەردەم هاوکاریکردنی یەکتر هەبوو، ئەگەر کەسێک مافوورێکی لەبەردەست بوایە، کچان و ئافرەتەکانی دیکەی دراوسێ دەچوون بۆ هاوکاریکردنی.
ئەو ئافرەتە دەشڵێت: لە کۆنەوەی ئەو فەڕش و مافوورانەی دروست دەکران، بۆ فرۆشتن نەبوون، بەڵکوو زیاتر بۆ پێداویستیی ماڵەکان بوون، چونکە لە کۆنەوە کورد هەمیشە پشتی بە داهاتی ناوخۆیی دەبەست، واتە لە خواردن و خۆراکەوە بگرە تا فەڕش و ڕایەخ و بەڕە و مافوور و پێداویستییەکانی دیکەی ناوماڵ، ئەوەی دڵخۆشم دەکات دوای دەیان ساڵ تا ئێستا پارێزگاری لە بەشێک لەو فەڕش و مافوورانە و پێداویستییەکانی کۆنی کوردی کراوە و لە فێسیقاڵ و بۆنەکان نمایش دەکرێن.“[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!