ڕۆژی جیهانی دژ بە چەکدارکردنی منداڵان
#عەلی مەحمود محەمەد#
12ی فیبڕیوەری ڕۆژی جیهانی دژ بە چەکدارکردنی منداڵانە, هەموو مرۆڤێک بە پێی یاسای مرۆیی جیهانی مافی خۆیەتی تەمەنی منداڵی لە دەرەوەی شەڕ و ترس بەرێتە سەربە خوێندن و یاری و نازی دایک و باوکییەوە.
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە, چەک نەکرێتە شانیان و لە ململانێی چەکدارییەکان چ دەوڵەتی و چ ناوخۆیی بەشدارییان پێ نەکرێت و ژیان و ئاساییشیان پارێزراو بێت.
ئێستا لە جیهاندا دەیان هەزار منداڵی کەمتر لە 18 ساڵ چەکدارکراون و لە ململانێ چەکدارییەکان بەکار دەهێنرێن لە وڵاتانی ئەفریقیاو ئاسیا, ئێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە لەلایەن داعشەوە منداڵان لە کاروباری سەربازی بە بەربڵاوی بەکار هێنراوە, کە تا ئێستا چارەنووسی هەزاران منداڵی ئێزیدی نادیارە لە ساڵی 2014 ەوە, بەشێکیان لە کردارە چەکدارییەکان بەشدارییان پێ دەکرێت, تا کاری خۆ کوژی.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2020دا بە گشتی 26 هەزار و 425 پێشێلکاری بەرانبەر منداڵان لە بارودۆخی ناکۆکی و ململانێی چەکداری لە سەرانسەری جیهان پشتڕاستکردەوە, واتە ڕۆژانە 72 سەرپێچی یان لە هەر کاتژمێرێکدا سێ سەرپێچی.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزای قورسی دیاریکردووە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی منداڵان چەکدار دەکەن و لە ململانێ چەکدارییەکان بەکاریان دەهێنن, یاخود ئازاریان دەدەن یان وەک داعش دەیان ڕفێنن, چەکدارکردنی منداڵانی کەمتر لە 15 ساڵ بە پێی پەیمانامەی ڕۆما وەک تاوانی جەنگ سەیر دەکرێت.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان سزای توندی بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندووە کە منداڵان چەکدار دەکەن و لە شەڕە چەکدارییەکان بەکاریان دەهێنن، یان ئەشکەنجەیان دەدەن یاخود دەیانڕفێنن.
ڕێککەوتنامەی (ئۆپاک) کە لە مانگی ئایاری 2000 پەسەندکرا، لەلایەن 172 وڵاتەوە پەسەند کراوە، کە هەموویان بەڵێنیان داوە کە هیچ کەسێک لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە وەرنەگرن لە هێزە چەکدارەکان .
تا ساڵی 2022 نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە نۆ هێزی چەکداری دەوڵەتی منداڵان لە شەڕەکاندا بەکاردەهێنن: کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی، مالی، سۆماڵ و باشووری سوودان، فەلەستین و سووریا و یەمەن، ئەفغانستان, میانمار, بە پێی هەواڵەکان ئێستا لە سوودانیش منداڵان لە کردە سەربازییەکان بە بەرفراوانی لە ململانێ چەکدارییە ناوخۆییەکان بەکار دەهێنرێن.
تا ساڵی 2022 نەتەوە یەکگرتووەکان 12 وڵاتی دەستنیشان کردووە کە منداڵان بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانەوە بەکاردەهێنرێن.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە پراتیک بەرەو ڕووی چەکدارکردنی منداڵان بووەتەوە, تۆماس لۆبانجۆ سەرکردەی سوپای نیشتمانی ڕزگاری کۆنگۆ بە 14 ساڵ زیندانی و قەرەبووی قوربانیان حوکم درا لە ڕێکەوتی 10ی یۆلی 2012 لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە، بەتاوانی چەکدارکردنی منداڵانی کەمتر لە 15 ساڵ .
لێرەوە داوا لە سەرجەم پارتە کوردستانییەکان دەکەین پابەند بن بە هەڵوێستی نێونەتەوەییەوەو منداڵانی کەمتر لە 18 ساڵ لە ڕیزەکانیان بە هیچ بەهانەیەک وەرنەگرن, بە چەکدارکردنی منداڵان وێڕای ئەوەی دەچنە لیستی ڕەشی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە, بەمەش هەر کردارێکی وا دەیانباتە ڕیزی تاوانکارانی نێونەتەوەییەوە, بە تایبەتیش چەکدارکردنی منداڵانی کەمتر لە 15 ساڵ.[1]
-رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید-kwg
-تۆڕی ڕێکخراوە کوردستانیییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی -Koncicc
-تۆڕی ئایکان کوردستان IKN
-رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان OAWMD
-رێکخراوی هەڵمەتی دادپەروەری OJC
-رێکخراوی جیهانی بێ چەکی کیمیایی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە کوردستان
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!