#هۆگر عەبدوڵڵا#، ڕاهێنەری نوێی #یانەی وەرزشی ڕزگاری# بە ڕووداوی ڕاگەیاند یانەکەمان لە هەندێک پێگەدا کەموکووڕی هەیە و دەکرێت بە چەند گرێبەستێکی نوێ پێکهاتەیەکی بەهێزتر بەدەستبهێنین.
ئەو ڕاهێنەرە، تەنیا لە یەک یارییدا سەرپەرشتی ڕزگاری کردووە، لەو یارییەشدا بەرانبەر #یانەی وەرزشی ئاکرێ# یەکسان بووە.
ئەو ڕاهێنەرە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕووداو وتی: ئێمە لەو دوو هەفتەیەدا کە دەستمانپێکردووە، دەستکاریی پێگەی چەند یاریزانێکمان کردووە بەتایبەت لە هێڵی ناوەڕاست و هێرشبەریدا، هەندێک یاریزان پێمان باشتربوو پێگەی یارییکردنیان بگۆڕێن بۆ ئەوەی زیاتر ڕۆڵیان هەبێت لە یارییەکاندا.
هۆگر سەبارەت بە ئاستی یاریزانەکانی زیاتر وتی لە ڕاستیدا یاریزانەکان لەسەر داوای من نەهاتوون، بۆیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ڕاستییەکە بکەم و کار لەگەڵ ئەوانە دەکەم کە لەبەر دەستمدان، لە هەندێک پێگە کەموکووڕیمان هەیە و لە هەندێک پێگەی دیکەش پێم وایە باشترینی کوردستانین و بگرە ئێراقیش.
ئەو زیاتر باسی تیپەکەی کرد و وتی هەندێک یاریزانیشمان تەمەنیان چووەتە سەرەوە و جەستەیان یارمەتیدەرییان نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە تەکتیکییەکان، بەڵام ئەگەر دەستەی کارگێڕیی منیان بە دڵ بێت ئەوا بۆ وەرزی داهاتوو لە ڕێگەی چەند گرێبەستێکەوە دەتوانین کێشەکانمان چارەسەربکەین.
ڕاهێنەرە نوێیەکەی ڕزگاری ئامانجی یانەکەی لەم وەرزەدا بۆ ڕووداو ئاشکرا کرد و وتی ئێمە ئامانجمان مانەوەیە و هیچ نەبێت یانەکە دەبێت لە نیوەی ڕیزبەندییەکە بهێڵینەوە، تیپەکەش ئەو توانایەی هەیە بتوانێت لەو چەند یارییەی ماوە لە پێگەیەکی باشتر خۆی ببینێتەوە.
یانەی ڕزگاری لە نیوەی یەکەمی خولی نایابی کوردستان هیچ یارییەکی نەدۆڕاندبوو و لە پلەی چوارەمی ڕیزبەندییەکەدا بوو، بەڵام لە نیوەی دووەمدا 9 یاریی ئەنجام داوە و هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە.[1]