لە شارۆچکەی #سێمێل#ی پارێزگای #دهۆک# بەردی بناغەی درووستکردنی یاریگەیەک و کۆمەڵگەیەکی وەرزشی دانرا و یاریگاکە شەش هەزار هاندەر لە خۆدەگرێت، ئەمەش دوای بێ کەڵک بوونی یاریگای کۆنی سێمێل.
(هاریوان عابد تاهیر)، سەرۆکی یانەی وەرزشی سێمێل بە 964ی وت، ئەوەی ئەمڕۆ بەردی بناغەی بۆ دانراوە تەنیا یاریگایەک نییە بەڵکوو لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەیەکی وەرزشییە، هەنگاوی یەکەم یاریگایەک درووست دەکرێت، دواتر قۆناغەکانی تری پڕۆژەکە دەست پێدەکەن.
وتیشی، یاریگا کۆنەکەمان کەڵکی نەماوە و هیچ یارییەکی لێ ئەنجام نادرێت.
وەک زانراوە گوژمەی پڕۆژەکە پێنج ملیار و 263 ملیۆن و 300 هەزار دینارە، وا بڕیارە لە ماوەی 480 ڕۆژ کارەکانی درووستکردنی یاریگاکە تەواو بکرێن، دوای ئەوە هۆڵێکی داخراو درووست دەکرێت بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان، لەگەڵ ئەوە مەلەوانگەیەکی تایبەت درووست دەکرێت.
یانەی وەرزشی سێمێل لە خولی پلە یەکی کوردستان یاری دەکات.[1]