ناونیشانی بابەت: شێرکۆ بێکەس لە کتێبێکدا: شیعرى (بۆ بارزانى) بە یەکێک لە شیعرە جوانەکانى خۆم ئەزانم و قەت له و شیعرە پەشیمان نیم
ناوی نووسەر: #کامیل ئەحمەد بەگ#
بارزانى ڕەمزى بەرەنگاربوونەوەى داگیرکەرانى کوردستان بوو
نووسەر و ڕۆژنامەنووسى بەئەزموون (زانیار سەردار قڕگەیی) کتێبێکى بە چاپ گەیاند کە لێوانلێو بوو لە ئەمەک و وەفاداریى کوردێک بۆ شاعیرى ناسراوى گەلەکەمان ڕەوانشاد (#شێرکۆ بێکەس#)، بە ناونیشانى (#شێرکۆ بێکەس.. کانیاوێک لە وشە، شاعیرێک لە جوانى#). هەر لەسەر بەرگى کتێبەکە ئه و مانشێتەى وەک پرسیارێک هێناوەتەوە و دەپرسێت (چى لەبارەى شیعرى بۆ بارزانى دەڵێت..؟)، کە وەڵامەکەى لە ناوەڕکى بەرهەمەکەدایە و لە زارى مامۆستا شێرکۆ بێکەس خۆی و لە دیدارێکى رۆژنامەوانیدا تۆمار کراوە.
ئەم کتێبە نووسەر و ڕۆژنامەنووسى بەتوانا مامۆستا سەلام عەبدوڵا، سەرنووسەرى (ڕۆژنامەی #خەبات#)ى زمانحاڵى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە قەڵەمێکى دیارى کوردستانە، پێشەکیى بۆ نووسیوە و سەنگێکى باشی داوە بە کتێبەکه، چونکە لە ئاستێکى بەرزدایە. لە پێشەکییەکەیدا مامۆستا سەلام ئاماژەى بەوە داوە: نووسین لەسەر شاعیرى بەناوبانگی گەلەکەمان شێرکۆ بێکەس، پسپۆڕى و سەلیقەى شیعرى و زانیاریى زمانەوانى و پەیبردن بە پیت و بەرەکەت و بەرفراوانیى زمانى کوردیى دەوێ، بۆیە هەر وا ئاسان نییە لەسەر تواناى شیعرى و زمانپاراویى سامانى لەبن نەهاتووى وێنە شیعرییەکانى مامۆستا شێرکۆ بنووسرێت، ئەگەر شارەزاییەکى تەواوت لە هەموو ئه و بوارانەدا نەبێت، بۆیە من ئه و لایەنە بۆ شارەزایانى زمان و پسپۆرانى شیعر و ڕەخنەگرانى بەتوانا بەجێ دەهێڵم.
دیارە شیعرەکانى شێرکۆ بێکەس هەر هەمووى تابلۆ و وێنە شیعرە، کە لە هەست و نەست تەخەیولاتى بێوێنەى هزر و ئەفکارى ئه و شاعیرە مەزنە سەرچاوەیان گرتووە.
شیعرەکانى شاعیر سەرڕێژن لە بیرى نەتەوەیى و کوردایەتى و خۆشەویستى بۆ خاک و نیشتمان و نەتەوەیەکى بندەستەى بێدەرەتانى سەرکوتکراو بە ئاگر و ئاسنى دوژمنانى زاڵم و فاشیست و ڕەگەزپەرستانى دەوروبەر، هەر شیعرێکى دەیخوێنیتەوە، وێنەیەک لە خەبات و بەرخودانە و تابلۆیەکە لە ژان و ناسۆرى گەلەکەمان.
لە بەشێکى ئەم کتێبەدا نووسەر و ئامادەکارى بەرهەمەکە زانیار سەردار قڕگەیی، ئاماژە بەوە ئەدا: شێرکۆ بێکەس لە خێزانێکى ڕۆشنبیرى گەورە هاتووەتە دونیاوە و زمانى منداڵیى بە شیعرەکانى بێکەسى باوک پژاوە و لەوێوە ژانى ئەدەب و شیعر گرتوویەتى و بە بەرهەمەکانى باوکى هزر و بیرى پاراو بووە. بۆیە لە وەڵامى پرسیارى سەر بەرگى دواوەى کتێبەکه، شاعیر زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێت: هەرچییەکم نووسیبێت بە باش و خراپەوه، بە ویست و ئیرادەى خۆم نووسیومە.
لە بەشێکى دیکەى ئەم کتێبەدا کە نووسەر دیدارى رۆژنامەوانیى لەتەک شاعیردا ساز داوە، چەند وتەیەکى مامۆستا شێرکۆ بێکەسى لەمیانەى ئه و دیدارەدا بە نموونە هێناوەتەوە و وەک مانشێتێکى لاوەکیى دایناوە، کە هەرکام له و وتانە فەلسەفەیەکە، لێرەدا چەند وتەیەکى وەک خۆى دەخەینە بەر دیدى خوێنەران، کە دەڵێت: بەشى هەرەزۆرى شیعرى نەوەى دواى ڕاپەڕین، ئەگەر ناوى شیعریان لێ بنێین، لە پەشمەک دەچن، تامێکى کەم و هەر زوویش دەتوێنەوە و نامێنن.
هەروەها شاعیر دەشڵێت: هەر ئەزموونێ بۆ خۆى دنیایەکە و ئەفراندنیش هەرگیز یەک ماڵ و تەمەن و جوگرافیاى نەبووە. تەرجەمەکردنى شیعر لە نەشتەرگەرییەکى زۆر ورد دەچێ، یەک ترازانى دەست بەسە بۆ ئەوەى شیعرەکە بکوژێ. یەکەم ناسینى من و شیعر لە ڕێى بۆنى خاک و ئازادى و هۆنراوەى بێکەسى باوک هاتە ناو دڵمەوە.
لە بەشێکى دیکەى کتێبەکەدا کە پەیوەستە بە (#مەلا مستەفا بارزانى#)، نووسەر و ئامادەکارى کتێبەکە نووسیویەتى، شێرکۆ بێکەس سەبارەت به و شیعرانەى بۆ (بارزانى) گوتوویەتى، ئاوا دەدوێ: زۆر جار لێیان ئەپرسیم له و شیعرەت پەشیمان نیت؟ من ئەوسا و ئێستا و بۆ داهاتوویش هەر ئەڵێم نەخێر پەشیمان نیم.
هەروەها شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە شیعرى بۆ بارزانى، دەڵێت: کە داگیرکەر پیلانى بۆ لەناوبردنى سەرکردەى خۆشەویستى گەلەکەم ساز کردبێ، منیش نەمتوانیوە دەست به کڵاوى شیعرمەوە بگرم تا با نەیبا.
یان شاعیر بۆچوونى خۆی بێ پێچ و پەنا دەردەبڕێت و دەڵێت: شیعرى بۆ بارزانى بە یەکێک لە شیعرە جوانەکانى خۆم ئەزانم، چونکە ئه و شیعرە ئاوێنەى ڕاستەقینەى ئه و ڕۆژگارە بوو کە خۆم و میللەتەکەمى تێدا ژیاوە.
هەر سەبارەت به و پیاهەڵدانە و کاریگەرییەکەى شاعیر دەڵێت: پیاهەڵدانى من پیاهەڵدانى میللەت بوو، پیاهەڵدانى هەزاران پێشمەرگە بوو له و ڕۆژگارەدا، چونکە ئه و شیعرە تیرێکى ژەهراوى بوو بۆ سەر دڵى دوژمن و گۆرانییەکى ڕاستگۆیانەى سەر زارى فراوانترین جەماوەر بوو کە تا ئه و ڕۆژە و تا ئێستایش وێنەى نەبینراوە.
هەروەها لە ڕوانگەی سووڕانى چەرخ و زەمانە، یان دەنگۆى نکۆڵیکردن و پەشیمانبوونەوە له و ڕۆژگارە و لە نووسینى ئه و شیعرە، مامۆستا شێرکۆ دەڵێت: من قەت له و شیعرە پەشیمان نیم، چونکە ئەگەر وا بوایە، لە کاتى چاپکردنەوەى سەرجەمى شیعرەکاندا ئه و شیعرەم بڵاو نەدەکردەوە، ئەمە جگە لەوەى کە ئه و شیعرە بەشێکە لە ئەزموونى شیعر و ژیانى خۆم، من لە وێنەکانى ئەلبوومى ڕابردوومدا پەشیمان نیم و خۆم تەفرە نادەم، بارزانى ڕەمزى بەرەنگاربوونەوەى داگیرکەرانى کوردستان بوو.
