ناونیشانی بابەت: کارل پۆپەر و ئایدیایی پوچەڵکردنەوە
ناوی نووسەر: #ڕێبین تاڵیب#
“کارل پۆپەر” توێژەرێکی زانستی سرووشتی و کۆمەڵایەتی سەدەی بیستە؛ ڕەخنەگرێکی بوێرە، چەمکی حەتمی بوون و بیرکردنەوەی هەمیشە لەسەر حەق بوونی ڕەتکردەوە، یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی لە بواری زانستی و سیاسیدا هزرەکانی بە گرنگ دەزانرێت و ناوبانگێکی گەورەی هەیە، سەردەمی پۆپەر سەردەمی ململانێی ئایدۆلۆجی؛ نازیزم-فاشیزم-سەرمایەداری و مارکسییزم بوو. ئەو فیکرانەی کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ڕێڕەوی فیکری مرۆڤایەتی داناوە. “پۆپەر” دژی ئەو فۆرمە هزریانە وەستایەوە لە ڕێگای بەرهەمەکانیەوە، بە ناوەکانی “کۆمەڵگای کراوە و داخراو، پووچگەرایی، کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی گریمانە و پوچەڵکردنەوەکان” دواتر ئایدۆلۆجیای بە دوژمنی کۆمەڵگا داناوە کە هەڵگری هەقیقەتی ڕەهان لە ڕێگای زەبر و زەنگەوە.
مێژووگەرایی لە ڕوانگەی هەریەک “پلاتۆن-هیگل-مارکس” لە کتێبی کڵۆڵگەرایی مێژوو، “پۆپەر” پێی وایە نە لەسەر ئاستی ئەقڵ نە لەسەر ئاستی زانستی ناتوانین پێشبینی چۆنێتی ڕەوتی مێژوو بکەین. “پۆپەر” پێی وایە زانین لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە، پێویستە تیۆرییەکان بخەینە بەردەم تاقیکردنەوەی سەختەوە تا بزانین دەردەچن یان نا؟ “پۆپەر” ئەم پرۆسەیەی ناوناوە پوچەڵکردنەوە یان ڕەتکردنەوە، میتۆدێکی ڕەخنەیی زانستیی بەکارهێناوە کە هەقیقەت و ڕاستی ڕەها ڕەد دەکاتەوە، مەعریفەی زانستی لەو زانینە جیایی دەکاتەوە کە نەیتوانیوە بەو تاقیکردنەوەیەدا تێپەڕێت، پرسیاری “پۆپەر” ئەوە نییە سەرچاوەی زانین ئەقڵە یان هەستەکان، بەڵکو ئەوەیە ڕاستیە یان نا زانستیە؟ لە ڕێگای لۆژیکی زانستیەوە دەیسیەلمێنێت مێژووی مرۆڤایەتی لە ژێر کاریگەری بەردەوامی زانیندایە و گەشە دەکات، باوەڕیشی وایە زانینی زانستی دەبێت خاوەنی تایبەتمەندی ڕێژەیی بێت نەک شێوەی ڕەها، دواتر دوورترمان دەخاتەوە بەوەی پێویستە زانست بە کراوەیی و بەردەوامی جێبهێڵین بۆ ئەوەی ڕێگا لە گەشەسەندن نەگرین، ڕەخنەی تووندی لە چەمکی “حەتمییەت” گرتووە و، چەمکی جەوهەرگەرا-یش ڕەتدەکاتەوە و لە ڕووی ئەرک و ئامانج لێیان دەڕوانێت.
