ناونیشانی بابەت: شەرەفخانی بەدلیسی.. میرێکی کورد لە لوتکەی رۆشنبیرییدا
ئامادەکردنی: #ئاراس سەعید#
#شەرەفخان بەدلیسی#، بەیەکێک لە گەورەترین ڕووناکبیر و نووسەری سەردەمەکەی خۆی دادەنرێت، کە بە نووسینی (#شەرەفنامە#) زانیاریی لەمەڕ جوگرافیا و ژیانی ڕامیاری و دەسەڵاتی کورد و زمان و ڕووە ھەمەجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردیی ئەو دەمە تۆمار کردووە.
ئەم ڕووناکبیرە مەزنەی کورد، ناوی تەواوی (شەرەفخان کوڕی میر شەمسەدین کوڕی میر شەرەفخانی بەدلیسی)یە و، لە رۆژی (25 شوباتی 1543) زایین لە قەڵای گریهڕودی سەر بە ناوچەی قوم لە ئێرانی ئێستا لەدایک بووە، کە ئەو قەڵایە وەکوو دیاری درابوو بە میر شەمسەدینی باوکی لە لایەن شا تەهماسپی سەفەوییەوە، دوای دەربەدەربوونیان لە زێدی خۆیان لە شاری #بەدلیس#.
بە نەریتی شایی ئێران، شەرەفخان لە منداڵیدا لەژێر چاودێریی فێرکارانی منداڵانی میر و سەرکردەکاندا لە ماڵی شا فێری خۆشنووسی و وێنە و هەندێک لە زانستەکانی ئەو سەردەمە کراوە، سەرەڕای پێگەیاندنیان لە بواری سوارچاکی و شیر و تیر و ڕمبازیدا لەپێناوی ئامادەکرندنیان بۆ ژیانی ئایندەیان.
لە ساڵی1555ز دا میر شەمسەدینی باوکی، ژیانی گۆشەگیریی هەڵبژارد و وازی لە دەسەڵات هێنا، کە ئەوکات شەرەفخان تەمەنی (12) دوازدە ساڵ بوو پلەی میرایەتی پێ درا و شای سەفەوی ناوچەکانی سالیان و مەحموودابادی لە ناوچەی شیروان پێ سپارد.
پاشان شا شەرەفخانی ناردە لای محەمەد بەگی خاڵی، کە حاکمی هەمەدان بوو، مووچەشی لە داهاتی هەمەدان بۆ بڕییەوە.
دواتر شای ئێران میر شەمسەدینی باوکی شەرەفخانی بانگ کردە قەزوین و دڵنەوایی دایەوە و پلەی میرایەتیی پێ بەخشییەوە و ناردییەوە ناوجەی گریهڕودی سەر بە قوم، بەڵام چەند ساڵێک دواتر میر شەمسەدین دووبارە و بۆ دواجار وازی لە میرایەتی هێنا و شای سەفەوییش ناردییەوە بە شوێن شەرەفخانی کوڕیدا و پلەی میرایەتیی پێ دایەوە.
دواتر میر شەرەفخان چووە قەزوین بۆ لای شا، هەر لەو کاتەدا ئاژاوەیەک لە ناوچەی گەیلان دروست بوو، میر شەرەفخانیش دژی ئاژاوەی گەیلانییەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، پاشان ماوەی (7) حەوت ساڵ لە گەیلان دەبێت و دواتر لەسەر فەرمانی شا دەچێتەوە قەزوین و لەبەر دروستبوونی پشێوی لە دەرباری شادا، داوای کرد بینێرنە سەر شوێنێک و شا ناردیە سەر ناوچەی شیروان.
دوای مردنی شا تەهماسب و هاتنی شا ئیسماعیلی دووەم بۆ سەر دەسەڵات، میر شەرەفخانی بانگ کردە قەزوین و پلەی میری میرانی کوردی پێ بەخشی و سەرانی کورد لە کوردستان تا لوڕستان هەر کارێکی لای شایان هەبێت بچنە لای ئەم.
دوای ئەوەی چەند کەسێک لە ئیرەیبردنیان بە میر شەرەفخان چوونە بن کڵێشەی شاوە و ئەویش شەرەفخان گوتەنی: لەکۆڵ خۆی کردەوە و ناردیە نەخچەوان لە ئازەربایجان و دوای ساڵێک و چوار مانگ لە لایەن خوسرەو پاشای میری میرانی دیاربەکرەوە فەرمانی سوڵتان مورادی عوسمانی بۆ نێردرا، بە دامەزراندنی بە فەرمانڕەوای بەدلیس، لە ساڵی 1575ز دا.