دیارە وەسفى شێرکۆ بێکەس و شیعرە پڕ مانا و فەلسەفییەکانى بە دەریایەک مەرەکەب و هەزاران تەمەن کاغەز کۆتایى نایەت، ئەوەندە سەنگین و بەنرخن. لە هەمان کاتیشدا و لێرەدا جێی خۆیەتى دەستخۆشى لە براى نووسەر و ڕۆژنامەنووس زانیار سەردار قڕگەیى بکەین، هەم بۆ شرۆڤەی ئه و شیعرانەى مامۆستا شێرکۆ بێکەس بۆ بارزانى هۆنیویەتەوە، هەم بۆ ئه و دیدارە درێژەى قڕگەیی لەگەڵ شاعیر ئەنجامى داوە، هەروەها بۆ گردوکۆیان لە دووتوێى کتێبێکدا، ئامادەکردنى ئه و کتێبە دانسقە و جوانەى سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس و شیعرەکانى و پاشان چاپکردن و بڵاوکردنەوەى کە بەداخەوە هیچکام لە دامودەزگاکان ئەرکى لەچاپدانیان نەگرتە ئەستۆیان، لەم دۆخە ناهەموار و قەیرانە سەختەى ئابووریدا، زانیار قڕگەیی لەسەر ئەرکى خۆى چاپ و بڵاوى کردەوە.
بە بڕوای من ئەم کتێبە بۆ خۆى بەرهەمێکى ناوازە و پێویستییەکى هەنووکەییە بۆ پڕکردنەوەى گۆشەیەکى کتێبخانەى کوردى، دیسانەوە دەستخۆشى لە نووسەر و ئامادەکارى ئەم بەرهەمە دەکەم. لەکۆتاییدا پێم باشە یەکێک له و شیعر ناوازەیەى مامۆستا شێرکۆ کە لەڕابردوودا کاریگەرى و دەنگدانەوەیەکى زۆر گەورەى هەبووە و ئێستاییش سەنگ و بایەخى خۆی لەدەست نەداوە و بۆ داهاتووش هەروا دەمێنێتەوە، کە ئەمەیش چەند کۆپلەیەکە لە یەکێکە له و چوار هۆنراوەیەى بێکەس بۆ بارزانى هۆنیویەتەوە، کە لەدواى پیلانى هەوڵى تیرۆرکردنى مستەفا بارزانى و لە ساڵیادی ئه و کردەوە قێزەونەدا بڵاوی کردەوە، کە دەڵێت:
=KTML_Green=خۆشمان ئەوێى
بەقەد ڕقى شمشێرى ناوچاوى ئەوان
خۆشمان ئەوێى
بەقەد پیتى داخ لە دڵى ناو رۆژنامە
زەردەکانى ئەوسا و ئەمڕۆ، خۆشمان ئەوێى
بەقەد کینەى گوللە تۆپ و
کوێرە بۆمبای فڕۆکەیان.. خۆشمان ئەوێى
بەقەد بێشەڵانى بوغزى سەرى سونگى
سوپاکانیان.. خۆشمان ئەوێى.
بەقەد ناڵەى تەقینەوەى تى ئێن تى ناو
جانتاکانیان.. خۆشمان ئەوێى
بەقەد داوى پیلانى ژێر مێزەر و جبەى پێراریان
خۆشمان ئەوێى
بەقەد.. بەقەد
ژمارەى چاوى جاسووسى سەروو و خواروو
ڕۆژهەڵات و رۆژئاوایان.. خۆشمان ئەوێى
چەندیان ناوەکەت خۆش ناوێ..
خۆشمان ئەوێى
ئەمانەوێى
وەک گوللە بۆ چەکەکانمان.. ئەمانەوێى
وەک چەک بۆ پێشمەرگەکانمان.. ئەمانەوێى
وەکوو پێشمەرگە بۆ کەژ و کێوەکانمان
ئەمانەوێى
هەر بۆ مەرگ نامانەوێى
ئەى بارزانى!.=KTML_End= [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!