لە کتێبی گریمانە و پوچەڵەکردنەوەکان؛ پێی وایە چەمکی جەوهەرگەرا لای ئەرستۆوە هاتووە و، بەرپرسیارە لەوەی زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی فیزیا وەک یەک گەشەیان نەکردووە، چەمکەکانی وەک “خێزان-کۆمەڵگا-نەتەوە” چ کارێک لەسەر یەک دەکەن، واتا ئامانجی زانستی کۆمەڵایەتی و توێژینەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتییە. “پۆپەر” خوێندنەوەی بۆ چەمکی ئیندەکش (Induction-هاندەر) کردووە و سەرنجی توێژەر لە دیاردە و ڕووداوەکان بەشێوەی ئەزموون و گریمانەیی تیۆرییەکانی دەخاتە ڕوو، کە لە باری کەسی و تایبەتی بۆ بابەتە گشتیەکان دەڕوات و بە پێچەوانەی دیدەکشن (Deduction-دابڕان) کە لە باری گشتیەوە بۆ تایبەت دەڕوانێت. ئەمەش ناوەڕۆکی فەلسەفەکەی پێکدەهێنێت و ڕەخنەی تووند دەگرێت لە چەمکی ئیندەکشیین (Induction-هاندەر) کە ئاڕاستەی فیکری ئەزموونگەراییە و گرفتی ئەوەیە نایەوێت یاسا گشتییەکان لەبەرچاو بگرێت، ئایندە وەک ئێستا دەبینێت، لەکاتێکدا زانین لە مرۆڤدا بەردەوام لە گۆڕاندایە.
هەروەها باسی تیۆرەکانی ئەنیشتاین و نیوتن دەکات کە لۆجیکی دۆزینەوەی زانسیییتی لە گۆڕاندایە، بارودۆخیش هەر لە گۆڕاندایە وەک ئەوەی وتیان خۆر لە (24)کاتژمێردا جارێک هەڵدێت، بەڵام دەرکەوت لە بەستەڵەکی باکوور لە نیوەی شەودا دەردەکەوێت یان دەوترا ئەنجامی تێکڕای بوونەوەران مردنە، کەچی دەرکەوت بەکتریا نامرێت بەڵکو لە شێوەی دابەش بوون و گۆڕاندا زۆر دەبێیت. “داڤید هیوم” بە هەمان شێوە خۆی لەم چەمکە داوە و دوو کێشەی دیاری کردوو، کێشەی لۆجیکی و کێشەی سایکۆلۆجی. هەمان ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ ڕوویانداوە لە ئایندەشدا دووبارە دەبنەوە کە ئەوە هەڵەیەکی لۆجیکی و ئەقڵییە لە ڕوانگەی پۆپەرەوە، هەروەها هیوم پێی وایە پێوەنددگەراییە وایان لێدەکات کە ئەوە بڵێین و باوەڕمان پێی هەبێت، بۆ نموونە لەسەر پاکەتی دەرمان نوسراوە کە ئەمە باشە بۆ ئەو نەخۆشیەیی لەسەر پاکەتەکەی نووسراوە، یان ئایا بیر لە ئاگر بکەینەوە بە بێ دووکەڵ، ناکرێت بڵێین ئەزموون گرنگ نییە یان کاریگەری هەستەکان لەهەمان کاتدا هەموو ڕاستی یەکە نییە، ئایا دەکرێت ئەو دۆخە ئەزموون کراوانە گشتی بکەین؟.
“پۆپەر” ڕەخنە لە هیوم دەگرێت و بە نا ئەقڵانی ناوی دەبات ڕەخنەی تووند ئەوەیە لە ئاستی سایکۆلۆجی دەیهێڵێتەوە. لەلای “پۆپەر” میتۆدی زانستی بە پلەی یەکەم پشت بە گومان دەبەستێت، نەک بە سەرنج و ئەزموون، چونکە تەنها بە گریمانە ڕاستی و چەوتی شتەکان دەزانین. پێویستە تیۆرەکان بەو گریمانانە هەڵبسەنگێنین و، ئەزموون تەنها دیوێکی شتەکانمان پیشان دەدات “پۆپەر” دەڵێت زانست یارمەتیمان دەدات وردە وردە لە هەقیقەت نزیک ببینەوە، دەڵێت: ئەوان ڕێگا لە زانست دادەخەن، پێویستە دەرگا بە کراوەیی بەجێبهێڵن، نمونەی swan قاز، کە سەرجەمیان سپین دەهێنێتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر یەک قاز ڕەش بێت یاساکە بە درۆ دەخاتەوە، دۆزینەوەی هەقیقەت ڕەها نییە و ناتوانین بڵێین بە ڕاڤەی کۆتایی گەیشتووین.
“پۆپەر و پرەنسیپی بە درۆخستنەوە یان پووچەڵکردنەوە”
کاری تیۆرەکان ئەوەیە کە کێشەیەک یان چەند کێشەیەک بوونیان هەیە، پێویستمان بە دۆزینەوەی چارەسیەرێکە، ئەوەی پێشتر لەبەرچاو دەگیرا لە ڕیگەی سەرنج و ئەزموون، ڕاستی تیۆرێک بسەلمێنێت، بەڵام “پۆپەر” پشتی بە پرەنسیبی بە دروست زانین پیادە دەکات، بەڵکو بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت توانای هەیە بە درۆی بخاتەوە یاخود نا، تا ئەو کاتەی ئەیدۆزێتەوە، ئەو تیۆرە زانستییە ئەگەر نەدۆزرایەوە، زانستییە، کە واتە تاکە پێوەر بۆ ئەو ئەوەیە ئەگەری بە درۆخستنەوەی تیۆری زانستی لە نا زانستی جیا دەکاتەوە و بەردەوام لەناو گریمانەدا دەمێنێنەوە، کەواتە ڕاستی ڕەها نییە، ڕاستە ئەقڵ و ئەزموون بە سەرچاوەی زانین دەزانێت، بەڵام واز لە گومان ناهێنێت کە سنوورێکی بۆ زانست و نا زانست -زانست و مێتافیزیکا دیاری کرد، دژی بیرۆکەی بە دروست زانین وەستایەوە کە ڕاستییەکی ئاڕاستەی پۆزەتیڤیزم کرد، سوودیان لێ بینی بۆ پۆزەتیڤیزمی لۆجیکی، هەریەکە لە “هەست و ئەزموون-یاساکان-پێوانەکان-ڕەزامەندی و جەخت کردنەوە” دەگرێتەوە. پۆپەر تێبینی لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەوان تەرخانکردووە، ، ڕاستە لێیان نزیک بووەتەوە، بەڵام جیاوازە لەوەی کە زانست ڕەها نییە و هەمیشە پێویستی بە گەشەسەندنە و ناگاتە خاڵی کۆتایی بۆیە گرمیانە و خەمڵاندن تایبەتمەندی ڕاستەقینەی زانستن، (لە کتێبی گریمانە و پوچەڵکردنەوە، لە پایزی 1919) ڕووبەڕووی ئەو گرفتانە دەبێتەوە.
کەی دەکرێت تیۆرییەک وەک زانسیت پۆلێن بکرێت؟ ئایا پێوەر بۆ تایبەتمەندی زانستیانەی تیۆر هەیە؟ هەروەها تووشی نیگەرانی بووە بەوەی کە ئەوەی بە تاوان زانیوە، تیۆرییەکە دروستە یان نا بەهۆی باوەڕی ڕەها بووەتە زانست، دواتر باسی ئەوە دەکات لە ڕێگەی ڕەخنە و بە درۆخستنەوە خۆمان پێش دەخەین لە کێشە کۆنەکانەوە بەرەو کێشە نوێیەکان دەچین. لەڕێگای ڕەمزەکانی P0PTT0EE problem (بنبڕکردنی هەڵە)، هەوڵ بۆ نەهێشتنی هەڵە لەڕێگای گفتوگۆی ڕەخنەییەوە، لە هەقیقەت نزیک دەبینەوە کە ئەو تیۆرانە لەگەڵ واقع دەگونجێت لەسەر بنەمای خەمڵاندن-تاقیکردنەوەی زانست لە بواری خود بۆ بواری بابەتی دەچێت. “پۆپەر” لەگەڵ “کانت” ناکۆکە کە دەڵێت تیۆری زانستی هەرگیز بە تەواوەتی قبووڵ ناکرێت، پاساوی بۆ بهێنرێتەوە بۆ بە دروست زانین، بەڵکو تەنیا تاقیکردنەوە دەخوازێت، پشت بە تیۆری هەوڵ و هەڵە دەبەستێت کە “ئیدوارد نورەندایک” دەروونناسی پەروەردەیی و سایکۆلۆجی پەنای بۆ بردووە، چۆن هەڵەیەک دەبێتە هۆی ئەوەی چارەسەر بدۆزینەوە. هەروەها لە ڕێگای “چارلز داروین” تیۆری پەرە سەندن بوونەوەر لە ڕێگای هەڵبژاردنی سرووشتییەوە خۆی لەگەڵ ژینگەدا دەگونجێنێت کە ڕۆڵی بوونەوەر بۆ ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر دەگەڕێت، بەردەوام داهێنان دەکات ڕێکەوتنی نوێ لە ژینگە دێنێتە دی. لەڕێگای هەوڵ و هەڵەوە بیری مرۆڤایەتی گەشە دەکات باسی سێ جیهان دەکات، وەک “جیهانی ماددی-ئەزموونی خودی-فیکری” کە ڕەگەزی زمانی تیا دەردەکەوێت
