#عادل قادری#
ڕێکەوتنی لۆزان ئەگەرچی کۆنترین برینی کورد نییە، بەڵام کاریگەرترین و قووڵترینیانە، چونکە سەرەڕای تازەییەکەی بە نیسبەتی ئەو وێنا و خەونانەی بۆ دەسەڵات و قەڵەمڕەوی باوباپیرانی کەونینەی هەیەتی، لە نەزمێکی نوێ و بەهێزدا دۆخێکی جێگیری کارەساتباری لە ماوەی نێزیکەی سەدەیەکدا بەسەر کورددا سەپاندووە، کە تا ئێستەیش لێکەوتەکانی جیهانی خەونەکانیان ئاڵۆز و پەشێو کردووە.
لە ڕاستیدا درووستکردنی وەها برینێکی کاریگەر و ناسۆر، تەنیا لە چرکەساتی بەستنی پەیمانی لۆزاندا نەبوو، بەڵکوو زەوینەیەکی مێژوویی و سیاسیی و بگرە شارستانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی لەسەر بوو. واتە کاتێک لە (#24-07-1923# )دا ڕێکەوتنی لۆزان واژۆ کرا، ئەو چرکەساتە تەنیا پنتی زەمەنی دەسپێکەر نەبوو بۆ درووستبوونی ئازارەکانی کورد، بەڵکوو لۆزان بەرهەمی کۆمەڵێک بەریەککەوتنی ئایدۆلۆجی و سیاسی و شارستانیی لەنێوان ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات (بە تایبەتیی ئیمپراتۆریی عوسمانی و خەونی پەرەپێدانی ئیسلامی و ئیمپریالیزمی کلاسیکی ئیسلامی)دا بوو.
د. فەرەیدوون نووری شارەزای مێژووی هاوچەرخی ئێران و کوردستان، لە وتارێکدا لەژێر ناوی هەراوهۆریای زیندووکردنەوەی میساقی میلی تورکیا، خەونی پڕ کێشە و شێواوی نیۆ عوسمانییەکان بۆ ناوچەکەدا دەڵێت:
ڕێککەوتنی لۆزان لە ساڵی 1923، دوای هەشت مانگ لە دانووستان لەنێوان نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا لە لایەک و ئینگلیز، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، یابان، یۆنان، ڕۆمانیا، بولگاریا، پورتوگال، بەلجیکا و یوگسلاڤیا، لە شاری لۆزان واژۆ کرا و خەونی ناسیۆنالیستە کوردەکانی بۆ دامەرزاندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی، لەبار برد. ئەتاتورک بە شانازییەوە سەبارەت بەم ڕێککەوتنە وتی: وەک بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی مەترسیدار دژی نەتەوەی تورکە، کە چەند سەدەیەک لەمەوبەر ئامادەکرابوو بۆ لەناوبردنی ئەم نەتەوەیە و پەیمانی سیڤەر دواین قۆناغی بوو، ئەمە بەرز دەنرخێنین).
ئەم فاکتهێنانەوە لە تێڕوانین و خوێندنەوەی ئەتاتوورک بۆ لۆزان، سەرەداوی گرینگ دەخاتە بەردەستی ئێمە تا بە دوای هۆکارەکانی بیچمگرتنی لۆزان بکەوین.
لۆزان ئەگەرچی وەک ئەتاتوورک دەڵێت: پەرچەکردارێک بوو لە هەمبەر پەیمانی سیڤەر و ئەو پیلانانەی وەک ئەو دەڵێت دژی تورکیا لەئارادا بوون. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەمانە لە ئەنجامی هەڵگیرسانی شەڕێک بوو کە بە پلەی یەکەم وڵاتانی ڕۆژاوا دەستیان تێیدا هەبوو، شەڕێک کە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی تەنییەوە و بوو بە هۆی کوشتن و قڕکردن و درووستبوونی ئایدۆلۆجیای توندئاژۆی جۆراوجۆر، شەڕێک کە ڕۆژاوا لەسۆنگەی فۆبیا و سامی پێشتری ئیمپراتۆریی عوسمانیی کە کاتی خۆی سنوورەکانی ڕۆژاوای بەزاندبوو و لە دەرگای دەدا بچێتە ژوورەوە، وەک یەکێک لە لێکەوتەکان دواجار کردی بە هەوێنی لەتوپەتکردن و دابەشکردنی قەڵەمڕەوە بەرینەکەی ئیمپراتۆریای عوسمانی یاخۆ وەک مێژوونووسان دەڵێن، پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا.
یانی لە میانی شەڕی یەکەمی جیهانیی و پاش کۆتایی شەڕەکە، ئمپراتۆریای عوسمانی لە لایەن ڕۆژاوا و بەرە بەهێزەکەیەوە بە شێوەیەکی ملهوڕانە و سووکایەتی ئامێز لاواز و دابەش کرا و ڕەنگە وەک پەیامێکی شارستانیی-سیاسیی ڕۆژاوا لە هەمبەر گەشەپێدانی قەڵەمڕەویی عوسمانییە ئیسلامییەکانیش بخوێنرێتەوە، برینی لە کیسدانی ئەم قەڵەمڕە و پانتاییە تا ئێستەیش لە دەماری نەتەوەپەرستیی وتاری فاشیستیی تورکدا دەگەڕێت و لە قەوارە و فۆرمی جیاجیادا دەرکەوتەی دەبێتەوە. هەر لەم وتارەدا دەخوێنینەوە کە ئەردۆغان چۆن ناڕەزایەتیی خۆی لە دژی لۆزان دەردەبڕێت و خوازیاری گەڕانەوەیە بۆ میساقی میلی تورکیا کە پێش سیڤەر هاتووەتە ئاراوە و بەرگریی لە هەموو دەستتێوەردان و ئەمپریالیزمێکی تورکی دەکات:
هەر بۆیە (ئەردۆغان) لە بۆنە جیاوازەکاندا باس لە پێویستی پێداچوونەوە بە پەیمانی لۆزان و زیندووکردنەوەی میساقی میلی دەخاتە بەر باس و پێداگری لەسەر دەکات. ئەم جۆرە پڕوپاگەندە و هەڵوێستانەی سەرۆک کۆماری تورکیا زۆر جار بووەتە هۆی سەرسووڕمان و ناڕەزایەتی دەوڵەتەکانی تر لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا.
