=KTML_Bold=لە بەغدا چیم دی=KTML_End=
#گۆران شاخەوان#
=KTML_Bold=چرکە ساتى یەکەم=KTML_End=
ڕۆژێک بەر لە سەردانەکەى بارزانى و شاندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ چەند دەزگایەکى دیکەى راگەیاندن گەیشتینە بەغدا. گەیشتنى ئێمە و تەقینەوەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو, تەنیا چەند خولەکێک نێوانیان بوو. هەموومان تاساین, بەڵام بەلاى هاووڵاتیانى ئه و شارە نە باى دەهات نەباران. وەک ئەوە وابوو هیچ شتێک ڕووینەداوە. ناحەقیشیان نەبوو, چونکە ڕاهاتوون لەم دۆخە. ئەوەى نیگەران بوو, ئێمە بووین, چونکە شتى وامان لە کوردستان نەبینیبوو!
=KTML_Bold=ئەمریکییەکان متمانەیان بەهیچ کەس نییە=KTML_End=
تەنیا بە بینینى دیمەنەکانى نێو بەغدا, باش تێدەگەى کە هیچ کەس متمانەى بە یەکترى نییە. نەک تەنیا لایەنە سیاسییەکان, بگرە خەڵکە ڕەش و ڕووتەکەش هەست بەم بێ متمانەیە دەکەن. لە هەر سەد مەترێک لە بەغدا بازگەیەک هەیە. کەسیش نازانێ چەکدارەکان سەر بەکام لایەن و مەزهەبن. لە هەموو شەقامێک بەهۆى ئەم بازگانەوە قەرەباڵغى دروست بووە. ڕێگاى یەک کیلۆمەتر دەبێت بە یەک کاتژمێر ببڕیت. کاتێکیش بە بازگەکان دەگەى, جیا لەوەى بە تەواوى دەتپشکنن, ئەگەر بشزانن کوردى, ئیدى دوو کاتژمێرى دیکە, هەر بە ئەنقەست دوات دەخەن, ئیدى ئه و بازگەیە جێدەهێڵیت, بەڵام تەنیا چەند سەد مەترێک دیسان بازگە، پشکنین و وەستاندن دەستپێدەکاتەوە. لەوێش نازانى چەکدارەکان کێن, سەر بەکام لایەنن, دیاریش نییە, پیاوى حکومەت بن, ئیدى بەمجۆرە بەردەوامە, لە کۆتایشدا ئەمریکییەکان بازگەى تایبەت و پاسەوانى تایبەت بە خۆیان هەیە, وەک عەرەبەکان دەیانگوت, ئەوان متمانەیان بە هیچ کەس لە عێراق نییە.
=KTML_Bold=هاتنى بارزانى لە میدیا عێراقییەکان=KTML_End=
وەک ئەوەى شەپۆلێکى بەخوڕ لە ئاوێکى مەنگ بدات, بەمجۆرە هاتنى هەواڵى بارزانى بۆ بەغدا بەتەواوى بەشارەکانى عێراق بڵابووبویەوە. میدیا عێراقییەکان هەریەکەى بە ناونیشانێکى جیا وەسفى هاتنى بارزانیان دەکرد, (لاپەڕەیەکى تازە لە پەیوەندییەکان نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێتەوە، بارزانى لەگەڵ شاندێکى باڵا دەگەنە بەغدا, بەغدا لە چاوەڕوانى بارزانیدایە, بارزانى و عەبادى لە ناوچەى سەوز بە یەک دەگەن...هتد), ئەمانە مانشێتى سەرەکى دەزگا بینراو, بیستراو, خوێنراوى بەغدا و شارەکانى دیکە بوون.
=KTML_Bold=گولە بە تاریکییەوە مەنێن=KTML_End=
ناوچەى سەوز, ئه و شوێنەى بەشێک لە عێراقییەکان بە سومبولى دەوڵەت وەسفى دەکەن, سەدرییەکانیش بە هێڵى سوور ناوى دەبەن, بۆیە تا داخیلى ئەوێ دەبیت, زیاتر لە بیست بازگە دانراوە, بەڵام بارزانى ڕاستەوخۆ گەیشتە ناوچەى سەوز, هەمیشە کاتێک بارزانى شتێکى بەدڵ نییە, لە هێڵ و گۆڕانکارییە فسیۆلۆژییەکانى رووخسارییەوە دیارە, جیا لەوەش ئەگەر شتێک لە بەرژەوەندى کورد نەبێت, زوو کۆتایى بە دانیشتن و گفتوگۆکان دەهێنێت, دواى سێ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبادى, هەموو ئەندامانى شاندى هەرێمى کوردستان بە منیان گوت, خاڵمان لە کۆتایى زۆربەی ئه و ڕستانە داناوە, کە لای خەڵکە و تا ئێستا بە نەزانراوى ماونەتەوە، ئیدى گەشبینین لەوەى قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات, ئەمە قسەى من نییە, بەڵکو قسەى ئەندامانى شاندەکەیە, هەمووانیش دەزانن کە شاندەکە کێ بوون, بۆیە پێم سەیرە, خەڵکانێک بێ ئەوەى ئاگادارى کۆبونەوەکان بن, یاخود بزانن چى ڕوویداوە, شرۆڤە بۆ سەردانەکە دەکەن و لەبرى ئەندامانى شاندەکە لێدوان دەدەن, بۆیە باش نییە, گولە بە تاریکییەوە بندرێت.