“پۆپەر” توانی زانستی ڕێژەیی شێوەیی ئەنیشتایی-ماددە و تیشک، مارکس-کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆجی – فرۆید و ئادلەر بخاتە ژێر تاقیکردنەوە، ئەم دوانە کۆمەڵایەتین و مۆڕاڵین. “پۆپەر” باوەڕی وایە ئەوە فێڵی کۆنە خوازانەیە، سەرەڕای سەرسامی بە تیۆری داروین بەڵام هێشتا باوەڕی وایە چوارچێوەیەکی مێتافیزیکی هەیە، ناکرێت باوەڕی پێ بهێنین کە دڵ ڕەقانە تیۆرەکانی داوەتە بەر ڕەخنە و تاقیکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرسامە بە پرەنسیپی مانەوە و گونجاوترینیان. هەروەها ڕەخنەی لە پڵاتۆ گرتووە کە بیرۆکەکانی سوکراتی شێواندووە، ڕوانگەیەکی زانستییانەی بۆ زانین هەیە، کە دەڵێت بەردەوام پێویستی بە گەڕان و لێکدانەوە و فێربوون هەیە، هەرگیز بە خاڵی کۆتا ناگەین و سەرسامە بە سوکرات کە دەڵێت زانین ئەوەیە کە بزانیت نەزانین چییە. ئایدۆلۆجیاکان باوەڕیان وایە کە کلیلی زانینی گەردوونیان دۆزیوەتەوە و چارەسەری گرفتەکانیان لایە، ئەوەش پۆپەری نیگەران کردووە و باوەڕی وایە دەبێیت دەسەڵاتدار زانیبێتی، لە کتێبی “کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی” پۆپەر دەڵێت:- نابێت هەرگیز بە هەقیقەت بگەین، کێشەی چەمکی ڕێژەیی کە پێی وایە ناپاکییە لە هەقیقەت مانای هەقیقەت و مانای یەقین یان تێکەڵ کردووە، کە ڕۆڵی زمان زۆر کاریگەرە لە ڕوانگەی “ڕاسێڵ”. ڕەخنە لە مارکس و هیگڵ دەگرێت لە حەتمییەتی مێژوویی، کە کۆمەڵگای تۆتالیتار و مێگەل بەرهەم دەهێنن و پشتگیری شۆبنهاوەر دەکات کە دەڵێت هیگل فریودەرە. ڕەوتی مێژوو دەکەوێتە ژێر کاریگەری زانین مانەوە. کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی چارەسەرێکە بۆ لیبرالیزم دژی فاشیزم-کۆمۆنیزم-نازیزم و کەوتووەتە بەر هەڕەشە.
“دەرئەنجام”
ڕەخنەی پۆپەر لە فەیلەسوفەکان ئەوەیە؛ بۆ ئێمە گرنگە فیکرەکان بناسین، نەک لەبەر ئەوەی ڕاستە یان نا، بەڵکو ئەوە بزانین کە فیکرەکانی “مارکس و هیگڵ و فرۆید” تا ئێستا لە دنیادا سەنگی خۆیان هەیە و ئەوە ڕوونە کە فیکرەکانی “پۆپەر” بە شێوەیەکی جیاواز و ئاڵۆز دەرکەوتوون، گرنگی زۆریان هەیە لە بواری مەعریفەی زانستی، هەروەها زمانێکی سادەی فەلسەفییانەی بەکارهێناوە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!