عەزیز ڕەسووڵ
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دواییی سەرکردەی کورد و شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، ئیدریس بارزانییە کە سەرکردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دیپلۆماسی و ڕۆشنبیریی کورد بووە، هاوڕێ خەباتگێڕەکانی باس لە ئاشتیخوزایی #ئیدریس بارزانی# بۆ ناوماڵی کوردی و سەرسەختی لە بەرانبەر دوژمندا دەکەن.
#فازیل بەشارەتی#، پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕشی گوڵان و کەسێکی نزیک لە ئیدریس بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ی ڕاگەیاند: وەفاتی کاک ئیدریس کەلێنێکی گەورەی لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا بەگشتی درووستکرد، کاک ئیدریس پیاوێکی هەڵکەوتەی خەباتی مەیدانیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بوو.
فازڵ بەشارەتی دەڵێت: لەگەڵ دەستپێکردنەوەی#شۆڕشی گوڵان# دەتوانین بڵێین کاک ئیدریس زمانی دیپلۆماسییەتی کورد بوو، چرای ڕووناکی هەموو ماڵێکی لێقەوماوی ئاوارە بوو لە ئێران و هەندەران لەسەر شۆڕش و پارتی، پشتیوانی هەموو پێشمەرگە بوو، ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا و ئەمەلی بۆ شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی ئێراق و کوردستان گێڕایەوە، ڕۆڵی کاک ئیدریس دەبێت بە ئاوی زێڕ لە لاپەڕەکانی مێژوودا بنووسرێتەوە.
بەشارەتی دەڵێت: دەبێت لە ڕۆڵی کاک ئیدریس تێ بگەین، ڕۆڵی هەڵسانەوەی شۆڕش و درووستبوونەوەی پێشمەرگە و ئاوەدانکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بوو لە شۆڕشی گوڵان.
بەشارەتی باس لە دیدارێکی خۆی و ئیدریس بارزانی دەکات و دەڵێت: لە ساڵی 1982 لەپاش وەرگرتنی پلەی ئامرکەرتی لەسەر فەرمان و بڕیاری جەنابی کاک ئیدریس بارزانی چوومە خزمەتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ڕاژان، لە وتەیەکدا، بە سێ خاڵ ئامۆژگاریی کردین کە ئەمانە بوون، داواتان لێ دەکەم وەکوو تەمەنی خۆتان بیر لە پارتی و کوردایەتی نەکەنەوە، وەکوو گەورەیی پارتی و زەرووریاتی کورد بیر لە کوردایەتی بکەنەوە و، داوای لێ کردین هەتا پێتان دەکرێت خۆتان لە شەڕی کوردکوشتن بپارێزن.
گوتیشی: کاک ئیدریس پەروەردەی دەستی بارزانیی نەمر بوو، لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەوە لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ژیابوو، بەردەوام لەناو خەڵکدا بوو، زۆر بەباشی لە مەناعاتی خەڵکی ئاوارە و لێقەوماو و پێشمەرگە و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان تێ گەیشتبوو، بۆیە کاک ئیدریس دەیتوانی ساڕێژکەری هەموو برینە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی بێت، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و دەسپێکردنەوەی شۆڕشی گوڵاندا.
زیاتر گوتی: هەموو نەیارەکانی کورد تێ گەیشتبوون کە ناتوانن فێڵ لە کاک ئیدریس بکەن، چونکە پیاوێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بوو، زۆرباش دەیتوانی خوێندنەوە لەسەر نییەتی هەموو ئەو سەرکردە کوردی و غەیرە کوردیانە بکات، یەکێک لە ڕۆڵەکانی کاک ئیدریس و سەرکەوتنی بوون، تێگەیشتنی بوو لە بەرانبەرەکانی خۆی لەو ڕوانگەوە دەیتوانی ببێتە پێشەنگیەکی سەرکەوتوو لەناو پڕۆسەی سیاسیی سەردەمی شاخ و خەباتی سیاسیی کورد سەختترین خەبات بووە، سەختترین ژیانی هەبوو لەناو ژیانی هەموو سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕدا.
دەربارەی پەیوەندیی دیپلۆماسیی ئیدریس بارزانی، بەشارەتی گوتی: پێشبینییەکانی کاک ئیدریس ئومێدی بە بەرانبەرەکەی دەدا و نموونە بەوە دەهێنێتەوە، پێش سەرکەوتنی ڕاپەڕێنی گەلانی ئێران ئیدریس بارزانی لە پاریس سەردانی ئیمام خومەینی دەکات و گفتوگۆی پاش دەسەڵاتی شای لەگەڵ دەکات، بەرنامەی ژیانێکی نوێی شۆڕشگێڕی لە کوردستانی باشوور دەکات، دیپلۆماسییەتی کاک ئیدریس لە ئاستێکدا بوو لەبری ئەوەی کاک ئیدریس داوای دیدار و چاوپێکەوتنی سەرکردە باڵاکانی دنیا بکات، زۆربەی سەرکردەکانی وڵاتانی دنیا پێشنیاری دیداریان لەگەڵ کاک ئیدریس دەکرد، زەرووریاتی کورد زۆر مابوو بە کاک ئیدریس و کۆچی دواییی کاک ئیدریس ئاسایی نەبوو، کاتی ئەو کۆچە نەبوو، بەڵام ڕێبوارانی ڕێگای کاک ئیدریس کە پەروەردەی دەستی ئەون توانییان ئیدامە بە ڕێگاکەی بدەن و کورد گەیشتووەتە ئەم دۆخە کە کیانێکی هەیە و دنیا پێشوازیی لێ دەکات.[1]