بۆ نموونە، ئەو لە ساڵی 2016دا دەڵێت: هەندێک پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە لۆزان وەک سەرکەوتنێک بۆ ئێمە وێنا بکەن؟ هەر ئێستە لە دەریای ئیجە ئەگەر لە کەنارەکانی تورکیاوە هاوار بکەن لە دوورگەکانی یۆنان گوێیان لێ دەبێت، لۆزان بووە هۆی دابڕانی ئەو دوورگانە. لە بیرتان نایەت؟ ئەمە کەی سەرکەوتنە؟ ئەگەر ئەو لیژنەیە بە درووستی و لێهاتوویی دانووستانیان بکرایه، ئێستە ئێمە ئەم کێشانەمان نەدەبوو.
وەک دەبینین ئەنجامی ئەو زەوێنانەی لۆزانی کارەساتباریان خولقاند و کوردی لە مافە سەرەکییەکەی خۆی بێبەش کرد، هێشتایش بە دڵی وتاری سیاسیی تورکخوازەکان نییە و ئەمەش فیچقەکردنی ئەو ڕق و قینەیە کە شەڕی جیهانیی یەکەم لە دڵی تورکی عوسمانیدا درووستی کرد و بێگومان لە کوردیش بێ دەسەڵاتتریان بۆ سەرکوتکردن و قڕان و بەتاڵکردنەوەی ئەو ڕق و قینە نەبینیوەتەوە، ڕۆژاوا بە چاوی چاودێر و خۆپارێزەوە سەیری ئەوم خوێنڕژانەی ڕۆح و جیۆگرافیای کورد دەکات.
ئەوەتا دەبینین ئەردۆغان هێشتا چاوی لە دوورگە یۆنانییەکانه، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە ئێران و هەموو کوردستانی گەورە و قوبرس و ئەرمەنیا و... بە قەڵەمڕەوی ڕەوای تورک دەبینێت و دەبێت وەربگیرێتەوە!
لۆزان لە دڵی بورکانی ئەو شەڕەوە هاتە دەرەوە کە نازیزمی هێنایە ئاراوە و خەونی توندئاژۆ و سەرپەڕانەی بۆ ڕزگاریی جیهان هەبوو. ئەمە ڕەنگە تەلیسم و گاڵتەی دنیا بێت کە لە هەرکوێ و لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا خەونە ئایدیالیستی و نەکردەکان بووبن بە ڕێنوێن و چاوساغی بەڕێوبردن و سیاسەتی کۆمەڵگەکان، جگە لە خوێن و ماڵوێرانی و کاولکاریی، هیچیتری بەدواوە نەبووە. واتە وەک دەڵێن ئەوانەی ویستوویانە بەهەشت لەسەر زەوی درووست بکەن، بەردەوام دۆزەخیان بەسەر مرۆڤایەتیدا باراندووە.
بۆیە ئێستە کە نێزیکەی 100 ساڵ بەسەر لۆزانی نەگریسدا تێ دەپەڕێت، دەبێت ڕەگوڕیشەکانی تەنیا نەبەستینەوە بە توندئاژۆیی و فاشیزمی ناسیونالیستەکانی تورکەوە، بەڵکوو دەبێت لە زنجیرەیەک پەیوەندی و تۆڕێک لە هۆکار و گۆڕمەنیدا بیخوێنینەوە کە هەم ئەرووپیایەکان پشکیان تێدا هەبووە و هەم تورک و وڵاتانی ناوچەکە.
ئەوروپاییەکان دواتر مەکینەی کوشتوبڕەکەیان داوەتە دەست وتاری هیستری و هێزی دەمارگرژی سیاسیی تورکیای نوێ و ئەنجامەکەشی ئەو برینە بووە کە کورد لێی کەوتووە و ڕۆژانە لە باشوور و ڕۆژاوا و باکوور، خوێنی دەتکێت و کورد هێشتایش نەیتوانیوە تەلیسمە دێزەکەی بشکێنێت.
یادکردنەوەی لۆزان وەک برین، لایەنی نەرێنی نییه، بەڵکوو هەڵکۆڵینی هۆشیاریی و بەئاگابوونەوەیەکە لەناو یادەوەری و یادگەی ئێمەدا، هۆشیارییەک کە دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە 100 ساڵ پێش ئێستا ڕێککەوتنێک لەنێوان ڕۆژاوا و بەشێک لە ڕۆژهەڵات کرا، تا ئێستایش پێوەری چێژ و ئازاری ئەو جگەرەیەمان بۆ دیاری دەکات کە دووکەڵەکەی وەک کوردێک هەڵدەمژین. [1]