شارەدێیەکە، دەکەوێتە شارۆچکەی #چەمچەماڵ# لە پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان.
شارەدێی شۆڕش لە سەرەتادا (مجمع) کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێ بوو بۆ دانیشتووانی گوندە خاپوور و ئەنفال کراوەکان درووستکرا، بەڵام بەھۆی فراوان بوون و گەشەکردنییەوە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کرایە شارەدێ.
$جوگرافیا$
شارەدێی شۆڕش ھاوسنوورە لەگەڵ؛
لە باکوورەوە شارەدێی #تەکیەی کاکەمەند# و شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی چەمچەماڵ.
لە باشوورەوە لەگەڵ شارەدێی قادرکەرەم و شارەدێی سەنگاو.
لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی تەکیەی کاکەمەند و شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی چەمچەماڵ.
لە ڕۆژاواوە شارەدێی تەکیەی جەباری و شارەدێی قەرەھەنجیر لە پارێزگای #کەرکووک#.
ڕووبەری ئەم شارەدێیە (335کم2)ە لە (9٫65٪) شارۆچکەی چەمچەماڵ پێکدەھێنێت، هەروەها لە (1٫66٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت.
لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (دووەمە) لە حەوت شارەدێی شارۆچکەی چەمچەماڵدا.
لە ڕووی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی (چوارەمە) لە حەوت شارەدێی شارۆچکەی چەمچەماڵ.
ژمارەی دانیشتووانی شارەدێی شۆڕش لە ساڵی 2020دا (61٬277)کەسە.
$مێژوو$
ئەم شارەدێیە مێژوویەکی کۆنی نییە، ھێنانە کایەی ھەردوو شارەدێی شۆڕش و شارەدێی تەکییەی کاکەمەند لە ساڵی 2000دا بە دابڕانیان لە کەرتەکانی شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی چەمچەماڵ و شارەدێی ئاغجەلەر بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی) بووە.
ناوەندی ئەم شارەدێیە شارەدێی شۆڕشە، لە سەرەتادا زەوی کشتوکاڵی ھۆزی #ھەمەوەند# بوو، لە ساڵی 1987دا ڕژێمی #بەعس# ئۆردووگای زۆرەملێ (مجمع)ی لەسەر درووستکرد و ناوی نا موجەمەعی شۆڕش، لە ساڵ 1988دا کە شاڵاوی ئەنفال دەستی پێ کرد ئەم ئۆردووگایە بۆ دانیشتووانی گوندە وێرانکراوەکان و ئەنفالکراوەکانی ناوچەی #گەرمیان# بەتایبەتیی شارەدێی قادرکەرەم و شارەدێی سەنگاوی تێدا نیشتەجێکرا، لە دوای ڕاپەڕین ئەم ئۆردووگایە مایەوە و گەشەی کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردییە شارەدێ، لە ساڵی 2000دا شارەدێی شۆڕشی پێکھێنا و شارەدێی شۆڕشی کردە ناوەندی.[1]