=KTML_Bold=بارزانى کۆکەرەوەى دەنگە ناڕازییەکانى بەغدا=KTML_End=
ناوچەى سەوز ئەمنییەتى لە رۆژانى دیکە تۆکمەتربوو, کۆپتەرەکان بەردەوام لە ئاسمان دەسوڕانەوە, ئه و ڕۆژە, هیچ تەقینەوەیەک لە بەغدا ڕوویان نەدا, هەموو کوچە و کۆڵانەکان گیرابوون, پاسەوان بەهەموو شارەکە بڵاوەیان پێکرابوو, ناوچەى سەوز تۆق کرابوو, دواى کۆتایهاتنى کۆبونەوەى شاندى هەرێمى کوردستان و عەبادى, ئیدى شاندەکە گەڕانەوە ماڵى رۆژ نورى شاوێس, لەوێش کوتلە جیاکانى عێراق و کەسایەتییە سیاسییەکان نۆرەیان گرتبوو, تا چاویان بە بارزانى بکەوێت, یەکێک لە ئەندامانى شاندەکەى بارزانى بەمنى گوت, دەزانى ئەمانە بۆچى هاتوون, منیش تەنیا سەیرم کرد, وەک ئەوەى تێبگات کە زووتر وەڵامەکەیم پێبڵێت, رێک دەستى بە قسە کرد و گوتى: هەرچەندە متمانەشم نییە, هەر بڵاویدەکەیتەوە, بەڵام با پێت بڵێم، کوتلە عێراقییەکان بە بارزانیان گوت, دەمێکە چاوەڕوانى هاتنى تۆین, دڵنیابووین لەوەى هەر دێیت بۆ بەغدا, چونکە هەستت بە دۆخە مەترسیدارەکە کردووە. ئه و بەرپرسە بەردەوام بوو لە قسەکردن و گوتى: ئەوان هاتبوون گلەیى لەلاى بارزانى بکەن, کە هاوکارى بەغدا بێت, چونکە مەترسیێکى زۆر لەسەر ئایندەى ئەم حکومەته هەیە. دواتر بەرپرسێکى عێراقى بە بارزانى گوتبوو ئێوە کۆکەرەوەى دەنگە ناڕازییەکانى عێراقن.
=KTML_Bold=فەرشە سوورەکەى ماڵى عەمار حەکیم=KTML_End=
بە درێژاى دووسەد مەتر, لە ژوورەوە تا سەر شەقامەکەى بەردەم ماڵى حەکیم, فەرشى سوور راخرابوو, کەسایەتییە دیارەکانى ئەنجومەنى نیشتیمانى شیعەکان بە ڕیز وەستابوون, دەوروبەرى ماڵى عەمار حەکیم بە تەواوى بە پاسەوان دەوردرابوو, چۆن سەرۆکى وڵاتێک پێشوازى لێدەکرێت, بەمجۆرە ئامادەکارى کرابوو, لەگەڵ گەیشتنى بارزانى یەکەم قسەى کەسایەتییە شیعەکان ئەوەبوو, بەخێربێیت جەنابى سەرۆک, خۆشحاڵین بە دیتنەوەت, شەرفمەندین. دواى دوو کۆبونەوە, لەوێش شیعەکان مەترسى ئەوەیان درکاندبوو, ئەگەر بارزانی هاوکاریان نەکات، ڕەنگە دۆخەکە بە جۆرێک بگۆڕێت, دواتر بە ئەستەم چاک بکرێتەوە.
=KTML_Bold=عەبادى چ بەڵێنێکى دا=KTML_End=
وێستگەى یەکەمی دیدار و کۆبوونەوەکانى بارزانى لەگەڵ عەبادى بوو, دواین وێستگەشى ماڵى عەبادى بوو, بارزانى بۆ ئەوە چووە بەغدا، کە نابێت بە دەستى خاڵى بگەڕێتەوە, ئەوەشیکرد, عێراقییەکانیش بەڵێنیان داوە، با لەشەڕی #داعش#ەوە دەست پێبکەین، هەمووان دەزانن داعش مەترسییەکى هەمیشەییە لەسەر کورد, بەڵام لەوێ بارزانى و عەبادى رێککەوتن لەسەر وەدەرنانى داعش لە مووسڵ ناوچەکانى دیکه. ئەم ڕستەیە خاڵی لەکۆتایی دانرا، مەسەلەی مووچە و بوودجەى هەرێمى کوردستان بەمجۆرە باسى لێوەکرا, کە عەبادى بەڵێنى دا, ئیدى مووچەى فەرمانبەران لەکاتى خۆیدا بنێرێت, لەبەرامبەریشدا کورد نەوتی خۆی لە ڕێگەی بەغدا هەناردە دەکات، ئەمەشیان کۆتای پێهات. بۆ جیابونەوەى کوردستانیش هەمیشە بارزانى گووتویەتى ئەگەر بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجام, ئیدى کردنەوەى دەرگاى سەربەخۆیى ئاسانترە و وڵاتانى بیانیش باشتر پشتگیرى ئەم پرۆسەیە دەکەن، ئەگەر ئەم بەڵێنەی عەبادی و عێراقییەکان جێبەجێ نەکرا، وەک بەرپرسێکی باڵا کە یاوەری شاندەکەی بارزانی دەکرد گوتی: ئەوکات بەغدا باجەکەی دەدات. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=