ناونیشانی بابەت: تیشکێک لە ژیانی پاشای مەزنی کورد و ئیسلام (پاشا ئەبولفیدای ئەیووبی)/ بەشی دووەم
ئامادەکردنی: #هامنۆ ئەیوب هەورامی#
$ ژیانی پزیشکی$
وەک چۆن لە بەشی ڕابردوودا باسمان کرد، کە (پاشا ئەبولفیدای ئەیووبی) لە بنەماڵەیەکی خانەدانی شاهانە بووە و توانیویەتی پارێزگاریی لەو دەسەڵاتە ڕامیارییەش بکات، لە هەمانکاتدا کە پاشا و دەسەڵاتدار بووە؛ بایەخێکی تەواوی بە فێربوونی زانستەکان داوە و شارەزایی تەواوی لە چەندین بواردا هەبووە، یەکێک لەو بوارانەش پزیشکی بووە.
دەستپێکی شارەزابوونی پاشا ئەبولفیدا بە زانستی پزیشکی، دەگەڕێتەوە بۆ تافی منداڵی و ئەوکاتەی بۆ خوێندنی زانستە جۆراوجۆرەکان چووەتە خزمەتی چەند مامۆستایەک، یەکێک لەوانە (ئەسیرەدین ئەلئەبهەری سیواسی) بووە، کە لە زانا پایەبەرزەکانی ئەو سەردەمە بووە و لەپاڵ زانستەکانی دیکەدا، زۆر زانستێکی فراوان و ناوازەی لە بواری پزیشکیدا هەبووە و چەندان قوتابیی زۆر کارامەی لە بواری پزیشکیدا لە هەردوو شاری حەما و حەلەب پێگەیاندووە، یەکێک لەو خوێندکارانە (پاشا ئەبولفیدا) بووە، کە لەسەردەستی ئەو لە شاری حەمما فێری زانستەکە بووە.
(پاشا ئەبولفیدا) خۆیشی کەسایەتییەکی وریا و زیرەک بووە و توانیویەتی زۆر بە باشی فێری بوارەکە ببێت و پەرە بە خۆیشی بدات، هەر ئەوەش وایکرد، کە هەردوو مێژوونووس (ئیبن کەسیر و ئیبن تەغری بەردی) بە ڕوونی لە بواری پزیشکیدا دان بە زاناییەکەیدا بنێن.
ئەوەش وایکردبوو کە لە پزیشکیدا زۆر ستایش بکرێت و لە یەکێک لە گێڕانەوەکاندا وا باس کراوە، کە جارێکیان پاشا ئەبولفیدا چووەتە میسڕ و بانگهێشت کرا بۆ دانیشتنێک، کە تێیدا ژمارەیەک پزیشکی بەناوبانگیش تێیدا ئامادە بوون، ئەوەبوو قسە و باس دەربارەی زۆر زانست کرا، هەتاوەکوو هاتنەسەر زانستی گژوگیا و ڕووەکناسی، ئەوەبوو باس لە هەر ڕووەکێک دەکرا؛ پاشا ئەبولفیدا دەیزانی و زانیاریی لەسەری هەبوو و دەیزانی لە کوێ هەیە و بەکارهێنانەکەی چۆنە و بۆ چ نەخۆشییەکیش بەسوودە. بێگومان ئەوەشیان زانستێکی تایبەتی بوو و تەنیا پزیشکە زۆر شارەزا و پسپۆڕەکان ئەو ئاستەیان هەبوو، ئەوە وایکرد، کە پزیشکێکی وەک (شێخ زەینەدین) زۆر سەرسام ببێت پێی و بۆیە دەربارەی گوتی: نەمزانیوە هیچ پاشایەک لە پاشاکانی موسڵمانان گەیشتبێتە ئەو ئاستە لە بواری زانستیدا!
هەروەها لە یەکێکی دیکەی لەو بەسەرهاتانەی لەبارەی زاناییەکەی لە بواری پزیشکیدا گێڕدراوەتەوە، بەسەرهاتی ئەو گەشتەی دیکەی بووە، کە بۆ جارێکی دیکە بۆ میسڕ ڕۆیشتووە و چووبووە لای سوڵتانی مەمالیک، لەوکاتەدا کە کوڕەکەی خۆی لەگەڵدا بوو، کە ناوی (محەمەد) بوو نەخۆش کەوتبوو، بۆیە سوڵتان ناردی بە شوێن سەرۆکی پزیشکەکانیدا، کە (جەمالەدین ئیبراهیمی مەغریبی) بوو و هەتا چارەسەری شازادە محەمەد بکات، بەڵام هەتا جەمالەدین گەیشت، پاشا ئەبولفیدا خۆی پشکنینی بۆی کرد و بۆی دەرکەوت نەخۆشییەکەی چییە، دوای دیاریکردنی نەخۆشییەکە دەرمانی بۆ ئامادە کرد، هەربۆیە جەمالەدین کە هات و بارودۆخەکەی بینی گوتی: ئەی سەردار؛ سوێند بە خودا هیچ پێویستییەکت بە من نییە، لەبەر داواکاریی سوڵتان هاتووم.
کەواتە پاشا ئەبولفیدا شارەزای تەواوی لە ڕووەک و گژوگیاکاندا هەبووە و زانیویەتی بۆ چ شتێک بەسوودن و چۆن بۆ چارەسەکردن ئامادە دەکرێن و لەو سۆنگەیەشەوە یارمەتیی نەخۆشەکانی داوە، ئەمەش نیشانەی بەرزی پایەی ئەو کەسایەتییە بووە.
$سەرچاوە:$
موحسین مامل حسێن: کورد لە کتێبی تەقویم ئەلبولدانی ئەبولفیدای ئەیووبی، چ1، چاپخانەی موکریانی، هەولێر، 2014ز. ل42، 46-48. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!