=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: ئیدریس بارزانی ڕۆڵی کاریگەریی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا هەبوو=KTML_End=
ئامادەکردنی: ڕابین شێروانی
ئەندامێکی سەرکردایەتیی #پارتی دیموکراتی کوردستان# ڕایگەیاند، (#ئیدریس بارزانی#) ڕۆڵێکی کاریگەریی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا هەبووە، هەروەها ڕۆڵێکی یەکجار گەورەیشی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانیدا.
(ئیدریس بارزانی) کوڕی (#مەلا مستەفا بارزانی#) لە ساڵی 1944 لە گوندی #بارزان# لەدایک بووە. لەنێو هەلومەرجی شۆڕشی سێیەمی بارزان هاتووەتە دنیاوە. لە ساڵی 1947 (مەلا مستەفا بارزانی)ی باوکی کە لەگەڵ 500 کەس لە هەڤاڵانی ڕوویان کردە یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوو، دوای ڕووخانی #کۆماری کوردستان# لە #مەهاباد#، (ئیدریس بارزانی) ئەو کات تەمەنی 3 ساڵ بووە، لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا لەلایەن ڕژێمی ئەو کاتی ئێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ بۆ باشووری ئێراق دوور دەخرێنەوە و لە شارەکانی بەسرە، #بەغدا# و #مووسڵ# لە دەستبەسەریدا دەبن. ئیدریس تاوەکوو گەڕانەوەی بارزانی باوکی بۆ ئێراق و کوردستان لە ساڵی 1958دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات پاشان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
ئەو هاوڕێ و پێشمەرگانەی لە (ئیدریس بارزانی)یەوە نزیک بوون، باس لە خەسڵەتی جەماوەریبوونی ئەو دەکەن و دەڵێن، (ئیدریس بارزانی) قەت خۆی لە پێشمەرگەکان جیا نەدەکردەوە و بە سادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگەدا لە ئەشکەوت و بنبەردەکانی چیاکانی کوردستاندا ڕۆژی کردووەتەوە.
لە ساڵی 1961 کە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا دەبێت، (ئیدریس بارزانی) ڕۆڵێکی زۆری دەبێت بەتایبەت لە #شەڕی هەندرێن#دا، کە دواتر گفتوگۆکانی نێوان شۆڕشی کوردستان و حکوومەتی ئێراقی بەدوادا هات و گەیشتە ڕێککەوتننامەی (11ی ئاداری 1970)، لە دوای ساڵی 1975 لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و پێکهێنانی بەرەی نیشتمانیی ئێراق جود و دواتر ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و ئاشتبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#دا، ڕۆڵی باڵای هەبووە، هەر بۆیە بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناسراوە.
(ئەکرەم ساڵح) لەبارەی ئەو سەرکردە خاکییەوە دەڵێ، ''تەمەن دەرفەتی نەدا زیاتر خزمەتی گەلەکەی بکات، هەڵبەت ئەوەندەی کە ژیا، خزمەتێکی زۆری بە گەل و نیشتمان و بە پڕۆسەی کوردایەتی و پارتی کردووە، بۆیە پێویستە ڕێز لەو ڕۆژە بگیرێت و بە بەرزی ڕابگیرێ.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت: (ئیدریس بارزانی) یەکێک بوو لە سەرکردە هەرە دیارەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردایەتی لە کوردستان، کە ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبووە لە بەڕێوەبردنی پارتی و خزمەتکردنی ئاوارەکان لە کاتی ئاوارەبوون و دەربەدەریدا لە وڵاتی ئێران. هەموو ئەوانە وا دەکات کە ساڵانە ئەو یادە بکرێتەوە و ڕێزی لێ بگیرێت و کەڵک لە ئەزموون و خەبات و ماندووبوونی هەڵوێستەکانی (ئیدریس بارزانی) وەربگیرێت، چونکە ڕۆڵێکی یەکجار گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانیدا، ئەو ئەندازیاری ئاشتی و دامەزرێنەری بەرەی کوردستانییە، کە ئەو بەرەیەش بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و بنیاتنانی دامەزراوەکانی دیکە.
کاتژمێر 6ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی #31-01-1987# لە گوندی #سلیڤانا#ی سەربە شاری #ورمێ#ی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#، (ئیدریس بارزانی) ماڵاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاری #شنۆ# لە تەنیشت باوکی دەنێژرێت. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی (مەلا مستەفا بارزانی) و (ئیدریس بارزانی) دا و لە ڕۆژانی 6 تاوەکوو #08-10-1993#لە ڕێووێنەیەکی تایبەتدا تەرمی هەردووکیان، لەنێو پێشوازییەکی یەکجار بەرز و گەورەی خەڵکی کوردستاندا، گەیێندرانە گوندی بارزان و لەوێ نێژران. [1]