لێرە بە دواوە میر شەرەفخان و، هۆزەکەی (هۆزی ڕۆژەکی) گەڕانەوە زێدی خۆیان (بەدلیس) لە بن دەستی سوڵتانی عوسمانییدا. کاتێک سوڵتانی عوسمانی سوپای ناردە سەر ناوجەکانی گورجستان، شیروان و ئازەربایجان. لەژێر دەسەڵاتی ئێران، میر شەرەفخان بە خۆی و سوپایەوە چووە هاوکاری سوڵتان و ماوەی (10) ساڵ خزمەتی سوڵتانی کرد.
میر شەرەفخان دەوروبەری ساڵی 1591ز وازی لە دەسەڵات هێنا بۆ کوڕەکەی میر شەمسەدین و دەستی کرد بە نووسینەوەی بەرهەمە ناوازەکەی لەسەر میژووی کورد، کە بە شەرەفنامە ناسراوە.
شەرەفخانی بەدلیسی بە پێی وتەی زیا شەرەفخان، لەنێوان ساڵانی 1603 یان 1604ز دا کۆچی دوای کردووە و هەر لە شاری بەدلیسیش بە خاک سپێردراوە.
شەرەفخانی بەدلیسی لە کۆتایی ساڵانی سەدەی شازدە بە نووسینی شەرەفنامە، مێژوونووسیی کوردی دەست پێکرد. شەرەفنامە هەڵگری مێژوو و بەسەرهاتی بنەماڵە دەسەڵاتتدارە کوردییەکانی سەردەمی خەلافەتی عەباسی تا سەرەتای دەسەڵاتی سەفەوییەکانە.
شەرەفنامە لە بنەڕەتدا درێژکراوەی شێوازی مێژوونووسیی نەریتی (کلاسیک)ە، واتە مێژوونووسیی سیاسی و سەربازیی و بنەماڵەییە. بەڵام پێشەکییەکەی شەرەفنامە، سەبارەت بە مرۆڤی کورد و کۆمەڵگەی کوردی، دەتوانێت تا ڕادەیەک ئەم بەرهەمە مێژووییە لە بەرهەمە مێژووییەکانی هاوچەرخی خۆی و پێش خۆی جیا بکاتەوە و وەک دابڕانێک لەو نەریتە مێژوونووسییە پێناسە بکرێت.
شەرەفنامە: لە دوو بەرگ پێکدێت
بەرگی یەکەمی: دابەشکراوە بۆ چوار بەشی سەرەکی و تەرخانکراوە بۆ باسکردنی مێژووی بنەماڵە فەرمانڕەواکانی کوردستان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.
هەرچی بەرگی دووەمیشە: (هەرچەندە هەندیک لە توێژەران بە پاشکۆ بۆ بەرگی یەکەم دایدەنێن، نەک بەرگی دووەم)، تەرخانکراوە بۆ مێژووی فەرمانڕەوایانی ئێرانی و عوسمانی تا سەردەمی میر شەرەفخان خۆی.
“لە رۆژگاری دەسەڵاتی خونکاران و پادشایانی خانەدانی عوسمانیدا، هیچ میر و فەرمانڕەوایەک بەقەی من ڕەپێش نەخراوە و چون خۆم تەماشای نەکراوە..” میر شەرەفخانی بەدلیسی
کتێبی شەرفنامە کە لە کۆنەوە گرنگییەکی زۆری پێ دراوە لە ساڵی 1078ی کۆچی بەرامبەری 1667ی زایینی لە زمانی فارسیەوە لە لایەن شامی ناوێکەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی و لە دواییدا ولیامینۆفی رووسی کردوویەتییە ڕووسی و بەچاپی گەیاندووە. کارمۆی مێژوونووسی فەڕەنسییش کردوییتەتیە فەڕەنسی، مەلا جەمیل رۆژبەیانی لە ساڵی 1953دا بەپەراوێزی بەنرخەوە کردوویەتییە عەرەبی و بە چاپی گەیاندووە، دواجاریش هەژار موکریانی بە پەراوێز و پێشەکییەکی درێژەوە کردوویەتییە کوردی و لە ساڵی 1972دا لە چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا لەچاپ دراوە..
$سەرچاوەکان:$
– شەرەفنانەی شەرەفخانی بەدلیسی: وەرگێڕانی مامۆستا هەژار.
– شەرەفخانی بەدلیسی، سەردەم، ژیان، نەمری: ی.ئی. ڤاسیلیێڤا، وەرگێڕانی: د. ئارام عەلی.
– ویکیپیدیا: ئینتەرنێت.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!