لە یادی 37 ساڵەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەکدا
#عەلی مەحمود محەمەد#
لە شەوی سێشەممە کاتژمێری 2:25 بەرەبەیانی ڕێکەوتی #23-02-1988# ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەک دەستی پێ کرد، تاکوو شەممە ڕێکەوتی #19-03-1988# بەردەوام بوو، 26 ڕۆژی خایاند.
ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکردایەتی لیوا ڕوکن سوڵتان هاشم فەرماندەی ڕەدیفی لەشکری یەک، لیوا ڕوکن کەمال ساجد فەرماندەی لەشکری یەک، لیوا ڕوکن نیعمە فارس حسێن محیاوی فەرماندەی لەشکری پێنج، و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی فەریقی یەکەمی ڕوکن عەدنان خەیروڵڵا وەزیری بەرگری ئێراق، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باکووری حیزبی #بەعس#، سەرۆکی ئەرکانی سوپا فەریقی ڕوکن نزار عەبدولکەریم خەزرجی ئەنجامدرا.
20 لیوای سوپای ئێراق و 30 فەوجی سەربە گاردی کۆماری و 110 فەوجی جاش و ژمارەیەک مەفرەزەی تایبەتیی جاش بەشدارییان تێدا کرد، کۆی هێزەکە مەزەندە دەکران بە زیاتر لە 100 هەزار کەس، واتا هەر دە مەتر چوارگۆشەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکە سەربازێکی بەردەکەوت.
لە نۆ قۆڵەوە هێرشکرایە سەر گوندەکانی دۆڵی جافایەتی تا مەرگە بە درێژایی 70 کیلۆمەتر (#دوکان#، #بنگرد#، #چوارتا#، #قەڵاچوالان#، #ماوەت#، #کارێزە#، #سەرچنار# و #سوورداش#).
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 23-02-1988، هێزە پەلاماردەرەکەی سوپای ئێراقی بە چەکی کیمیایی لە گوندەکانی #چۆخماخ#، #یاخسەمەر#، #هەڵەدن#، #چاڵاو#، #سەرگەڵوو# و #بەرگەڵوو#یان دا، ڕۆژانی 25 و 26ی شوبات گوندەکانی سەرگەڵوو، هەڵەدن، یاخسەمەر و گوێزەڵە کیمیاباران کرانەوە.
لە کیمیابارانەکەی 26 مانگ 8 شەهید و 201 بریندار هەبوون، دوای کۆتایی قۆناغی ئەنفالی یەک بە چوار ڕۆژ لە ڕێکەوتی #23-03-1988# جارێکی دیکە بە چەکی کیمیایی لە گوندی #شاناخسێ#ی ناوچەی ماوەتی دا، 22 کەس شەهید بوون و زیاتر لە 720 هاووڵاتی سڤیل و پێشمەرگە بریندار بوون، هەمان گوند هەردوو ڕۆژانی پێشتریش کیمیاباران کرابوون، لە پڕۆسەی ئەنفالی 1 بە گشتی 7 جار دەڤەرەکە کیمیاباران کرا.
نزیکەی 150 گوند لەم قۆناغەدا بەر شاڵاوەکە کەوتن و یەک تاقە دیواریان بەپێوە نەما، هەموو خانوو و مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەکانی ڕۆخێنران و بەشێک لە خەڵکەکەشی ئەنفالکران.
لە ئەنفالی یەکدا دەیان کەس دوای بەجێهێشتنی ماڵەکانیان لە ڕێگا لەناو بەفر ڕەقبوونەوە، زیاتر لە 160 هاووڵاتی سڤیلی تریش لەو شەڕ و گەمارۆیەدا کوژران و نزیک 500 کەسیش ئەنفالکران.
ئەنفالی یەک بە بەیانی فەرمی ژمارە 3087ی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 19-03-1988 کۆتایی هات، تیایدا وێڕای ڕۆڵی سوپا، ستایشی ڕۆڵی جاشە کوردەکانیش کراوە لە بەشداریکردنی کاریگەریان لە ئۆپەراسیۆنەکە.[1]
-رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید-kwg
-تۆڕی ڕێکخراوە کوردستانیییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی -Koncicc
-تۆڕی ئایکان کوردستان IKN
-رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان OAWMD
-رێکخراوی هەڵمەتی دادپەروەری OJC
-رێکخراوی جیهانی بێ چەکی کیمیایی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە کوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان
-ڕێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان