ناونیشانی بابەت: قادر برسی... ئەو شاعیرە نیشتمانپەروەرەی بارزانی زۆری خۆشدەویست
یەکێک لە شاعیرە میللی و ناسراوەکانی شاری #سلێمانی# (قادر محەمەد سەعید)ە، کە ناسراوە بە (قادر برسی). ئەو ناسناوە هەر خۆی بۆ خۆیی هەڵبژاردووە. کەسایەتییەکی ناسراوی شاری سلێمانییە و دۆستێکی ئەدیبە ناسراوەکانی ئەم شارە بووە، خاوەنی چەندین هۆنراوەی نیشتمانییە و یەکێکە لەوانەی بە دەروێشی ڕێی کوردایەتی و بارزانی دەناسرا و چەندین هۆنراوەی بۆیان هۆنیوەتەوە.
لە ساڵانی پێش شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958، تامەزرۆ و خولیای بینینی بارزانی بووە، دوای ئەو شۆڕشە و تا ساڵانی دواتریش، چەند جارێک سەردانی بارزانیی کردووە، تەنانەت بارزانی جارێکیان خۆی بەدوایدا ناردووە و بینیویەتی. زیاتر لە چوار هۆنراوەی بۆ بارزانی هەیە و جارێکیان بارزانی بە نووسراوێک وەڵامی داوەتەوە و لە بەرانبەر ئەو هەست و سۆزە کوردپەروەرییەدا سوپاسی کردووە
قادر برسیی شاعیر، لە ساڵی 1934 لە گەڕەکە دێرینەکەی #مەڵکەندی# لە شاری سلێمانی لە خانەوادەیەکی هەژار لەدایک بووە، لە بنەڕەتدا ماڵی باوکی خەڵکی ڕەباتن. قادر برسی لە تەمەنی منداڵیدا نەخرابووە بەر خوێندن، چونکە باوکی بە کار و پیشەی بەرگدروویەتی بەخێوی دەکردن، ئەمیش بۆ فیربوونی پیشەکەی، بووەتە شاگردی باوکی، بەڵام دواتر لە تەمەنی گەورەییدا چووەتە بەر خوێندن و لە هەردوو قوتابخانەی سەرەتایی شەواندا، کە قوتابخانەی (گۆیژە، فەیسەڵییە) بوون کە لە شوێنی بازاڕی عەسریی ئێستا بوون، وەکوو سێ کوچکەیەک وابوون لەتەک نەخۆشخانەی ناوەڕاستی ئەوسا، کە دیواری هەرسێ لایان لە حەوشەی یەکتردا بوون.
لە ساڵی 1947 بۆ یەکەم جار لە دڵ و دەروون و ناخیدا هەستی بە بەهرەی هونەری هۆنراوە و شانۆ کردووە، هەر لەو ساڵانەدا توانیویەتی چیرۆکێکی شانۆیی بەرهەم بێنێ و لەتەک کوڕانی گەڕەکدا نماییشی بکەن، کە خۆی ئەکتەر و نووسەر و دەرهێنەری بووە، وەکوو لە بەرگی دووەمی (کەشکۆڵەکەی ئاغا)ی عومەری کەریم ئاغا باس کراوە. هۆنراوەیەکیشی لە (مەنەلۆج)ێکی هونەرمەندی ناسراو (حاجی مەکی عەبدوڵڵا)دا بەکار هاتووە. هەروەها سەرۆکی تیپی وەرزشیی (برسی) بووە. لە ساڵی 1957دا ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد بووە لە بواری گۆرانی و شانۆدا.
لەبارەی یەکەم بەرهەمی هۆنراوەییەوە، لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لە سلێمانی لەسەر لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی (ژین) و لە #هەولێر#ەش لە گۆڤاری (هەتاو)دا چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە. هەتا کۆچی دواییشی، لە زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا هەر بەردەوام بووە لە نووسینی هۆنراوە و بڵاوکردنەوەیاندا.
