ناونیشانی بابەت: سیندریلای عەرەب، کوردە
ئامادەکردنی: #عەزیز مورادی#
#سوعاد حوسنی#، ئەکتەر و هونەرمەندی ناسراوی میسڕ؛ ئەو ژنە کوردەیە، کە یەکێک بوو لە کاریگەرترین و ناسراوترین ئەکتەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی عەرەب. پەیوەندی و عەشقی بێئەنجامی ئەم ژنە کوردە لەگەڵ عەبدولحەلیم حافزی ئەکتەر و هونەرمەندی ناسراوی میسڕ وایکرد، مەرگەکەی کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی عەبدولحەلیم، گومانی خۆکوشتن یان کوشتنی بکەوێتەسەر.
لە کتێبی (اسرار الجریمە الخفیە)دا هاتووە، کە باوکی سوعاد کوردی سووریایە و لە ساڵی 1912 لە سووریاوە بۆ میسڕ کۆچی کردووە. محەمەد کەمال حوسنی بابا، ناسراو بە محەمەد حوسنی لە ماڵباتی بابانەکانی شاری #سلێمانی# دەبێ، کە دەچنە گەڕەکی کوردنشینی دیمەشق و لەوێ گەورە و پەروەردە دەبێ. محەمەد حوسنی دوای ڕۆیشتنی بۆ میسڕ دەبێتە ناسراوترین خۆشنووسی جیهانی عەرەب و ناسناوی شازادەی خۆشنووسیی عەرەبی پێدەبەخشرێت.
سوعاد حوسنی، کە تا ئێستاش ناسناوی سیندریلای جیهانی عەرەبی لەسەرە، ماوەیەک هاوسەری عەلی بەدرخانی کوڕی #ئەحمەد بەدرخان# بوو، کە خۆی و باوکی دوو دەرهێنەری ناسراوی میسڕن و لە کوردە #بەدرخانییەکان#ی ئەو وڵاتەن.
ئەم خاتوونە کوردە لە کارنامەی هونەریی خۆیدا ژمارەیەکی زۆر گۆرانی و فیلمی هەیە، بەشێکیان بریتین لە: (شوان و ژن لە دەرهێنانی عەلی بەدرخانی هاوسەری، دەنگۆی خۆشەویستی، حەسەن و نەعیمە، مێشکم لە کوێیە؟، قاهیرە 30) و دەیان فیلم و درامای دیکە، کە رۆڵی سەرەکی تێدا بینیوەن.
لەبارەی مەرگی ئەم خاتوونەوە، گێڕانەوەکان جیاوازن. پۆلیسی لەندەن لە ساڵی 2001 هۆکاری مردنەکەی بۆ خۆفڕەدان لە بەلەکۆنی ماڵی هاوڕێیەکی بەناو نادیا لە لەندەن دەگەڕێنێتەوە و بە خۆکوشتنی دەزانێ، بەڵام دەنگۆی ئەوەش هەیە، کە یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی دەزگەی سیخوڕیی میسر لە حکوومەتەکەی حوسنی موبارەک ویستوویەتی دەستدرێژیی سێکسی بکاتەسەری و کوشتوویەتی.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!