#زاگرۆس فەتاح#
ئەمڕۆ کە 26ی ئایارە یادی ڕۆژێکی مێژوویی و یادی ساتەوەختێکی هەستیارە لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا، هاوکات یادی ڕۆژانێکی پڕ لە ئومێد و گەشبینی و گیانی شۆڕشگێڕانە و نەبەزین و بەردەوام بوونە لە خەبات، ئەویش ڕۆژی ڕاگەیاندنی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی گوڵانی نیشتمانییە بە ڕابەرایەتیی (سەرۆک مەسعود بارزانی) و (کاک ئیدریسی جوانەمەرگ) و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیکەی ئەو ڕۆژگارە سەختە.
ئەم شۆڕشە درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلولی مەزن بوو کە بە ڕابەرایەتیی ڕێبەری نیشتمانییمان جەنابی بارزانی نەمر بەڕێوەبرا، بەڵام بە ناو و ناوەرۆکێکی نوێکراوە و لە هەلومەرج و بارودۆخێکی دیکەی سەختدا.
سەرۆک بارزانی و ئەو سەرکردە سیاسی و سەربازیانەی کە لەو ڕۆژگارە سەختەدا شۆڕشی گوڵانیان بەرپا کردەوە، ئەگەر فیداکاری و گیانلەسەردەستی زۆریان پێشکەش نەکردایە، ئەوە ئەستەم بوو بتوانن بەردەوام بن و شۆڕش و خەبات درێژە پێ بدەن، چونکە جگە لە ڕژێمی بەعس، چەندین لایەنی دیکەی نێوخۆیی و دەرەکی لە هەوڵی کپکردنی ئەم شۆڕش و خەباتەدا بوون، بەڵام بەئیرادەی بەهێز و فیداکاری و سیاسەتی حەکیمانە، سەختییەکان تێپەڕێنران و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان بەردەوامی هەبوو تا دەرەنجامەکەی گەیەنرایە، ڕاپەڕینی ئاداری 1991، بەرهەم و دەستکەوتەکەی، وەک تاجێک خرایە سەر میللەتی ئازادیخوازی باشووری کوردستان.
شۆڕشی گوڵان؛ خەونی بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ و هەموو سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکان و ئەو پێشمەرگانەشی گەیاندە ڕاپەڕین و ئازادی کە مەرگ و شەهیدبوون نەیهێشت بەو ئاواتە بگەن.
ئەم شۆڕشە؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە بەردەوام گیانی ڕۆڵە فیداکار و ئازاکانی کردووەتە خۆراکی خەبات و جەنگ و دوژمنان لەم فیداکارییەی ڕۆڵە ئازاکانی گەلەکەمان تۆقیون، خوێنی هەزاران شەهیدی ئەم خەبات و داستانانە بوون بە داینەمۆی سەرکەوتنی شۆڕش و بەدیهێنانی بەشێکی زۆر لە خەون و ئامانجەکانی شۆڕش، بۆیە ئێمە لەژێر ڕێنماییە بەردەوامەکانی جەنابی سەرۆک بارزانیدا لە هەوڵی بەردەوامداین تا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕێز لە قوربانیدان و خەبات و ماندوبوونی کەسوکار و خانەوادەکانیان بگرین و بەپێی توانا خزمەتیان بکەین، هەرگیزیش لە خزمەتکردنیان ماندوو نابین، چونکە هەرچیان بۆ بکەین هێشتا هەر شایستەی زیاترن.
لە کۆتاییدا:
دروود بۆ گیانی پاکی ڕابەری ڕوحی نەتەوەییمان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو و هەموو ئەو سەرکردە سیاسی و سەربازییانەی لەو ڕۆژگارە سەختەدا نەیانهێشت ئاگری کوردبوون و کوردایەتی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا بەیەکجاری خامۆش ببێت و بە خوێن و گیانی خۆیان سەرلەنوێ مەشخەڵی ئەو ئومێد و ئامانجەیان هەڵگیرساندەوە.
تەمەندرێژی و سەربەرزی و سەرفرازی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) و هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە لە ساتی هەڵگیرسانی شۆڕشەوە خەباتیان دەستپێکرد و بوونە درێژەپێدەری شۆڕشەکەمان تا کۆتایی.[1]