ناونیشانی بابەت: خانمە هونەرمەند فرمێسک مستەفا کتێبی (گوڵەتووتن) بڵاو دەکاتەوە
خانمە هونەرمەندی شانۆکار #فرمێسک مستەفا#، نوێترین کتێبی خۆی کە بە ناوی (گوڵەتووتن - Nicotine)ە و دەقێکی مێژوویی بەڵگەنامەیی فێمێنیستییە، بڵاو کردەوە.
لەبارەی نوێترین کتێبی خۆیەوە، خانمە هونەرمەندی شانۆکار فرمێسک مستەفا بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: تازەترین کتێبم کە دەقێکی شانۆییە و بە ناوی (گوڵەتووتن - Nicotine)ە، دەقێکی مێژوویی بەڵگەنامەیی فێمێنیستییە، باس لە خانمە کرێکارەکانی کارگەی جگەرەی سلێمانی دەکات، ئەو کاتەی بڕیار لەسەر داخستنی کارگەکە دەدرێت.
ئەم خانمە هونەرمەندە هیوادارە کتێبەکەی لە کتێبخانەی کوردیدا و بە تایبەتی لە گۆشەی شانۆدا، جێگەی خۆی بگرێت، هەروەها شایستەی ماندووبوون و مێژووی خەباتی کرێکارانی #کارگەی جگەرەی سلێمانی# بێت، بە تایبەتی خەباتی دەستی کاری ژن کە لەگەڵ خەباتی خانمانی کرێکار لە جیهاندا هاوتان.
خانمە هونەرمەند فرمێسک مستەفا، لە سلێمانی لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی هەر لەو شارەدا تەواو کردووە، پاشان لە بەغدا کۆلێژی (هونەرەجوانەکان)ی تەواو کردووە، لە ساڵی 1983دا بۆ یەکەم جار چووە سەر تەختەی شانۆ و بەشداریی لە شانۆگەریی (کەللەسەر)دا کرد، لە ساڵی 1988یشدا وەک مامۆستا لە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان لە شاری سلێمانی دەستبەکار بوو، ئێستاش لە ئەڵمانیا دەژی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=