#شێرکۆ بێکەس#
کە هاتین بۆ لات دەمەو ئێوارەیەکی درەنگ بوو، تۆش لە ئێوارەی ژیاندا بووی. دوا زەردەپەڕی خۆرنشینێکی کاڵی خەماوی لە شووشەی پەنجەرەکەوە بە کزی خۆی دەکرد بەم دیودا و بەهێواشی دەچووە سەر کلووی قژە سپییەکەت. بەفری بەر مانگەشەوی هاوینانی بێ سرپە و چرپەی ملە بەرزەکانی ئەم وڵاتەیان هێنایەوە پێش چاوی خەیاڵم. تەمی سەروخوارگرتووی ئاسۆی پێش ئەنگۆرە، پێش ئاوابوونی یەکجاری، چۆن لە دامێنی تەڕی چەمەکانەوە دەواری خۆڵەمێشی خۆی هەڵئەدا و بەرەو لاپاڵەکان هەڵئەکشێت، تەمێکی ئاوا، لە چەناگە بچووکەکەت و دەموچاوە ورد و ئێسکسووکەکەت نیشتبوو. کە ئێمەت دی زەردەخەنەیەکی هەڵوەریو، وەک زەردەخەنەی تاڵ و بە ناسۆری درەختێکی ڕووتی پاییزەی نێو خەزان، وەک بزەی گۆپکەیەکی داڕنراو، کەوتە سەر بەیبوونی وشکی لێوەکانت. بۆ ساتەوەختێ هەر ئەوەندەی چاو ترووکانێ کەمتر لە وەختی بەیەکدادانی باڵی نەرمی پەپوولەیەک، کەمتریش لە پلی لێدانی دڵی چۆلەکەیەک گەشایتەوە و ئیتر لە پڕێکدا چۆن فوویەک لە گڕی کزکراوی چرایە دەکرێت، ئاوەهاش زەردەخەنەکەت کوژایەوە!.
لەسەر پشت ڕاکشابوویت، ژوورەکەت بۆنی مردنی لێ دەهات، ئەو چاوە بچووکانەی کە تا دوێنێ بوو لەژێر دوو برۆی تەنکەوە وەک دوو ئاگردان پریشکی زرنگی و هۆشیاریان لێ ئەبووەوە وا ئێستا پشکۆی گلێنەیان دامردۆتەوە. دوو ئاوێنەی تەمگرتووی شەوق لێ بڕاون و دوو گوڵەحاجیلەی سیس.
لەسەر پشت ڕاکشابوویت، لە لقەدارێکی زامداری دوای بڕینەوە دەچوویت. نیگای لێڵوپێڵت لە شوێنێکی نادیارە و چەقیان لەوێدا بەستووە. لە مەرگ ورد ئەبوویتەوە. خۆت دابوو بەدەم دوا شەپۆلی سەرەونگووم بوونێکەوە کە دۆزینەوەی لەدوا نەبێت، ئەتزانی لە ئانووساتدایە گێژەنی مەرگ بەرەو بن ڕاپێچت بکات. ئەتزانی وردەوردە لێت نزیک دەبێتەوە و لە دواییشدا ئەتگرێتە باوەشی ئەبەدیی خۆی!.
لەسەر پشت ڕاکشابوویت، هاوارێکی بێدەنگ بوویت، ئەوەتا دەمی گوێزانی ئازارێکی تیژ ناوسکت ئەنجنئەنجن ئەکات. برینەکان شەقارن و وردە شووشەیان تێکراوە. بەڵام بێدەنگ ئەمردی. لە مردن نەئەپاڕایتەوە، زۆرت لە زامەکانت دەکرد و دەمیانت دەبەست. بۆ ئەوەی نەزریکێنن و ورە بەرنەدەن. لەو سەرەمەرگەشدا هەر بێدەنگی و هێمنی و ئارامیت خۆش ئەویست. ئازاری بەسوێی جەرگبڕت لەژێر لێو کرۆشتنێکی قایمدا دابین دەکرد، مردنی شێنەییت هەڵئەبژارد، تۆ بە درێژاییی تەمەن هەر شەماڵێکی شێنەیی بوویت، هەر گۆمێکی قووڵ و مەنگ و ڕەگێکی جیڕ بوویت. تۆ گوڵەهێرۆیەکی سەرلق سپی بوویت و بەرز ئەتڕوانی، لە درەختێکی تەنیای سەرپەڕگرتووی تەریک دەچوویت، سێبەرێکی کڕت هەبوو، بەڵام هەموو کەس نەئەگەیشتە لات. لە نهێنیی چڕوپڕت نەئەگەیشتن لە دەوروبەری پڕ لە ڕیا و ڕیاکاریی مانێکی تایبەتیت گرتبوو. دڵت ئاسکێکی سرک بوو، نەئەگیرا. سرووشتی تایبەتیت ئەسپێکی کێوی بوو، ڕاو نەدەکرا. تۆ نوێژێکی تایبەتیت بۆ خۆشەویستیی کوردستان دەکرد و لە نوێژی جگەرسۆزانی تر نەدەچوو. ئاوێنەی خۆت هەبوو لە ئاوێنەی هیچ کەسێکدا تەماشای خۆت نەدەکرد. گیانت پەپوولەیەکی باڵنەخشین بوو، هەموو ڕۆژێ بە سێبەر و هەتاوی ئەم شارەدا بە هێوری ئەفڕی و بە هێوریش دەنیشتەوە. تەمەنی تۆ هەمووی «ئەسپایی» بوو وەک هەموو ئەسپاییە جوانەکانی ناو سرووشت. دەمودووت، هاتوچۆت، گوێگرتنت، خوێندنەوەت، نووسینت، تەنانەت هاواری بێزاریشت هەر ئەسپایی بوو. تۆ لەم سەردەمە ئاڵۆزەدا گیانی فریشتەیت لە ئامێز گرتبوو.
لەسەر پشت ڕاکشابوویت، نە هاوسەرێک هەبوو سەر بنێ بە بەفری قژتەوە، نە جگەرگۆشەیەک سەری باوکێتی بنێ بە دڵیەوە. تۆ و تەنیایی هاوڕێی گیانی بەگیانی بوون، هەمیشە قۆڵتان لە قۆڵی یەکدا بوو، ئەوت بە هاوسەر هەڵبژاردبوو لە ماڵێکی چۆڵ و کپ و خامۆشدا کە لە جریوە و جووکەی چۆلەکە و وژەی لەرینەوەی لقوپۆپی درەختەکان بەو لاوە دەنگێکی تری لێوە نەدەهات لەوێدا تۆ و تەنیایی، تۆ و خەمی جگەرگۆشەکەت، پێکەوە دەژیان تاکوتەرابوون، دەمت تێدەکردن.
لەسەرپشت ڕاکشابوویت، بەدەم گێنگڵەوە ئەلبوومی یادگارت هەڵئەدایەوە. دەستی ڕاستت خستبووە سەر پۆپەشمینەکە، پەنجە باریک و لاوازەکانت لە پەلکە گیای وەرزی باران بڕان دەچوون، ئەوەتا ئێستە زەرد بوون و لە بریقوباق کەوتوون. پەنجەکانت، ئەو پەنجانەی ڕۆژانێ بوو قەڵەمێکی ڕەنگینیان دەگرت و ملوانکەی بەهرەیان دەکردە مل، ڕۆژانێ بوو ئەو پەنجانە پەلکە ڕەنگینەی «پەخشان»یان لە پێشوازی «گەلاوێژ»دا دەکرد بە تاقی سەلیقە و، بە چلچرای بیر ئەیانڕازانەوە، لە ئاسمانی ئەودا ئەدرەوشانەوە. جریوەیان دەهات و خەوی ڕەنگاوڕەنگی خۆشیان دەبینی و گوڵاوپرژێنی پرچەکانی ئەویان دەکرد، ڕۆژانێ بوو ئەو پەنجانە ئاوێزانی ئەم زمانە کوردییە شیرینە بوون. کانیاوی بەهرە ئەبوو بە جۆگەی ڕوون و ڕەوانی بەر هەتاوی زنوێران و ئەڕژایە ڕووباری ئەدەبیاتی سەردەمی تازەمانەوە.
قەڵەمەکەت لە قەڵەمە پێشڕەوەکانە، ئەو قەڵەمانەی لە ڕۆژگارە تاریکەکاندا چراوگ بوون، دڕیان بە دیواری شەوی ئەموستەچاو ئەدا. گوڵبارانی ئەدەبی نوێ بوو، گوڵەکانی تۆش لە گوڵە دەگمەنەکان بوون. ڕاکشاویت و نیگای خەیاڵ پێڵوی تەڕیان دەکەن بە باڵ. لە سەردەمی لاوێتیشدا تۆ هەر کەنارت گرتبوو، کۆترەباریکەکەی دەنگخۆشی تەریو بوویت. لە جۆشی تەمەندا، لە هەڕەتی قوڵپدانی خوێنی بەهرە و نووسیندا بە پێچەوانەی ئاوەڵەکانتەوە حەزت نەدەکرد بەهرەکەت بکەیتە ئاڵا و لەبەر چاوان بشەکێتەوە، لەو قۆناغەشدا ڕقت لە لاپرەسەنگی و خۆدەرخستن ئەبووەوە.
نازناوی «ع. چالاک»ت بۆ خۆت کرد بە نیشانە، گەلاوێژت کرد بە جێنزرگە. لەم ساڵانەی دواییشدا کە کوڕوکاڵانی ئەدیب و ئەدەبدۆست دەهاتنە لاتەوە و لە بەرهەمی ئەو سەردەمەت ئەدوان. تۆ خۆت نەدەکرد بە خاوەنیان، بە هێورییەکەی خۆت دەستێکت ڕائەوەشان و ئەتوت «هی من نین، کوا من ئەدیبم؟». تۆزقاڵێ گیانی خۆویستی و چاوچنۆکی و خۆبەزل زانین لە تۆدا نەبوو. لە کاتێکدا ئەگەر بتویستایە قەڵەمەکەت بەئاشکرا تاو بدەیت، چەپکە گوڵەکانت بێنیتە ناو کۆڕەوە و ڕیزیان بکەیت. دڵنیام ئەوسا قەڵەمەکەت پێش زۆر قەڵەم دەکەوت، گوڵەکانیش بازاڕی ڕەونەقی زۆریان ئەشکان، چ گیانێکی سادە و بەفرینی پاکت هەبوو. زۆربەی هاوڕێکانی ئەم ساڵانەی دواییت ڕەشوڕووت و بێکار و خەڵکە سادە و ساکارەکانی شارەکەم بوون. ئەوانت زۆرتر ئەدوان، ئەوانت لە خوێندەوارە درۆزنەکان خۆشتر ئەویست.
لەسەر پشت ڕاکشابوویت، منداڵیی خۆت ئەلاواندەوە: ئەی دارستان و قۆپی و کاوان و لێرەواڕ و کانیاوەکانی «#قەرەداغ#» بەهرەی چاوی تۆیان نەڕشت؟ ئەی ئەو بیرەوەری و سەرگورشتە و بەیت و گۆرانییە میللییانەی قەرەداغت نەکردووە بە کۆمەڵێک تابلۆی ڕەنگین و هەڵتنەگرتوون؟ ئەی لاوانەوە بەسۆزەکەی «دایە گیان» هەر بۆن و بەرامەی «باخان»ی قەرەداغ و سنگ و بەرۆکی دایکانی ئەوێی لێ نایەت؟!
هێشتا قوتابییەکی لەڕ و لاوازی ملباریکی گۆشەگیری مەنگ بوویت کە بەهرەی قەڵەمەکەت چاوی تیژی «پیرەمێرد»ی گەورەی قۆستەوە، هات بە پیرتەوە. بەهرەکەتی گرتە باوەش، لێی وردبووەوە، گەش بووی. تۆ ئەوساش هەر شەرمنێکی سەرکز و بەڵام دڵ وریا بووی. «پیرەمێرد»ی باوک دەستی بە سەرە بچووکەکەتا هێنا، بەرهەمەکەتی خستە سەر دڵ، تۆ بڕوات نەدەکرد، نۆبەرەکەت ناو نابوو «ئاوات». #پیرەمێرد#ی کەڵە شاعیر بە دەستی ڕەنگینی خۆی هەر لە چاپخانە دێرینەکەدا لە چاپی دا.
لەوەدا بوو «ئاوات» ئاواتی نۆبەرە بە هەنگاوی گەورەوە بچێتە ناو کۆڕ و کۆمەڵانی خوێندەواری ئەو سەردەمەوە... بەڵام لە پڕێکدا ڕێگەیان پێ گرت. ڕاپۆرتنووسانی دەسەنەخۆری ئینگلیز، مڵە و دووپشکەکانی ناو باخی ئەدەبیاتمان، جڕوجانەوەرە ڕموزنەکان، بە خەنجەری ڕووتەوە گەیشتنە سەر نۆبەرەی ئاواتی جەوهەر و لە بەردەمی پیرەمێرددا سەریان بڕی.
لەسەر پشت ڕاکشاویت، زەرد، زەرد، زەرد، زەرد هەر دەڵێی مانگی کوژراویت، لەناوەوە ئازار ئەڕوا و ئەتکێڵێ، تۆ کێڵگەی زات و ورەی لەناو چنگی ئەختەبووتی هەزار پەلی «سەرەتان»دا لوول ئەخۆیت و هاوار ناکەی. چ ورەیەکی بەسامی و چەندە ئارامێکی گەورەی. لەسەر پشت ڕاکشاویت، دەنگت لەناو هەناسەی سواردا خنکاوە.
ئەی «جەوهەر»ی ڕەوشت، ئەی گوڵەهێرۆی لاسک شکاوەی مل بەلارەوە گرتوو، بۆ یەکەم جار لە چایخانەیەکی پەڕپووت و بچووکی شارەکەمدا یەکترمان ناسی، بۆ دواجاریش، بەرلەوەی ئەم دەردە گرانە لە پەلوپۆت بخات هەر لە چایخانەیەکی وادا لەیەکتر جیابووینەوە.
لەسەر پشت ڕاکشاویت، ڕووە ژاکاوەکەت لە منە، پار ئەم وەختە بوو، دیسانەوە سەرم کردەوە سەرت، مەنگیتم شڵەقاند، بەڵام لێڵم نەکردی، ئەمزانی تۆ ماسییەکی ئەم گۆمی شینی ئەدەبەیت و بێ ئەو ناژیت، ئەمزانی کە شەو دادێ و دنیا ئەنوێ، تۆی شەیدا لەگەڵ وشەدا ڕۆژ دەکەیتەوە و بێدەنگ ئەسووتێیت، بێدەنگ ئەگریت و خەڵوەت جێ ناهێڵی! بیست ساڵ بوو ئەمناسیت، بەدەم پێت نەوتووم، بەڵام چاوت بەئاشکرا ئەیدرکان کە خۆشت ئەوێم، چاوت ئاوێنەیەکی بێگەردی ڕاستگۆیی بوو. دەستت نەنا بە ڕووی داواکەمەوە. چەند بەرهەمێکی لە کونی هەتیتەدا هەڵگیراوت بۆ هێنام، سێ دەفتەر چەند ڕۆژێ لەگەڵیاندا ژیام، چەند ڕۆژێ بە بادەی زمانی شیرینی ئەوان مەست بووم. نووسینەکانیشت وەک خۆت ناسک بوون، وەک خۆت کەمدووی پوخت و پاک بوون. قەڵەمی ناوبەناوی ڕەخنەشت، وەک ڕەوشتی خۆت بەرز بوون، زمانی تەڕ و پاراو و نەوازەی بێ گرێوگۆڵ سفت و ڕەوان و درەوشاوە بە قسەی نەستەقی باو و باپیران خۆش کراو. ڕستەی کوردانەی پتەو داڕێژراو، دڵی منیان لە زووەوە کەمەند بەند کردبوو. کتومت وەک خۆشەویستیی داربەڕوو و ئاوی ئەم کوردستانە.
لەسەر پشت ڕاکشاویت، وا چاوت لێک نا و ئاوا بوویت. دە ماڵاوا ئەی قەڵەمە ڕەنگینەکە تۆ لە گوڵدانی دڵمای، ئەم جارە لەوێدا ڕاکشێ!. [1]