شاعیر دەڵێت: ”لە قوتابخانە پچڕپچڕ و ناو بەناو هەندێکم خوێند. هەر ئەوەیش بووە هۆکارێ، کە بتوانم لە ساڵی (1967)دا بەشداریی تاقیکردنەوەکانی دەرەکی (خارجی) بکەم لەسەر شاری سلێمانی، لە شارۆچکەی (#قەڵادزێ#) بڕوانامەی شەشی سەرەتاییم لە خولی یەکەمدا بەدەست هێناوە، ئەوە بوو پێی بووم بە فەرمانبەر لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و هەتا ساڵی 1996 بەردەوام بووم و پاشان خانەنشین بووم.“
شاعیر چەند جارێک لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی دەستگیر کراوە. لە ساڵی 1956 نامیلکەیەکی هۆنراوەی بە ناونیشانی (پشیلە و بەنگکێش) بڵاوکراوەتەوە، نووسەر و چیرۆکنووسی کورد مامۆستا موحەڕەم محەمەد ئەمین پێشەکیی بۆ نووسیوە و هونەرمەندی گەورەی کورد جەمال بەختیار وێنەی بەرگەکەی کێشاوە. لە ساڵی 1950 و دواتر لە زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاری وەک (هەتاو، بڕوا، نەورۆز، #ژین#، #شەفەق#، #هاوکاری#، ڕەنگین، گۆڤاری شارەوانی و نەورۆزنامە) هۆنراوەی بڵاو کردووەتەوە.
بەر لە کۆچی دوایی، لە وەڵامی پرسیارێکمدا، کە ئاڕاستەی ئەم شاعیرەم کردبوو، لەوێدا لێم پرسی، هۆنراوەیەکت هەیە بۆ (بارزانی) و کراوە بە سروود و لەلایەن هونەرمەندانەوە گوتراوەتەوە، تەنانەت لە ئاهەنگێکدا، کە سەددام حسێن ئاماد ەبووە، ئەو سروودە گوتراوە، ئەوە چۆن بوو؟
قادر برسیی شاعیر بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە و وتی: ”لە ڕاستیدا چەند هۆنراوەیەکم بۆ بارزانی نووسیوە، بەڵام ئەوەی ئێوە ئاماژەتان پێی کرد، ئەوە ساڵێک دوای گەڕانەوەی بارزانی بوو، واتە لە ساڵی 1959 بە بۆنەی گەڕانەوەی سەرۆک بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بوو، بە ناوی (سڵاو لە کورد) نووسیومە، ئەمە هۆنراوەەکەیە:
سڵاو لە کورد لە کوردستان لە پڵنگەکەی چیای بارزان
ئەمڕۆ ڕۆژی ئازادییە سەربەخۆیە پارتییەکەمان
ئەو پارتییە بوو لە مەهاباد شای هێنابووە ﮪاوار و داد
تێکۆشانی گەلەکەمان ئەو ڕۆژەمان دێنێتە یاد
یادی کوشتنی پێشەوا لە تاریکی نیوەشەوا
ئێمەی ڕاپەڕان لە خەوا تاکوو بمرین لە ڕێی ئەوا
بمرین لە ڕێی ئازادیا لە پێناوی سەربەستیا
باڵدارێکی سپی و جوانین لەناو ئاسمانی ئاشتیا
ڕابردوومان گەلێ جوانە هەمووی هەوڵ و تێکۆشانە
ئێستاش ئەوەی مەبەستمانە ڕزگاربوونی کوردستانە
کوردستانی داگیرکراو دابەشکراو بێ جێگە و ناو
تاکەی بیخۆن وەک گەزۆی خاو کاسە ئەڕژێت پڕبێ لە ئاو
ئەمرین بۆ کورد بۆ کوردستان لەسەر پەیڕەوەکەی ئەوان
بەبێ لادان بەبێ وەستان ڕاناوەستین لە تێکۆشان
لە تێکۆشانی یەکێتی شانبەشانی گەلی گێتی
بەردەوامە نەتەوەی کورد لەو پەیمانەی کە داویەتی
ئەو پەیمانەی دای بەزەعیم بە سەرکۆمار عەبدولکەریم
سەختتر و باڵاترە لەسەر لوتکەی چیای دەرسیم“
شاعیر وتی: ”ئەم هۆنراوەەم پێشکەش بە بارزانی کرد و لە ڕۆژنامەی (ژین)یشدا بڵاوم کردەوە. لە دواییشدا لەلایەن هونەرمەند (بەهادین کابان)، برا بچووکی هونەرمەند کەریم کابان، بە مەقامی سەبا گوتراوە و تۆمار کرا و بڵاو کرایەوە.
