ناو: کاوە
نازناو: مامۆستا کاوە
ناوی باوک: ئەنوەر
$ژیاننامە$
لیوا کاوە کادیرە پارتیزانەکە
پێشمەرگەیەکى بەتواناى کارى ڕێکخستن و کادیرێکى خۆڕاگرى پارتیزانى شۆڕشى نوێیە، یەکێکە لەو کوڕانەى #مێرجاڕ#ى ئیلنجاغى گەورە کە شۆڕشى گەڵێک دەتوانێت لەنێو ڕۆڵە دڵسۆز و بەئەمەک و دەروێشەکانى ڕێبازى کوردایەتى شانازى پێوەبکات، ناوى تەواوى (کاوە ئەنوەر نادر خدر محەمەد ئەلیاس)ە، ساڵى (1967) لە خێزانێکى نیشتمانپەروەرى کوردپەروەرى #ئیلنجاغى گەورە# چاوى بەژیان هەڵهێناوە، لە تەمەنێکى مێردمنداڵى (14) ساڵییەوە لە ڕێگەى شەهید #وشیار عەبدولڕەحمان بایز ئیلنجاغی#یەوە لە کۆتایى ساڵى (1980) لە ڕێکخستنەکانى (کۆمەڵەى مارکسى لینینى کوردستان) ڕێکدەخرێت، دواتر درێژە بەکارى نهێنى و ڕێکخستنى ناوشار دەدات لە سنوورى کەرتى (ڕێکخستنى دەشتى کۆیە).
لە سەرەتاکانى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو (1981-1983) لەناو خوێندکارانى (#تەقتەق# و #کۆیە# و #زانکۆى سەڵاحەدین#ى هەولێر) توانى کۆمەڵێکى زۆر لە خوێندکاران بهێنێتە نێو ڕیزەکانى ڕێکخستنى (شۆڕشى نوێ)ەوە و دواتر پۆلى (کازیوە)یان لێ پێکهات، هەڵسووڕان و جموجووڵى خۆى و هاوڕێکانى لەو ماوەیەدا وای کرد ڕژێمى #بەعس# و دەزگائەمنییەکانى سنوورەکە بیخەنە ژێرچاودێرییەکى ورد لە کۆیە و تەقتەق، دواى ئەوەى چەند هاوڕێیەکى ڕێکخستنى ئاشکرابوون و گیران، شاربەجێ دەهێڵێ و دەچێتە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگە و وەک کادیرێکى دەشتى کۆیە بەردەوام دەبێت لە خەباتى ڕێکخستن و سەرپەرشتى پۆلى (کازیوە) دەکات، سەربارى ئەوەش سەرپەرشتیارى ڕێکخستنەکانى گوندەکانى خۆراواى کۆیەش دەکات لەو سەروبەندەى کە (شۆڕش حاجى) لێپرسراوى کەرتى (ڕێکخستنى دەشتى کۆیە) بووە، دواتر لە ساڵى (1984) سەرپەرشتیارى بەشێک لە شانە و پۆلەکانى (کەرتى ڕێکخستنى شەهید ئاودێر)یشى لەناو شارى کۆیە پێ سپێردراوە، لە کۆتایى ساڵى (1986) و سەرەتایى ساڵى (1987) دەبێتە پێشمەرگە لە تیپى 86ى دەشتى هەولێر و لە کەرتى (6)ى ئەو تیپە دەبێتە (ڕابەرسیاسى) بەشدارى چەندین چالاکى و نەبەردى کەرتى دەکات وەک گرتنى شارۆچکەى تەقتەق لە ساڵى 1987، هەروەها یەکێکە لە (#دوازدە سوارەى مێرجاڕ#)ى ئیلنجاغى گەورە کە چۆن خۆى و هاوڕێکانى بەهاوکارى حزبى شیوعى ئێراق لە #26-04-1987# دوژمنیان کردووە بە پەندى زەمانە لە داستانى پڕسەروەرى ئیلنجاغى گەورە.
