ناونیشانی بابەت: فەرمانی تۆمارکردنی میراتی جیهانیی پایتەختی میدییەکان لە لایەن یونسکۆوە دەرچوو
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
ساڵی رابردوودا رێکخراوی جیهانیی یونسکۆ، شاری شوێنەواری (#هەگمەتانه#)ی پایتەختی ئیمپراتۆری میدییەکانی خستە لیستی میراتی جیهانییەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، دوای تەواوکردنی رێکارە فەرمییەکان، فەرمانی ئەم تۆمارە جیهانییە بە فەرمی دەرچوو.
پێگەی مێژوویی و شوێنەواریی هەگمەتانە (#هەمەدان#) ساڵی ڕابردوو لە کۆنفرانسی ساڵانەی یونسکۆ لە دەهلیی پایتەختی هیندستان خرایە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆوە و ئەم پارێزگایە بووە خاوەنی سێیەم تۆماری پێگەی شوێنەواری لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ.
پارێزگای هەمەدان وەک پایتەختی مێژوو و شارستانیەت لە ئێران، زیاتر لە هەزار و 900 پێگەی شوێنەواری، مێژوویی و گەشتیاریی هەیە.
ئیمپراتۆری ماد لەسەر دەستی دیاکۆ دامەزرا، ئەو پیاوێکی دانا و زانا و دادپەروەر بوو، هەر بۆیە بەزوویی گشت تیرەکانی کۆکردەوە و توانیی #ئیمپراتۆری ماد#، یان میدیا دابمەزرێنێت و شاری هەگمەتانە بکاتە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکەی.
دواتر فرەڤەرتیش کوڕی دیاکۆ شوێنی باوکی گرتەوە و لە سەردەمی ئەویشدا دەسەڵاتی مادەکان تاڕادەیەک فراوان بوو و شەڕی دژی ئاشوورییەکان کرد تا کوژرا.
دواتر هوخوشترە، یان کەیخەسرەوی کوڕی فرەڤەرتیش جێگەی گرتەوە و لە سەردەمی ئەودا، دەسەڵاتی ماد گەیشتە لووتکە و سنووری قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەکەی زۆر فراوان بوو، سنووری چەندین وڵاتی ئێستای گرتەوە و ئاشوورییەکانیشی لەناو برد و چەندین هاوپەیمانیی گرنگیشی بەست.
ئاستیاگ کوڕی کەیخەسرەو کۆتا پاشای ماد بوو، ئەگەرچی زۆر لە دەسەڵات مایەوە، بەڵام هەموو ئەو دەستکەوت و فراوانخوایەی باوکی بەدەستی هێنابوو، لە سەردەمی ئەودا پێچەوانە بووەوە، دەسەڵاتی مادەکانی لاواز کرد و وای کرد کوڕش بەئاسانی دەسەڵاتی مادەکان لەناو بەرێت و دەسەڵاتی هەخامەنشی دابمەزرێنێت. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!