جارێکی دیکەیش هەر ئەو هەڵبەستە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا بە هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا) لە هۆڵی (خولد) بە ئامادەبوونی (ئەحمەد حەسەن بەکر و #سەددام حسێن#) لە ئاهەنگەکەدا گوترا، لەلایەن ئاهەنگگێڕ (ڕەفیق چالاک)ی هونەرمەندەوە پێشکەش کرا، دیسانەوە لە یەکێک لە پەرتووکەکانی خوالێخۆشبوو غەفوور میرزا کەریم بڵاو کرایەوە، ئیتر ئەو هۆنراوەە لەو ئاهەنگەدا گوترا، بۆ یەکەم جار و دواجار بوو. هۆنراوەیەکی دیکەم داناوە بەناوی (گەورەم) لە یەکێک لەو چەند پەرتووکەی بڵاو کرانەوە، بە بۆنەی یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر لە ساڵی 2003 دا، پەرتووکەکە ناوی (گوڵزار و وشە)یە لەتەک وێنەیەکی خۆم و سەرۆک بارزانیدا“.
قادر برسیی شاعیر جگە لە بواری ئەدەبی، لە بواری هونەری نواندنیشدا بەشداریی هەبووە، هەروەها زۆر هۆنراوەی لەلایەن هونەرمەندە ناسراوەکانی کوردستانەوە کراون بە گۆرانی، وەک (#حەمەی نێرگز#، عوسمان عەلی، ئاوات چالاک، فەریقە کوێر، بەرهەم حەسەن) و.. هتد.
ڕووی پرسیارێکمان لە (مامۆستا ئەحمەد سەلام)ی شاعیر و چیرۆکنووس کرد، دەربارەی (قادر برسی) لە وەڵامدا پێی وتین:
”ڕاستییەکەی کاک قادر برسی لە لای هەرکەسێک کە ناسیبێتی کەسێکی خۆشەویست بوو. ئەو ساڵانەی لە هەولێر بووم، جارجارە دەهات و دەمبینی، ئەوەندەی ئەو دڵی بە من دەکرایەوە، من سەد ئەوەندە زیاتر دڵم بەو پیاوە دەکرایەوە، بەڕاستی پیاوێکی قسەخۆش و ڕۆح سووک بوو، مرۆڤێکی خاکی و دڵ و دەروون پاک بوو، گیانی کوردایەتی و خۆشەویستیی بۆ کورد و بۆ پێشمەرگە لەڕادەبەدەر بوو. من لە ساڵانی 1964دا لە ناوچەی (قەڵاسێوکە) ڕابەری سیاسیی لقی (حاجی شێخ قادری سۆتکەیی) بووم، ئەو سەردەمە پیاوێکی لاواز و بەژن و باڵا کەڵەگەت، تازە کرابوو بە بەرپرسی سەربازی لەو لقەی ئێمەدا دانرا، بەڵام بەداخەوە زۆر نەمایەوە، هەر دوو سێ مانگی نەبرد لە یەکێک لەو شەڕانەی لەو ناوچانەدا بەرپا بوو، ئەو پیاوە کە ناوی (جەلیل سووسەیی) بوو شەهید کرا. مەبەستم لەو سەردانانەی قادر برسی بۆ هەولێر، پرسیاری ئەو پیاوەی لێ کردم، دیار بوو کاک قادر بە باشی لە خەباتی ڕابردووی ئەو پیاوە شارەزا بوو، داخی گرانم بۆ ئەو پیاوە، تا ئێستایش شتێکی لەبارەوە لە هیچ شوێن و نووسینێکدا بەدی ناکەم.