قۆناغێکیترى سەروەرییەکانى مامۆستا کاوە لە مانگى (7)ى 1988 دەست پێدەکات تاوەکوو مانگى (9)ى 1989دەبێتە ڕابەرسیاسى تیپى 86ى دەشتى هەولێرى پارتیزانەکانى ڕەتڵى هەولێر، یەکێک بووە لە پارتیزانە تەمەن بچوکەکان و بۆ ماوەى چواردە مانگ بەرگەى هەموو مەترسى و نەهامەتییەکانى پارتیزانى گرتووە، وەهابى کێخوا عەزیزى تەقتەق دەگێڕێتەوە دەڵێت: (لەدواى ڕاپەڕین بورهان سەعید سۆفى لێى پرسیم کێ لێپرسراوى کۆمیتەکەتانە؟ وتم: مامۆستا کاوەى ئیلنجاغ، بورهانیش وتى: جارێک کوڕێک لە پارتیزانییەوە لەدواى ئەنفالەکان هەندێک ڕاسپاردەى لە فەرماندەى تیپى پارتیزانى 86ى دەشتى هەولێر (#جەلال ئیلنجاغی#)یەوە بۆ هێنام، زۆرترسام! لە دڵى خۆم وتم: ئەو کوڕە گەنجە منداڵە چۆن پارتیزانى پێ تەواو دەکرێت؟! دواى گەڕانەوەمان بۆ سەرکردایەتى لە (400) پێشمەرگەوە (21) پێشمەرگە ماینەوە، یەکێک لەوانەى کەتوانى تاسەر خۆى ڕابگرێت و دڵسۆزانە بەرگە بگرێت ئەو مامۆستا کاوەى ئێوە بوو).
لە کۆتایى ساڵى (1989) دەبێتە لێپرسراوى ڕێکخستنەکانى تیپەکانى ( هەورێ و مامەندە و قەندیل)، ساڵى (1991) مانگێک پێش ڕاپەڕین لەگەڵ مەفرەزەکەى (جەلال ئیلنجاغى) هاتونەتەوە ڕۆژهەڵاتى هەولێر و کەسنەزان و دواتر ناوشارى هەولێر بۆ گەیاندنى نامە و ڕاسپاردەکانى سەرکردایەتى و درووستکردنى شانەى چەکدارى بۆ خۆئامادەکردن بۆ ڕاپەڕینى شارى هەولێر.
گرنگترین ئەو ئەرکانەى لەدواى ڕاپەڕینى 1991 پێى سپێردراوە ئەمانە بوون:
1-ساڵی 1991 دەبێتە لێپرسراوى (کەرتى ڕێکخستنى تەقتەق)ى #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و سەرپەرشتیارى لیژنەى تەنسیقى تەقتەق لە کاتى گفتوگۆى سەرکردایەتى کورد و حکوومەتى ئێراق، دواتر کە تەقتەق دەکرێتە (کۆمیتەى ڕێکخستن) لێپرسراوى کۆمیتەکە بووە تاوەکوو ساڵى (1998).
2-ساڵى (2002) لەخولى فەرماندەیى (کۆلێژى سەربازى #قەڵاچوالان#)ى #وەزارەتى پێشمەرگە#ى #حکومەتى هەرێمى کوردستان# تەواو دەکات.
3-ساڵى (2003-2004) بەکالۆریۆسى لە کۆلێژى یاسایی ئێوارانى #زانکۆى سلێمانى# بەدەستهێناوە.
4-ساڵى (2004) بووە بە بەڕێوەبەرى (فەرمانگەى یاسایى) لە وەزارەتى پێشمەرگە و لە پڕۆسەى یەکخستنەوەى وەزارەتى پێشمەرگە دەکرێتە بەڕێوەبەرى (بەڕێوەبەرایەتى گشتى فەرمانگەى یاسایى) لە وەزارەتى پێشمەرگە.
5-ساڵى (2009) بڕوانامەى ماستەر لە بوارى (لێکۆڵینەوەى ستراتیژى تایبەت بە ئاساییشى نەتەوەیى) لە شارى #بەغدا# بەدەستهێناوە.
6-لە مانگى (9)ى 2009 پلەى سەربازى بەرزدەبێتەوە بۆ (لیوا) و لە شەڕى تیرۆرستانى چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى لە ئێراق و شام (#داعش#)، ئەندامێتى و سەرپەرشتى چەندین لێکۆڵینەوەى یاسایى و مەیدانى وەزارەتى پێشمەرگەى کردووە.
7-لە ژیانى پێشمەرگایەتى دوو مەداڵیاى زێڕینى وەرگرتووە: (مەداڵیاى زێڕینى پارتیزانى لە ساڵى 1992 لەلایەن #مام جەلال#ەوە پێ بەخشراوە لەگەڵ مەداڵیاى زێڕینى پێشمەرگە دانەبڕاوەکانى شۆڕشى نوێ لە ساڵى 2007).
نووسینی: #ئاراس ئیلنجاغی#. [1]