دیارە پیاوە قارەمانەکانی ئێمە ئەمە پیشەیانە، بێ دەنگ دێنە ناو کۆڕی خەباتەوە و زۆر بە بێدەنگییش بەرەو پیری مەرگ دەچن. لە یەکێک لە مەنەلۆجە هۆنراوەییانەی کاک قادر، کە دەربارەی لاساییکردنەوەی ئەو سەردەمانەی گەنجانی سلێمانی گوتوویەتی، ئەم چەند دێڕەم لە خەیاڵە:
سمێڵ ئەتاشن لاجانگ چوارپەنجە
چۆن پێ نەکەنم بەم جۆرە گەنجە
کە بەیەک ئەگەن بۆ هەواڵپرسین
بە دوو دەنگ دەڵێن (هەلەو گودمۆرنین)
بۆ ناڵێی (ڕۆژباش) کە زمانی خۆتە
یاخوا ڕووت ڕەش بێ لای ئەو میللەتە
ئاوا لاسایی غەرب ئەکەیتەوە
گرەو لە ئەدیسۆن ئەبەیتەوە..
کەمال دۆڵپەموویی، ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بە قادر برسیی شاعیر دەڵێت: ”کەڵەپیاوان لەناو گەلانی فرەنەتەوەییدا هەڵدەکەون و دەبنە چرای ڕووناک بۆ پیشاندانی ڕێگەی سەرفرازی، ئەوانە لە هەر بیروباوەڕێک بن، قەڵەمەکەیان خزمەت بە نیشتمانەکەیان دەکات و وەک پێشمەرگەیەک بەرگری لە خاک و نیشتمان و نەتەوەکەیان دەکەن.
لەناو گەلی کوردیشدا، لە کەڵەپیاوی وەک قادر برسی زۆرن، کە وەکوو پێشمەرگەیەک، لە سەنگەری (مان و نەمان)دا بەرگریی لە کورد و کوردستانەکەی کردووە و خامەکەشی هۆنینەوەی وشەی جوانی بۆ کوردایەتی چڕیوە، بۆ سەردەمێک، کە بارزانی پێشەوایی شۆڕشی ئەیلوولی 1961ی کردووە، ئەو وەک قارەمانێک پەیوەندیی بەو شۆڕشەوە کردووە و ڕۆڵی پێشمەرگایەتی و سیاسی بینیوە.
نامەوێت ژیاننامە و ئاستی خوێندن تۆمار بکەم، چونکە شاعیر بە ساڵ حیساب ناکرێ، بەڵکوو ڕادەی داهێنان و هێز و پێزی بەرهەمەکەی بۆ حیساب دەکرێت، کە دەیخاتە پاڵ سامانی ئەدەبیی نەتەوەکەی.
لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا کانیاوی بەهرەی هۆنراوەوتنی تێدا دەرکەوتووە و لەناو هاوڕێ و کەسوکار و بنەماڵەکەیدا دەنگ و ڕەنگی تایبەتیی خۆی هەبووە، بەهۆی کێشەی ژیانی و چوونە ناو بواری کوردایەتییەوە، تووشی ناڕەحەتی و دەربەدەری بووە، لە تەمەنی لاوێتییدا دەست دەکات بە هۆنراوە نووسین و بڵاوکردنەوەی لە (ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری هەتاو)دا، هەر لە سەردەمی پاشایەتیدا نامیلکەیەکی هۆنراوەیی لەژێر ناوی (پشیلە و بەنگکێش) لە چاپ دراوە و مامۆستا موحەڕەم محەمەد ئەمین بۆی چاپ کردووە. لەناو ڕووداوەکانی نامیلکەکەدا ئاماژەی بە سیستەمی پاشایەتی کردووە و ڕەخنەی لێ گرتووە، لەسەر ئەوە خوالێخۆشبووان بانگ دەکرێن بۆ ئیدارەی ئاساییشی ئەو کاتە.“
قادر برسیی شاعیر، لەبەر کەمیی خوێندەواری، وەک شاعیرێکی میللیی خۆرسکی گەلی کورد سەری هەڵداوە، نموونەی ئەم جۆرە شاعیرانەیش زۆرن. هۆنراوەەکانی برسی لە دڵێکی پڕ حەسرەت و خەمی بۆ کورد چڕیوە، هۆنراوەەکانی لە ناوەرۆکدا مانابەخشن. لەناویاندا هۆنراوەیشی بۆ ئەو کۆمەڵگە دواکەوتووە نووسیوە، بۆ ئەوەی بەبیری ڕووناک ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو هۆشیاری و ڕووناکبیری و یەکگرتن ببات، بۆ ئەوەی بە یەکڕیزی دەست بدەنە چەک بۆ ڕزگاری و خەباتی چەکداری، تا لەو ستەم و زۆرەی بێگانە ڕزگاریان ببێت.
جگە لەوانەیش، هۆنراوەی بۆ سەرکردە و کەڵەپیاوانی کورد هۆنیوەتەوە، ئەوەتا ئەو هۆنراوەانەی بۆ عەشقی گەورەپیاوێکی مێژوویی وەک بارزانی چڕیوە، کە بەدرێژایی مێژووی تەمەنی خەباتی بێ وەستان تۆمار کردووە، چونکە بەڕاستی خۆنەویستێکی هۆشمەند و زیندووی نێو کۆمەڵی کوردەواری بووە و پوختەی مێژووی سەردەمیش بووە.
لێرەدا برسی شاعیر لەناو دڵێکی پڕ لە حەسرەت و وەفا وە، بارزانیی کردووەتە هێما و سوارچاکی نەتەوایەتی، کە ژیانێکی نوێی لە یازدەی ئاداردا بۆ کوردان بەدەست هێناوە.
لە ڕۆژگارە سەخت و ناهەموارەکانیشدا، کە بەسەر کورددا هات، بەتایبەتیی لە ساڵی 1963دا شاری سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتداران و زەعیم سدیقەوە.
(قادر برسی) وەکوو شۆڕشگێڕێک لە هەوڵ و تێکۆشاندا بووە، بە هاوکاریی (ڕەشۆڵ و قەشەیەک)، هەرسێکیان پێکەوە کاریان بۆ حزب دەکرد و لە خەت بەردەوام بوون. بۆ تێکەڵبوونیان لەناو ئاپۆرای جەماوەری سلێمانی، بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک و گەیاندنی پەیامی ناو شار بە پێشمەرگەی کورد لە شاخ، کە ڕۆڵێکی گەورە و گرنگیان هەبووە، لەم مەیدانەیشدا (مەحموودی حاجی) یارمەتیدەریان بووە و لە هەموو چالاکییەکانیاندا هاوکاریی کردوون.
برسیی شاعیر وەکوو پیاوێکی شۆڕشگێڕ و شاعیر بە تەنیا مامەڵەی لەگەڵ خۆیدا نەکردووە، بەڵکوو پیاوێکی قسەخۆش و نوکتەبازیش بووە، بە زۆری تێکەڵاوی ناو خەڵکی دەبوو، بەقسەخۆشەکانی سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
هەروەک کەمال دۆڵپەموویی باسی دەکات و دەڵێت: ”جارێک بەندە بە برسیی شاعیرم گوت، با بڕۆین بۆ ماڵەوە نانێکی خۆماڵی بخۆین. لە وەڵامدا برسی وتی، نانی چیم دەرخوارد دەدەیت، ئەگەر گایەکم بۆ سەربڕی، من هەر لەو برسێتییە تێر نابم و هەر برسیم.“
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ئەم شاعیرە میللی و تێکۆشەر و خەمخۆرەی کورد لە ڕێکەوتی #05-10-2011# لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، هەزاران سڵاو و چەپکەگوڵی ڕازاوە پێشکەش بە گڵکۆی نەمری ئەم شاعیرە خەمخۆر و دڵسۆزەی ڕێبازی کوردایەتی و ئەدەب و هۆنراوەی کوردی بێت. من وەک خۆم، کە ناسیومە و چەند دیدارێکی ڕۆژنامەوانیم لەتەکدا سازداوە، ئەم شاعیرە تا ڕادەیەکی هێجگار زۆر بارزانیی خۆشدەویست و زۆر کوردپەروەر بووە و هەمیشە لە خەمی ئەدەبی کوردیدا بووە. لە ڕۆژی 5ی10ی2011 کۆچی دوایی کرد و یەکەم ڕۆژی پرسەکەی لە ڕۆژێکی مێژووییدا بەڕێوەچوو، کە #06-10-2011#یە، کە دوو یادی گرنگی لە مێژووی کورددا تێدایە ئەویش:
یەکەمیان: گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی 6ی10ی1958 لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە بۆ ئێراق.
دووەمیان: گەڕانەوەی تەرمی نەمران (بارزانیی نەمر و
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی) لە ڕێکەوتی 6ی10ی1993دا لە شاری شنۆوە بۆ باشووری کوردستان-دەڤەری (بارزان).
[1]